Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13710 بابەت
هەواڵ
26-03-2026

هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی سێ ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئادار (3) تەواو کردووە، بڕیارە لیستەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەوانەی بەغدای بکات. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی ئادار کۆتایی هاتووە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستەکە بۆ بەغدا دەنێردرێت و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی دووشەممە بگاتە دەست وەزارەتی دارایی عێراق. هاوکات تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێم بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکان سەردانی بەغدا دەکەن. سەبارەت بە ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوو (شوبات)، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا ڕەوانە نەکراوە، بەڵام هەوڵ دەدرێت لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی ئادار یان لە چەند ڕۆژی دوای ئەوەدا بە دڵنیایی لە هەفتەی داهاتوودا ڕەوانە بکرێت. ئەم هەنگاوەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ڕایگەیاندووە فەرمانگەی ژمێریاری دەستی بە وەرگرتنی نووسراوی یەکەکانی خەرجکردن کردووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار. بۆ ئەم مەبەستە عێراق داوای ئەم چوار مەرجە لە هەرێم دەکات: لیستی ناوی مووچەخۆران. تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە. نووسراوی وەزارەتی نەوت سەبارەت بە نەوتی هەناردەکراو. ڕادەستکردنی 120  ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی. مووچەی مانگی ڕابردوو (شوبات) لە ڕێکەوتی 9ـی ئادار ڕاگەیەندرا و لە ماوەی سێ ڕۆژدا (10 تا 12ـی ئادار) سەرجەم مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرت.

هەواڵ
26-03-2026

زیاتر لە هەزار و 500 چەکداری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئامارێک لەبارەی زیانە گیانی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکاتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی 25 ڕۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، لانی کەم هەزار و 510 ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. وردەکاریی هێرشەکان و زیانەکان بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکانی ئەم ڕێکخراوە، هێرشە ئاسمانییەکان بەم شێوەیە بوون: ژمارەی ئەو بنکانەی کراونەتە ئامانج: 242 بنکەی سەربازی، ئەمنی و دامەزراوەی حکومەتی. شوێنی هێرشەکان: پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ. ناوەندە زیانپێکەوتووەکان: بارەگاکانی سوپای پاسداران، بنکەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سەکۆ مووشەکییەکان، ناوەندەکانی ئیتلاعات و دامەزراوە دادوەرییەکان. قوربانیانی سڤیل و شاردنەوەی ئامارەکان ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی ئێران بە ئەنقەست ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکانی دەشارێتەوە، بەڵام زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەکە لەوەش زۆرترە کە ڕاگەیەندراوە. هەروەها بەهۆی نزیکیی هەندێک لەم بنکە سەربازییانە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان: لانی کەم 100هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی. زۆرترین قوربانییە سڤیلەکان لە شارەکانی ورمێ، سنە، شاباد، ئیلام، نەغەدە، بۆکان و کرماشان تۆمار کراون.

هەواڵ
26-03-2026

وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە و کێشە تەکنیکییەکە چارەسەر...

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە تیمە تەکنیکییەکانیان توانیویانە بەسەر ئەو گرفتەدا زاڵ بن کە ببووە هۆی کوژانەوەی گشتیی کارەبا و لە ئێستادا دابەشکردنی وزە گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی. بەپێی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتەکە کە ئەمشەو ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و کۆنترۆڵی کارەبای هەولێر و دهۆک، بە هەماهەنگی لەگەڵ وێستگەکانی گواستنەوەی کارەبای هەردوو پارێزگاکە، سەرکەوتوو بوون لە چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکە. لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە ئێستادا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و وزەی کارەبا بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە." ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوە، گرفت لە سیستەمی گشتیی کارەبای هەرێمی کوردستاندا دروست بووە.

هەواڵ
25-03-2026

 وەزارەتی کارەبا: بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کارەبای هەرێم بە گشتی کوژ...

 وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزە، سیستەمی کارەبا تووشی "کوژانەوەی گشتی" (Blackout) بووە و لە ئێستادا لە زۆربەی ناوچەکان کارەبا بڕاوە. وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا هاووڵاتییانی دڵنیا کردەوە کە تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییەکانیان دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی کێشەکە و هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی هێڵەکان بەردەوامن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "تیمەکانمان سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەن و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و دابەشکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییان دەست پێ بکاتەوە." وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە کاتی هەر پێشهاتێکی نوێ یان گەڕانەوەی کارەبا، بە فەرمی هاووڵاتییان لە وردەکارییەکان ئاگادار دەکەنەوە.

هەواڵ
25-03-2026

لێکەوتەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان

بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی هێرشی ئاسمانی بووەتەوە. بەپێی دوایین ئامارەکان، پارێزگای هەولێر بە 354 مووشەک و درۆن بەرزترین ڕێژەی هێرشەکانی بەرکەوتووە، لە کاتێکدا پارێزگای سلێمانی 90 مووشەک و درۆن، پارێزگای دهۆک 7 درۆن و پارێزگای هەڵەبجە 2 درۆنیان ئاراستە کراوە. زیانە مرۆییەکانی ئەم هێرشانە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 14 گیانلەدەستدان و 85 بریندار. لە نێویاندا 6 پێشمەرگە لە فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان شەهید بوون، هەروەها کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، 6 پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەولێر و سلێمانی و باشیک، هەروەها سەربازێکی فەرەنسی کە لە 12ی ئادار لە هەولێر گیانیان لەدەستداوە. زۆرترین بریندارەکان هێزە ئەمنییەکاندان و 30 پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سۆران، 3 کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی هەولێر، 5 کارمەندی پاسەوانی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و هۆتێل تایتانیکی سلێمانی و بەرگری شارستانی خەلیفان بریندار بوون، هەروەها 2 پێشمەرگەی هێزەکانی 70 و 5 سەربازی فەرەنسی لە هەولێر بریندار بوونە. هاووڵاتیانی سڤیل لەم هێرشانە بێبەش نەبوون، 13 سڤیل بریندار بوون، کە ماتۆڕسوارێکی دیلیڤەری لە هەولێر، بریندارێک لە کەمپی باجد کەنداڵ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادیی کۆیە، 3 سڤیلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی، منداڵێک لە گەڕەکی قالاوەی سلێمانی و 6 هاونیشتمانی تری نیشتەجێی کەمپی جەژنیکان و گەڕەکەکانی تری هەولێر بوون.

هەواڵ
25-03-2026

سکرتێری گشتیی ناتۆ پشتیوانیی خۆی بۆ دۆناڵد ترەمپ ڕادەگەیەنێت

ئاژانسەکان لێدوانەکانی ئەم دواییەی مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ، سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی هەنگاوە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و نیگەرانی لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەوروپادا دروست کردووە. ئەم گرژییە لە کاتێکدایە کە کیشوەرە پیرەکە بەهۆی ئەو جەنگەوە لەناو قەیرانێکی خنکێنەری وزەدا دەتلێتەوە. سکرتێری گشتیی ناتۆ بە ئاشکرا داکۆکی لە داواکارییەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ گەرووی هورمز و ڕایگەیاند: پێشبینی دەکەم لە کۆتاییدا وڵاتانی ئەوروپا وەڵامی ئەرێنییان هەبێت. ڕووتە ئاماژەی بەوەش کرد مەبەستی ترەمپ لەم کارانە سەلامەتیی جیهانە، بە ئاسایشی دەبینێت کە ئەوروپا چەند هەفتەیەکی پێویست بێت بۆ بڕیاردان. ئەم هەڵوێستەی ناتۆ لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، وڵاتانی ئەوروپای بە پڵنگی کاغەزی و ترسنۆک وەسف کردووە. لە بەرامبەردا یەکێتیی ئەوروپا بە فەرمی داواکەی واشنتۆنی ڕەتکردەوە. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە بە ڕاشکاوی وتی: ئەمە جەنگی ئێمە نییە. کاردانەوەی وڵاتە کاریگەرەکان بەم شێوەیە بوو: ئەڵمانیا: فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی وڵات، جەنگەکەی بە هەڵەیەکی کارەساتاوی و بێ پاساو ناوبرد. فەرەنسا: فابیان ماندۆن، سوپاسالاری وڵاتەکە، ڕەخنەی توندی لە تاکڕەویی ئەمریکا گرت و ڕایگەیاند، واشنتن تەنانەت لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانیشدا پرس بە هاوپەیمانەکانی ناکات. سەرەڕای ڕەتکردنەوە فەرمییەکان، لە پشت پەردەی کۆبوونەوە ناوخۆییەکاندا، هەندێک لە بەرپرسانی ئەوروپا دان بە ڕاستییەکی تاڵدا دەنێن. ئەوان پێیان وایە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز و کاریگەرییە ئابوورییەکان ڕاستەوخۆ بەرۆکی ئەوروپا دەگرن، بۆیە ناتوانن بۆ هەمیشە لەم قەیرانە دوور بکەونەوە. هەندێک لە وڵاتانی وەک فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە تەنها دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە ئامادەبن کەشتی بنێرن بۆ گەرووی هورمز، ئەوەش تەنها بە مەبەستی پاراستنی ڕێڕەوی نێودەوڵەتیی نەوت کە یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، نەک وەک بەشێک لە بەرەی جەنگ.

هەواڵ
25-03-2026

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا: جەنگی ئێران لە سیناریۆی عێراق خراپتر دەبێت

پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، هۆشداریی لە تەقینەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و ڕایگەیاند، جەنگی داهاتوو لەگەڵ ئێران زۆر مەترسیدارتر دەبێت لەو وێرانکارییەی لە ساڵی 2003 لە عێراقدا ڕوویدا. ئامادەکاریی 40 ساڵەی ئێران سانچێز ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنها لەم دواییانەدا نەکەوتووەتە خۆی، بەڵکو ماوەی 40 ساڵە بەردەوام خەریکی ئامادەکارییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی گەورە لە ناوچەکەدا و ڕەخنەی توندی لەو وڵاتانە گرت کە لە ئاست ئەم مەترسییانەدا بێدەنگن و وتی: بێدەنگبوون لە بەرامبەر جەنگێکی ناڕەوادا نیشانەی وریایی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ترسنۆکی. موجتەبا خامنەیی و پرسی ئەتۆمی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی موجتەبا خامنەیی و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو ڕێچکەی باوکی عەلی خامنەیی، گرتووەتە بەر و بە هەمان نەفەس کار بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی دەکات، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی جیهانی وەسف کرد. وێرانکارییەکانی لوبنان و غەززە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سانچێز باسی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کرد لە لوبنان. نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئیسرائیل دەیەوێت هەمان ئەو سیناریۆی وێرانکارییەی لە کەرتی غەززە ئەنجامی دا، لە لوبنانیش دووبارەی بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی کارەساتە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا.

هەواڵ
25-03-2026

نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە سوپای عێراق بۆردوومان کرا

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-03-2026، هێرشێکی چڕی ئاسمانی کرایە سەر نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە ناو جەرگەی بنکەی حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار. بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق کە بۆ میدیاکان قسەی کردووە، لە ئەنجامی ئەم بۆردوومانەکەدا حەوت سەرباز گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. سەرچاوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە لەوەی ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج تایبەت بووە بە سوپای عێراق، هیچ بنکە یان مەڵبەندێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراقی لێ نەبووە. تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان بە وردی هۆکاری بۆردوومانەکە و ناسنامەی فڕۆکەکانیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام تیمە تەندروستییەکان سەرقاڵی گواستنەوەی بریندارەکانن بۆ نەخۆشخانەکانی نزیک لە ناوچەکە.

هەواڵ
24-03-2026

مەسرور بارزانی: هەموو رێکارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنکارییەی دەک...

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە سەر هێرشەکانی سەر بارەگایەکی فیرقەی 7 ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران: هێرشی دوژمنکارانەی غەدر و خیانەتی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین، کە لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەش بریندار بوون. سەرەخۆشی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم و داوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران لە خودای گەورە دەکەم. هەموو رێکارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنکارییەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان دەگرینە بەر و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ ئەم هێرشە دوژمنکارانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن.

هەواڵ
24-03-2026

وەزارەتی پێشمەرگە: چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە وەڵامی...

وەزارەرتی پێشمەرگە لەسەر شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی 30ـی بە هیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت. بەرەبەیانی ئەمرۆ 24-03-2026، لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی 7 ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی 6 موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن، لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. لە کاتێکدا کە بە توندترین شێوە ئەم هێڕشە و هەموو هێڕشە تیروریستیانەی تر کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان. بە هیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ئاشتیخوازی سەردەکەوێت. وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکانمان ، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین. جارێکی دیکەش داوا لە هەموو لایەک دەکەین شەڕ و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن، داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو دۆستانمان دەکەین بەرانبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت.

هەواڵ
24-03-2026

زنجیرەیەک بۆردوومانی چڕ فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج

لە چوارچێوەی پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، بارەگاکانی دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی ئەنبار و بابل رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی بۆردوومانی ئاسمانی بوونەوە، بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی پلەباڵا گیانیان لەدەستدا. بەگوێرەی زانیارییە میدیایی و ئەمنییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی فەرمیی فەرماندەکانی حەشدیان لە بەرزاییەکانی حەبانیە کردووەتە ئامانج. ئەنجامی هێرشەکە کوژرانی ئەم بەرپرسە باڵایانەی لێکەوتووەتەوە. سەعد داوی: فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد لە پارێزگای ئەنبار. حاجی حەیدەر مەعمووری: بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشد لە پارێزگاکە. واسق فەرتووسی: بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار. هێرشەکەی جەرف سەخر لە بابل هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئەنبار، ناوچەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل بۆردوومان کراوە. دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بارەگاکانی "ئۆپەراسیۆنی جەزیرە"یان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو چەکداری لیوای 47 بریندار بوون.

هەواڵ
24-03-2026

فەرماندەیی دەڤەری یەک: بە شەش مووشەک هێرشمان کراوەتەسەر

فەرماندەیی دەڤەری یەک ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، کە بە شەش مووشە هێرشیان کراوەتە سەر و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان دەکەن. دەقی ڕاگەیەندراوەکەی لە فەرماندەیی دەڤەری یەک بۆ ڕای گشتی: ئاگاداری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕایگشتی دەکەینەوە، بارەگاکانی فیرقەی 7 لە دوو کاتی جیاوازی پاشنیوەشەوی ڕێکەوتی 24-03-2026، کرانە ئامانجی هێرشی موشەکی بەم شێوەیەی خوارەوە: یەکەم: لە کاتژمێر 1:50 بەرەبەیانی بارەگای فیرقە بە پێنج مووشەک بۆردومان کرا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. دووەم: لە کاتژمێر 2:50 خولەکیش، جارێکی دیکە لە نزیک بارەگای فیرقە و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی کەلەکین، هێرشێکی دیکە بە یەک موشەک ئەنجامدرا. دووپاتی دەکەینەوە هێزەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان، لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان بەردەوامە.

1 2 ... 39 40 41 ... 1142 1143