ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بۆردوومانی گوندی چەمی سەیدانی لە قەرەهەنجیری سنووری قەزای چەمچەماڵ کردووە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. نوێ دەکرێتەوە
داعش لە ماوەی 70 ڕۆژدا 38 کردەوەی تیرۆریستیی لە دەشتاییەکانی سووریا کردووە کە بووەتە هۆی کوژرانی 145 کەس. بە گوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەردەوامن لە کردەوەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی دەشتاییەکانی سووریا و بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامەکانی کە هێزی تەواوی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکان. ئەمەش لە ڕێگەی هێرشی لەناکاو و بۆسە و بەئامانجگرتن و تەقینەوە، لەبەرامبەردا ڕژێمی سووریا و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم بەردەوامن لە هەڵمەتی ئەمنی لە قووڵایی دەشتاییەکان. ڕوانگەکە ئاشکرای کردووە کە، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا داعش 38 کردەوەی لە ناوچە جیاوازەکانی دەشتاییەکانی سووریا ئەنجام داوە، کە بوونەتە هۆی کوژرانی 54 سەربازی ڕژێمی سووریا و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم و ئێران و کوژرانی 91 کەسی مەدەنی لەبەرامبەر کوژرانی 4 چەکداری داعش."
ئەژی ئەمین بەپرسی دەزگای زانیاری یەکێتی پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی بڵاوکردووەتەوە. دەقی پەیامەکەی ئەژی ئەمین ساڵێک لەمەوبەر تاقمێکى لەیاسا دەرچوو دوور لە هەموو بەها ئەخلاقییەکان و ڕێکارە یاساییەکان، دواى چەند ڕۆژێک لە هەوڵى شکستخواردوو و دانوستانى درۆینە، لەدواجاردا بەترس و لەرزەوە پەلامارى بارەگاى ئاژانسى پاراستن و زانیارى/زانیارییاندا. کە یەکێک لە هەستیارترین دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە. ئەو پەلامارە لەبەرئەنجامى گەلەکۆمەیەکى هەرێمییدا بوو بۆ پچڕاندنى پەیوەندییەکانى یەکێتیى نیشتمانیى و دەڤەرى سلێمانى لەگەڵ دونیاى دەرەوەو کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى. ئێمە لەو ڕۆژەدا لەپێناوى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلەکەمان نەمانویست ڕووبەڕوو بوونەوەى چەکدارى لەبەرامبەر ئەو تاقمە ڕووبدات، خوێنى پێشمەرگە و کادیرێک لەلاى ئێمە زۆر گرنگتربوو لە پۆست و پلەوپایە. بەڵام ئەو پەلامار و دەستدرێژییە بۆسەر دامودەزگایەکى ئەمنى هەستیارى ناوچەکە وەک دەبینن بووە سەرەتاى زنجیرەیەک دەستدرێژى بۆسەر دامودەزگا فەرمییەکانى دیکەى حکومەت و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و موڵک و ماڵی هاوڵاتیان. هاوکات یەکەم قۆناغى زنجیرەیەک بوو لە تیرۆر و تۆقاندن و تاڵانى و دەستدرێژى و دەرکردنى بازرگان و پیشەوەران و خوێندەوار و دامودەزگا میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانى دەڤەرەکە. ئەو تاقمەى دەستدێژییەکەیان ئەنجامدا هیچ بەها و رەوشتێک لە مام فێرنەبوون و هەرگیزیش فێرنابن، هەمیشە کەسانى دڵسۆز و خەمخۆرى دەڤەرەکەى خۆیان ڕاوەدوو دەنێن و دەبنە گوێقوڵاخ و بەکرێگیراوى ئەوانی دیکە. لەئێستاشدا چەند کەسێکى نەفس نزمیان بەرداوەتە گیانى کادیرە دڵسۆزەکانى دەزگاکە، کە هەموو کاریان بووەتە خزمەتکارى پیلان و تیرۆرو تۆقاندنەکان کە لەلایەن دارودەستەى دەباشانەوە نەخشەڕێگاى بۆدەکێشرێت، هەموو کارێک دەکەن دژ بە ئەزموونەکە و ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان. ئەم دۆخەش نیگەرانى قووڵى دروستکردووە لەلاى زۆرینەى زۆرى کادیرانى دەزگاى زانیارى. دەزگاى زانیارى کە سەرەتا بە فەرمان و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک مام جەلال دامەزرا، و دڵسۆزترین کادیرانی یەکێتی خزمەتیان تێدا دەکرد، رۆڵی گەورەی لە پاراستنی سەقامگیری کوردستان و عێراق و ناوچەکە هەبوو. خەڵکی کادیرو سەربازە ونەکانی ئەو دەزگایەى هەر نەدەناسین، بەڵام شەو و ڕۆژ لەپێناوى ئامانجە باڵاکانى گەلەکەمان تێدەکۆشان. کەچی ئێستا وا بۆ ساڵێک دەچێت ئەو دەزگایە داردەستى چەند تاقم و مافیایەکە بۆ مافیاگەرى و قاچاغچێتی و تیرۆری هاوڕێ و هاوسەنگەرانی رێبازی راستەقینەی مام و لێدان لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و سەقامگیری و ئەزموونەکەی بەکاری دەهێنن و بەتایبەت دۆخى ئەمنى سلێمانى و ئاسایشی ناوخۆی ئەو دەڤەرە و هەر بەو هۆیەشەوە ناوخۆی یەکێتیش ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت. ئەو تاقمەى لەو ناوچەیەیە تەنها بۆ گیانى هاووڵاتیان پاڵەوانن و لەبەرامەر دەستدرێژى و پەلامار و دەستێوەردانى دەرەکى بێدەنگ و هاوکارن و زۆربەى کات هەرخۆیان ڕێکخەرى ئەو دەستدرێژیانەن. بانکەکانى سلێمانى تاڵان و فەرهود دەکرێن و دۆلارەکانى ڕەوانەی ئەملا و ئەولا دەکرێن و ئەگەر کەسێکیش بێتەسەر شەقام و داواى مافى خۆى بکات، ئەوا مولازم موحسین ئاسا ئامادەن. هەر بۆیە ئێمە هەموو لایەک بەرامبەر بەم دۆخە بەرپرسیار دەبینین و بەڵێن دەدەین دەزگاکە لە جاران بەهێزتر بکەینەوەو بیخەینەوەسەر ڕێگاى دروستى خۆى و بەردەام بین لە خزمەتکردنی ئاسایش و ئارامی و شکۆی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان. داواش دەکەین کۆمەڵانی خەڵکى کوردستان هاوکارو پشتیوانی هەموو دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بن و چاوەڕوانی گۆڕانکاریی گەورە و پوچەڵکردنەوەى هەموو پلانەکان بن و هەر لەم ئاڕاستەیەشدا بەڵێنی ئەوە بە خەڵکی خۆمان و کادیرە دڵسۆزەکانی ئاسایش و ئارامی نیشتمانەکەمان دەدەین کە چەندین ڕاستی نەبیستراو بەم زوانە ئاشکرا دەکەین و پیلانگێڕان ڕیسوا دەکەین. هەموو ئەندامانى ئەو تاقمە کە بەشداربوون لەو پەلامارەدا وێنە و ناوەکانیان لەلامان پارێزراوەو ڕوبەڕووى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى ئاسایشیان دەکەینەوە. هەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە کە دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارێتی و گۆڕانکارییەکاندابن و لە ڕاستای ئەو گۆڕانکاریانەدا دۆست و دوژمن و چەتە و قاچاخچی و تاوانباران و لەیاسا دەرچووان بناسن و ئەوە بزانن کە هیچ بەهانە و پاساوێک بۆ درێژەدان بەم دۆخە و مانەوەی نەماوە و ئاسایش و ئارامی و هەموو دەسکەوتە باڵاکانی ئەم ئەزموونەش کەوتوونەتە مەحەکی ئەو گۆڕانکاریانەوە کە پێویستە بکرێن، هیچ سازش و کەمتەرخەمییەکیان تێدا نەکرێت.
بە بڕیاری سەرۆکی زانکۆی کەرکووک، چالاکیی هونەری و پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی لە کۆلێژەکان قەدەغەکرا و رێگە بە چوونە ژوورەی رۆژنامەوانان نەدرا. بۆ رێگریکردن لە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی، ژمارەیەکی زۆری کارمەندی ئەمنی لەنێو کۆلێژەکان بڵاوەیان پێکرابوو، هەر کەسێک جلوبەرگی نەتەوەیی لەبەردا بووبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرا.
سەرچاوەیەكی ئەمنی عێراقی رایگەیاند, ئەمشەو پێنچشەممە 2023/3/9 لە سنووری پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق، مەترسیدارترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان و چەك دەستگیر كرا. بازرگانەکە بە “شەیتان" ناسراوە و ماوەیەكە هێزە ئەمنییەكان و دەزگا هەواڵگرییەكانی عێراق بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێن.
شرۆڤەکارانی کۆمپانیاکانی هەڵسەنگاندنی خانووبەرە S&P Global ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایانگەیاند، نرخی خانووبەرە لە دوبەی ڕەنگە لە ساڵی 2023 سەقامگیر بێت، بەڵام هێشتا نرخی خانووبەرە نەگەیشتووەتە لوتکە. بەپێی ڕاوێژکاری خانووبەرەی بازرگانی، سی بی ئاڕئی، تێکڕای کرێی ساڵانەی خانوویەکی خێزانیی لە دوبەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی لەسەدا ٢٥ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٨١٧ دۆلار (٢٨٢ هەزار و ١٥٠ درهەم). تێکڕای کرێی شوقەکان بە ڕێژەی لەسەدا ٢٧ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٢٥ هەزار و ٩١٢ دۆلار (٩٥ هەزار و ١٦٨ درهەم). تێکڕای نرخی شوقەکان لەو ماوەیەدا لەسەدا نۆ و ڤێلاکان لەسەدا ١٢.٨ بەرزبوونەتەوە. تاتجانا لێسکۆڤا لە کۆمپانیای ئێس ئەند پی گڵۆباڵ بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، پێمانوایە نرخەکان بە درێژایی ساڵ سەقامگیر دەبن. "[بەڵام] ئێمە نەگەیشتووینەتە ئاستی لوتکە سەبارەت بە نرخەکان." ئاماژەی بەوەشکردووە، دوبەی زیاتر لە ئاستی جیهانیدا "گەشاوە" دەبێت و ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی ڕوو لەو شارە دەکەن. کۆمپانیای ئێس ئەند پی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "پێمانوایە دوبەی بەردەوام دەبێت لە ڕاکێشانی دانیشتوانی نوێ و ئەو خواستە لەسەر خانووبەرەی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت". "[داواکارییەکە] بەهۆی چالاکییە ئابوورییەکان و گەشەی دانیشتووان و نرخی نیشتەجێبوون کە تاڕادەیەک گونجاوە بە بەراورد بە ناوەندە جیهانییەکانی دیکە، چونکە میرنشینەکە بەردەوامە لە ڕاکێشانی دانیشتوانی نوێ." لە دوای شەڕی ئۆکرانیا، ڕووسەکان ڕوویان لە دوبەی کردووە بۆ ئەوەی موڵک و ماڵی خۆیان لەوێ دابمەزرێنن، ئەمەش زیاتر نرخەکانی بەرەو بەرزبوونەوە بردووە. لێسکۆڤا وتی: بۆ ئەو ناوچانەی کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، دوبەی پەناگەیەکی سەلامەتە. بەپێی ڕاپۆرتێک، نرخ و مامەڵەکان بەرزبوونەتەوە لە کاتێکدا بوژانەوەی ئابووری بەهێز لەدوای پەتای کۆڤید-19 و هێنانەکایەی ڤیزەی مانەوە درێژخایەن هاتووەتە کایەوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە فرۆشی خانووبەرە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٢.٢ ملیار دۆلار (٢٦٥ ملیار درهەم) تۆمار بکات – کە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکردووە و لە چاو ساڵی ڕابردوودا مامەڵەکان بە ڕێژەی لەسەدا ٦١ زیادیکردووە. بەهای فرۆشتن بە ڕێژەیەکی سەرسوڕهێنەر لەسەدا ٧٧ لە چاو ساڵی ڕابردوودا زیادیکردووە و ئەو ناوچانەی کە زۆرترین مامەڵەی فرۆشتنیان بۆ ڤێلا و خانووی تاونهاوس تۆمارکردووە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بریتی بوون، Dubai South, Damac Hills,Villanova, لەکاتێکدا سێ ناوچەی سەرەکی بۆ فرۆشتنی شوقەش هەبوون کە ئەوانیش Business Bay, Jumeriah Village Circleو Downtown Dubai
شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی شانشینی سعودییە ڕایگەیاند، وڵاتەکە ئامادەیە ئاسانکاری گفتوگۆ لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بکات. شازادە فەیسەڵ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسییەکەی لە مۆسکۆ وتی: شانشینی یەکگرتوو ئامادەیە نێوەندگیری بکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئۆکرانیا. پێش کۆنفرانسەکە، وەزیری دەرەوەی سعودییە و لاڤرۆڤ باسیان لە پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان کرد، لەوانە شەڕی ئۆکرانیا، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و سەقامگیری بازاڕەکانی نەوت. هەردوو وەزیرەکە گرنگی پێشخستنی ئەم پەیوەندییانەیان خستەڕوو، دیپلۆماتکارە سعودییەکە ئاماژەی بەوەدا کە سعودییە هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا لە هەموو ئاستەکاندا بەهێزتر و پەرەپێدانی بەهێزتر بکات. لاڤرۆڤ لەمیانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی: "ئێمە [هەروەها] ئارەزووی خۆمان بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ سعودییە لە هەموو بوارەکاندا پشتڕاست دەکەینەوە." سەبارەت بە هاوکارییەکانی ناو ئۆپێک+، لاڤرۆڤ وتی کە جێبەجێکردنی بەردەوامیی بەڵێنەکانیان پشتڕاستکردووەتەوە، لە کاتێکدا شازادە فەیسەڵ دووپاتیکردەوە کە شانشینی یەکگرتووە بۆ پاراستنی سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانی. شازادە فەیسەڵ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی یەمەن وتی شانشینی یەمەن هەوڵدەدات گفتوگۆیەکی دەستپێبکات بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکان. ناوبراو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئێمە هەوڵ دەدەین لە یەمەن بگەینە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و دواتر دەست بە پرۆسەیەکی سیاسی بکەین. لاڤرۆڤ بە دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سعودییە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، بەتایبەتی لە ئۆکرانیا و یەمەن، ڕەتکردنەوەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ بە هۆکاری بەردەوامی دەستدرێژیەکان زانی. لاڤرۆڤ وتی: هەست ناکەین ئۆکرانیا [ئاواتی هەیە] گفتوگۆی جددی لەگەڵ ڕووسیا بکات.
پاش ئەوەی کەسێک تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت، دەچێتە یەکێک لە نۆرینگەکانی بەردەڕەش و دەرزییەکی لێدەدرێت و بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدات. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (ئیسماعیل محەمەد ئەمین)ـەو تەمەنی 64 ساڵە. نەشوان بەرزنجی، وتەبێژی تەندروستی بەردەرەش رایگەیاند، ئەم حاڵەتە لەنێو نۆرینگەیێکی دەرەوەی نەخۆشخانە حکومییەکاندا درووستبووە. وتیشی:"هێشتا دیار نییە کە هۆکاری سەرەکی مردنەکەی دەرزیە یان شتێکی دیکەیە و ئەم حاڵەتە لە دوای بڕیاری پزیشکی دادی دهوک یەکلادەبێتەوە". عەمید سەعید ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە دەرزی لەو کەسە داوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە. بە وتەی بەڕێوبەری پۆلیسی بەردەڕەش، ئەو کەسەی کە مردووە دەرزییەکی لە جۆری "ئەمۆکسیلین" لەگەڵ خۆی بردووە و چووەتە نۆرینگەکە و لای پەرستارێک و داوای کردووە ئەو دەرزییەی بۆ لێ بدەن، دواتر بەوهۆیەوە تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە. دواتر تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی دهۆک.
کەیوان ئازاد: دوای كۆچی دوایی خەلیفە (هاروون ئەلڕەشید) لە ساڵی (193ك/ 808ز) دەسەڵات كەوتە دەست (ئەمین)ی كوڕی. زۆری نەخایاند (مەئموون)ى برای لێی ڕاست بووەوە و داوای پۆستی خەلافەتی كرد. ئەوەش یەكەم جار نەبوو كێشەی وا لەنێو بنەماڵەی عەباسیدا ڕوو بدات، بەوەی پێشتر (مووسا هادی) هەوڵی زۆری دا ئەو پۆستە بۆ كوڕەكەی (جەعفەر) یەكلایی بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، تا دواجار (هاروون ئەلڕەشید)ی برای پۆستەكەی بۆ خۆی برد. هەر بۆیە ئەم بڕیارەی (ئەمین) پێشینەی مێژوویی هەبوو، بەڵام جیاوازيیەكە ئەوە بوو، كە ئەمجارەیان شەڕ كەوتە نێوانیان و دواجار بە كوژرانی (ئەمین) دوایی هات. هەموو ئەوانەش لەكاتێكدا بوو، كە پایەی جێنشین لە باوكەوە بۆ كوڕ بوو، نەك بۆ برا، يان مام و برازا، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەو یاسایە سەركەوتوو نەبوو.ململانێی نێوان (ئەمین و مەئموون) كێشەیەكی گەورەی بۆ دەوڵەت و تەنانەت هاووڵاتییانی سنووری دەوڵەتی خەلافەتی عەباسییش دروست كرد، بەوەی خەڵكەكەی بەسەر (دوو) بەرەی (دوو) برادا دابەش كرد. ڕاستە خەلیفە (هاروون ئەلڕەشید) بەرلەوەی كۆچی دوایی بكات، ڕێگەچارەیەكى بۆ كێشەی جێنشین دانابوو، تا دوای خۆی كێشە لەنێوان كوڕەكانیدا دروست نەبێت، بەڵام پلانەكەی سەركەوتوو نەبوو، بەهۆی ئەوەی (ئەمین)ی كوڕە ناونجییەكەی بەسەر (مەئموون)ی كوڕە گەورەكەیدا كردە جێنشین. ڕاستە هەردووكیان لەدایكبووی یەك ساڵ بوون، بەڵام (مەئموون) لە (ئەمین)ی برای گەورەتر و پێشتر لەدایك بووبوو. كاتێكیش بۆ پایەی جێنشینی دیاری كرا، تەمەنی تەنیا (پێنج) ساڵ بوو. دياريكردنيشى لەسەر داواى (زوبێدە)ی دايكى و چەند ئەندامێكی عەرەبی بنەماڵەكەی بوو لە خەلیفە (هاروون ئەڵرەشید)، تا بیكاتە جێنشینی خۆی و دوای خۆی كێشە لەسەر جێنشین دروست نەبێت. ئەمەو دەسەڵات نەكەوێتە دەست بنەماڵە عەرەبییەكانی دیكە و پێكهاتە ناعەرەبەكانی وەك (فارس، كورد تورك)، كە تا ئە كات دەسەڵاتیان هەبوو، هەروەها دەرفەتیشیان هەبوو بگەنە دەسەڵات. دیارە دانانی (ئەمین)یش دوای ئەوە هات، كە پەروەردەيەكی عەرەبی كرابوو، لەكاتێكدا (مەئموون) پەروەردەیەكی ئێرانی كرابوو. هەر بۆیە ئەم بڕیارە كاردانەوەی بنەماڵەی بەرمەكیی لەگەڵ خۆیدا هێنا و لە ساڵی (183ك/ 799ز) داوايان لە خەلیفە كرد، بۆ پاراستنی شكۆی دەوڵەتەكەی، یاسای میرایەتیی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕی گەورە جێگیر بكات، نەك كوڕی بچووك. ئەگەر ئەوەش نەكرا، با كوڕی گەورە بكرێتە جێنشینی دووەم و لەدوای (ئەمین) بگاتە پایەی خەلافەت. تەنانەت ئەوەشیان خستە پێش چاوی كە لەو كارەیدا مافی (دوو) كوڕی دیكەی خواردووە كە (مەئموون و موعتەسەم) بوون. خەلیفەش بەو داوایە ڕازی بوو و لە ساڵی (186ك/ 802ز) بەفەرمی جێنشینی دووەمی دیاری كرد. تەنانەت بۆ دڵنەوایی كوڕە گەورەكەیشی، ویلایەتی خۆراسانی پێ بەخشی. بۆ سەركەوتنی ئەو كارەش، لە هەمان ساڵدا هەردوو كوڕەكەی لەگەڵ خۆی و گەورە بەرپرسانی دەوڵەتەكەی بردە حەج و لەوێ لە پەنای (كەعبە)ى قیبلەگای موسڵمانان، پەیمانی برایەتیی پێ واژۆ كردن. هەر لەوێشدا بڕیاری دا دوای (مەئموون)، كوڕەكەی دیكەی بەناوی (موعتەسەم)، كە لەوان بچووكتر بوو، بكاتە خەلیفە. بەوەش كێشەی پایەی خەلافەتی لە دیدگای (هاروون ئەلڕەشید)ەوە بۆ (سێ) نەوەی دوای خۆی چارەسەر كرا. (موحەمەد) ناسراو بە (ئەمین) ساڵی (170ك/ 787ز) لە شاری (بەغدا) لەدایك بووە. ساڵی (193ك/ 809ز) لەژێر كاریگەریی (زوبێدە)ی دایكی لەلایەن باوكییەوە كرایە جێنشین و دوای (18) ساڵ جێنشینیش بووە خەلیفە. (دوو) ساڵ دواتريش هەمان هەڵەی (مووسا)ی مامی و (هاروون ئەلڕەشید)ی باوكی چەندبارە كردەوە، كاتێك لە ساڵی (195ك/ 811ز)دا (مووسا) كوڕی كردە جێنشین و پێچەوانەی وەسیەتەكەی باوكی كارى كرد. بەو كارەشی (مەئموون)ی خستە پەراوێزەوە. ئەوەش كاردانەوەی (مەئموون)ی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆر بەتوندی ڕووبەڕووی (ئەمین)ی برای بووەوە. لە بەرامبەردا (ئەمین) سوپایەكی بە سەركردایەتیی (عیسای كوڕی ماهان) ناردە سەر براكەی لە خۆراسان. سوپاكەی (مەئموون)يش بە سەركردایەتیی (تاهیری كوڕی حوسێن) ڕووبەڕووی وەستا و سوپای خەلیفەی شكاند. تەنانەت (عیسای كوڕی ماهان)یش لە شەڕەكدا كوژرا. ئەو شكستەش وای كرد جارێكی دیكە (ئەمین) سوپایەكی دیكە بە سەركرایەتیی (عەبدولڕەحمانی كوڕی جیلی ئەنباری) بنێرێتە سەر (مەئموون)ى برای، تا ملكەچی بڕیارەكەی بكات، بەڵام ئەمجارەشیان سوپاكەی خەلیفە لە بەرامبەر سوپاكەی (مەئموون) و هەر بە سەركردایەتیی (تاهیری كوڕی حوسێن) لەنزیك شاری (هەمەدان) تێكشكا و نەیهێشت سوپاكەی بگاتە سنووری خۆراسان. بەم سەركەوتنەش سوپاكەی (مەئموون) بەرەو (بەغدا)ى پایتەخت پێشڕەویی كرد و بە هاوكاریی (هورسومەی كوڕی ئەعیون) گەمارۆی پایتەختی دەوڵەتی خەلافەتی دا. دوای گەمارۆیەكی توندیش، سوپاكەی (تاهیری كوڕی حوسێن) لە ساڵی (198ك/813ز) چووە ناو شاری (بەغدا) و (ئەمین)ی بە دیلیی گرت و كوشتی و دواتر سەری بڕی و كەللەسەرەكەی بۆ (مەئموون) ڕەوانە كرد لە شاری (ڕەی). بەو ڕووداوەش كۆتایی بە دەسەڵاتی شەشەمین خەلیفەی عەباسیی هات. ئەو ڕووداوەش پێ گوتین: بنەماڵە و دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی، ئەو بنەماڵە ئایینی و دەوڵەتە ئایینییە گەورەیە نەبوون، كە كۆمەڵگای ئیسلامی لەو كاتەدا هیوایان لەسەر هەڵچنیبوو، بەڵكوو ئەندامانی بنەماڵەیەك بوون، كە بۆ مەبەستی سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات، ئایینی ئیسلام و كۆمەڵگای ئیسلامیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار هێنا.
ئەحمەد ئەلخەتیب وەزیری گەشتیاری شانشینی سعودییە ئەمڕۆ پێنچشەممە 2023/3/9 ڕایگەیاند، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی تۆپی پێ لەم مانگەدا سەردانی سعودییە دەکات. یاریزانە بەناوبانگەکەی ئەرجەنتینی دوایین جار لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ گەشتی بۆ سعودییە کردووە، پاش ئەوەی وەک باڵیۆزی گەشتیاری وڵاتەکە دەستنیشانکرا. لە تویتێکدا نووسیویەتی، “خۆشحاڵم بە پێشوازیکردن لە باڵیۆزی گەشتیاریمان و ئەستێرەکەمان لیۆنێل مێسی و خێزان و هاوڕێکانی لەم مانگەدا، لە دووەم سەردانیدا بۆ سعودییە بۆ چێژوەرگرتن لە جوانترین شوێنە گەشتیارییەکانمان و پەیوەندیکردن لەگەڵ گەلەکەمان و چێژوەرگرتن لە ئەزموونە ناوازەکان!” . لە دوایین سەردانی فەرمی خۆیدا وەک باڵیۆزی گەشتیاری، مێسی لە فێستیڤاڵی وەرزی جدەدا کە زۆر چاوەڕوان دەکرا و لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا سەدان هەزار سەردانیکەری بۆ خۆی ڕاکێشا. هەنگاوی ناونانی مێسی وەک باڵیۆزی گەشتیاری سعودییە لە چوارچێوەی ئەرکی حکومەتدایە بۆ دانانی وڵاتەکە وەک شوێنێکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیارانی سەرتاسەری جیهان. تۆپی پێ لە چەند مانگی ڕابردوودا ناوەندی ڕوماڵی میدیا نێودەوڵەتییەکانی سعودییە بووە، دوای ئەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی یاریزانی پورتوگالی پەیوەندی بە یانەی ئەلنەسری شانشینی یەکگرتووەوە کرد لە ڕیاز. دەوترێت ئەو ئەستێرەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیوی داهاتوو ساڵانە 213 ملیۆن دۆلاری پێدەدرێت، بەمەش دەبێتە یەکێک لە زۆرترین مووچەی تۆپی پێ.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە: وەڵامێک لە وەزیری دارایی و ئابورییەوە سەبارەت بە لێدوانێکی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە باس لە سزادانی سلێمانی دەکات لە لایەن وەزیری دارایی و ئابوورییەوە. یەکەم؛ کێشەکانی سلێمانی و دەوروبەری هی ئەم کابینەیەو ئەم وەزارەتی داراییە نییە، هۆکارەکانی هەمان هۆکارن کە پێش ئەم مێژووەش سلێمانی و دەوروربەری وێران کردووەو تا ئێستاش بەردەوامە، جەنابتان ناتوانن خۆتانی لێ بێ ئاگا بکەن، وا ناشتوانن سلێمانی ( ٢٠١٩ ) لە ئێستا بە پێشکەوتووترو جوانتر دابنێن. دووەم؛ گەندەڵی و خنکاندنی بازاڕو سەرانەسەندن لە بازرگان و ……..هتد بکەرەکەو کارەکتەرەکانی لە سلێمانی و دەوروبەری بەکەس ناشاردرێتەوەو ناتوانن خۆتانی لێ بێ بەری بکەن، واتە ئێوە سزای سلێمانی دەدەن نەک بەندە . سێیەم؛ ماوەی نزیکەی چوار ساڵە ئێمە لە وەزارەتی دارایی لە هەوڵی بەردەوامی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی سلێمانیداین، هەرچی لەتوانای ئێمەدا بێت کردوومانە، چەند توانیبێتمان بەسەر ئاستەنگە دەستکردەکانی ئێوەدا سەرکەوین، ئەوەندە سەرکەوتووتربوین، ئەمانەش بەکردەوە نەک قسەی زل و فشەی سیاسی، بۆ ڕاستیش ئەکرێ پرسیار لەوەزیرە بەڕێزەکان و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بکەن. چوارەم؛ کێشەی ئێستای سلێمانی سەرباری دابەزینی داهاتی سنورەکە، لە ساڵی ٢٠٢١ وە دەست پێدەکات کاتێک لە بەرواری ( ٢٠٢١/١/١ ) لە بانکەکانی سلێمانی نزیکەی ( ٣٥٠ ) ملیار دینار وەفر هەبوو، لە کۆتایی هەمان ساڵ گەیشتە نزیکەی ١٠٠ ملیار دینار، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کورتهێنان لە بانکەکانی سلێمانی گەیشتە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار، کە هەمووی پارەی هاوڵاتیان و فەرمانگەکانی سلێمانی بوو. ئەوکاتە بکەری سەرەکی ئەو تاڵانیە ئێمە سزامانداو جەنابتان گوڵبارانتان کرد، ئێمە داومانە بەدادگاو جەنابیشتان پاداشتی ئەکەن، ئەبێت ئێوە کە پاداشتتان کردبێت سزای سلێمانیتان داوە یان ئێمە کە داومانە بە دادگا ؟پێنجەم؛ ڕێکەوتن لەسەر پشکی ٥٧/ و پشکی ٤٣/ ، وەزارەتی دارایی لێی بەرپرسیار نییەو زۆریش دژیەتی، جەنابتان ئەبوایە لە سەرەتاوە قبوڵی نەکەن، نەک لەم دوا دواییەدا بیرت بکەوێتەوە ، ئۆباڵی هەر دەرهاویشتەیەکی ئەو کارە تەنها لە ئەستۆی ئێوەیە کە پێی ڕازی بوون. شەشەم؛ من یەکێک بووم لەو پێشمەرگانەی کە گەنجێتی خۆم و خوێن و ڕەنجێکی زۆرم بە کوردستان و سلێمانی بەخشیوە، زۆر زۆر لە ئێوە زیاتر خۆشم ئەوێ و دڵم پێی ئەسوتێت، هەمیشە خۆشەویستی ئەو شارەو خەڵکەکەی لەدڵ و دەرونی مندایە نەک لە بۆنەکاندا بیرم بکەوێتەوە، من نەهاتومەتە سەر حازری
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، “ئەمڕۆ ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری دابارینی باران لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکاندا و بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکووری خۆرهەڵاتی هەرێم”. بەرێوبەرایەتییەکە ڕاشیگەیاندووە، “پێشبینی نمە بارانی کەم بۆ شارەکانی هەولێر و دهۆک دەکرێت، سەبارەت بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری کاریگەری دابارین بەشێوەی لێزمە باران و بروسکە بەردەوامی دەبێت تاکو کاتەکانی ئێوارە، پێشبینی دەکرێت رێژەیەکی زۆر باران لەم ناوچەیە ببارێت، لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەری ئەم شەپۆلەی دابارینە لاواز دەبێت کەش لە زۆربەی ناوچەکان جێگیردەبێتەوە”. ئاماژە بەوەشکراوە، “سبەینێ هەرێم ئاسمان بە گشتی لەنێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت ئەگەری کەمێک نمە باران هەیە بە تایبەتی لەناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکوور و باکووری خۆرهەڵات، پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بە (1-3) پلە