Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13769 بابەت
هەواڵ
12-03-2023

وەزیری دەرەوەی ئێران: ھەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران نزیکە

ئەمریکا ئەو ئیدیعایەی ڕەتکردەوە کە ئێران بەنیازە سێ زیندانی ئەمریکی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو پارانە وڵاتەکە کە سڕکراون. دیپلۆماتکارێکی باڵای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە 2023/3/12 ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێەکە نزیکە لە کۆتاییهێنان، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستەڕوو. بەرپرسێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بە کەناڵی ئەلعەرەبییەی راگەیاند: بەرپرسانی ئێران درێغی ناکەن لە دروستکردنی شتەکان و ئیدیعای دڕندانە. هەواڵی ڕێککەوتنێکی نزیک دوای ماوەیەکی کەم لە ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان و دوای ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی لە کۆتایی هەفتەدا لە عومان بوون. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژەکان بە کەناڵی "ئەلعەرەبی ئینگلیز"ی ڕاگەیاندووە کە ئێران سیامەک نەمازی و موراد تەهباز و عیماد شەرگی ئازاد دەکات. لە بەرامبەردا ڕایانگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا ئەو پارانەی ئێران کە لە کۆریای باشوور و عێراق و ژاپۆن بەستراون لەگەڵ لانیکەم یەک زیندانی ئازاد بکات. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان نەدەکرا ئەو ئێرانیانەی ئازادبکرێن دیار بن، وەک مەنسور ئەربابسیار کە لە ئەمریکا تۆمەتبارکرابوو بەهۆی پیلانێکی گوماناوی بۆ تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارێکی سعودی لە ساڵی ٢٠١١دا. حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە بەم زووانە ئاڵوگۆڕەکە ئەنجام بدرێت. ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وتی: سەبارەت بە پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتوینەتە ڕێککەوتن و ئەگەر هەموو شتێک لە لایەنی ئەمریکاوە بە باشی بەڕێوە بچێت، پێموایە لە ماوەیەکی کورتدا شاهیدی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەبین. ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەلای ئێمەوە هەموو شتێک ئامادەیە، لەکاتێکدا ئەمریکا لە ئێستادا کار لەسەر هەماهەنگی تەکنیکی دەکات”. نەمازی، بازرگانێکی خاوەن دوو ڕەگەزنامەی ئەمریکی و ئێرانییە، لە ساڵی ٢٠١٦دا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. شەرگی، بازرگانێکی ئێرانی-ئەمریکی، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستگیرکرا کاتێک لە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی تەکنەلۆژی کاردەکات، هەروەها لە ئێران زیندانی کراوە، هەروەها ژینگەپارێزی ئێرانی-ئەمریکی تەهباز کە خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانیشە. سەرچاوە ئێرانییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە زنجیرە وتووێژی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان، دوو وڵاتی ناوچەیی تێوەگلاون.

گشتی
12-03-2023

400 ملیارەکە ده‌خرێته‌ سەر هه‌ژماری بانكی حكومه‌تی هەرێم

جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئێستا لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەوڵی رژد ھەیە بۆ چارەسەركردنی كێشه‌كان. سه‌باره‌ت به‌ ناردنی 400 ملیار دیناره‌كه‌، جوتیار عادل گوتی، "لە یەك دوو رۆژی داھاتوودا 400 ملیار دینارەكەی بەغدا دەخرێتە سەر ھەژماری بانكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان". هه‌روه‌ها گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پەیوەندییەكانمان بەھێزن لەگەڵ حكومەتی عێراق و دەرگەمان كراوەتەوە بۆ ھەر بەرپرسێكی عێراق بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەین دەربارەی چارەسەركردنی كێشەكان. سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز، جوتیار عادل جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، سێكته‌ری نه‌وت و غاز له‌ عێراقدا كێشه‌ی زۆری هه‌یه‌ و ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كێشه‌كانی نیوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت و غاز، به‌ڵكو په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو عێراقه‌. گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سبەی شاندێكی ھەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و گفتوگۆ دەربارەی چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێت، بەتایبەتی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز، گوتیشی، له‌باره‌ی‌ بابه‌ته‌ گشتییه‌كان رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كراوه.

هەواڵ
12-03-2023

عێراق.. بودجەى 2023 نێردرا بۆ ئەنجوومەنى وەزیران

وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 ئامادەکراوە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کراوە بۆ پەسندکردنى. رۆژی یەکشەممە 2023/3/12، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023ى ئامادە بووە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى کراوە بۆ تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەری. ئاماژەی بەوەشکرد کە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023، گرنگى بە بوژاندنەوە، پاڵپشتى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى، پارەدارکردنى پڕۆژەی ستراتیژیی و بوژاندنەوە بەردەوامەکان دەدات. تەیف سامی ئەوەشی خستەڕوو کە ئامادەکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە لە دۆخێکى تایبەتدایە کە ئابوورى جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت و پڕۆژەکە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ کارنامەى حکومەت و چاکسازى دارایی و ئابوورى. ساڵى 2022 عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى پەسند نەکرد و کارى بە سیستمى خەرجکردنى یەک لەسەر 12ى بودجەى خەرجکراوى ساڵى 2021 کرد.

هەواڵ
12-03-2023

تەرمی سەدام حوسێن گواستراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق ڕایگەیاند، تەرمی سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشوی عێراق و سەرۆکی حیزبی بەعسی عێراقی گواستراوەتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق ڕایگەیاند، دوای ساڵی 2012 تەرمی سەدام حوسێن بۆ شوێنێکی نهێنی گواستراوەتەوە. مستەفا کازمی، هیچ زانیارییەکی تری لەبارەی گۆڕی سەدام حوسێن ئاشکرا نەکرد.

هەواڵ
12-03-2023

کەی کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێر؟

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵام دەداتەوە: لە دیداری گه‌نجان و لاوان له‌ دهۆك پرسیارێک ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرا کە حكومەت ئەو ژێرخانەی هەیە كارەبا بكاتە 24 کاتژمێر؟ لە وەڵامدا مەسرور بارزانی وتی، حکومەت دەتوانێ كارەبا بکاتە 24 کاتژمێر، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند رێگرییەك هەبووە و دیارترینیان داهاتەكانی كوردستان بووە، چونكە هەر كاتێك داهاتی ئێمە بەشی هەموو شتێك بكات ئەوە ئێمەیش هەموو شتێك دەكەین. بارزانی گوتیشی، ئەگەر داهات بەشی پڕكردنەوەی هەموو پێداویستییەكانی نەكرد، ئەوكاتە ئەولەویەت دەدەین بە خەرجكردنی ئەو داهاتەی بەردەستمان كە چی پێ دابین دەكرێت، ئایا بۆ مووچە خەرجی دەكەی یا بۆ پڕۆژە و خزمەتگوزاری تر، ئێمە وەك حكومەت نزیكەی دوو ملیار دۆلار پاڵپشتی كارەبا دەكەین بۆ دابینكردنی كارەبا. ئاماژەی بەوەشکرد ''خەرجیی بەرهەمهێنانی یەكەی كارەبا لەسەر حكوومەت تەنیا حەوت سەنتە لەكاتێكدا لە بەرانبەر ئەوەدا حكوومەت تەنیا داوای سەنت و نیوێكی لە هاووڵاتی كردووە، ئاماژەی دا بەهۆی ئەوەی حكوومەت نەیتوانیوە 24 سەعات كارەبا دابین بكات، دەچێ كارەبا لە مۆلیدە بۆخۆی دابین دەكات و لە بەرانبەردا پارەیەكی یەكجار زۆرتر دەدات بە مۆلیدە بۆ دابینكردنی تەواوكاری كارەبا نیشتمانییەكە و مۆلیدەكە و 24 سەعاتەكە بۆخۆی بەو شێوەیە دابین دەكات'' مەسروور بارزانی وای گوت. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر هاووڵاتی بەرپرسیاریەتی خۆی بەرانبەر حكومەت دەربڕێت و ئەو بڕە كەمەی حكومەت بۆ هاووڵاتی دابینی كردووە بە پارەیەكی زۆر كەمتر لەوەی دەیدات بە مۆلیدە، كارەبای 24 کاتژمێر حكومەت دابینی دەكات.

هەواڵ
12-03-2023

کۆمپانیای ئارامکۆ لە 2022دا 161.1 ملیار دۆلار قازانجی کردووە

کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی ڕۆژی یەکشەممە 2023/3/12 قازانجی راگەیاند کە 161.1 ملیار دۆلاری بوو بۆ ساڵی 2022، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 46% زیادی کردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و بەرزبوونەوەی قەبارەی فرۆشتن. ئەم قازانجە کە نزیکەی سێ ئەوەندەی قازانجەکانی 56 ملیار دۆلاری کۆمپانیای ئێکسۆنە، دوای ڕاپۆرتە هاوشێوەکانی مانگی شوباتی هاوتا نێودەوڵەتییەکانی وەک بی پی و شێڵ و شیڤرۆن کە زۆربەیان قازانجی ژمارەیەکی پێوانەیییان بۆ ساڵی ڕابردوو تۆمارکردووە. نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا وە. ئەمین ئێچ ناسر بەڕێوەبەری جێبەجێکار و سەرۆکی کۆمپانیای ئارامکۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی: "بە سەرنجدان بەوەی کە پێشبینی دەکەین نەوت و گاز بۆ داهاتوویەکی نزیک بە پێویست بمێنێتەوە." ناسر وتی بۆ چارەسەرکردنی ئەو تەحەددایانە، کۆمپانیاکە وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای نوێی کەم کاربۆن دەکات کە توانای بەدەستهێنانی کەمکردنەوەی زیاتری دەردانی گازی ژەهراوی هەیە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پلانی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ 13 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی 2027 لە ڕێڕەوی خۆیدایە. خەرجییە سەرمایەییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی ١٨% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٣٧.٦ ملیار دۆلار و کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکات خەرجییەکانی ئەمساڵ نزیکەی ٤٥.٠ ملیار دۆلار بۆ ٥٥.٠ ملیار دۆلار بێت بە وەبەرهێنانی دەرەکیشەوە. کۆمپانیای ئارامکۆ بۆ چارەکی چوارەم پاداشتی بە بڕی 19.5 ملیار دۆلار ڕاگەیاند، کە بە بەراورد بە چارەکی پێشوو بە ڕێژەی 4% زیادی کردووە. هەروەها دەستەی کارگێڕییەکەی پێشنیاری دەرکردنی پشکی بۆنوسی کردووە، خاوەن پشکەکانی شایستە بۆ هەر ١٠ پشکێک کە خاوەندارێتی دەکەن یەک پشک وەردەگرن. لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا نرخی نەوت بەرزبووەوە، بەهۆی ئەو لەشکرکێشیەی ڕووسیا کردیە سەر ئۆکرانیا، نرخی نەوتی خاوی نێودەوڵەتی برێنت گەیشتە 139.13 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە بەرزترین ئاستی لە ساڵی 2008ەوە تۆمارکرد، لە نیوەی دووەمی ساڵی 2022دا نرخەکان بە خێرایی نزمبوونەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکە ناوەندییەکان و نیگەرانییەکانیان لە پاشەکشەی ئابووریدا زیادکرد. هاوپەیمانی بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک+ بە سەرۆکایەتی سعودیە، ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمی بەرهەمهێنانی 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە مانگی نۆڤەمبەرەوە تا کۆتایی ساڵی 2023 بۆ پاڵپشتیکردنی بازاڕ. بڕیارەکە ڕەخنەی زۆری ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوای لێکەوتەوە بەڵام لەو کاتەوە داینامیکی بازاڕەکان دەریخستووە کە کەمکردنەوەکان وریایانە و نرخی نەوت لە نزیک ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بەرزترین ئاستی لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە سەرووی ١٠٠ دۆلارەوە بووە.

هەواڵ
12-03-2023

دانیشتوانی كفری ئاگەدار دەكرێنەوە

قائیمقامیەتی قەزای كفری ئاگەدارییەكی لەبارەی پچڕانی كارەبا بۆ ماوەی یەك ڕۆژ، بۆ سەرجەم دانیشتوانی سنووری قەزاكە بڵاو كردەوە. ئەمڕۆ یەكشەممە 2023/3/12 قائیمقامیەتی قەزای كفری، ئاگادارییەكی بڵاو كردووەتەوە و رایگەیاند: "ئاگاداری سەرجەم دانیشتوانی سنووری قەزای كفری و ناحیەكانی سەر بە قەزاكەمان دەكەینەوە، سبەی دووشەممە 13/3/2023، بەهۆی چاكسازی لە هێڵەكانی كارەبای نێوان بازیان - كفری، بۆ ماوەی یەك ڕۆژ كارەبا نابێت."

هەواڵ
12-03-2023

مەسرور بارزانی: سۆشیال میدیا بەكار دێنم

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئاداری 2023، بە ئامادەبوونی مەسروربارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم دیداری لاوان لە شاری دهۆک دەستی بە کارەکانی کرد، لە دەستپێکی دیدارەکەشدا گفتوگۆی گەنجان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. پوختەیەک لە وەڵام و گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: • سەرۆک بارزانی بۆ من جێگەی شانازییەكی زۆر مەزنە، ڕاستە كوڕی ئەوم، بەڵام هەموو كاتێك وەك خزمەتكارێك لەگەڵی بووم و زۆر شتیشی لێ فێر بووم، ئەو سیفەتانەی من تێیدا بینیم و زۆر بووە جێی سەرنجی من و هەوڵمداوە لێی فێر بم، راستگۆییە و نیشتمانپەروەری و وەفادارییە. من زۆر پێی سەربەرزم و ئینشاڵڵا ئێمە بتوانین بەردەوام بین و ڕێگای ئەو بەرنەدەین.• سەرسامم بە جەنابی بارزانیی نەمر، نەك لەبەر ئەوەی كە باپیری منە، بۆ من جێی شانازییەكی مەزنە، بەڵام كەسێك بووە كە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە كوردستان دامەزراندووە، شۆڕشی ئەو سەرانسەری بووە و لە هەر چوار پارچەی كوردستان ناوی مەلا مستەفای بارزانی دیار و جێی ڕێز و تەقدیرە و بۆ ئێمەش جێی شانازییە.• سەركردەی بیانیش هەن، بەڵام گاندی زۆر پێی سەرسام بووم، چونكە یەكێك بووە لەو كەسانەی كە ڕێگەی بەرخودان و ئازادیی میللەتی خۆی لەوەدا دەبینییەوە، كە هاریكاری لەگەڵ داگیركەر نەكات، ئەو ڕێگەی ئەو هەڵی بژارد تەنیا و تەنیا هاریكاری لەگەڵ داگیركەر و ناحەز و دوژمنان نەكەن، سەردەكەون. • لەگەڵ هەڤاڵەكانی خۆمان كاتێك لەگەڵ پێشمەرگەكان دادەنیشتین، دەمانگوت تەنیا ڕۆژێك ئێمە بگەڕێینەوە كوردستان و بە ئازادی و سەربەستی ژیاباین، با لە بن تەڕاشێك بووینایە. ئێمە گەڕاینەوە كوردستان، ئێستا كوردستان ئازادە، ئێمە نەك لە بن تەڕاش و خێوەتاندا نین، سوپاس بۆ خوا ئێستا كوردستان لە هەموو عێراق ئاوه‌دانترە.• ئەوەی مێژووی خۆی و ڕابردووی خۆی نەزانێت، بناغەیەكی باشی نابێت بۆ بنیادنان و دروستكردنی داهاتوویەكی باشتر.• بۆ پاراستن و باشتركردنی ئەو ژیانە، پێویستە ئێمە پێكەوە كار بكەین.• هەر هاووڵاتییەكی كوردستان خاوەنی ئەم وڵاتەیە، هیچ حیزبێكی سیاسی یان ڕێكخراوێك ناكرێ بڵێ من بڕیاردەر و خاوەنی ئەم وڵاتەم و ئەوانەی دیكەش دەبێ تەنیا ئیتاعە بكات.• حیزب و ململانێی حیزبی ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی نیشتمانی بێت، شتێكی زۆر باشە، ئەگەر حیزب بووە كەرەستە و ئامراز بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی، شتێكی زۆر باشە و پێویستە ئێمە پشتیوانی ئەو حزبە بكەین.• ئەگەر حیزب خۆی بووە گرفت بۆ سەر دەستكەوتی نیشتمانی و حیزب بووە ڕێگر بۆ پێشخستنی نیشتمان و ئاوەدانیی ئەو وڵاتە، پێویستە هەر هاووڵاتییەك هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر هەر حیزبێك بێت یان هەر كەسێك بێت كە ئەم ڕێگەیە دەگرێتە بەر.• جێی داخە كە هەموو حیزبەكان بەرژەوەندییەكانی وڵاتی خۆیان و میللەتی خۆیان لەبەرچاو نەگرتووە، هەندێك لەو حیزبانە زیاتر خۆیان لەبەرچاو گرتووە. • هەندێك هێڵی سوور هەن كە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانییە، نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆن نابێ ئەو هێڵانە تێپەڕێنن.• پێویستە گەنجان خۆیان بیر بكەنەوە، یەكێك لە كێشە گەورەكانی كۆمەڵگە ئەوەیە كە ئەگەر تاك خۆی بیر نەكاتەوە و چاوەڕێ بێت یەكێك پێی بڵێ ئەوە بكە و ئەوە مەكە، ئەو كۆمەڵگەیە هێشتا پێ نەگەیشتووە.• من ئومێدم یەكجار زۆرە، چونكە ئێمە بە ماندووبوونی گەنجان و پێشمەرگە و هەموو دەزگا و دامەزراوەكانی خۆمان و خۆڕاگریی میللەتەكەمان قۆناغی گەلێك ناخۆشمان تێپەڕاند.• حكومەت لە میللەتەوە دروست دەبێت و ئامانجیشی خزمەتكردنی میللەتە، بۆیە دروستكردنی پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوان دەسەڵات و خەڵكی، جا لاوان یا هەر تەمەنێك بن، ئەوە پێویستییەكی زەروورییە.• چەند هەوڵ دەدرێت بۆ سەركەوتن و پێشخستنی وڵاتی ئێمە، هێندەش لە لایەن ناحەزان هەوڵ دەدرێن بۆ دڵگرانكردنی گەنجانمان و ڕێگەگرتن لێیان و چاندنی تۆوی ناتەبایی لەنێو گەنجانمان، پێویستە گەنجانمان هۆشیار بن و نەكەونە داوی ناحەزان. • لە كوردستان تا ئێستا شتی زۆر باش كراوە، وەك ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و پارێزگاریكردن لەم قەوارەیە و دروستكردن و ئاوەدانكردنی باڵاخانە و ڕێگەوبان و زۆر شتی باش كراوە.• ئەوەی ئێمە كردوومانە لە زۆر شت لەوانەیە وەكوو باڵاخانە لەبەرچاوتان نەبێت، بەڵام ئەوەندە ئیشی باش كراوە كە ئەمە پێویستە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری.• تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر حكومەت حەوت سەنتە و لەسەر هاووڵاتی بە سەنت و نیوێك حیسابە، ئەگەر هاووڵاتی لەگەڵ حكومەت ڕێك بكەوێ و بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە حكومەت هەڵبگرێ، من دڵنیاتان دەكەمەوە كە حكومەت كارەبای 24 كاتژمێری بە هاووڵاتیان دەدات، هەم هاووڵاتی سوودمەند دەبێ چونكە پێویست ناكات ئەم هەموو پارەیە بدات بە مۆلیدە، بە زۆر كەمتر لەوە دەتوانێ كارەبای 24 كاتژمێری لە حكومەت وەربگرێت. • تا ساڵی 2025 هەروەكوو بەڵێنمان داوە، دەبینە وڵاتێك و حكومەتێك كە هەموو خزمەتگوزارییەكانمان بەشێوەی دیجیتاڵی و ئۆنلاین دەبێ و پێویستیمان بە كاغەز نابێت.• ئومێدم وایە بە جێگیركردنی پڕۆژەی هەژماری من ئیدی بابەتی مووچە و ئەوانە نەبێتە مانشێتی كەناڵەكان.• دوایین جار كە چوومە لەندەن، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی بریتانیاش ڕێككەوتنێكمان كرد بۆ ئەوەی بێن هاوكاریمان بكەن لەسەر ئاستی پەروەردە و قوتابخانەكانی دیكەی ئێمە هاریكار بن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن. ئەمە بەشێكە لەو هەوڵانەی كە حكومەت دەیدات.• بواری پەیمانگە پیشەییەکان زۆر زەروورن و ئێمە بە جیددی كاری لەسەر دەكەین، ئەم هەلە بۆ خەڵكی ئێمە بكرێتەوە، ئەو كەسەی بچێت كار بكات، فێری پسپۆڕییەكیش ببێت و شارەزا بیت، ئەمە زۆر كێشە چارەسەر دەكات.• سۆشیال میدیا بەشێكە لە ژیان، ئێستا هەر كەسێك تەلەفۆنی پێ بێت، هەوڵ دەدات سەیر بكات هەواڵ لە كوێیە، منیش وەك هەموو هاووڵاتییەك سۆشیال میدیا بەكار دێنم، زۆر جار هەواڵەكانی خۆم لە كەناڵەكان و سایتەكانی سۆشیال میدیا وەردەگرم.• حەز دەكەم گەنجانی ئێمە بزانن لەو ئاستەدا سۆشیال میدیا بەكار بهێنن كە لە خێری ئەواندا بێت، هیچ جارێك سۆشیال میدیا نەكەن بە ئامرازێك بۆ زیانگەیاندن بە كەسێكی دیكە.

هەواڵ
12-03-2023

ده‌ستگیركردنی تیرۆریستێك راگه‌یەندرا

له‌ پارێزگای دیاله‌ تیرۆریستێك دەستگیرکرا و دەستیش بەسەر كۆگایه‌كی ته‌قه‌مه‌نیدا گیرا. شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق رایگەیاند، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌ پارێزگای دیاله‌، تیرۆریستێكیان ده‌ستگیركرد، هه‌روه‌ها ده‌ستیان به‌سه‌ر پێنج ده‌مانچه‌ و 55 تفه‌نگی جیاواز و چوار تفه‌نگی راوكردن و هاوه‌نێكی 60 ملم داگرت، هاوکات حه‌شارگه‌یه‌كیان وێران كرد، كه‌ ده‌مانچه‌ی ده‌نگی و نارنجۆكی دوكه‌ڵی تێدابووه‌. ئاماژەیان بەوەشکرد، بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ دەستگیرکردنی گرووپه‌ تیرۆریستییەکان.

هەواڵ
11-03-2023

سەرۆك بارزانی لەگەڵ میری ئێزیدیان و بابا شێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزی...

ڕۆژی شەممە 11ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان و شێخ عەلی ئەلیاس بابا شێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزیدی كۆبوویەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا میری ئێزیدیان كورتەیەكی لە ئەنجامی سەردانەكەی بۆ دەرەوی وڵات بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد و پێزانینی خۆیشی بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئازادكردنی شنگال و پاراستن و پاڵپشتیكردنی كوردانی ئێزیدی و پێكهاتەكانی تر دەربڕی. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە بە زووترین كات ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكرێ و كۆسپ و تەگەرەی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی باب و باپیرانیان نەمێنن. هەر پەیوەست بە بابەتی شنگالەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی جێبەجێبوونی ڕێككەوتنی شنگال دەكات و بە پێویستشی زانی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان شنگال بەجێ بهێڵن و بارودۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و بدرێتەوە دەست خەڵكی ڕەسەنی شنگال. سەرۆك بارزانی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی لەوە دڵنیا كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت خوشك و برایانی ئێزیدی تووشی نیگەرانی و پەراوێزبوون ببن.

هەواڵ
11-03-2023

ئازەربایجان یادداشتێکی ناڕەزایی ئاڕاستەی ئێران دەکات

ئازەربایجان بە هۆی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لەسەر سنوور یاداشتێک ئاراستەی وڵاتەکە دەکات. لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان و وەزارەتی دەرەوە ڕاگەیەندرا کە فڕۆکە جەنگییەکەی ئێران لە کاتژمێر ٠٩:٤٤ بۆ ١٠: بەرەو هێڵی نێوان پارێزگاکانی زەنگیلان و بیلەسووار لەسەر سنوور وڵاتەکە فڕیون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فڕۆکە جەنگییەکەی ئێران بە دووری ٣ بۆ ٥ کیلۆمەتر لە سنوورەوە دەسوڕایەوە و لە هەندێک حاڵەتدا ڕاستەوخۆ لە سەرووی هێڵی سنوورییەوە فڕیوە. بەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە پراکتیزەیەکی پەسەندکراوی نێودەوڵەتی هەیە کە ئەگەر هەر فڕۆکەیەکی سەربازی لە سنووری وڵاتی دراوسێ نزیک بووەوە، پێویستە ئاگاداری پێشوەختە بداێت. "بەپێچەوانەی ئەم کارە، نزیکبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لە سنوورەکان و فڕینی بەدرێژایی هێڵی سنووری، هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی مەدەنی دەکات و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گرژ دەکات." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە فڕۆکەیەکی جەنگی زیاتر لە نیو کاتژمێر لە فرین بەردەوام بووە و ئازارباینجان ئەمە بە ڕەفتارێکی ئیستفزازی و دوژمنکارانەیە لەدژی خۆی ناودەبات و دەشڵێت: "دەمانەوێت ئەوەتان بیربخەینەوە کە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا مانۆڕێکی سەربازی بەرفراوانی بەدرێژایی ڕووباری ئاراس لە ناوچەی نزیک لە سنوورەکانی ئازەربایجان ئەنجامدا، بە توندی ئیدانەی ئێران دەکەین بۆ هەنگاوێکی وەها ئیستفزازی". وڵاتەکە داوا لە ئێران دەکات لێدوانێک لەسەر ئەو پرسە بدات و لە داهاتوودا خۆی لەم جۆرە هەنگاوانە بەدوور بگرێت”. باس لەوەش کراوە کە عەباس موسەوی باڵیۆزی ئێران لە باکۆ بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و یاداشتێکی ناڕەزایی پێدراوە.

هەواڵ
11-03-2023

ئه‌ردۆگان: لە هەڵبژاردن سەردەکەوین

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكکۆماری تورکیا رایگەیاند، له‌گه‌ڵ هاوپەیمانه‌كانمان بەیەکەوە "داستانی 14ی ئایار دەنووسینەوە". لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئاک پارتی، کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان رایگەیاند، دوێنێ بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی واژووکردووە، لە 14ی ئایاردا کە بڕیاربوو 18ی حوزەیران بەڕەوەبچێت، هیوایخواست هەڵبژاردنەکان ببێتە مایەی خێر بۆ وڵاتەکە. ئەردۆگان راشیگەیاند،  ئاک پارتی لە دامەزراندنییەوە لە ئابی 2001ـه‌وه‌، لە هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی بەشداریکردووە، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە بێ پچڕان لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەرهەم و خزمەتانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا پێشکەشی وڵاتەکەیان کردووە، لە ئەژمار نایەت.

1 2 ... 406 407 408 ... 1147 1148