Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13768 بابەت
هەواڵ
29-03-2023

شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

پێشبینی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ سەر ناوچەکەمان لە درەنگانی شەوی پێنج شەمە هەیە , لە ئێستادا کاریگەری ئەم بارستە هەوایە ساردە گەیشتۆتە سەر بەشێک لە وڵاتی تورکیا کە سەرچاوەکەی جەمسەری باکوورە بۆیە پێشبینی دەکرێت سبەی لە درەنگانی شەودا ئەو بارستە هەوایە ساردە بگاتە سەر بەشێک لەناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و پاشان لە رۆژی هەینی تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کاریگەر بێت. بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی ئەم بارستە هەوایە ساردە، پلەکانی گەرما بەچەند پلەیەک نزم دەکاتەوە و پێشبینى دابارین هەیە بە تایبەت لە کاتەکانى بەیانى زووى رۆژى هەینى کەمێک باران و بەفریش لەسەر لووتکەى شاخە بەرزە سنوورییەکان دەبارێت . لەگەڵ بەردەوامى نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما لە رۆژى هەینى شەپۆڵێکى بەفر بارین ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بە تایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە 2000 مەتر زیاترە بەفر بارینى دەبێت .چڕترین ماوەى بەفر بارین دەکەوێتە شەوى هەینى و بەرەبەیانى رۆژى شەممە .ئاستى بەفرى پێشبینیکراو لە نێوان (5-15)سم دەبێت رۆژى شەممە نزمترین پلەکانى گەرما لە قەزاو ناحیەکانى ناوچە شاخاوییەکان نزیک دەبێتەوە لە سفر پلەى سیلیزى وە لە سەنتەرى پارێزگاکان لە نێوان (2-4) پلەى سیلیزى دەبێت  .

هەواڵ
28-03-2023

رۆژێک پشوو ڕاگەیەنرا

ڕاگەیەندراوێک لە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە.ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١ ی ٤ ی ٢٠٢٣ ، تەنها لە قوتابخانەکانی خوێندنی سریانی لە هەرێمی کوردستان پشووە ، قوتابخانەکانی دیکە دەوامی ئاسایی دەکرێت و قوتابخانەکان دەتوانن تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلەکانی ٩ ی بنەڕەتی و ١٢ ی ئامادەیی ئەنجام بدەن بە گوێرەی ساڵنامەی خوێندن. سامان سیوەیلیوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە٢٨ ی ٣ ی ٢٠٢٣

هەواڵ
28-03-2023

مەسرور بارزانی نامه‌يه‌كى له‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانياوه‌ پێگەیشت

مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له‌ ئانالێنا بێربۆك وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانياوه‌ پێگه‌يشت، لە نامەکەدا وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا، سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکات بۆ پێشوازی گەرم و دۆستانەی لە کاتی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان له‌ ڕۆژانى 7 ـ 10ی ئادار، هەروەها جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى پشتيوانيى ئەڵمانیا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌.وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا، لە نامەکەیدا هەروەها دەڵێت : خۆشحاڵ بووم لە بەڕێزتانم بیست، کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافەکانی ژنان و میدیاکاران، جێگەی بایەخی  تایبەتی حكومەتەکەتانە. هەروەها پیشوازیی گەرم لەوە دەکەم، کە دەتانەوێت چالاکانە ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی  قەیرانی کەشوهەوا ببنەوە. هەموو ئەمانە پێشمەرجی ئەوەن، خەڵک لە نیشتمانی خۆیان ئاسۆی ئایندەیی ببینن.  وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا نووسیویەتی سوپاستان دەکەم بۆ ئەوەی کە هەرێمەکەتان لە ساڵی 2014ـەوە زۆرترین ئاوارەی ناخۆی لە سەرتاسەری عێڕاقەوە  گرتوونەتە خۆی و تا ئێستاش دەیانپاریزێت. ئێزیدی، مەسیحی و خەڵکی سەر بە کەمینەکانی دیکەش پێویستیان بە  ئاسۆگەلێکی ئایندەیی هەیە، کە لە ژیانی نێو کەمپەکان زیاتر بێت و ئاسایشێکی جڤاتی و کۆمەڵایەتییان پێ ببەخشیت.  دەمەوێت هانتان بدەم، لەم بارەیەوە هەم لە هەرێمەکەتان و هەم لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا لەکارکردن لەسەر ئەمە بەردەوام  بن. لە کۆتایی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتووە: هیواخوازم، کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، دوای پێکهێنانی سەرکەوتووانەی حکومەت لە  بەغدا، لەسەر بناغەیەکی نوێ و جێمتمانە بنیات بنرێن، بۆ ئەوەی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی عێڕاق و هەرێم بە باشترین  شێوە بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی بەکاربهێنرێن.

هەواڵ
28-03-2023

لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی بڵاوکردەوە

لاهور جەنگی بە بێ ناوهێنانی کەس، تەنیا بە پێشگری پۆستەکانیانەوە، سوپاسی بەشداربووانی پرسەی دایکی دەکات. ‎پەیامی سوپاسگوزاری‎بە ناوی پەروەردگاری بەخشندەی میهرەبان‎بەڕێزان سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی و سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک و سکرتێر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی، سەرۆك و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەندامانی سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری هەڵەبجە، بەرپرسانی باڵا لە دەزگا هەواڵگرییەکان و کونسوڵخانە و دیبلۆماتەکان لە هەرێمی کوردستان، سەرجەم لێپرسراوانی حکومی و حیزبی و سەربازیی و کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، تێکۆشەران و پێشمەرگە و فەرماندە و هێزە ئەمنییەکان، مامۆستایانی ئاینی، بازرگان و کاسبکاران، سەرۆک هۆز و عەشیرەت و هاووڵاتییانی دڵسۆز لە هەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هەموو خزم و هاوڕێ و دۆست و خۆشەویستان و ئازیزانمان لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەشدار بوون لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی دایکی خۆشەویستمان خاتوو (فاتیمە قادر عومەر).‎بەناوی خۆمان و بنەماڵەکەمانەوە، سوپاس و ستایش و پێزانینی خۆمانتان پێشکەش دەکەین و دەستی ماندووبوون و دڵسۆزیتان دەگوشین، بەشدارییکردن و ئامادەبوون و دەربڕینی هاوخەمیی ئێوەی خۆشەویست و بەڕێز، کۆست و ماتەمینی لەسەر کەم کردینەوە و خەمەکانی ڕەواندینەوە، لە پەروەردگاری مەزن داواکارین پارێزراو و سەرفرازبن و هەرگیز ناخۆشی و ماتەم نەیەتە ڕێگەتان، هەرێم و وڵاتەکەشمان دووربێت لە هەموو بەڵا و ناخۆشییەک، پەرۆشی و وەفاداری ئێوە سوورترمان دەکات کە زیاتر خزمەتکاری خەڵک و نیشتمانەکەمان بین. ‎هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن‎بنەماڵەی شێخ جەنگی تاڵەبانی

هەواڵ
28-03-2023

ئه‌ڵمانيا بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: لە پشتیوانیکردنتان بەردەوام دەب...

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامەیەکی لە وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانياوه‌ پێگه‌يشت کە تێیدا جەخت لە پشتیوانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکاتەوە.  رۆژی سێشەممە 28-03-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامه‌يه‌كى له‌ ئانالێنا بێربۆک، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانياوه‌ پێگه‌يشت.  بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا سوپاسگوزارى خۆی بۆ پێشوازيى دۆستانه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتى سه‌ردانيدا بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ رۆژانى 7 - 10ى ئه‌م مانگه‌دا دەربڕیوە.  لە نامەکەدا ئانالێنا بێربۆک جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى پشتيوانيى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌ و ئاماژه‌ى بۆ به‌رده‌واميى ‌بوونى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانياى له‌ هه‌رێمى كوردستان داوه‌.  بێربۆک، وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سوپاس و پێزانينى ئه‌ڵمانياى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕيوه‌ بۆ ميوانداريكردن و حه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ئاوارانه‌ى له‌ ئه‌نجامى هێرش و په‌لاماره‌كانى داعش له‌ ساڵى 2014ـه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان داڵده‌دراون، به‌تايبه‌تيش ئاواره‌كان له‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ى مه‌سيحى و ئێزدى.  وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێد و شوێنى خۆيان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌دات بۆ گفتوگۆ و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌. هه‌روه‌ها جه‌ختى كردووته‌وه‌ كه‌ به‌لاى ئه‌ڵمانياوه‌ گرنگه‌ كارى جیددى له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بكرێت. 

هەواڵ
28-03-2023

لە هەولێر بۆمب بە دوو برادا دەتەقێتەوە و گیان لەدەست دەدەن

بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی بۆمبێک نزیک کەمپی دیبەگەی سنووری پارێزگای هەولێر، دوو مێرمنداڵ گیانیان لە دەست دا. نوێ دەکرێتەوە..

هەواڵ
28-03-2023

شەپۆلێکی بەھێزی سەرما و بەفر بارین دەستپێدەکات

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: سبەینێ چوارشەممە 2023/3/29 کەشی ھەرێم بەشێوەیەکی گشتی سەقامگیر ئەبێت و ئاسمانی ناوچەکە بە زۆری ساماڵ و کەمێک پەڵە ھەور ئەبێت لە زۆرێکی ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە لەکاتەکانی ئەمشەو تا بەرەبەیانی سبەی تەم و مژی چڕ ئەبێت دواتر نامێنێت. ڕاشیگەیاند: پلەکانی گەرما بۆ سبەینێ سێ بۆ چوار پلەی سەدی بەرزدەبنەوە ، خێرای با کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاکەبێت بەخێرای 15 تا ھەندێک کات بۆ زیاتر لە 35 کم/س لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە . ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەریەی کە لەباکوری ئەوروپاوە سەرچاوەی گرتووە خۆرئاوای وڵاتی تورکیا دەگرێتەوە و لەو ناوچانەدا شەپۆلێکی بەھێزی سەرما و بەفر بارین دەستپێدەکات و بۆ کاتەکانی سبەی ئێوارە و شەو کاریگەریەکانی درێژ ئەبێتەوە بۆ باکوری کوردستان و بارانبارین بەشێوەیەکی پچر پچر لەناوچە شاخاویەکانی باکوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک دەستپێدەکاتەوە.

هەواڵ
28-03-2023

بەھای دۆلار دادەبەزێت

بەھای دراوە جیھانییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 2023/3/28 بەمشێوەیەیە: 100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 155000 دیناری عێراقی 100یۆرۆ بەرامبەر بە 167500 دیناری عێراقی        100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 189000 دیناری عێراقی 100لیرەی تورکی بەرامبەر بە 8000 دیناری عێراقی 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 3100 دیناری عێراقی

هەواڵ
28-03-2023

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسیەی نەوت و درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو بەغدا بەڕێکەوت. جوتیار عادل ڕاشیگەیاند، شاندەکە پێکهاتووە لە ، وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت وسەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران. لە پاش بڕیارەکەى دادگاى ناوبژیوانى پاریس، ئەمە دووەمجارە شاندى هەرێم سەردانى بەغداد دەکات، یەکشەممەى رابردوو شاندێک بە سەرۆکایەتى وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە شێواز و میکانیزمى تازە کرد بۆ هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان کە چوار رۆژە بەهۆى بڕیارى دادگا نێودەوڵەتییەکەى پاریسەوە راگیراوە.

هەواڵ
27-03-2023

پارتی وەڵامێکی تووندی یەکێتی دەداتەوە

بەناوی خودای گەورەو میهرەبانجەماوەری خۆڕاگری کوردستان دوای چەندین رۆژ لەدانیشتن و گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان هێزە سیاسییەکانی پەرلەمانی عیراق ، دواجار بەرەبەیانی ئەمرۆ یاسای هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران و قەزاکانی عیراق دەنگی لەسەر دراو پەسەند کرا ، وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی هەوڵەکانمان خستە گەڕ لەپێناو زامن کردنی مافی دەنگدەرانمان لەهەرێمی کوردستان و کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و تەواوی ناوچەکانی عیراق ، بەشێوەیەک لەکەرکوک هەموو ئەو رێگرییانەی هەبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵگیران و بۆ یەکەم جار سەرژمێری سالی ١٩٥٧ دەکریتە بنەما بۆ هەلبژاردنی داهاتوو ، بەمەش زامنی مافی دەنگدەرانی ئەو ناوچانەی بەهۆی سیاسەتی گۆرینی دیمۆگرافی لەکەرکوک دابڕابوون ، وەکو : ( چەمچەماڵ و کفری و کەلار و دووزخورماتوو )ناوچەکانی تر بکەین ، هەروەها بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک لەسەر بنەمای یەکسانی ٣٢٪ هەڵبگرین ، جگە لەوە زامنی دەنگی دەنگدەرانمان لە سنوری شارۆچکەی (سەرگەڕان) کرد لەرێگای ( بەردەرکردن / استثنا) کردنی ئەو شاروچکەیە لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ، ئەمە جگە لەوەی تەواوی ئەو خێزانانەی بەهۆی سیاسەتی تەعریب لەکەرکوک ڕاگوازرابوون بەپێی مادەی ١٤٠ دیسان مافی دەنگانیان دەبیت ، هەروەها مادەی ٣٥ لەیاسای ژمارە ١٢ ی ساڵی ٢٠١٨ و مادەی ١٢ لەیاساییژمارة ١٤ ی سالی ٢٠١٩ هەڵگیران ، کە هەموویان رێگر بوون لەبەردەم هەڵبژاردنی کەرکوک ، بەوەش دەرفەتێکی زێڕ ین لەبەردەم هاوڵاتیانی کوردی شارەکە هەیە بۆ ئەوەی جارێکی تر پارێزگارێکی شەرعی بۆ ئەو شارە هەلبژێرن. هەرلەبارەی ئاوارەکانی کەرکوک و سنجار زامنی دەنگەکانیان کرا بەوەی لەو ناوچانەی لێی نیشتەجێن دەنگی خۆیان بۆ شارەکەیان بدەن ، لەبارەی کۆتایی مەسیحیەکانیش دووای هەوڵدانێکی زۆر سەرکەوتووبوین لەوەی مەسیحیەکانی کوردستان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت و خەڵکی تر لەجیاتی ئەوان نەچێتە پەرلەمانی عیراق. بەڵام ئەوەی جێگای داخە لایەنێکی سیاسی کەخۆی بەشێک بووە لەدانوستانەکان و دەنگی لەسەر یاساکە داوە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمیان لەسەر هیچ بڕگەو مادەیەکی تایبەت بە کەرکوک نەبووە ، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوەی لە دوواساتەکاندا لە چەند بڕگەیەکی یاساکە کە پەیوەندی نەبوو بە کەرکوکەوە لە بەرژەوەندی گروپێک درا کە هاوپەیمان و دۆستی ئەوانن و دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانن ، هەر وەها لە پێناو هەندێک بەرژەوەندی و پەیوەندی ژێر بەژێری حزبی ، ئەو لایەنە سیاسیەی هەرێم دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەی چەواشەکارانە و بێ بنەما ، دەیانەوێت بەو شێوەیە خەلک نائومید بکەن لەهەلبژاردن بۆ ئەوەی دۆخی شاری کەرکوک چاک نەبێت و لەژێر دەستەیی بمێنن و هەوڵەکانی پارتی بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شارەکە بشێوینن ، کە ناتوانن ئەوە بکەن و سەرکەوتوەنابن. لەکۆتاییدا پیرۆزبایی لەتەواوی خەڵکی کوردستان و کەرکوک و عێراق دەکەین و هیواخوازین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی هەر لایەنێک قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کورستان لە پەرلەمانی عێراق.٢٠٢٣/٣/٢٧

هەواڵ
27-03-2023

شەقیقە و بە ڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزاندا

زۆربەی چارەخوازە ئازیزەكانم، ئەوانەی كە نەخۆشی شەقیقەیان ھەیە، كە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دێت تووشی ترس و دڵەڕاوكێ دەبن لەوەی كەسەرئێشەكەیان لەوانەیە زیاد بكات یاخود بگەڕێتەوە. لەڕووی زانستییەوە زۆر ڕاستە كە لەكاتی ڕۆژووبوندا ئازاری نەخۆشی شەقیقە و ئازاری لایەكی سەر زیاد دەكات. توێژینەوەكان سەلماندویانە ئەوانەی بۆ زیاتر لە (١٤)كاتژمێر بە ڕۆژوو دەبن، ئەگەری توشبوونیان بەئازاری لایەكی سەر زیاترە لەوانەی ماوەی ڕۆژووبونەكەیان كەمترە. ھۆكاری زیادبوونی سەر ئێشەی شەقیقە لە ڕەمەزاندا دەگەڕێتەوە بۆ :١- وشكبوونەوەی لەش بەھۆی كەمخواردنەوەی ئاو .٢- بەرزبونەوەی فشاری خوێن.٣- كەمخەوی و تێكچوونی كاتی خەو لە ڕەمەزاندا٤- دابەزینی ڕێژەی شەكر لە لەشدا .٥- گۆڕانكاری لە كاتی خواردنی چارەسەرەكاندا.چ كاتێك نەخۆشێكی شەقیقە دەتوانێت بە ڕۆژوو بێت ؟ -- لەكاتێكدا كە نۆبەی سەرئێشەكە كۆنتڕۆڵكراوەو بە ڕێژەیەكی كەم دێت لە مانگێكدا . كەتەنیا سێ چوار جار نەخۆشەكە تووشی دەبێت.--- سەرئێشەی شەقیقەكە تەنیا لەھەندێك حاڵەتی دەگمەندا دەردەكەوێت و ئەویش بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ دەكرێت.چ كاتێك ناتوانێت بە ڕۆژوو بێت ؟--- ئەو كەسانەی لە دەجار زیاتر لە مانگێكدا تووشی سەرئێشە دەبن و بەشێوەیەكی ناڕێك تووش دەبن.--- ئەو كەسانەی سەر ئێشەی ھێشووی (cluster headache)كە پێی دەوترێت سەر ئێشەی عنقودیان لەگەڵدایە .چ كاتێك دەبێت ڕۆژووەكە بوەستێنرێت ؟--- زیادكردنی نەوبەی سەرئێشەكە و جاری توشبونی لەگەڵ نەمانی توانای كۆنتڕۆڵكردنی.--- ئەگەر سەرئێشەكە نیشانەی تری لەگەڵدا بوو، وەك سكچوون و تا و ڕشانەوە . ئەوكات پێویستە ڕای پزیشكەكەت وەربگریت و ڕۆژووەكەت بوەستێنی .چەند ئامۆژگارییەك بۆ كاتی بەربانگ :١- ڕێژەیەكی زۆر ئاو بخۆ لەنێوان (٨-١٢)پەرداخ ئاو بە لایەنی كەمەوە.٢- دووربكەوە لەو خواردنانەی كەلەوانەیە سەرئێشەكە دروست بكەن، وەكو : ئایس كریم و مۆتا، پەنیر ، ساردەمەنیەكان …ھتد.٣- ڕێكخستنی كاتی ژەمەكان و ڕێكخستنی كاتی خەو لە ڕەمەزاندا.٤- كەمكردنەوەی بەكارھێنانی بەھارات و خوێ و تەوابل و بۆنخۆشكەرەكان بۆ ناوخۆراك.٥- كەمكردنەوەی شیرینیەكان و ئیشی ھەویر، خواردنە چەورەكان كەڕێژەی چەورییان بەرزە.٦- ئەو خواردن و خواردنەوانە كەمبكەرەوە كە ڕێژەیەكی زۆر كافاینیان تیادایە، وەكو خواردنەوە گازییەكان ، نەستەلە ، چا و قاوە …ھتد.٧- مەچۆرە بەر خۆر و وەرزش مەكە لە كاتی ڕۆژدا .٨- دووربكەوە لە جگەرە كێشان و نێرگەلە لەكاتی دوای بەربانگدا .٩- دەتوانیت ڕۆژانە بەشێوەیەكی ڕێك وەرزش بكەیت لە دوای بەربانگ.چەند ئامۆژگارییەك بۆ كاتی پارشێو :١- بەڕێژەیەكی زۆر ئاو بخۆرەوە .٢- تا دەتوانیت ژەمی پارشێو دوابخە بۆ نزیك كاتی بانگی بەیانی .٣- ئەو چارەسەرانەی بۆت نوسراوە لە كاتی بەربانگدا بیخۆ، پێش دەستكردن بە ڕۆژوو گرتن.٤- دوور بكەوە لە خواردنی سوێر و شیرینی زۆر.٥- دوور بكەوە لەھەر خواردنێك كە دەزانیت لەوانەیە سەرئێشەكەت زیادبكات وەكۆ : پەنیر ، مۆز، شوكوڵاتە …ھتد.٦- دووربكەوە لە فاست فوود و خواردنە ئامادەكراو سوركراوەكان.٧- ئەو خواردنانە بخۆ كە كاربۆھیدراتە ئاڵۆزەكانی تیادایە و ھەستی تێربوون دەبەخشن وەكو : دانەوێڵە تەواوەكانی وەكو؛ ئاردی بۆر ، برنجی بۆر ، ھەندێك سەوزەی وەكو : پەتاتە، بەزالیای سەوز ، بروكلی، سپێناغ، پیاز، سیر ، لەھەندێك میوەی وەكو : توو، كیوی ، ھەناریشدا ھەیە .٨- ئەو خواردنانە بخۆ كە ڕێژەیەكی زۆر پۆتاسێۆم و مەگنیسێۆم و ڤیتامین (بی ) یان تیادایە وەكو : خورما ، چەرەزاتەكان و بەتایبەت ناوكە كولەكە، شەوەفان …ھتد . د. هەڤین كەمال شاه محمدپسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنجشارەزا لە چارەسەری فەقەرات و نەخۆشی جومگەكان بێ نەشتەرگەریئەندامی پڕۆڤیشناڵی ئەكادیمیایی ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن

هەواڵ
27-03-2023

ئەمریکا لەبارەی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم دێتە دەنگ

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان رایدەگەیێنێت، داوایان لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن. ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەوەش تێدەگەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک. وەکو ئەوەی لە مانگی شوباتدا باس کرا، عێراق و ئەمریکا کۆمیسیۆنێکیان لە واشنتن پێکهێناوە، بەرپرسانی ئەمریکا داوا لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن کێشەی بودجە و هایدرۆکارۆبۆن چارەسەر بکەن تاوەکو سوود بە عێراقییەکان بگەیێنن." لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و راپۆرتەکەی فۆرین پۆڵەسی کە کۆنسوڵی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی لینکیدئین ـی خۆی شەیری کردبوو و دواتر رەشی کردبووەوە، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "عێراق و هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی ستراتیجی ئێمەن. ئێمە بەرپرسیارێتییەکی درێژخایەنمان بۆ ئەم هەرێمە هەیە." جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پۆستەکەی کۆنسوڵی ئەمریکای نەبینیوە لە سۆشیاڵمیدیا. 

1 2 ... 395 396 397 ... 1147 1148