بەگوێرەی نووسراوێکی لاهور شێخ جەنگی، کە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کردووە، تێیدا دەڵێت: لەمەودوا دەسەڵاتەکانی بەکار دەهێنێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان کارکردنی یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی ڕادەگەینێت سەرۆکی حکومەت : ڤیزای ئەلیکترۆنی یەکێکە لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی ئەم کابینەیە، کە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسانکارییە بۆ کار و بازرگانی لە کوردستاندا. هەندێکیان لە چەند مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن. ئەمڕۆ چوارشەممە 2/22، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کارکردنی یەکەم پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیکترۆنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، کە بەشێکی لە کارنامەی حکومەت لە بواری بەدیجتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2025 تەواو ببێت. بەم بۆنەیە، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا ڕایگەیاند، تەکنەلۆژیا و داتاکانی ئەم خزمەتگوزارییانە، ئاسانکاری دەکەن بۆ بەردەستخستنی خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی زیاتر کە ڕێگە خۆشکەرن بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانمان، هەروەها یارمەتیدەر دەبن لە دروستکردنی دەرفەتی بازرگانی نوێ لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان . سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوە دا کە ڤیزای ئەلیکترۆنی یەکێکە لە چەندین خزمەتگوزاریی دیکەی ئەم کابینەیە، کە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسانکارییە بۆ کار و بازرگانی لە کوردستاندا. هەندێکیان لە چەند مانگی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن. سەرۆکی حکومەت هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد کە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیاندایە و پابەندن بە کارنامەی وەرچەرخانی دیجیتاڵییەوە. پۆرتاڵە ئهلیكترۆنییه نوێیەکە (visit.gov.krd) ڕێگا بە سەردانکەران و وەبەرهێنەران دەدات کە بە شێوەی ئۆنلاین داوای ڤیزا بکەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار و وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان. هاوکات لەگەڵ ڤیزای ئەلیکترۆنیدا، چەندین سیستەمی دیکە بۆ باشترکردنی ئاسایشی سنوورەکان پەرەیان پێدراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رێککەوتی 22ـی شوباتی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو وڵاتی میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەبی (ئیمارات) و فەرەنسا. دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا دەخرێتەڕوو. لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەشدا ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای ڕێگەوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
وەزارەتی دارایی: ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٥٢ ملیار دینار قەرزی ئاسانکاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی وەزارەتی دارایی؛ ڕێکارەکان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانکاری لەوەبەرهێن و بازرگانان بەردەوامە لەچوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم و هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ زیاد کردنی داهات، ڕێکارە یاساییەکان بۆ تەملیک کرنی ئەو موڵکانە بەردەوامە کە لە لایەن بازرگانان و وەبەرهێنەران لەکاتی وەرگرتنی قەرزی ئاسانکاری لە ڕێی بانکەکانەوە وەک بارمتە دانراوە. بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکانی هەرێم بڕی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەرانە ٣٧٥،٤٤٤،١٨٩،٤٦٥ دینار بووە، بەهۆی دواکەوتنی قەرزەکەوە ٦٥٨،٠٦٣،٨٢٠،٣٣٢ دینار سودی چۆتە سەر. لەدوای گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بڕی ١٧،٧٤٣،٩٦٧،٧٢٤ دینار بە شێوەی نەقد گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم و کۆی گشتی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەران ماوە بڕەکەی بریتییە لە ١،٠١٥،٧٦٤،٠٤٢،٠٧٣ دیناری عێراقی. هاوکات وەزارەتی دارایی لە ڕێی بانکەکانەوە دەستی کردووە بە تەملیک کردن و فرۆشتنی ئەو موڵکانەی بەبارمتە دانراون و لەو چوارچێوەیەشدا بەبەهای ٣٤،١٥٣،٠٨٠،٠٠٠ دینار موڵکی بەبارمتە دانراو فرۆشراوەو ٧ موڵکی نوێش لە سەر بانکەکانی وەزارەتی دارایی تۆمار کراون. كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوە جیا دەكرێتەوە كە بەرنامەیەكی حكوومەتی تێكەڵی لە چارەسەركردنی كەموكوڕیییەكانی پێشوو و دانانی پلانی تۆكمە بۆ داهاتووی تێكەڵ بە چاكسازی و شەفافیەت و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری و پڕۆژەكانی ژێرخانی هەیە، ئەو درووشمەكی بەرز كردەوە بەوەی هەوڵی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات دەدات، هەموویشی لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵك و گەیاندنی هەرێمی كوردستان بە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.
نووسینی: لوقمان حەوێز تێبینی: ئەم نوسینەم بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ترس نیە، تەنیا بۆ بەخشینی زانیاریە لەئێستادا و بۆ ئامادەسازیشە لەمەودای دور… هەروەکو لە نەخشەکەدا دەیبینن هێڵی بەیەک گەیشتنی پلێتی تەکتۆنی عەرەبی و پلیتی تەکتۆنی ئێرانی لەناو جەرگەی کوردستانی باشور و بەشێکی ڕۆژهەڵات وباکوریشە، بۆیە بەداخەوە کوردستانی باشوریش وەکو کوردستانی باکور و ڕۆژهەڵات و بەشێکی کوردستانی ڕۆژئاواش ناوچەیەکی بومەلەرزەییە (زیلزالیە)، هێڵە پەمەییەکە هێڵی بەیەک گەیشتنی هەردوو پلێتی تەکتۆنەکانە لە ژێر زەوی، زانیاریەکانی ئەو هێڵەی سەر نەخشەکەش هی دامەزراوەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکیە و جێگەی متمانەیە… ئەمە مانای ئەوە نیە کە خوا نەخواستا بەم زووانە بومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوودەدات یان ڕووبدات لە کوردستانی باشور، بەڵام ئەو ئەگەرە لەئارادایە و زوو یان درەنگ چەندەها ساڵی تر بێت یان دەیەها ساڵی تریش بێت ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز لەنزیک ئەو هێڵە بەتایبەتی لە دیوی باکور و خۆرهەڵاتی هێڵی بەیەک گەیشتنەکە زۆر بەهێزە و لەئارادایە، بۆیە پێوستمان بە ئامادەسازی هەیە بەتایبەتی لە ڕووی بیناسازی و لایەنی کەم قایمترکردنی ئەو خانوو و باڵەخانانەی کە لەمەودوا دروست دەکرێن، هەروەها پێویستمان بە بەهێزکردنی تیمەکانی فریاگوزاریە لەڕووی مرۆیی و ئامێر و کەل و پەلیشەوە… خانووەکان و باڵەخانەکان چۆن دروست بکرێن باشە..؟ من خۆم ئەندازیاریشم، بۆیە دەزانم دانانی بلۆکی کۆنکریتی قورس لەسەر یەکتر تا بەرزی سێ مەتر و زیاتریش بەبێ حیسابکردن بۆ هێزەکانی بڕین shear.force کە لەتەنیشتەوە دێن هەڵەیەکی گەورەیە لە ڕووی ئەندازیاریەوە، بێ گومان ئەوانەی ئەندازیارن دەزانن من دەڵیم چی، بۆ نمونە لە ئەمەریکا قەدەغەیە هەتا پەرژینی باڵەخانەکانیش بەم شێوەیە دروست بکرێن، لێرە دەبێت و پێویستە شیشی ئاسن بە ستونی لە بناغەی دیوارەکەوە تاوەکو سەرەوە بخرێتە نێو بلۆکە کۆنکریتیەکان بۆ ئەوەی لەکاتی بوونی هێزێکی بڕین ئەو دیوارە بە ئاسانی دانەڕمێت هەتا لە دروستکردنی پەرژینەکان چ جای دیواری نێو باڵەخانەکان… لەکاتی ڕوودانی بومەرزە چی ڕوودەدات..؟ لەو کاتەدا کت و پڕ ئەرز دەجوڵێت و دەلەرێتەوە بە خێراییەکی زۆر بۆ ئەملا و ئەولا، بۆیە بناغەی خانووەکان دەجوڵێن و دەهەژێن، بە پێی یاسای یەکەمی نیوتن ناوەڕاست و سەرەوەی باڵەخانەکان یەکسەر ناجوڵێن و دواتر دەجوڵێن واتە ئەو جۆرە هێزە دروست دەبێت و ئەگەر هێزەکە زۆر بێت و بەرەنگاریش لەنێو دیوارەکان نەبێت ئەوا لێکترازان دروست دەبێت و دیوارەکە و خانوەکەش دەڕوخێت… بۆیە بۆ بەرەنگاریبوونەوەی بومەلەزرەی بەهێز پێوستە لەمەودوا خانووەکان بە شێوەیەکی تر دروست بکرێن بۆ نمونە لە ڕێگەی دانانی پایەی ئاسنین یان کۆنکریتی، دیوارەکانیش ناوبڕی سوک و کەم کێش بن، هەروەها لەو دۆخەشدا ئەرزیەکانی نهۆمەکانی سەرەوە تەنکتر بن لە 8 بۆ 10 سانتیمەتر زیاتر نەبن و تەنیا شیشی BRC و قالبی چینکۆ بەکاربهێنرێت تیایدا… لە دروستکردنی باڵەخانە بەرزەکانیش حیسابێکی زیاتر بۆ shear.force و هێزی torque بکرێت لە پایەکاندا بەشێوەیەک بەرەنگاری هێزی بومەلەرزە ببنەوە و سلاپی نهۆمەکانیش تا بکرێت تەنکتر بن و ئەوانیش بە شیشی BRC و بوونی قالبی چینکۆ دروست بکرێن… بێ گومان ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت بۆیە پێویستی بە باسکردنی زیاترە، ئەمەی سەرەوە تەنیا هەندێک زانیار کەم و کورتە پێشنیارێکی من بوو…
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تاقیگەی بایۆلۆژی DNAیان ھەیە و پشکنینی باوکایەتیی دەکەن. لیوا تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA)ـەوە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە ئەم خزمەتگوزارییە بە خۆڕاییە و لە وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ لە بەشی خزمەت بڵاوکراوەتەوە و دەتوانین ئەو پشکنینە بکەین." بەپێی رێنمایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان؛ تەنیا تاقیگەی وەزارەتی ناوخۆ بۆی ھەیە ئەم پشکنینە بکات، لە دادگاکانیش تەنیا ئەنجامی پشکنینی تاقیگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ پەسەند دەکرێن. بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان وتی: " بە سوپاسەوە تاقیگەکەمان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ نوێترین ئامێری پشکنینی DNAـی بۆ دابینکراوە و بە ستانداردی نێودەوڵەتی کاردەکات ". لە روونکردنەوەکەیدا دەشڵێت: " بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنین کە وا ھەموو کاتێک ئامادەین بۆ ئەنجامدانی پشکنینی یاسایی لە تاقیگەکانی بەڵگە و تاوانی ھەرێم و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بەشێوەیەکی زانستی و یاسایی بە کەمترین ماوە."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان،بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی،سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی ٢٠ ملیار و ٨٤٨ ملیۆن دینار بۆ ماوەی ٣ ساڵ، بەمەبەستی گواستنەوەو کۆکردنەوە و داپۆشینی خۆڵ و خاشاک لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی، گوژمەی ٩ ملیار و ٩٧٥ ملیۆن بۆ ماوەی ٣ ساڵ بۆ سنوری زۆنی (٢) دوكان، گوژمەی ١٠ ملیار و ٨٧٣ ملیۆن بۆ ماوەی ٣ ساڵ بۆ سنوری زۆنی (٣)چەمچەماڵ لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی سلێمانی خەرج دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2/21 هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەرکرد. لە فەرمانی یەکەمدا هاتووە: لە پێناو گرنگیدان بە زمانی کوردی وەک زمانی دایک، بڕیارماندا بە :ڕاسپاردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی و شارەزا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، بە ئامادەکردنی پرۆگرامێکی گونجاوی فێربوونی زمانی کوردی بۆ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەمەبەستی کارکردن لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. فەرمانی دووەم: بۆ گشت وەزارەتەکانبابەت/ گرنگیدان بە زماني کوردی پشت بەست بە یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان/عێراق ژمارە ( ٦)ی ٢٠١٤ ، لە پێناو پاراستنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان ، کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ نووسینی تابلۆ بە زمانی کوردی لە سەرجەم دامەزراوە و فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و نووسینگە و نوێنەرایەتی و کونسوڵگەری وڵاتان و ڕێکخراوە بیانییەکان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت ، بە پێی حوکمەکانی یاسای ئاماژەپێدراوی سەرەوە.هەروەها لە هوتيل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستورانتەکان ، دەبێت گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان، بەزمانی کوردیش هەبێت.
مەسرور بارزانی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە، کە لە دیدارەکەدا کە پراشانت پیسی باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و سوبهاش چاندرا کەین کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر ئامادەی بوون، راشیگەیاند، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و تەندروستی و تەکنەلۆجیای زانیاری و کاراکردنی سیستەمی بانکی دەربڕی. ئاماژەی بەوەشکرد، تیشکمان خستە سەر کارنامەی حکومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان .هەروەها خواستی هەرێمی کوردستانماب بۆ برەودان و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هیندستان دووپات کردەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی زمانی دایک لە تویتێکدا رایگەیاند: پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایک، ئەرکی هەموومانه و لە خۆمەوە دەستپێدەکەم و لە ئەمڕۆوە زیاتر به کوردی توویت دەکەم. مەسرور بارزانی نووسیویەتی: "رۆژی زمانی دایک، لە گشت کوردستانییان و نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان پیرۆز دەکەم. پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایک، ئەرکی هەموومانه. با زمانی کوردی لە پێگەكان و سۆشیەڵ میدیادا زیاتر بەکاربهێنین. راشیگەیاندووە: لە خۆمەوە دەستپێدەکەم و لە ئەمڕۆوە زیاتر به کوردی توویت دەکەم. https://twitter.com/masrourbarzani/status/1627951126770245637?s=46&t=FhXWBQMbGcmjI-sdyI-wXg
وەزیری ناوخۆی تورکیا: لە بوومەلەرزەکەی ئەمشەودا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢١٣ کەسیش برینداربوون. سەرۆکایەتی کارەساتە لەناکاوەکان و فریاگوزاریی تورکیا AFAD داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانەی بومەلەرزە تیایاندا ڕویداوە نزیکی کەناراوەکان نەکەون بەهۆی ئەگەری ڕودانی تسونامی لەو ناوچانە و بەرزبونەوەی ئاوی دەریا.
کاتژمێر 20:07 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک لە ناوەندی پارێزگای هاتای روویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک باڵەخانە رووخان. سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند، بومەلەرزەکە بە گوڕی 5.8 پلەی رێختەر بووە لە پارێزگای هاتای.