ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، لە بەیانییەوە خاوەنى زەوییە سندووقیەکان، دەتوانن ڕێگەپێدان وەربگرن بۆ دروستکردنى خانوو. راشیگەیاند دوا بە دواى فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆكی حکومهتی هەرێمی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان، ئەمڕۆ شەممە 2023.4.1، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک بۆ ڕێگەپێدان بە خاوەنى زەوییە سندووقیەکان بۆ دروستکردنى خانوو، لەگەڵ سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆککردن سەبارەت بە چۆنیەتى داڕشتنى میکانزمى ڕێگەپێدانى زەوییە سندووقیەکان بۆ ئەوەى بکرێنە خانوو، تیشک خرایە سەر چۆنیەتى دەستکردن بەڕێکارەکان، بۆ ئەومەبەستەش کۆبوونەوە بڕیاریدا، ئەو هاوڵاتییانەى کە خاوەنى زەوی سندووقین و لە ماوەى ڕابردوودا داواکارییان پێشکەش بە قائیمقامیەتى سنوورەکەیان کردووە بۆ دروستکردنى خانوو، لە بەیانییەوە دەتوانن بەدوا داچوون بۆ مامەڵەکانیان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێگە پێدان، ئەوانەشى کە هێشتا داوکاریان پێشکەش نەکردووە، لەبەیانییەوە با دەست بە مامەڵەکانیان بکەن و داوکاریی پێشکەش بەقائیمقامیەتى سنوورەکەیان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوو. جێگەى باسە، ماوەی چەندین ساڵە ژمارەیەکی بەرچاوو لە هاووڵاتییانی هەژار و کەمدەرامەتی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایى گشتیى شارەوانییەکانی داوای چارەسەرکردنی گرفتی زەوییەکانی ناسراو بە زەوی سندووقی دەکەن، لەوبارەیەشەوە ڕێزدار مهسرور بارزانی، سەرۆكى حکومەتى هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بەپێی یاسا و دوای گرتنەبەری رێكارەكان، لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت و نەهێڵانى گرفتی نیشتەجێبوون، چارەسەرى گرفتی ئەو زەویانە بکرێت.
وەزارەتی تەندروستی:سەبارەت بە دەرمانخانەی سەروەران …بەرژەوەندی نەخۆش و هاوڵاتی لەسەرووی هەموو شتێکە و یاسا سەروەرە نەوەک چەواشەکردنی هاوڵاتیان. دەرمانی قاچاغ و تەزویر نەک دەبێت بە هەرزان بفڕۆشرێت و بدرێتە هاوڵاتی، بەڵکو دەبێت دەستی بەسەردابگیرێت و خاوەنەکە و ڕێڕەوی هاتنەکەشی دەستبەسەر بکرێت. تەنها لە یەکێک لە بابەتەکانی دەرمان بە بڕی 4٫500 چوار هەزار و پێنج سەد پاکەتی قاچاغ و تەقلید (تەزویر) دەستی بەسەرداگیراوە، جگە لە چەندین جۆر وبڕی گەورەی دیکەی دەرمانی دزیاری حکومی لە عێراق کە پێویستە بەخۆڕایی لە نەخۆشخانەکان بدرێت کەچی دەهێنرێت و دەفڕۆشرێتەوە بە هاوڵاتیان. بە ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و بیانووی هەرزانی دەرمان، هەرگیز سڵ لە دەرمانی نایاسایی و قاچاغ ناکەینەوە و بەردەوام دەبین لە چاکسازی بواری دەرمان و دۆزینەوەی دەرمانی نایاسایی و سزای توند پەیڕەو دەکەین.
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆ بە بۆنەی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی بابلیی ئاشووری ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کلدانی ئاشووری سریانی لە کوردستان و عێراق دەکەم و هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشییەک بێت .یەکێک لە سيما گەشەکانی هەرێمی کوردستان، بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکانە. هیوادارم ئەم هەمەڕەنگی و تەباییەی هەیە، زیاتر گەشە بسەنێت و هەموومان بەیەکەوە، کار بۆ زیاتر پێشخستنی کوردستان بکەین.جەژنی ئەکیتۆ پیرۆزبێت و ئومێدەوارم هەموو ساڵێک، بە خۆشی و شادی ئەم جەژنە بکەنەوە. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد: گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستانو بەغداد ئەم هەفتەیەش بەردەوامیان دەبێت. لەماوەیەكی نزیكدا هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەستپێدەكاتەوە. پرۆژەیاسای بودجە لەسەرئەوە دانراوە كە عێراق رۆژانە (3 ملیۆنو 500 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە بكات، بۆیە ئەو بڕیارەی لەبارەی نەوتی هەرێم دەرچووە زیاتر زیان بەداهاتی عێراق دەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی بەشێكی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا دانراوە. عێراقیش توشی كێشەی دارایی دەبێت، بۆیە ئەوان جدیترن كێشەكان چارەسەر بكرێنو بگەنە رێككەوتنو دووبارە هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكاتەوە.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی 2023/3/31 ڕایگەیاند, لە ئەنجامی کاریگەری ئەو بارستەھەوا ساردەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە بەھۆیەوە خێرایی با لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە چالاکبووە ئێستا شەپۆلێکی خۆڵبارین باشوری پارێزگای مووسڵ و ڕۆژئاوای پارێزگای ھەولێر و کەرکوکی گرتۆتەوە. ڕاشیگەیاند, خۆڵبارین لە کاتەکانی ئێوارەدا پێشڕەوی دەکات بۆ سەنتەری پارێزگای ھەولێر و کەرکووک و دواتریش ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە. ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش دا کە خۆڵبارینەکە بەگشتی لەگەڵ ھاتنی بۆ ناوچەکانمان چڕییەکەی کەم دەبێتەوە بۆ خۆڵێکی مامناوەند و کەم، لە درەنگانی شەودا کۆتایی دێت.
دوو کەس هێرش دەکەنە سەر گۆرانی بێژی میلی دانی سویدی و سەری سفر دەکەن، کەسەکان دەستگیرکراون. بەپێی زانیاریەکانی ، ئەو کەسانە هاوڕێی دانی بوون، نزیکەی 20 ڕۆژ پێش ئێستا، دانی سەرقاڵی کلیپ کردن بووە، ئەوانیش داوایانکردووە لە کلیپەکە دەربکەون، بەڵام دانی قبوڵی نەکردوە. دواتر ئەو دوو کەسە دانی دەبەنە سەرتاشخانەیەک و لەوێ سەری سفر دەکەن. دانی دەڵێ: دوای ڕووداوەکە بەڵێنم پێدرا ڤیدیۆکە بڵاو نەکرێتەوە، بەڵام نازانم چۆن ئەمڕۆ بڵاوبووەوە. . گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر عقید(سەباح خدر) رایگەیاند : لەو رۆژانە گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بلاو بۆتەوە کە تیایدا چەند کەسێکی گەنج دەردەکەون و لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی نێوانیان دەستدرێژی دەکرێتە سەر یەکێکیان بە ناوی ( دانی سویدی ) بە لێدان و پاشان سەری دەتاشن ، ئەم روداوە کۆنە لە بەرواری ١٤-٣-٢٠٢٣ بوە و ئیمە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانیمان لە هەمان ڕۆژ لە تۆمەتبار ( کەیفی سابر حمد ) دەستگیر بکەن و ئێستا لامان بەندکراوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر. لێرەدا هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کەوا کەس لە یاسا گەورەتر نیە و هەر کەسێک داواکراو بێت لە دادگا و یاخود مافی هاولاتی پێشێل بکات دەستگیر دەکرێت و ڕوبەڕوی یاسا دەکرێتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەردوو كێڵگەی گەرمیان و خۆرمەڵە، 330 مێگاوات كارەبا كەمیكرد. ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، لەمبارەیەوە بە سۆشیالمیدیای وەزارەتەکەی راگەیاندووە، بڕیارەكەی دادگای پاریس بووە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە چەند كێڵگەیەكی كوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمیكرد. هەروەها گوتی: "لەئێستادا لە وێستگەی كارەبا لە گەرمیان كە بە غازی كێڵگەی نەوتی حەسیرە كارەبا بەرهەم دەهێنێت، 80 مێگاوات کارەبا كەمیكردووە و لە وێستگەی خۆرمەڵەش لە هەولێر بەبڕی 250 مێگاوات كارەبا كەمیكردووە، بەمەش 330 مێگاوات لەتۆڕی کارەبای نیشتمانی كەمیكردووە". ناوبراو دەشڵێت: "وەزارەتی كارەبا لەهەوڵدایە بە پشتبەستن بە كارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و وێستگەكانی غازی سلێمانی و هەولێر، قەرەبووی ئەو كەمبوونەوەیە بكاتەوە". k24
ئەمڕۆ هەینی 31 ی ئادار، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعی کوردستان و عێراق ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هەردوو حزب کرد، کە ئەمەش دەقی پەیامەکەیە: بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی کوردستان وعێراق ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و کۆمیتەی ناوەندی و سەرجەم ئەندام ولایەنگرانی حزبی شیوعیی کوردستان و عێراق دەکەم و هیوای سەرکەوتنيان بۆ دەخوازم.هەردوو حزبی شیوعیی کوردستان وعێراق، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بزاڤی سیاسیی عێراق و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا گێڕاوە و قوربانییەکی زۆریان داوە . ئومێدەوارم لە خەبات و تێکۆشانیاندا بەردەوام بن لە پێناو بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی کولتووری دیموکراسی و فرەلایەنی و ئازادی لە عێراقدا. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2023/3/31
بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان سنووری بامەرنێ لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و پلەکانی گەرماش لە سنوورەکە بۆ ژێر پلەی سیلیزی دابەزیون. بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی کوردستانیش ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرماش لە سەنتەری شارەکان دادەبەزن و بارانیش دەبارێت.
سێشەممە ٢٨/٣/٢٠٢٣ لەهەولێر چەکی دوابڕی پارەی گەنمی جوتیاران بۆساڵەکانی ٢٠١٤و٢٠١٥و ٢٠١٦ بە نزیکەیی لەڕێگەی شانزە هەزار چەک بەسەرجوتیارانی سنوری هەولێر دەست بە دابەشکردنی کرا، کەکۆتا وەجبەبوو لەوپارەی لە شایستەی دارایی جوتیاران لەلای حکومەتی فیدراڵ بوو. پێشتر لە سلێمانی و دهۆک دابەشکرەوە و لە بەرواری سەرەوە لە هەولێر دەست بەدابەشکردنی کراوە. کۆی ئەوبڕەپارەی ئەو سێ ساڵەی وەک شایستەی دارایی لەلای حکومەتی ناوەندی ڕاگیرابوو لەماوەی ئەمساڵداو لەکابینەی نۆیەم ئەو مافەگەرێنرایەوە بۆجوتیاران.
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان زانیاری نوێ لەبارەی پرسی نەوت لە نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە. دلێر عەبدولخالق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت: لە دەرەنجامی گفتوگۆی نێوان وەفدی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، دوابەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، بڕیارە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان (٥٠٠) هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بکەن، لەو ژمارەیە (٤٠٠) هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان و (١٠٠)هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکە. وتیشی "پێویستە لە نزیکترین کاتدا، پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەو نەوتە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی دەستپێبکاتەوە، ئەوەش چەند بە لای هەرێمەوە پێویستە، ئەوەندەش بە بەلای حکومەتی ئیتحادییەوە گرنگە". ئەو پەرلەمانتارە بە ئاشکرای کرد، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتو پڕۆژەی بودجەی ئیتحادی بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئاشکرایە بەهای ئەو (٥٠٠) هەزار بەرمیلە بەشێکە لە پڕۆژەی بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥)، بێ ئەو پرۆسەیە بودجەی گشتی دوچاری کورتهێنان دەبێت. ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە هەرێم و بەغداد پێش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، لەسەر میکانیزمی بەیەکەوە ئیدارەدانی نەوتی هەرێم ڕێککەوتبون، بەڵام دوای بڕیارەکە، ئاستی داواکاری حکومەتی ئیتحادی بەرزبوەتەوە، بەشێوەیەک داوایکردوە: ا/ فرۆشتنی نەوت بچێتەوە ژێر دەستی کۆمپانیای سۆمۆ. ب/ لەبری دەستەواژەی «ئیدارەدان»، وەزارەتی نەوتی ئیتحادی «سەرپەرشتی» پڕۆسەکە بکات. پ/ حکومەتی ئیتحادی بەرپرسیارێتی قەرزی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ ناگرێت، کە بە زیاتر لە (٤) ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. ت/ جێگرێک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان/ حکومەتی هەرێم لە پشکی حکومەتی ئیتحادی بێت. ج/ پێویستە نەوتەکە هەناردە بکرێت و وەزارەتی نەوت میکانیزمی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە هەیە. دەشڵێت: لەبەرامبەردا، وەفدی هەرێم، پێداگیربون لەسەر ئەم خاڵانە: 1. بەهاوبەشی ئیدارە، نەک سەرپەرشتی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکرێت. 2. وەک لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەت هاتوە، پارەی نەوت لە حسابێکی بانکی لەژێر چاودێری و وردبینی حکومەتی ئیتحادی دابندرێت و تەنها حکومەتی هەرێم مافی خەرجکردنی هەبێت. 3. جێگرێک بۆ بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە پشکی هەرێمی کوردستان دابندرێت. 4. پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەک مافەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەدانی کەرتی وزە تێدا جێگیربکرێت، تائەوکاتەش هەردو حکومەت بەهاوبەشی ئیدارەی نەوتی هەرێم بدەن. بەوتەی دلێر عەبدولخالق، دەرئەنجامی گفتوگۆکان تائێستا ئەوەیە کە هەردولا هاوبەشن لە پێویستی هەناردەکردنەوە، بەڵام هەردولا جیاوازن لە میکانیزمی هەناردەکردنەکە و ئالیەتی فرۆشتنی.
میدیای سەر بە لاهور شێخ جەنگی دەڵێ: ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دیاردی ناشارستانی لەسلێمانی زیاتر سەرهەڵدەدەن،لەئێستادا دیاردەیەک پەیدابووە کەپێی دەڵێن میکزەمینی جام ڕەش . رایگەیاندووە، ئەم ئۆتۆمبێلانە زۆرینەیان بێ سەرەتان واتە ژمارەیان نیە،لەناو کوچەو کۆڵانەکانی سلێمانی بڵاوبونەتەوەو جامیان ڕەشکراوە،ئەمەش لەکاتێکدایە کە پۆلیسی هاتوچۆ قودرەتی ئەوەی نیە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات،چونکە هەرقافڵەیەو هی بەرپرسێک یان بەناو فەرماندەیەکی بێ ئەستێرەیە. دەشلێت: دەسەڵاتدارانی سلێمانی ئەگەرچی بەردەوام بانگەشەی سەقامگیری و ئاسایش دەکەن،بەڵام قافڵە میکزەمینیە جامڕەشەکانی خۆیان بونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان و هیچ ئیرادەیەکیش بۆ بنەبڕکردنی ئەمدیاردە ناشارستانیەتیە نیە.