تورکیا بەرزبوونەوەی نوێی ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکەی مەراش ڕادەگەیەنێت سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باشووری ئەو وڵاتە بۆ ٤٥ هەزار و ٩٨٦ کەس بەرزبووەتەوە. سۆیلو لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو ئەو قوربانیانەی لە ژێر داروپەردوودا دەرهێنراون، چوار هەزار و ٢٦٧ کەسیان بە رەگەز خەڵکی سوریان. سۆیلو ئاماژەی بەوەدا کە ١٣ هەزار و ٧٢ بوومەلەرزەی دوای ئەو دوو بوومەلەرزە کە لە ٦ی شوبات لە شاری کەهرامانماراس ڕوویدا، تۆمارکراون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی فازڵ میرانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ڕووداو و بڕیارەکانی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانی تایبەتن بە خۆیان و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە". ئەمڕۆ یەکشەممە 5/3/2023، نووسینگەی ڕاگەیاندنی فازڵ میرانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "فازڵ میرانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ڕووداو، سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان وەڵامی هەندێ پرسیاری داوەتەوە و لەلایەکی دیکە سەبارەت بە بارودۆخی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانی وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە". ئاماژە بەوەشکراوە: "دیارە بۆ هەندێ بابەت خوێندنەوەی هەڵەی بۆ کراوە کە مەبەستی هەڤاڵ فازڵ میرانی ئەو لێکدانەوەیە نەبووە و، هەروەها چەند ڕستەیەکیش لەو چاوپێکەوتنە وەک گوتراوە بەکار نەهاتووە، بەڵکوو بە شێوەیەکی دیکە و مانای دیکەی پێبەخشراوە! لێرەوە ڕایدەگەیەنین ڕووداو و بڕیارەکانی نێوخۆیی یەکێتیی نیشتمانی تایبەتن بە خۆیان و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و تەدەخولمان نەکردووە و تەدەخولیش ناکەین، ئەگەر لەوبارەیەوە لێکدانەوە هەبووبێت بۆچوونی شەخسیە، وا باشە ڕاگەیاندنیش بە ئەمانەتەوە مامەڵە لەگەڵ بیروڕای میوانەکانی بکات".
میدیای ئەفغانستان ڕایگەیاند، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێران و سوپای تاڵیبانی لە سنووری نیمروز روویدا و هەردوولاش چەکی قورسیان بەکارهێناوە. ڕۆژنامەی هەشتی سوبحی، ئەفغانستان ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، شەڕوپێکدادانی سەخت لەنێوان هێزەکانی سەرسنووری ئێران و ئەفغانستان لەسەر سنووری نیمروز ڕوویداوە. ئاماژە بەوە کراوە کە، هێزەکانی ئێران مووشەکیان ئاراستەی بارەگا ئەمنیەکانی تاڵیبان کردووە لە شارۆچکەی زرنجی سەر بە ناوچەی نیمرووز و هەردوو لایەن چەکی قورس و سووکیان بەکارهێناوە. سوپای پاسدارانیش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت: شەڕوپێکدادان لەسەر سنووری نیمروز لەنێوان ئێران و تاڵیبان روویداوە، بەڵام زیانی مادی و گیانی نەبووە.
لەبارەی دەستگیرکردنی چەند کەسێک بەتۆمەتی "پەیوەندیکردن بە داعشەوە"، دژەتیرۆری کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەوان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و "تاوانباران هەڵگری بیرۆکەی گرووپی تیرۆریستیی داعش بوون و بەیعەتیان بەو گرووپە تیرۆریستییە داوە." ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-03-2023، دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی گردبوونەوەی کەسوکاری چەند دەستگیرکراوێک، کە 1ـی ئادار لەبەردەم دادگەی هەولێر ناڕەزاییان دژی دەستگیرکردنی کەسوکارەکانیان بە "تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش" نیشان دا، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو گردبوونەوەیەی بەردەم دادگەی هەولێر بە "ئاراستەیەکی سیاسی بووە" و دەشڵێت، گردبوونەوەکە "تەنیا مەبەست لێی فشارخستنە سەر دادگەیە لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف." روونکردنەوەکەی دژەتیرۆر دوای ئەوە هات کە لە گردبوونەوەکەیاندا لەبەردەم دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان گوتی، کوڕەکەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بە تاوانەکەی دا ناوە و رایگەیاند، دەستگیرکراوەکان "هیچ پەیوەندییەکیان بە داعشەوە" نەبووە. دژەتیرۆری کوردستان ئەو قسانە رەتدەکاتەوە کە دەستگیرکراوەکان ئەشکەنجەدرابن و دەڵێت، "تاوانباران پارێزەریان هەبووە و مافی کەسوکارەکانیان بووە سەردانیان بکەن و بەهیچ شێوەیەک ئەشکەنجە و ئازار نەدراون و لەژێر هیچ فشارێکدا دانپێدانانیان لێ وەرنەگیراوە." لە روونکردنەوەکەی دژەتیرۆردا ئەوەش هاتووە کە "تاوانباران هەڵگری بیرۆکەی گرووپی تیرۆریستی داعش بوون و بەیعەتیان بەو گرووپە تیرۆریستییە داوە و لە پەیوەندیدابوون لەگەڵیان و لە لایەن بەرپرسێکی ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە بە ناوی (ابو شەهاب الکردی) فەرمانیان پێکراوە بەرلەوەی هەولێر جێبهێڵن و هیجرەت بکەن بۆ ناو ریزەکانی داعش، کردەوەیەکی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن." لە بەشێکی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆردا هاتووە کە ئەو گردبوونەوەیەی کەسوکاری دەستگیرکراوەکان "بە ئاراستەی لایەنێکی سیاسی کراوە و تەنیا مەبەست لێی فشارخستنەسەر دادگەیە لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف کە پەڕاوەکانی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە لە 19ـی شوباتی 2023 رەوانەی دادگەی تاوانەکان کراوە." ئەو گردبوونەوەیە دوای ئەوە هات کە دژەتیرۆری کوردستان هەریەکە لە "'نجدت نجات محەممەد، شازاد مەحموود قادر، رەدوان سامی سەعدی، پەیوەند فازڵ عەبدولڕەحمان، محەممەد جەوهەر ئیبراهیم، یونس مەجید خزر، یاداشت جەواد عەبدوڵڵا' ـی بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە گرووپی تیرۆیستی داعش و بە فەرمانی دادوەر" دەستگیرکرد.
بە بۆنەی ( 32 )مین ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزن و شکۆداری گەلی کوردستان لە ئاداری 1991، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەکەم . ڕاپەرینی شکۆداری 1991، بەرهەمی یەکریزی و یەکگرتوویی هێزە کوردستاییەکان و پێکهاتە جیاوازەکان و چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بوو، کە وەرچەخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو ڕزگاربوونی لە ستەم و چەوساندنەوە و داگیرکاری و بەدەستهێنانی ئازادی دروست کرد. ڕاپەڕین پەیامێکی ڕوون و زوڵاڵی خەڵکی کوردستان بوو بۆ هەموو جیهان ، کە ژێردەستەیی و داگیرکاری ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێ بە سەربەرزی و شکۆمەندانە بژی. لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لە هاوهەڵوێستی و تەبایی خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، کە بە هەموو شێوەیەک، بەرگریان لێ دەکەین و دەستبەرداریان نابین و بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان. لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی نەمری ڕاپەرین وگشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نرخی دۆلار بەرامبەر دینار 156,800 نرخی یۆرۆ بەرامبەر دینار 163,000=€100 نرخی پاوەن بەرامبەر دینار 182,000=£100 نرخی كرۆنی دانیماركی بەرامبەر دینار 1000=205,000 نرخی كرۆنی سوید بەرامبەر دینار 1000=143,000 نرخی كرۆنی نەرویجی بەرامبەر دینار 1000=145,000 نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار $100=5,200,000 نرخی ئێرۆ بەرامبەر دۆلار €100=105$ نرخی پاوەن بەرامبەر دۆلار £100=117$ نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلار 1890=100$ نرخی كرۆنی دانیماركی بەرامبەر دۆلار 1000=133$ نرخی کرۆنی سویدی بەرامبەر دۆلار 1000=92$ نرخی كرۆنی نەرویجی بەرامبەر دۆلار 1000=93$
روونکردنەوەیەک لە ئاراس شێخ جەنگییەوە: دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر ڕایگەیاند من حەزم لەو شێتخانەی حیزبایەتیە. دیارە ئەمە سوكایەتیەكی گەورەیە بە يەكێتی و بەو خەباتەی كە زیاتر لە ٢٢ هەزار كەس لە پێناویدا شەهید بوون، ئەو حیزبە گەورە و خاوەن مێژوو قوربانی دانەو ئەو حیزبەی سەرۆکەکەی جەنابی مام جلال بوو خاوەنی ڕوبارێک خوێن و داستانە کەچی ناوبراو ناوی لێنا شێتخانەی حیزب. بۆیە منیش وەک وەڵامێکی تەنز ئامێز پۆستێکم کرد وتم یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان بەو مانایەی باشترە ناوبراو مادەم حەزی لە شێتخانەیە با واز لە یەکێتی بێنێ و حیزبێکی تر بەناوی یەکێتی شێتخانەکانی کوردستان دابنێ. بۆیە دوپاتی ئەوە دەکەمەوە کە ئێمە خاوەن و دڵسۆزی ئەو یەکێتیەین کە بۆی ژیاین و قوربانی و خەباتمان بۆ کردوە بەشانازیەوە. نەوەک ئەو یەکێتیەی ئەو ناوی ناوە شێتخانە یان یەکێتی نوێ. لەگەڵ ڕێزم..
لە بازگەی سلێمانی - دوكان رێگری لە ئاراس شێخ جەنگی دەكرێت، لاهور شێخ جەنگێ بە هێزێكەوە دەچێتە بازگەكە بۆ بەدواداچوونی رێگریەكە.ئێوارەی ئەمڕۆ لە بازگەی سلێمانی-دووكان رێگری لە ئاراس شێخ جەنگی كراوەو ئیستفزازكراوە و راگیراوە، كاتێك زانیارییەكان دەگاتە لاهور شێخ جەنگی، بە هێزێكی زۆرەوە دەچێتە بازگەكەو بەدواداچوون بۆ بڕیاری راگرتنی دەكات.سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوەكرد، مامەڵەی بازگەکە لەگەڵ ئاراس سێخ جەنگی دوای پۆستێکی دێت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك كە نوسیبووی: "یەکێتی ی شێتخانەکانی کوردستان" ئەو نوسینە دوای قسەیەکی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی هات کە لە کۆڕبەندی هەولێر وتی" من خەریکی حزبەیاتی و شێتخانەکەم".بەپێی زانیارییەکان، لاهور شێخ جەنگی هێزێكی زۆری لەگەڵ بووە و چووەتە بازگەكە.لاهور شێخ جەنگی پاش رووداوەکە پەیوەندی بەرپرسە ئەمنیەكانی سلێمانیەوە كردووە و رایگەیاندووە" بە سەرۆکەکەتان بڵێن کە ئەمە دواجارە و ئیتر لێتان قبوڵ ناکەم".
ئیمارات بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بانگەوازی وەزیرێکی باڵای ئیسرائیلی بۆ وێرانکردنی گوندێکی فەلەستین شەرمەزار کرد. ئیمارات کە لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بڵاوکراوەتەوە، ئیدانەی ئەو لێدوانە "ڕەگەزپەرستانەیە"ی بیتزالێل سمۆتریچ وەزیری دارایی کرد. سمۆتریچ وتی، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، گوندی هووارە پێویستی بە سڕینەوە هەیە و دەبێت ئیسرائیل ئەو کارە بکات. "وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات و هاوکاری نێودەوڵەتی (MoFAIC) دووپاتکردەوە کە ئەم هەولە پێچەوانەی بەها و بنەما ئەخلاقی و مرۆییەکانن." ئیمارات و ئیسرائیل دوو ساڵ لەمەوبەر لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەپاڵ بەحرەینی دراوسێی کەنداویان ئاسایی کردەوە. سعودیە و ئەمریکا و زۆر وڵاتی دیکە لێدوانەکانی ئەو سیاسەتمەدارە ئیسرائیلییەیان ئیدانە کردووە. سمۆتریچ و ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، ناکۆکییان لەگەڵ ئیدارەی بایدن هەبووە لەسەر سیاسەتە توندڕەوەکانیان، لەوانە بەڵێندان بۆ فراوانکردنی نیشتەجێبوونی نایاسایی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین. واشنتۆن بە ئاشکرا و تایبەت داوای لە حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ کردووە کە بە یەکێک لە توندڕەوترینەکان لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرێت، دژی هەنگاوەکانی ئەم پلانە بووەستنەوە.
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی هەموو جۆرەکانی خواردنەوە کحولییەکانی بۆ عێراق دەرکرد و بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "هەر بڕیارێک کە لە حکومەتی عێراق دەربچێت، دەبێت بە فلتەری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تێپەڕێت". ئەمڕۆ شەممە 2023/3/4 دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بڕیاری دا هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ نێو وڵاتەکە قەدەخە بکات. دەستەکە دەڵێت: بڕیارەکە پاڵپشتە بە یاسای داهاتی شارەوانییەکانی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 کە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق ژمارە (4708)ـی بڵاوبووەتەوە. لەوبارەوە، سامال عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەر بڕیارێک کە لە حکومەتی عێراق دەربچێت، دەبێت بە فلتەری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تێپەڕێت و پەسند بکرێت، ئینجا جێبەجێی دەکەین. ئەو بڕیارە نەگەیشتووەتە لای ئێمە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئێمەی لەمە ئاگادار نەکردووەتەوە".
ئەمرۆ شەممە 4/3/2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دواى ئەوەى لە چەند زستانی ڕابردوودا، شارى هەولێر تووشی لافاو دەبووە و زیانی ماددی و گیانیی هاووڵاتییانی لێ دەکەوتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاسپاردنى ڕاستەوخۆ و چاودێریی نزیکانەى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پڕۆژەکانی کردنەوەى ڕێڕەوی باراناو و دروستکردنی پۆند و ئاوەڕۆ بەهێزتر و فراوانتر کران و بەرەنجامی ئەم وەخۆکەوتنەش لە زستانی ئەمساڵدا دەرکەوتن کە هیچ لافاوێک لە شارەکەدا ڕووی نەدا.بۆ مەبەستی بەدواداچوونی ئەم باسە، هێمن قادر، جێگری پارێزگارى هەولێر، بۆ میدیاى فەرمیی حکومەت دواوە. هێمن قادر جێگری پارێزگارى هەولێر دەڵێت: "هۆکاری سەرەكیی ڕووداوەکانی کۆبوونەوەى ئاو و لافاو، گۆڕانی ئاووهەوایە، بارینی ڕێژەیەكی زۆری باران لە كاتێكی زۆر كەمدا، بێگومان سێڵاو و لافاو دروست دەكات و زیانی ماددی و زیانی گیانیشی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە وەكوو گرنگیدانی ئێمە و خودی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، کە خۆی لە كۆبوونەوەی دیوانی پارێزگای هەولێر ئامادە بوو، هەموو لایەنەكانی بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و چارەسەری ئەو کێشانە ڕاسپارد." دەشڵێت: "ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە تایبەتمەندەكان، پێش هاتنی وەرزی زستان لە چەند مانگی ڕابردوودا، وەكوو ئەركی خۆمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان وەكوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر و ئاو و ئاوەڕۆكان و كشتوكاڵی هەولێر و فەرمانگەكان، ئەو زێدەڕۆییانەی لەسەر ئەو ڕێڕەوەی ئاوەکان کرابوو چارەسەر کران و ڕێڕەوەكان و بنپردەكان و قەنتەرەكان و ئاوبەرەكان لە دەوروبەری شار پاک کرانەوە؛ لە هەمان كاتیشدا لە ناوەوەی شاری هەولێر، زێرابی نوێ دروست کران و هەموو زێرابەكان و ئاوەڕۆیەكان لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆكان پاك كرانەوە. بۆیە ڕاستە ئەمساڵ ڕێژەی باران كەم بوو، بەڵام هیچ کۆبوونەوەی ئاو و لافاو لەو شوێنانەی ساڵانی ڕابردوو تێیاندا ڕوویدا، نەبوو". ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەوەی پەیوەندی بە دەوروبەر و بەرزاییەكانی هەولێرەوە هەیە، لە ڕێگەی ئاوەڕۆوە یان ئەو كەناڵەی هەیە، له سنووری ناحیەی دارەتوو بۆ سنووری ناحیەی شەمامك و ڕۆژئاوای هەولێر، هەمووی خاوێن كرانەوە. هەروەها فراوانكردن و لادانی ئەو زێدەڕۆییانەی لەسەری هەبووە، تا ڕاددەیەكی زۆر باش هەمووی لادران؛ پێش هاتنی وەرزی زستان هەموو ئەو شوێنانەی باراناویان پێدا دەڕوات، بۆ وەرزی زستان ئامادە كران، لە هەمان كاتیشدا بڕیارە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی هەولێر لە كاتی خۆیدا چهند پۆندێك یا بهنداوێكی بچووك له بهرزاییهكانی ههولێر دروست بكات؛ ئهو بهنداوانهش چهند سوودێكی دهبێت، لهوانه: ڕێگری لهوه دەکات ئاوێكی زۆر بێتەوە ناو شار، ههروهها سوودی بۆ كشتوكاڵ و بۆ گهشتیاری و بابهتی ئاوی ژێر زهوی و ئاژهڵداری و چهند بابهتێكی دیکە سوودی دهبێت". هێمن قادر راشیگەیاند "ئێستا ١٨پۆند ڕهزامهندییان لەسەر وهرگیراوه و حهوتیان له له دهوروبهری ههولێر و بهرزاییهكانی ههولێر و سنووری قهزای دهشتی ههولێر و سنووری بهستۆڕه لە جێبەجێکردندان، بڕیاریشه بۆ ساڵی داهاتوو ههمووی تهواو بكرێن. ههروهها بۆ ناو شاریش ئاوهڕۆیهكی زۆر لهو شوێنانهی پێشتر كێشهیان ههبوو چارهسهركراون و دروست دهكرێن، بۆنموونه له شهقامی ٣٠ مهتری، ئاوهڕۆیهكی دووچاوه دروست دهكرێت، ههروهها له بازاڕی تهیراوه بهههمان شێوه ئاوەڕۆ دروست دهكرێـت؛ پێشبینی دهكرێت كهمتر له مانگێك ئهو پڕۆژانه تهواو ببن و ڕێگهكه بكرێتهوه." دەشڵێت: "له ڕێگهی ههولێر-پیرمام، له ناوچهی تارین، ئاوهڕۆیهك دروست دهكرێت كه جارێكی دیكه لهگهڵ شهقامی ١٥٠ مهتری ئهو كێشهی ئاو و ئاوهڕۆیهی دروست دهبوو له شاری كۆری و زێڕین، چارهسهر دهكات؛ کە ئاوهڕۆیهكی سندووقییه و گوندی گردجووتیاریش به قهتهوی و ڕۆژئاوای ههولێر دەبەستێتەوە و کێشەى لافاو چارەسەر دەکەن." چارەسەرکردنی کێشەکانی لافاو جگە لە هۆکارەکانی ئاووهەوا، پەیوەندییەکی بەهێزی بە بیناسازی و ئاوەڕۆ و ڕێڕەوە ئاوییەکانی ناو شار و دەرەوەى شارەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستە حکومەتی هەرێم لە چارەسەرى کێشەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
رۆژی شەممە 2023/3/4 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، دەربارەی ئەو پزیشکەی دوێنێ لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا باسی کێشەی نێوان خۆی و کەسانێکی دیکەی کرد، ڕوونکردنەوەیەکی دا. پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: ''لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم پرێسکۆنفرانسەدا ڕایدەگەیەنین کە ئەو بابەتەی ڕووی داوە، بابەتێکی کۆنە و هیچ پەیوەندیی بە کار و پیشەی هیچ کەسێکەوە نییە، واتا نە پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە هەیە، نە پەیوەندیی بە هیچ بەرپرسێکی حکومییەوە هەیە، نە پەیوەندیی بە هیچ بەرپرسێکی پێشمەرگەوە هەیە و نە پەیوەندیی بە هیچ پزیشکێشەوە هەیە، بابەتی مامەڵەیەک بووە لە نێوان چەند کەسێکدا کە لە ئەنجامی ئەو مامەڵەیە هەندێک کێشەی پارە و قەرز و بابەتی دیکە هاتووەتە ئاراوە.'' عەلی تەتەر راشیگەیاند: ''ئەو هاووڵاتییانەی کێشە کەوتووەتە نێوانیانەوە لەبری ئەوەی پەنا ببەنە بەر یاسا و لە ڕێی دادگاوە کێشەکانیان چار بکەن، بەداخەوە پەنایان بردووەتە بەر لێدان و کوتان و ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت، بۆیە ئەم بابەتە لە ڕێی دادگا و یاساوە چار دەکرێت و هیچ کەسێکیش لە دەرەوەی یاساوە نابێت.'' داواشی لە هاووڵاتییان کرد، پەلە نەکەن و فیشەک بە تاریکییەوە نەنێن. ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو بابەتە پێک هاتووە و لیژنەکە بەوردی لەو بابەتە دەکۆڵێتەوە و هەموو بابەتەکە لە ڕێی دادگاوە چارە دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لە دەرەوەی یاسا بێت، هەق بۆ هەقدار دەگەڕێتەوە.