بە ئامادەبوونی د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئەمرۆ پێنجشەممە ئەمریکا نۆ پارچە ئاسەواری رادەستی عێراق کردەوە. ئاسەوارەکان پێکهاتوون لە ژمارەیەک مۆری سەردەمی بابلییەکان و پارچەیەک عاج کە لە شێوەی رووخساری مرۆڤێک دروستکراوە، لەگەڵ پارچەیەکی دیکەی ئاسەوار.
بەهۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی ساردی جەمسەری و گەشتنی شەپۆلێکی بارانبارین لەدەریای ناوەڕاستەوه بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکەم لەسبەی هەینی کاتەکانی نیوەڕۆوە بارانبارین لە ناوچه جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات ، بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆ جەمسەرییەکە پێشبینی دەکەم پلەی گەرما بەڕێژەی 8 بۆ 11 پلە سلیزی ڕوو لەنزم بونەوە بکات هەربــۆیه پێشبینی بەفربارین دەکەم لەنیوەڕۆکەی لەتەواوی ناوچە شاخاویە بەرزەکانی پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران و ئیدارەی ڕاپەڕین وە لەسەنتەری شارەکانیش باران دەبارێت هەندێک جار بارانی باش دەبارێت لەکاتەکانی دوانیوەڕۆی سبەی هەینی بەهۆی قوڵبونەوەی بارستە هەواساردەکە پێشبینی دەکەم بەفربارین دابەزێتە ئەوو شوێنانەی بەرزیان لە سەرووی 870 بۆ 900 مەترەوەیە ئەگەری بەفربارینی هەیە واتا ئەم شوێنانە بەرگی سپی دەپۆشن [ پێنجوێن ، وەرتێ ، کۆڕەک ، سەفین ، چیای گارە ، هەورامان ، باڵەکایەتی ، ماوەت ، چوارتا ، سیدەکان ، بارزان ، ئامێدی ، بامەڕنێ ، چمانکێ ، شاخی پیرەمەگروون ] ڕێژەی بەفربارین لەناوچە شاخاویەکان بەڕێژەی 7 بۆ 15 سم بەفر دەبێت لەکاتەکانی شەویشدا ئەگەری بەفربارین بەشێوەی کەمتر دەکرێتەوه لەسەنتەری [ سلێمانی ، هەڵەبجە ، سۆران ، پیرمام ، هیران ، قەرەداغ ، گرپچنە ] وە ڕێژەی بەفرەکە لەسەنتەری شارەکان کەمە ئەگەر ببارێت واتا لەنێوان 0.8 بۆ 1.2 سم دەبێت پلەکانی گەرما بەڕێژەی بەرچاوو نزمەبێتەوه و پێشبینی نزمترین پلە بۆ سبەی شەوو بەم شێوەیە دەبێت پارێزگای دهۆک 2-پارێزگای هەولێر 1-پارێزگای سلێمانی 2-پارێزگای هەڵەبجه 3-پارێزگای کەرکوک 3 پلەئیدارەی سۆران 5-ئیدارەی گەرمیان 4 پلهئیدارەی ڕاپەڕین 3-ناوچە شاخاویەکان 7- بۆ 11- بۆسبەی هەینی خێرای با چالاکه بەڕێژەی 28 بۆ 33 کیلۆمەتر لەسەعاتێکدا پێشبینی بڕی بارانبارین بۆ سبەی لەشارەکانی کوردستان🔻 پارێزگای دهۆک 7 بۆ 15 ملمپارێزگای هەولێر 5 بۆ 10 ملمپارێزگای سلێمانی 6 بۆ 9 ملمپارێزگای هەڵەبجه 10 بۆ 15 ملمپارێزگای کەرکوک 5 بۆ 7 ملمئیدارەی سۆران 10 بۆ 17 ملمئیدارەی گەرمیان 1 ملم بۆ 4 ملمئیدارەی ڕاپەڕین 6 بۆ 15 ملم کاریگەری شەپۆلی باران و بەفر بۆ ڕۆژی شەمە 1ی4ی2023 کۆتای پێدێ بەڵام کاریگەری سەرمایەکە بەردەوامە و ڕۆژی یەکشەمە 2ی4ی2023 کۆتای پێدێ ، واتا شەوی هەینی و شەوی شەمە ئەگەری ڕوودانی زوقم و بەستن هەیە . لەکۆتایدا ؛ والله اعلم خوداش زاناترە لەکاتی گەشتنی ڕووماڵم دەبێت محەمەد کەلاری
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بەدواداچووان بۆ جۆریەتی دەرمان کراوە و لەدواین هەنگاویشدا نرخی دەرمانمان داشکاند. د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی ئاسایشی گشتی و داواکاری گشتی هەرێم بەدواداچوون بۆ دەرمانی ساختە و نەشیاو کراوە و جۆری دەرمانی گونجاویش ستیکەری کوالێتی کۆنتڕۆڵی لێدراوە تا هاوڵاتی بزانێ نرخەکەی چەندەو چۆنیش بەکاردێ. وتیشی؛ ئێستا پرۆسەی چاکسازی دەرمان بەردەوامە و لەماوەی ڕابردوودا هەر دەرمانێک نەگونجاو بووبێ دەستی بەسەرداگیراوە، جگە لەوەش هێنانی دەرمان بە ڕێگەی نایاسایی تا کەمترین ئاست کەم بۆتەوە.. ئاماژەی بەوەشکرد؛ جگە لە خاڵە سنوری و فڕۆکەخانەکان کە بەپسولەی وەزارەتی دارایی گومرگ لەسەر دەرمان دانراوە، هەر لایەنێک و لەهەر شوێنێک پارە لە بازرگانانی دەرمان وەربگیرێ نایاساییە.
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆچوونمان وایە گرفتی هەناردەی نەوت لە کاتێکی نزیک چارەسەر ببێت. جوتیار عادل راشیگەیاند، وەک بەدیلی نەوتیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرەی بە کەرتەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان داوە، ئیتر نابێت بۆ مووچە، تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستین".
لاهور شێخ جەنگی پێشیوازی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. ئێوارەی ئەمرۆ چوار شەممە، ٢٩ی٣ی٢٠٢٣، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشیوازی کرد لە کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە دیدارێکدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی و خێزان و خانەوادەو و بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان کرد بۆ کۆچی دوایی خاتوو (فاتیمە قادر) دایکی بەرێزیان، لەیەزدانی مەزن داواکار بوو گیانی دایکە فاتمە بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و دڵنەواییش بە بنەماڵە بەڕێزەکەیان ببەخشێت و دوایین خەم و ناخۆشیتان بێت. لای خۆیەوە لاهور شێخ جەنگی سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە خاتوو کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بەرامبەر ئەو بەسەرکردنەوەیە و دەربڕینی هاوخەمییەکەی بەرێزیان، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست.
پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ئەو فۆڕمانەی لەلایەن کرێنشینان پڕکراونەتەوە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا تیروپشکی بۆ دەکرێت و پاشان دەست بە دروستکردنی دەکرێت.راشیگەیاند، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەی دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان، لە ھەولێر دوو شوێن بۆ دروستکردنی شوقەی کرێنشینان دیاری کراون ئەوانیش ناوچەی گەڕەسۆر لە بنەسلاوە و باغلو منارەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەکرێت و دواکەوتنی پڕۆژەکەش بۆ گۆڕینی ڕەگەزی زەوی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە و ھیچ ھۆکارێکی دیکەی نەبووە. لە ئێستاشدا ئامادەکاری تەواو کراوە و لە ئایندەیەکی نزیکیدا وەبەرھێنەر دەست بەجێ بەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو فۆرمانەی کە لەلایەن کرێنشینانیش پڕکراوەتەوە لە دیوانی پارێزگای ھەولێر تیرۆرپشک بۆ ناوی کرێنشینان دەکرێت و دواتر دەست بە پرۆژەکە دەکرێت.
بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریدا هەموو هاووڵاتییەك بە مەرجی پێشكەش كردنی بەڵگەنامەی فەرمی، بتوانێت دۆلار بە نرخی فەرمی (100 دۆلار بە 132 هەزار دینار) لە كۆمپانیاكان و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو بكڕێت. بانكی ناوەندی عێراق لە گشتاندنێكدا بۆ سەرجەم كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و نووسینگەكان، جەختی كردۆتەوە لە فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیان، بەلام بەو مەرجەی لێكۆڵینەوە بكرێت لە ناسنامەی ئەو كەسەی دۆلار دەكڕێت و ئەو بەڵگانەی پێویست پێشكەشیان بكات تاوەكو لەلایەن كەسی ترەوە دۆلارەكە بەكار نەهێنرێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر كۆمپانیایەكی ئاڵوگۆڕی دراو پابەندی ئەو ڕێكارە نەبێت پێدانی دۆلار پێی ڕادەگیرێت و ڕەوانەی لیژنەی سزا دەكرێت بۆ غەرامەكردنی سەرپێچیكاران.لای خۆشیەوە، بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، لەمەودوا هەموو هاووڵاتییەک ئەتوانیت بە نرخی فەرمی دۆلار وەربگرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بەو شۆفێرانەی خاوەنی ئۆتۆمبێلی 'مەلیکە' ـن. لە ئاگادارییەکەدا داوا لەو شۆفێرانە کراوە کە ئۆتۆمبێلی جۆری 'مەلیکە'ـیان هەیە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکەیان کراوە، سەردانی سکانەری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بکەن، بەمەبەستی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان. ئاماژە بەوەشکراوە، کە پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان لە 30ـی ئاداری 2023 دەستپێدەکات تاوەکو 30ـی نیسانی 2023 بەردەوام دەبێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریشیدا لەوەی هەر شۆفێرێک سەردانی سکانەری هاتوچۆی هەولێر نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت. تۆیۆتا کراون جۆرێک ئۆتۆمبێلە کە بە (مەلیکە) ناسراوە و مۆدێلیان لە خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە، ژمارەیەکی زۆریان لەڕێگەی سنووری پارێزگای سلێمانی داخڵی هەرێمی کوردستان کراون.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رەتیکردەوە تورکیا لەلایەن لیژنەی دادوەریی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتیی پاریس لە دۆسیەی نەوتی نێوان (عێراق - تورکیا) بە 1.4 ملیار دۆلار سزادرابێت. لەکاتێکدا سکاڵای عێراق لەسەر تورکیا بووەتە رۆژەڤ و بەشێک لە سەرچاوە میدیاییەکان باس لە سزادرانی تورکیا بە بڕی 1.4 ملیار دۆلار دەکەن، رۆژی چوارشەممە 29-3-2023، فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە دۆسیەکەدا سزایەک بە ژمارەیەکی وەها نەبووەتە جێی باس." وەک فاتیح دۆنمەز دەڵێت، "راپۆرتێکی فراوان هەیە و لەوێدا چەند گەمارۆیەک هەیە. هەروەها سزایەکی تاکلایەنە لە ئارادا نییە. لە کۆی پێنج بابەت کە لەلایەن عێراقەوە بانگەشەی بۆ کرا، چواریان رەتکرانەوە و یەک دانەیان پەسندکرا. ئێمە داواکاریمان هەبوو و لە کۆی شەش داواکاری پێنجیان پەسندکران و یەکێکیان رەتکرایەوە." سەبارەت بە قۆناخی داهاتوو، فاتیح دۆنمەز رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لێکتێگەیشتنیان هەیە و بیر لەوە دەکەنەوە "رۆڵێکی ئەرێنی" بەگوێرەی بڕیاری لیژنەی دادوەری بگێڕن. هەروەها لەبارەی بوون یان نەبوونی دۆسیەی هاوشێوە بۆ گازی سرووشتیی ئێران، وەزیرەکەی تورکیا رایگەیاند، هیچ دۆسیەیەکی هاوشێوە لەبارەی گازی سرووشتیی ئێران نییە کە تورکیا تێیدا لایەنگر بێت. رۆژی پێنجشەممە 23ی ئاداری 2023، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڕیارێکی دەرکرد، کە بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، تورکیا لەمەودوا بێ رەزامەندیی بەغدا، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکات، کە پێش بڕیارەکە رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرا. هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکەی بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەماوەی 12 مانگی رابردووشدا، هەوڵەکانی حکومەتی بەغدا بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چڕتر بوونەتەوە و یەکێکیش لەو هەنگاوانەی بەغدا گرتیەبەر، ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بوو، لەوەی لە ئەگەری فرۆشتنی نەوتی کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە، رووبەڕووی کێشەی یاسایی دەبنەوە. لە مانگی شوباتی ساڵی 2022، دادگەی فیدراڵیی عێراق هەناردەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە و سەرجەم گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بە "نادەستووری" ناوبرد. دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە؛ لە ساڵی 1923 دامەزراوە و 100 دادوەری هەیە و نوێنەرایەتیی 90 وڵات دەکات. دادگەکە چارەسەری کێشە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان دەکات. رووداو
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوو دا بانكی ناوەندی هەڵدەستێت بە گۆڕانكاریکردن لە جۆرەكانی دراوی عێراقی. محەمەد مونیر راشیگەیاند، لەو چوارچێوەیەدا بەشی دەرچوون و گەنجینە لە بانكی ناوەندی كار دەكات لەسەر تاووتوێكردنی چاپكردنی دراوی 20 هەزار دیناری و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری لەبارەوە دەدرێت. لەبارەی بەھای دۆلارەوە وتی: ڕێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی عێراق كارئاسانی بۆ دانانی سنوورێك بۆ بەردەوامی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای دیناركردووە. وتیشی: چاوەڕێدەكرێ لە داهاتوو دا نرخی دۆلار بگاتە ئەو ئاستەی بانكی ناوەندی دایناوە.
بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە ( ٢ ) کەلە ٢٠ ئازاری ٢٠٢٣ دەرچووەو لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە. بەپێی مادەی (٤٥) لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان ژمارە ( ١ ) ی ساڵی ( ٢٠٢٠ ) بڕیاردرا بەدامەزراندنی سندوقێک بەناوی سندوقی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵیەکان پارەدار دەکرێت لەو سزاو پێبژاردنانەی کەلەیاساکەدا دەقی لەسەر نوسراوەو لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو سندوقە سپاردە دەکرێت. بەپێی بڕگەیەکی ڕێنماییەکە پارەی ناو سندوقەکە تەنها بۆ ئەو دامەزراوە تەندروستیانە خەرج دەکرێت کە لەمادەی ٣٨ یاساکەدا هاتووەو بۆ هیچ مەبەستێکی تر خەرج ناکرێت. هەروەک لە بڕگەیەکی تردا هاتووە ئەو بڕە پارانەی بەپێی یاسا وەردەگیرێت بۆ مەبەستی سندوق دەکرێتە داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێم و ڕاستەوخۆ دەکرێتە سەر هەژماری سندوقەکە. هاوکات لیژنەی باڵا دەسەڵاتی خەرجکردنی بڕی ( ١ ) تەنها یەک ملیۆن دیناری هەیە بۆ ئەو لایەنەی کە ماددە هۆشبەرەکە دەستگیر دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بهتۆمهتی كڕین و فرۆشتنی حهب بهبێ مۆڵهتی پزیشك (ڕهچهتهی پزیشكیی) مهفرهزهكانی نووسنگهی نههێشتنی تاوانی ناوبازاڕ بههاوكاری نووسینگهی نههێشتنی تاوانی ڕۆژئاوا دوو تۆمهتباریان دهستگیركرد. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای ئهوهی هێزهكانی پۆلیس چاودێریان خستە سەر کەسێک کە لەیەکێک لەدهرمانخانهکانی شاری سلێمانیو لهلایهن كارمهندی دهرمانخانهكهوه جۆرە حهبێکی پێ دهفرۆشرێت كه ئهو حهبه پێویسته لهلایهن پزیشكهوه بۆ نهخۆش بنوسرێت، بهڵام كهسهكه وهكو ماددهیهكی هۆشبهر بهكاریدههێناو لهلایهن كارمهندی دهرمانخانهكهوه بهبڕێك پارهی زیاترو بهبێ (ڕهچهتهی پزیشكیی) بهكهسهكهی دهفرۆشت، توانرا ههردوو تۆمهتبارهكه (كڕیاری حهبهكهو كارمهندی دهرمانخانهكه) لهلایهن مهفرهزهكانی نوسنگهی نههێشتنی تاوانی ناوبازاڕ بههاوكاری نوسینگهی نههێشتنی تاوانی ڕۆژئاوا دهستگیربكرێن، ههروهها دهرمانخانهكهش بەبڕیاری دادوەر داخرا. ههردوو تۆمهتبار (أ، ن، ح) لهدایكبووی 1996 و (م، هـ، ئـ) لهدایكبووی 1998 بهبڕیاری دادوهر ڕاگیراونو لێكۆڵینهوهكان بهردهوامه.