Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13768 بابەت
گشتی
17-04-2023

نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە بە بەرزبوونەوە کرایەوە، هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕیش بە 2005 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. رۆژی دووشەممە 17-4-2023 ، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 86 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بازرگانانی نەوت پێیانوایە کەمکردنەوەکانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا لە مانگی داهاتوو کەمدەکاتەوە و بەو هۆیەشەوە نرخەکانی نەوت بەرزدەبنەوە. بازرگانان چاویان لە بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی چینە، بۆ ئەوەی بزانن کە تاوەکو چ ئاستێک خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چین کە دووەم بەکارهێنەری نەوتی خاوە، گۆڕانکاری بەسەردادێت. بۆ ماوەی چوار هەفتەی یەک لە دوای یەکە، نرخەکانی نەوت بەرزدەبنەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی کردووە، لەمساڵدا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات و بەرزدەبێتەوە بۆ 101 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ کەمیی نەوت لە بازاڕەکاندا و ئاماژەی بە ناجێگیربوونی نرخی نەوت داوە. هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 2005 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە سەرووی 2000 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە 1994 دۆلارەوە بۆ سەرووی 2005 دۆلار بەرزبووەوە، بەوپێیەش نرخی زێڕ توانی هەندێک لە زیانەکانی لە هەفتەی رابردوو قەرەبوو بکاتەوە. هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بەهۆی لێدوانی کریستۆفەر والەر، بەڕێوەبەری یەکێک لە لقەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو بانکی ناوەندی دەبێت بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی بوو و بە رێژەی 2٪ دابەزیبوو. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا هەروەها لە ئاستی 2015 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی کە لە کەرتی بانکی ئەمریکا سەریان هەڵدا، بەرزبووبووەوە بۆ نزیکەی 2050 دۆلار، بەڵام رێوشوێبنەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و گەرەنتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەوەی کە ناهێڵێت کەرتی بانکی لە ئەمریکا تووشی شکست ببێت، بووە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەکانی نرخی زێر سنوورداربێت. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا، دابەزینی رێژەی هەڵاوسانە لە ئەمریکا کە وەک پاڵپشتییەک بۆ نرخی زێڕ کاریگەری لە بازاڕدا دەبێت. سەرچاوە: رووداو

هەواڵ
16-04-2023

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ بودجە دەستیپێکرد

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 دەستیپێکرد. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسییە و 198 پەرلەمانتار ئامادەن.

هەواڵ
16-04-2023

سبەی واژوو لەسەر بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، سبەی واژوو لەسەر بڕیاری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کێشه‌ ته‌کنیکییه‌کان بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هەرێمی کوردستان چاره‌سه‌رکراون و له‌ڕووی یاسایی و ته‌کنیکییه‌وه‌ هیچ کێشه‌یه‌ک بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هەرێم نه‌ماوه‌. به‌نگین رێکانی ئاماژەی بەوەکرد، سبه‌ی رێککه‌وتنی ته‌کنیکی بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وت واژووده‌کرێت و بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوێک بۆ دەستپێکردنەوەی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هەرێمی کوردستان ئاراسته‌ی توركیا ده‌كرێت. وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق وتی: رێکانی ئاماژەی بەوەشکرد له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێشەممەی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق تاوتوێی ناردنی شایسته‌ داراییه‌كان بۆ هەرێمی کوردستان ده‌كرێت و زیاتر روونیکردەوە، ماوەی چوار مانگی ئەمساڵ بەغدا هیچ بڕە بودجەیەکی نەناردووە بۆ هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پاڵپشتی لەو بابەتە دەکات. وتیشی، حکومەتی عێراق پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەگەر ئێستا بەشێوەی قەرزیش بێت ئەوا دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە، لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هەژماردەکرێت.

هەواڵ
16-04-2023

ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک دەستگیر دەکات

پەیامێک لە ئاسایشی هەولێرەوە: دوابەدوای ئەوەی رۆژی شەممە 15ی نیسانی 2023 هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ئاشکرایکرد، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە لایەن چەند کەسێکەوە هێرش کراوەتە سەری و لێیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردووە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بارەوە کرد ئەمڕۆ یەکشەممە تیمەکانمان توانییان تۆمەتباری دووەم بەناوی (ك) دەستگیر بکەن و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت. هاووڵاتییانی بەڕێز و هاوشارییانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر  16ی نیسانی 2023

هەواڵ
16-04-2023

رۆژانی جەژن باران دەبارێت

ماڵپەڕی ئەکواویزەری تایبەت بە کەشوهەوای جیهانی، پێشبینی دەکات لە دوای ٢١ ی نیسانەوە لە چەند کاتێکی جیاجیادا باران لە پارێزگاکانی هەرێمی ببارێت. ماڵپەڕەکە پێشبینی دەکات کە لە پارێزگای هەولێر رۆژی ٢١ ی نیسان ئەگەر هەیە یەکەم رۆژی جەژن بێت لە سنووری ئەو پارێزگایە باران ببارێت. لە سلێمانی دوو رۆژ لەسەر یەک باران دەبارێت، ئەوانیش رۆژەکانی ٢٥ و ٢٦ ی نیسانە کە دەکەوێتە دوای جەژنەوە. لە پارێزگای دهۆک، ٢١ و ٢٥ ی نیسان باران دەبارێت.

هەواڵ
16-04-2023

مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵێك دەدەین كە دۆخی ئابووری لە كوردستان باشتر...

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 4/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە ئێوارە خوانێکدا بەربانگی لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکار و پیشەوەر و دەستگێر و دوکاندارانی شاری هەولێر کردەوە . سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە دا لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین كە سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و لە كوردستانیشدا بەرقەرار بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەكڕیزی لە هەموو هێزێكی نیشتمانپەروەر دەكەین كە بڕوای بە ئامانجی پاراستنی هەرێمی كوردستان بێت.ئەمەش دەقی گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؛ بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان: بەڕێزان؛ئامادەبووانی هێژاهەمووتان زۆر زۆر بەخێر بێن بۆ ئەم ئێوارەیە، بۆ بەربانگ كردنەوە. بۆ من جێی شانازییە كە ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوەی خۆشەویست بم، بەیەكەوە ئەم بەربانگە بكەینەوە. پێش ئەوە بە ناوی هەمووتانەوە جارێكی تر سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەكان دەکەین كە لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەوان، ئێمە دەتوانین ئەوا بە ئارامی لە كوردستاندا بژین و لە شوێنێكی وەكوو ئێرە بەیەكەوە كۆببینەوە.سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهید و بنەماڵە سەربەرزەكانیان دادەنوێنین، ئێمە قەرزداری ئەوانین. دەمەوێ لێرەدا باسی ئەوە بكەم كە ئێمە لەو ماوەیە هەموو هەوڵێكمان داوە ئەوەی پێمان بكرێ لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بین. بێگومان ناحەزەكانی ئێمەش ، هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین لە خزمەتی ئێوەدابین و بە ئامانجەكانمان بگەین.ئەوەی جێی شانازییە، كوردستان سوپاس بۆ خوا شوێنێكی ئارام و سەقامگیرە نەك تەنیا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان، بەڵكوو بۆ خەڵكی تریش لە شوێن و ناوچەكانی تری عێراق دێنە هەرێمی كوردستان. جێی دەستخۆشییە كە دەبینین كوردستان شوێنی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانە، ئەمە شتێكە كە جێی شانازییە و هەقە خۆشتان شانازی بە خۆتان بكەن كە ئێوە توانیوتانە بەشێك بن لەوەی كوردستان بكەن بە شوێنێك كە خەڵك ڕووی تێ بكات.لە ڕووی سیاسییەوە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین كە سەقامگیریی سیاسی لە عێراق و لە كوردستانیشدا بەرقەرار بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە بووین و داوای یەكڕیزی لە هەموو هێزێكی نیشتمانپەروەر دەكەین كە بڕوای بە ئامانجی پاراستنی هەرێمی كوردستان بێت، بڕوایان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت، بڕوایان بەوە بێت كە ئێمە بتوانین بەیەكەوە خزمەتی هەموو چین و توێژ و ئایینەكان بكەین، بڕوایان بەوە بێت كە ڕووبەڕووی گەندەڵی بوەستینەوە، بڕوایان بە وڵاتپارێزی بێت، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەكڕیزین، بەڵام هیچ كات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشدار بین لە خاكفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، لە سەرانەستاندن، یان لە ئەوەی كە خەڵك لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكار بێنین. ئێمە گوتوومانە كە لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست دەبین، خوا یارمەتیمان بدات بەردەوام دەبین لەوەی كە خزمەتی ئێوە بكەین.لە ڕووی ئابوورییەوە لە خوا بەزیاد بێت ڕۆژ بە ڕۆژ ئومێدمان بەوە زیاترە كە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی ڕووناكتر هەنگاو دەنێت. ئێمە هەرێمێكی سەقامگیرمان هەیە و سەقامگیرتریش دەبێت. لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی لە بەغدا هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی كێشەكانمان چارەسەر بكەین. ئێستا گەیشتووینەتە دوا قۆناغی ئەو ڕێككەوتنەی كە ماوەیەك پێش ئێستا لەگەڵ عێراق واژۆمان كردووە، هیوادارم ئەمە یارمەتیدەرێكی زۆر بێت بۆ ئەوەی یارمەتیی ئێوەش بدات لە ڕووی ئابووریی ئێوە، چونكە دەزانم زۆربەی كاریگەرییەكانی ئابووری لەسەر شانی ئێوەن، چ كاسبكار بن، چ كرێكار بن، یان پیشەوەر، كاریگەرییە ئابوورییەكان زیاتر دەكەوێتە سەر شانی ئێوە. بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین كە دۆخی ئابووری لە كوردستان باشتر بكەین. زۆر ژێرخان هەبووە یان زۆر دامەزراوە هەبووە كە بوونیان نەبووە، ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە كە ئەو دامەزراوانە دروست بكەین، كاریگەریی ئەوانە لەوانەیە ئێستا بەدەر نەكەوێت، بەڵام دوای ماوەیەكی تر كاریگەرییەكانی ئەم هەوڵانەش بەدەر دەكەون.ئێمە بڕوامان زۆرە كە بتوانین كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر و ڕووناكتر ببەین، هەموو هەوڵ و تەقەڵای ئێمەش لەپێناو ئەوەیە كە ئێوە ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەرانترتان هەبێت. ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە ئێوە بتوانن ژیانێكی باشتر و ئاسوودەترتان هەبێت.زیاتر لەوە نامەوێ كاتی ئێوە بگرم، چونكە بەرەبەرە لە بانگدان نزیك دەبینەوە، ئینشائەڵا ڕۆژی و تاعەت و نوێژی ئێوەش قەبووڵ بێت، خوا لێتان قەبووڵ بكات و هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

هەواڵ
16-04-2023

وەزیری ناوخۆ چەند بەڕێوەبەرێکی لە پارێزگای هەولێر گۆڕی

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (فەرمانێکی وەزاری)دا، نۆ بەڕێوەبەر و فەرماندەی لە سنووری پارێزگای هەولێر گۆڕی

هەواڵ
16-04-2023

مەسرور بارزانی پێشوازی لە میری ئێزدییان دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 4/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان کرد .لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێزدییان و ڕەوشی دەڤەری شنگال بەتایبەتی کرا.سەرۆکی حکومەت وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماف و داخوازییەکانی ئێزدییان، جەختیشی لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان و ئاساییکردنەوەی دەڤەرەکە کردەوە لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان. میری ئێزدییان سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکومەتی هەرێم لە ئێزدییان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانیان و گرنگیدان بە ڕۆڵی ئێزدییان لە دامەزراوەکانی حکومەت دەربڕی.

هەواڵ
16-04-2023

مەسروور بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە تویتەر بڵاویکردەوە:  ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕۆژەی كە سەدان كورد بە چەكی كیمیایی سەدام حوسێن كوژران. ئەو كۆمەڵكوژییە خاڵی سەرەكیی جینۆسایدەكە بوو. هەرگیز لەبیر ناكرێت. خەمبارین بە لەدەستدان و لەناوچوونی چەندان خێزان. یادی قوربانیان بەرز ڕادەگرین.

هەواڵ
16-04-2023

تیمی وەزاری حکومەت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە

بڕیار وایە سبەی دووشەممە لە هەولێر ئەو تیمە وزارییەی بۆ گفتوگۆکردن بۆ گەڕانەوەی تیمی وزاری یەکێتی پێکهێندراوە، سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات. بە گوێرەی زانیارییەکانی باڵکێش، تیمەکە لە هەریەک لە پشتیوان سادق، سەرۆکی تیمی وزاری پارتی و دانا عەبدولکەریم، ئەندامی تیمی وزاری بزووتنەوەی گۆڕان و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان پێکدێت. لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بۆ سەردانیکردنی تیمێکی وەزاری بۆ لای قوباد تاڵەبانی، بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.

هەواڵ
16-04-2023

ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە ئەگەر ھەیە ئەمڕۆ یان سبەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێبکاتەوە. سەرچاوەیەک لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەی رۆژی شەممەی لیژنەکە لەگەڵ سودانی باسی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کراوە. وتیشی لەکۆبوونەوەکەدا سودانی وتویەتی  رەنگە ئەمڕۆ یان سبەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم دەستپێبکاتەوە و لەگەڵ تورکیا گەیشتوون بە لێکتێگەیشتن لەو بارەیەوە.

هەواڵ
16-04-2023

سلێمانی.. تۆمەتبارێك دەستگیركرا 

مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە لە چەند بنكەیەك فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە. لەدرێژەی كارو چالاكییەكان و گەڕان و بەدواداچوونەكانیان مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە زیاد لە 9 فەرمانی دەستگیركردنی لە چەند بنكەیەك هەبووە بە تۆمەتی قۆڵبڕین و فێڵكردن لە هاوڵاتیان. تۆمەتبار هەستاوە بەفێڵكردن لە هاوڵاتیان و پارەی لێیان وەرگرتووە گوایە دایان دەمەزرێنێت، یان نەوتیان بەهەرزان بۆ وەردەگرێت. لەئێستادا تۆمەتبار (ه، ز ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی هەواری شارەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆكراوەتەوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان

1 2 ... 382 383 384 ... 1147 1148