هاوڵاتی بەڕێز:لە پێناو سەلامەتی خۆت و خێزانەکەت، لە کاتی هەستکردن بە مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو. پێش روودانی لافاو پیوستە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكرێت: یەکەم/ چاودێریکردنی زانیارییەکانی کەشناسی و وەرگرتنی ژمارەی گروپ یا ئاژانسی لافاو. دووەم/ دیاریکردنی شوێنێکی بەرز و گونجاو لەماڵەکەت یا لە دەرەوە بۆ خۆت و خێزانەکەتان. سێیەم/ پاراستنی بەڵگە نامە و کەل و پەلە گرنگە و بەنرخەکان و پاراستنیان لەو شوێنە کە دڵنیایی هیچیان لێ بەسەر نایەت. چوارەم/ ئامادەکرنی گونیە و پڕخۆڵ کردنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکان، بۆ گرتنی ژێر دەرگا و ئەو شوێنانەی کە مەترسین لەکاتی دروست بوونی لافا ئاویان لێبێتە ژوورەوە. لەکاتی ڕوودانی لافاو چی دەکەیت؟ یەکەم/ بڕۆ بۆ ئەوشوێنەی بەرز و گونجاوەی کە لە ماڵەکەت یا لە دەرەوە بۆ خۆت و خێزانەکەت ئامادەت کردووە بێ دواکەوتن. دووەم/ بڕینی تەزووی کارەبا و ھێڵی غازی ماڵهوهتان. سێیەم/ شوفێری نەکردن. چوارەم/ دورکەوتنەوە لە رێڕەوە ئاوی قورس و کەند و چۆمەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 4/10، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کۆلۆنێل دانێیلێ پیزانی فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو. لە دیدارەکەدا کە کۆلۆنێل ستێفانۆ سلڤادۆری فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئیتالیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئیتالیای کرد بۆ هاریکاری و پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ فەرماندەی پێشوو خواست لە ئەرکی داهاتوویدا و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیشی لە فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئیتالیا لە عێراق و هەرێم کرد. تەوەری سەرەکی دیدارەکە، گفتوگۆکردن بوو لە بارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتالیا و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە . شاندی سەربازی ئیتالیا جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانیی ئیتالیا و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە، بە تایبەتی لە بواری ڕاهێنان کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی کوردستاندا نرخی 100 دۆلار بە 143 هەزار و 550 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ یەکشەممە 100 بە 141 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا. ماوەی هەفتەیەکە نرخی دۆلار لە پاشەکشەدایە و هەر 100 دۆلارێک نزیکەی 10 هەزار دینار دابەزیوە.
سیروام ساڵح عەلی کەشناس رایگەیاند، له شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەوە تاوەکو نیوەڕۆی پێنجشەممە بەهۆی کاریگەری دوو ناوچەی بەهێزی پەستان نزمی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست و هاتنی شێیەکی زۆری خولگەیی ناوبەناو ئەگەری بارانی بەخوڕ و هەورەبروسکەو هەندێ کات تەرزه هەیە لە سەرانسەری ناوچەکانی گەرمیان.راشیگەیاند، لە چەند ناوچەیەکی ناوەڕاست و باکووری گەرمیان ئەگەر هەیه زیاتر 150 ملم باران ببارێت، کەمترین بڕی پێشبینیکراویش لە دەشتەکانی ناوەڕاست و باشووری گەرمیان 60 ملم کەمتر نییە بەپێی پێشبێنییەکان تا ئەم ساتە.ئاماژەی بەوەشکرد، کە درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە یان شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە ئەگەری لافاوی زۆر هەیە لە تەواوی چەم و دۆڵ و ناوچە نزماییەکان و ناوچە نزماییەکانی شارو شارۆچکەکان، بەکارهێنانی ڕێگاخاکییەکان و ئەو ڕێگایانەی چەم و دۆڵ و پردیان لەسەرە لەو ماوەیەدا پڕ مەترسین. #
هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیساس خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی بۆ پەرلەمانتاری کاندید کرد بەڵام ناوی نەگەڕایەوە. ئاکپارتی (حیزبەکەی ئەردۆغان) لیستی کۆتایی پەسەندکراوی ناوی بەربژێرەکانی پێشکەشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی ئیبراهیم تاتڵیساس نەبوو، لەکاتێکدا خۆی داوای کردبوو کاندیدی بکەن. ئیبراهیم تاتڵیساس لە 18ی ئاداری 2023، کاندید بوونی خۆی لەسەر لیستی ئاکپارتی لە بازنەی رووها-ی باکووری کوردستان ئاشکراکرد. لە سێ دەیەی ڕابردوودا، ئەوە سێیەم جارە کاندید بوونی ئیبراهیم تاتڵیساس ڕەتبکرێتەوە.
دەقی پەیامەکەی وەزیری پەروەردەی حكومهتی ههرێمی كوردستان: تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی : 1- لەبەر بەرژەوەندی قوتابییان و خوێندکاران ، ئاگاداری (لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان) م کردووهتهوه، کە تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی لە خولی یەکەمدا ( رۆژ نا رۆژێک) دابنێن، بەجۆرێک لە رێکكەوتی 20ـی 4ـی 2023 دەستپێبکات و لە رێکكەوتی 10ـی 5ـی 2023 کۆتا تاقیکردنەوەی خولی یەکەم بێت و لەچەند رۆژی داهاتوو خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بڵاوبکەنەوە. 2- سەرپەرشتیاران بەشێوەیەکی چالاکانە رۆڵ دەگێڕن لە تاقیکردنەوەکان بە سەرپەرشتیارانی بنەڕەتی و ئامادەییەوە، دابەشدەبن بەسەر قوتابخانەکان ( حکومی و ناحکومی ) و لە قوتابخانەکان و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەمێننەوە. 3- نابێت مامۆستایانی پۆلی نۆی بنەڕەتی لە قوتابخانە (حکومی و ناحکومییەکان) چاودێری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی پۆلی نۆی بنەڕەتی بن. ئالان حهمە سهعید ساڵح وەزیری پەروەردە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت، رۆژی هەینی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بووە، کاتێک ئەو شوێنە کراوەتە ئامانج. ماڵپەڕی هەواڵیی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە "گومان دەکرێت بەرپرسانی ناڕازی لە شێوازی تووندی بافڵ تاڵەبانی، زانیاری نهێنییان لەبارەی شوێنی مەزڵووم کۆبانێ دابێتە تورکیا." مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵیی ئەلمۆنیتەر کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، سەبارەت هێرشەکەی رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023 فڕۆکەخانەی سلێمانی قسە دەکات و دەڵێت: "بەڵێ، هێرشەکە نزیک ئەو کاروانەی کردە ئامانج کە ئێمەی بۆ فڕۆکەخانە دەگواستەوە". ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتیش کە چەند رۆژێک بوو لە سلێمانی بووە، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی دا بوووەکاتێك هێرشەکە روویداوە. مەزڵووم عەبدی فەرماندەیی هەسەدە دەکات کە هێزی سەربازیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە و هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە سووریا بۆ تێكشکاندنی داعش. رۆژی هێرشەکە فلیپ ڤێنتوا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا-پێنتاگۆن سەبارەت ئەو هێرشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی کراوە هێرشی ئاسمانی بووە و لەنێو کاروانەکەیشدا سەربازیی ئەمریکی هەبوون. هەر هەمان رۆژ جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا- سێنتکۆم گوتی "سێ ئەمریکی لەنێو ئەو کاروانەدا بوون کە لە سلێمانی کراونەتە ئامانج و کەسیش بریندار نەبووە." یەکێک لەو پرسیارانەی دوو رۆژە زۆر دەکرێت ئەوەیە کە مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی چی کردووە؟ فەرماندەی هەسەدە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و دەڵێت، بۆ کارێکی رۆتینی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی "لە چوارچێوەی پرۆگرامی هاوبەشی رووبەڕووبوونەوەی داعش" چووەتە سلێمانی. زانیاریدان لەبارەی شوێنی مەزڵووم کۆبانێ لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چووە سلێمانی. رۆژی پێنج شەممە ئیلهام ئەحمەد سەردانی ژنانی تەڤگەری ئازادی کرد و دواتر تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەر نووسی: "هەستێکی زۆر خۆشە کە گوزارشت ناکرێت؛ هەڤاڵانمان لە رۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە سەردانیان کردین و دیاری یەپەژەیان پێشکەشکردین بە بۆنەی تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دا". بەڵام تاوەکو ئەنجامدانی هێرشەکە هیچ زانیاریەک لەو بارەوە بڵاونەکرایەوە کە مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی بووە. هەربۆیە هەر زوو ئەو پرسیارە ورووژێنرا کە کێ زانیاری سەبارەت بوونی مەزڵووم عەبدی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی داوەتە لایەنی هێرشکار کە بەرپرسانی عێراقی و هەسەدە تورکیا بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی هەینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراق بە چاوساغی و رێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە، بەڵام سلێمانی و مێژووەکەی، سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەتر و قارەمانترن کە خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات و ژیانی خەڵکەکەی تێکبدات." بەڵام ئەلمۆنیتەر دەڵێت: "ژمارەیەک سەرچاوەی جێگەی متمانەی هەرێمی کە پەیوەندییان لەگەڵ دژەتیرۆری یەکێتی CTG هەیە قسەیان بۆ ئەلمۆنیتەر کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، گومانی ئەوە دەکرێت بەرپرسانی ناڕازی لە شێوازی تووندی بەڕێوەبردنی بافڵ تاڵەبانی زانیاری نهێنیان لەبارەی شوێنی مەزڵووم کۆبانێ دابێتە تورکیا." رووداو
بەھمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، ئەمرۆ یەکشەممە 2023/4/9 ھەر سێ جۆرەکەی بەنزین بە بڕی ٢٥ دینار دادەبەزێت. راشیگەیاند، هۆکاری دابەزینەکە زۆربوونی بەنزینی عێراقی ٦٩٠ دیناری و بەنزینی ٨٠٠ دینارییە، کە خواست لەسەر بەنزینی ئەھلی کەمکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەنزینی نۆرماڵ لە ٩٢٥ دینارەوە دەبێت بە ٩٠٠ و سۆپەر لە ١٢٧٥ەوە دەبێت بە ١٢٥٠ و موحەسەن لە ١١٢٥ەوە دەبێت بە ١١٠٠ دینار.
سادق عەتییە، شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکرد لەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ روو لە هەرێم دەکات و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە. ڕاشیگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە کەشوهەوای بەشێک لە شارەکانی هەرێم هەوری تەواو دەبیت و پێشبینی بارانێکی کەم لە ناوچە جیاوازەکان و شاری دهۆک و هەولێر و موسڵیش دەکرێت. دووشەممە ئاسمانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت و کاریگەرییەکانی کەشێکی ناسەقامگیر کە لەئەنجامی پاڵەپەستۆی هەوا کە لەچینەکانی سەرەوەی ئاسمانی هەرێمدا دروست دەبێت دەردەکەوێت و بەشێوەیەکی جیا جیا کاریگەری لەسەر کەشی شارەکان دەبێت. وتیشی، لە رۆژەکانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە شەپۆلی بارابنارینەکە چڕتر دەبێتەوە و پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و موسڵ و دهۆک و سەلاحەدین و بەغدا و دیالە و ئەنبار و واست زۆرترین بارانیان لێدەبارێت و ئەگەر هەیە لافاو لەو پارێزگایانە دروست ببێت.
وەزارەتى پەروەردەى عێراق بڕیاریدا بە دامەزراندنى هەمیشەیی زیاتر لە 60 هەزار وانەبێژ و رایشیدەگەیەنێت؛ لە پلانیایندایە مەلەفى وانەبێژان بە تەواوەتى چارەسەر بکەن. فەلاح قەیسى، بریکارى ئیداریی وەزارەتى پەروەردەى عێراق ڕایگەیاند؛ ژمارەیەک وانەبێژى دیکە لەسەر میلاکى بەڕێوەبەرایەتییەکانى رەسافەى دوو و کەرخى سێ و زیقار و واست و میسان جێگیر کراون و کراونەتە هەمیشەیی. ڕاشیگەیاند؛ بە دامەزراندنى ئەم 60 هەزار و 73 وانەبێژە و کردنیان بە هەمیشەیی، لە ئێستادا ژمارەى وانەبێژان گەیشتوەتە 171 هەزار. وتیشی: وەزارەتى پەروەردەى عێراق پێداگرە لەسەر تەواوکردنى مەلەفى وانەبێژان و کاردەکەن لە وردبینیکردنى وانەبێژاندا تا بتوانن لەورێگەیەوە کۆتایی بە کێشەى وانەبێژان بهێنن.
شاندێکی سعودیە گەیشتە تاران و بڕیارە لەبارەی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران، گفتوگۆ بکەن.
بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە ( قیامە)ی حەزرەتی مەسیح (دروودی خوای لە سەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کریستیانانی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. ئومێدەوارم لە کەشێکی ئارام و شادی و خۆشیدا ڕۆژانی جەژن و پشوو بەسەر ببەن.لەم بۆنەیەدا ، هيوادام كولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و گەلانی جیهان بە گشتی گەشە بکات و ئاشتی و ئارامی سەقامگیر ببێت. جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشیدا بن. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان