بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و، سەری ساڵی 2723ی كوردی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو كوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەكەم و هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو لایەك دەخوازم. مسعود بارزانی 29ی ڕەشەممەی 2722ی كوردی20ی ئاداری 2023
بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی كەنەسورەی سلێمانی تەرمێك دۆزرایەوە، ئاسایشی سلێمانیش دەڵێت لەوبارەیەوە ڕوونكردنەوە دەدەن.بەپێی زانیاریەكان تەرمەكە خنكێندراوە و لەدایكبووی 1978 ە و ماڵی لەگەڕەكی بەكرەجۆیە بەڵام لەماڵێكی كەنەسورە بە خنكاوی دۆزراوەتەوە.ئەو كەسە باوكی شەش منداڵە و لەڕۆژی هەینییەوە لەماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر ڕووداوەكە بڵاودەکاتەوە .
ئاراس شێخ جەنگی دەڵێت: دوای دروستبونی گۆڕان و تێکچونی پەیوەندیەکان لەگەڵیان، ڕۆژێک مام جەلال بانگی کردم و وتی: ئاراز بزانە کاکە نەوە سەیارەی درعی لایە؟ منیش سەرم سوڕما وتم: مامە گیان بۆچی ئەپرسیت؟ وتی: ڕۆڵە ئەگەر نیەتی دوو سەیارەی درعی بۆ بنێرە نەوەک ناحەزان لەم وەزعەی ئێستا زەڕبەیەکی لێ بدەن. ئاراس جەنگی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ: ئەوە مام جەلال بوو... ئێستاش هەندێک میلیشیا ڕێ بە کچی کاک ئازادی سەگرمە دەگرن و سەیارەکەی ئەدزن بەناوی یەکێتیەوە. "زۆر بەداخەوە بۆ یەکێتیەکەی مام جەلال".
دهقی ڕاگهیهندراوهكه بەداخەوە ئەمرۆ هێزێکی چەکدار بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی و نامرۆڤانە هەڵیانکوتاوەتە سەر خاتوو(پەروین کاکە حەمە) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و خاوەن بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و خەباتگێڕ و خاتوو (لاوين ئازاد) بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ئۆفیسی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کچی فەرماندەی قارەمان و تيکۆشەر و پيشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کاک(ئازادی سەگرمە)، ئەو هێزە چەکدارە بەرۆژی رووناک و لەناوەراستی شەقامێکی گشتیدا لەشاری سلێمانیی وەک ئەوەی تاوانبارێکیان دەستگیرکردبێت بەزەبری چەک ئۆتۆمبیلەکانیان لێسەندوون. ئێمە لەکاتێکدا ئیدانەی ئەم کارە نایاساییەی گرووپێکی ناویەکێتیی دەکەین، نیگەرانین لەو شێوازی هەڵسوکەوتەی بەرامبەر بە دوو ژنی بەتوانای ناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەنجامیانداوە، ئەم هەڵسوکەوتە نا شارستانی و نامرۆڤانەیە دژ بەژنانی ناو یەکێتیی پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە خودی قوبادتاڵەبانی بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان بانگەشەی بۆدەکات و دژی خەباتی چەندین ساڵەی سەرۆک مام جەلال و ڕێبازەکەیەتی کە ئێستا کورەکانی لە دژی وەستاونەتەوە. یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان موڵکی بەتەنیا کەس و گرووپێک نیە کە بەکودەتا و بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆیان سەپاندووە، هەریەک لە خاتوو پەروین و خاتوو لاوێن بە شایستەیی خۆیان و لەبەرامبەر ئەو خزمەتە زۆرەی لەناو ریزەکانی یەکێتییدا کردوویانە و بەردەوامن بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان پێیاندراوە، ئەو گرووپە مافی ئەوەیان نیە بەو شێوازە نایاساییە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، بۆ هەر کارێکی لەوجۆرەش رێکاری یاسایی و ئیداریی و حزبیی خۆی هەیە نەک بەو شێوازە ناشارستانییە. لێرەدا بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کە یەکێتیی موڵکی هەموو شەهیدان و پيشمەرگە قارەمان و تيکۆشەرە دێرینەکان و هەموو یەکێتییەکانە، یەکێتیی کە حزبێکی سۆشیال دیموکراتە و باوەڕی بە ماف و تواناکانی ژنان و خەباتەکەیان هەیە، دڵنیاین هەموو یەکێتییەکان ئیدانەی ئەم ڕەفتارانە دەکەن و دژی ئەو هەڵسوکەوتانەن کە ئەو گرووپە بەناوی یەکێتییەوە ئەنجامی دەدەن و ناو و ناوبانگ و مێژووەکەی لەکەداردەکەن. ئاگاداریشیان دەکەین کە ئەو جۆرە رەفتارانە ساردمان ناکاتەوە لەو هەوڵانەی خستومانەتەگەڕ لەپێناو راستکردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر یەکێتیدا هێنراوە. داواش لەو هێزە چەکدارە دەکەین کە ناو و ناسنامەیان لای ئێمە ئاشکرا کراوە چیتر نەکەونە داوی ئەو گرووپەی ناو یەکێتیی و رێگەنەدەن بەکاربهيندرێن بۆ کاری نایاسایی و دژایەتیکردنی یەکێتییەکان کە خۆیان و بنەماڵەکانیان هیچیان کەمتر نەکردووە لەوانەی کە ئێستا خەریکی خۆسەپاندنن. چونکە لەهەر رووداوێکی نەخوازراودا خۆیان وەک بەرزەکی بانان لێیی دەردەچن و ئێوەش کە رۆڵەی خێزانی هەژاری ئەم وڵاتەن رووبەرووی یاسا و بەرپرسیارییەتی دەکەنەوە. نوسینگەی لاهور جەنگیهاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.
هێزێكی ئەمنی لە شاری سلێمانی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی و سكرتێرێكی لاهور شێخ جەنگی رادەگرن و ئۆتۆمبێلی هەردووكیان دەبەن. پەروین كاكە حەمە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و لاوێن ئازاد سەگرمە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی لاهور شێخ جەنگی ئەو دوو کەسەن کە ئۆتۆمبێلەکانیان لێ سەنراوە. پەروین كاكە حەمە پێشتر چووەتە بەغدا و لە دادگا لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی شایەتیدا، ئەمڕۆش لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بەناوی یەكێتیەوە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان كردووە.
وەزارەتی دارایی دۆسیەی ٤١٨٩ فەرمانبەرو خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بەلیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان ( ١٠٨١٩ ) دە هەزارو هەشت سەدو نۆزدە مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون. دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی ( ١٠٨١٩ ) دە هەزارو هەشت سەدو نۆزدە دۆسیەی دوو مووچەیی، دەرکەوت کە ( ٤١٨٩ ) چوار هەزارو سەدو هەشتا و نۆ دۆسیەیان بەنایاسایی دوو مووچەیان هەبووە بەپێی ڕیزبەندی. ١-١٩٧٣ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە. ٢-١٨٤٩ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە. ٣-٣٦٧ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە. وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچە خۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تا لە ڕێگای دەستەکانیانەوە ووردبینی لە ڕێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بکەن کەلە دوای ( ٢٠٢٠/٧/١ ) بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بەزوترین کات لێیان وەربگیرێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
پەیجی فەرمی لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: "لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە هاورێیەتی پەروین کاکە حەمە و ژینۆ محەممەد ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی، لە شاری سلێمانی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کردو لەلایەن عومەر سەید عەلی، جەمال حاجی محەممەد، سەفینی مەلا قەرەو بەختیار عەولی پیشوازییان لێکرا". بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی، دۆخی سلێمانی و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بەتایبەتی و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ کراوە. لە دوای رووداوەکانی هەشتی تەموز و دەرکردنی لاهور جەنگی لە هاوسەرۆکی یەکێتی، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمییەتی کە خۆی وەکو هاوسەرۆک بناسێنێت
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩/٣/٢٠٢٣ لە شاری سلێمانی، کۆسرەت رەسول عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی کرد. لەمیانی سەردانەکەیدا کۆسرەت رەسول عەلی دڵخۆشی خۆی بە باشی تەندروستی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەربڕی و هیوای ساغ و سەلامەتی و تەندروست باشی بۆ خواست، هاوکات پیرۆزبایی یادی راپەڕین و جەژنی نەورۆزی لێکرد، وەک دوو بۆنەی گرنگی نیشتمانی و نەتەوەیی. لە بەشێکی تری قسەکانیدا کۆسرەت رەسول باسی لە رۆڵی هێرۆخان وەک ژنێکی پێشمەرگەو تێکۆشەرو قارەمان کرد، کە لە خەباتی شاخ و شار رۆڵێکی بەرچاوی هەبووەو هەمیشە هاوکارو پشتیوانێکی بەهێزی هەڤاڵ مام جەلال و پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ بووە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکانی هەفتەی رابردوو لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و سلێمانیدا فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداربکەنەوە. لە راگەیەنراوێکدا رۆژی یەکشەممە 19ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاندووە دوو هێلیکۆپتەر کەوتوونەتە خوارەوە و نۆ ئەندامیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام "ئێمە تەنیا کەوتنە خوارەوەی یەک هێلیکۆپتەر و گیانلەدەستدانی حەوت کەس پشتڕاست دەکەینەوە". بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "ئەو هێلیکۆپتەرانە لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و سلێمانیدا فڕیون بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار بکەنەوە". ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت: "بەگوێرەی زانیاری و بەڵگەی بەردەست، ئەو هێلیکۆپتەرانە لە چەند بنکەیەکی سلێمانی دادەبەزن و بەرەو رۆژئاواش دەفڕن. زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە لایەنێک لە سلێمانی بەشێوەیەکی نهێنی و نافەرمی رێگەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندییەکانی هەسەدە و پەکەکە و بە چەندین جۆری جیاواز هاوکارییان کردوون". لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا کە پەیجی دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "داوا لە هاوپەیمانان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین روونکردنەوە بدەن کە ئەم هێلیکۆپتەرانە بە کام مۆڵەت بە ئاسمانی خاکی هەرێمی کوردستاندا دەفڕن. کێ بەرپرسیارییەتی ئەم کارە نایاساییەیان هەڵدەگرێت؟"
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر ڕایگەیاند، ئەمشەو مندالێکیان هێنا بۆ نەخۆشخانەکەمان کە بەداخەوە لەلایەن برایەکی بچووکی لە کاتی یاریکردن چەقۆیەکی بەر سەری کەوتبوو. نەخۆشخانەکە دەڵێ "خۆشبەختانە توانرا نەشتەرگەریەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجام بدرێت و ژیانی لە مەترسی رزگار بکرێت". نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر داوا لە دایک و باوکان دەکات ئاگاداری مندالەکانیان بن و بە هیچ شێوەیەک نەهێلن مندالەکانیان یاری بە چەقۆ و ئامێری تیژ یاخود دەمانچە و ئەم ئامێرانەی کە دەبنە هۆی نانەوەی کارەساتی لەم شێوەیە بکەن. وێنەی رووداوەکە و کاتی نەشتەرگەری
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا بۆ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان، جەختی لەسەر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کردەوە، لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانیش رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە من ئەو نیەت و خواستەم هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان. ئێوارەی رۆژی شەممە (18ـی ئادار/مارسی 2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 40 باڵیۆز و 83 نوێنەری وڵاتان، ئاهەنگی یادەکانی ئادار و نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە چیای کۆڕەک بەڕێوەچوو. لە سەرەتای گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی بۆ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان گوتی، "زۆر سوپاس بۆ پەسەندکردنی ئەم بانگهێشتە و هاتنتان بۆ ئێرە. زۆر خۆشحاڵم ئەمشەو میوانداریتان بکەم بۆ ئاهەنگی نەورۆز". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باسی نەورۆز و یادەکانی ئادار، گوتی، " نەورۆز بۆ ئێمە زۆر واتای هەیە و ئەم مانگە پرە لە رووداو هەندێک خۆش و هەندێکیش ناخۆش. نەورۆز، واتە سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا. سەرکەوتنی ئاسنگەرە بەسەر ستەمکاردا. سەرکەوتنی گەلێکی ستەمدیدەیە. نەورۆز دەستپێکێکی نوێیە. ساڵێکی نوێیە. هیوای ساڵێکی خۆشتان بۆ دەخوازم و ساڵی نوێ و نەورۆزتان پیرۆز بێت". هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، خۆشحاڵم دەتوانم بڵێم دوای چەندین کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانمان لە حکومەتی فیدراڵی گەیشتووینەتە هەندێک رێککەوتنی سەرەتایی. مەسرور بارزانی گوتیشی، لە دوایین کۆبوونەوەشم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فێدراڵ رێککەتوین کێشە و جیاوازییەکانمان بگۆرین بۆ دەرفەت زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەین و پلان دابنێین بزانین چۆن بەرەو پێشەوە برۆین و هەماهەنگی بکەین. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، زۆر گەشبینم دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. ئیتر ئەو کێشانە لەبارەی بووجە یان یاسای هایدرۆکاربۆن و ئاسایش و چەندین بواری دیکە کە دەتوانین پێکەوە کار بکەین و خزمەتی هەموو عێراق بکەین. لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئێمە لە هەوڵداین بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانە و بەتایبەتی لەم بۆنەیەدا کە دوای دوو رۆژی دیکە ساڵی نوێیە، راگەیەندراوێکم دەبێت و لەو راگەیەندراوەمدا ئاماژە بەوە دەکەم کە پێمان باشە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکەنە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان. هەروەها مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، "دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین ئەگەر نیەت و خواستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەمان هەبێت، بەدڵنیاییەوە دەتوانم پێتان بڵێم من ئەو نیەت و خواستەم هەیە بۆ چارەسەر هەموو کێشەکان". k24
لە ناوەندی شاری سلێمانی، دوو کەسی نزیکی لاهور شێخ جەنگی بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەڕفێندرێن. بەیانی ئەمڕۆ ئەمڕۆ شەممە 18-03-2023 کاتژمێر 9:00ی بەینای، دوو کەسی نزیکی لاهور شێخ جەنگی، کە هاتوچۆ بە خێزان و منداڵەکانی دەکەن، کاتێک منداڵەکانیان گەیاندۆتە قوتابخانە، لە گەڕانەوەدا لە بەنزینخانەیەک لایانداوە، لەوێ هێزێک هەڵی کوتاوەتە سەریان و ڕفێنراون. سەرچاوەیەکی نزیکی یەکێتی دەڵێ، پێشتر ئاگادارمان کردوونەتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانە هی ئیدارەی گشتی یەکێتین، بۆیە ئەمڕۆ دەستمان بەسەرداگرتوون و بردوومانەتەوە. بەپێی زانیاریەکانی باڵکێش، دوای بردنی ئۆتۆمبێلەکان، دوو کەسەکەی نزیکی لاهور جەنگی ئازاد کراون.