سەرۆكی كۆمەڵەی فەلەكناسی لە شاری جددە لە سعودیە رایگەیاندوە، رۆژی پێنجشەممە خۆر لە ئاسۆی شاری مەككە لەكاتژمێر 6:42 خولەكی ئێوارە ئاوا دەبێت، لەو كاتەدا مانگ لە سەروی ئاسۆوە دەبێت لە بەرزی چوار پلە، گۆشەی جیاكردنەوەی لەخۆریش بەدرێژی پێنج پلە روناكیەكەشی بە رێژەی 0.2% دەبێت، بۆیە مانگ لەدوای 24 خولەك لە خۆرئاوابون، ئاوا دەبێت و دیارنامێنێت. مەجید ئەبو زەهرا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بە مانگ بە چاوی ڕوت یان بە ئامێری چاودێری، ناتوانرێت ببینرێت، (جگە لە كامێرای CCD)، بەهۆی تەمەنی بچوكەكەیەوە، ڕوناكیەكەی كەمە، هەروەها درەوشاوەیی تیشكی خۆریش هۆكارێكە بۆ نەبینینی". هەروەها روونیكردوەتەوە، رۆژی هەینی 21ی نیسانی 2023 خۆر لە ئاسۆی شاری مەككە لەكاتژمێر 4:43 خولەكی ئێوارە ئاوا دەبێت و مانگیش لەسەروی ئاسۆوە لەبەرزی 16 پلە دەبێت و گۆشەی جیاكردنەوەی خۆر و مانگیش 17 پلە و روناكیەكەشی 2.4% دەبێت و زۆر ئاسان بەچاو دەبینرێت.
ئەمڕۆ دوو کەس هێرشیانکردە سەر رۆژنامەنووسێک بە ناوی ئەحمەد مستەفا و لێیاندا، بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، هەردوو کەسەکە دەستگیر کراون. رۆژنامەنووس، ئەحمەد مستەفا لە نزیک قەڵای هەولێر سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێک بووە لەسەر جلوبەرگی کوردی و لەو کاتەدا لەلایەن دوو کەسەوە هێرشکراوەتەسەر خۆی و کامێرامانەکەی. ئەحمەد مستەفا، رایگەیاند، لە بنکەی پۆلیسی تەیراوە لە هەولێر سکاڵا لەسەر ئەو دوو کەسە تۆمار دەکات. کەمێک پێش ئێستا، هەردوو تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەولێرەوە دەستگیرکراون و سبەی دەیانبەنە بەردەم دادوەر.
سوپای کۆریای باشوور هۆشداری بە کەشتیەکی ئێشکگری کۆریای باکوور داوە کە هێڵی سنووری باکووریی بەزاندووە. سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند " سوپاکەیان پێگەی شەڕکردنی یەکلاکەرەوەی خۆی پاراستووە و لە هەمان کاتیشدا چاودێری جووڵەکانی دوژمن دەکات لە ئامادەکاریدا بۆ ئەگەری کارێکی وروژێنەرانە سەبارەت بە پێشێلکردنی هێڵی سنووری باکوور لەلایەن بەلەمەکانی کۆریای باکوورەوە." راشیگەیاند، لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا کەشتییەکی ئێشکگری کۆریای باشوور " بەرککەوتنێکی کەمی " هەبووە لەگەڵ کەشتییەکی ماسیگرتنی چینیدا کە لەو نزیکانە بووە، ئەوەش بەهۆی خراپی بینینیەوە، بەڵام هیچ کێشەیەکی پارێزراوی لێنەکەوتۆتەوە و تەنها بریندارییەکی سووک هەبووە لە نێو ستافەکەی ناو کەشتییەکەی کۆریای باشووردا. بەزاندنی هێڵە سنوورییەکە لە کاتێکدایە کە کۆریای باکوور لەم چەند هەفتەیەی دواییدا چالاکییە سەربازییەکانی زیاتر کردووە، ڕۆژی هەینی موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
شانەی راگەیاند و ئەمنی وەزارەتی پێشمەرگە کەوتنە خوارەوەی درۆنێک لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە رادەگەیەنێت. ئەمرۆ دووشەممە ١٧ی نیسانی٢٠٢٣، شانەی راگەیاند و ئەمنی وەزارەتی پێشمەرگە راشیدەگەیەنێت، درۆنەکە لە نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە كەوتۆتە خوارەوە، كە دەكەوێتە سنوری بەرپرسیارێتی ل٢ پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ڕووداوەکە هیچ زیانێكی نەبووە لە ئێستاشدا لەلایەن تیمەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە لێكۆڵینەكان لە سەر كەوتنە خوارەوەی درۆنەكە دەستی پێ كردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 17/4/2023 بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نێوان شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەرال ماثيو مكفارلن فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سووریا و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا كە كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی ڕێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەركەدا كرا و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرا كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا هەیە. هەروەها باس لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە كرا كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. لای خۆیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی هاوكارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناغ و بوارە جیاوازەكاندا بەرز نرخاند و جەختی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوكاری و پشتیوانییەك لەمبارەيەوە نیشان دا. جەنەرال مكفارلن بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكاندا و جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو، دووپات كردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە: لە پێناو بەرژەوەندی خوێندکاران/ قوتابیانی هەرێمی کوردستان کە لە دەرەوەى وڵات دەخوێنن و بە بۆنەى هاتنى جەژنى پیرۆزى ڕەمەزان و ڕەچاوکردنی دۆخی دواى بومەلەرزەکەى وڵاتى (تورکیا)، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارێکى بۆ ئەو قوتابى و خوێندکارانەى هەرێمى کوردستان کە لە دەرەوەى وڵات دەخوێنن دەرکرد. 1- خوێندکاران/ قوتابیانى هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتى تورکیا دەخوێنن و کاریگەربوون بە ڕوودانی بومەلەرزەکەى (2023/2/6) ڕێگە پێدراون تاوەکو کۆتایی ئەم سمستەرە بە شێوەى ئۆنلاین بەردەوامى بە خوێندنیان بدەن جگە لە بوارە پزیشکییەکان و ئەو بوارانەى پێویستیان بە تاقیگە و پراکتیکە. 2- خوێندکاران/ قوتابیانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەى وڵات دەتوانن بۆ جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان لە ماوەى (2023/4/19) تاکو (2023/4/28) بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 4/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی( WHO) کرد بە سەرۆکایەتی ئەحمەد زویتن بەرپرسی ڕێکخراوەکە لە عێراق. لە دیدارەکەدا ، کارو پڕۆژەکانی ڕێکخراوی تەندرستی جیهانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران و جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لە نێوان وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرایەوە.
دووشەممە ١٧ـی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی ١٤ ملیار و ٩٧٥ ملیۆن دینار بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی. ئەم بڕە پارەیە، بەمەبەستی گواستنەوە و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خەرجدەکرێت. خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، ئەویش بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان. بڕی پارەکە، لەسەر بوودجەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەشێوەی کەمگەری بۆماوەی یەک ساڵ خەرجدەکرێت. فەرمانگەی میدیا و زانیاری
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە واژووی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی لەسەرە، تێیدا گۆڕانکاری لە پۆستێکی باڵای سلێمانی کراوە و ئاماژە بەوە دراوە، عەمیدی هاتووچۆ عومەر نامیق حەسەن، لە پۆستی بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە وەکالەت گواستراوەتەوە بۆسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم. ئاماژە بەوەشکراوە" عەمید ئاسۆ محەمەد ئەمین بەهرام لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس/ پۆلیسی کارەبا/ پۆلیسی گەرمیان پلەی بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بەوەکالەتی پێ بەخشراوە".
تیمی وەزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەدان. تیمەکەی حکومەت پێکهاتووە لە عەبدوڵای حاجی مەحمود، دانا عەبدولکەریم و پشتیوان سادق. ئامانجی تیمەکە، رازیکردنی قوباد تاڵەبانییە بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. بەشی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور بۆ پەڵە هەور دەگۆڕێت، لە ناوچە شاخاویە سنوورییەکانی باکوور ئەگەری کەمێک تاوە بارانی پچڕ پچڕی هەیە لە کاتەکانی دوایی نیوەڕۆ. کەشناسی راشیگەیاندووە، پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە (1-2 ) پلە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر: 30 پلەى سیلیزى سلێمانی: 27 پلەى سیلیزى دهۆک : 26 پلەى سیلیزى کەرکووک: 31 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 27 پلەى سیلیزى زاخۆ : 28 پلەى سیلیزى سۆران : 27 پلەى سیلیزى گەرمیان: 31 پلەى سیلیزى سەرچاوە: kurdistan24
نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە بە بەرزبوونەوە کرایەوە، هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕیش بە 2005 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. رۆژی دووشەممە 17-4-2023 ، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 86 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها هەر بەرمیلێك نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 14 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بازرگانانی نەوت پێیانوایە کەمکردنەوەکانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا لە مانگی داهاتوو کەمدەکاتەوە و بەو هۆیەشەوە نرخەکانی نەوت بەرزدەبنەوە. بازرگانان چاویان لە بڵاوبوونەوەی ئامارە ئابوورییەکانی چینە، بۆ ئەوەی بزانن کە تاوەکو چ ئاستێک خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چین کە دووەم بەکارهێنەری نەوتی خاوە، گۆڕانکاری بەسەردادێت. بۆ ماوەی چوار هەفتەی یەک لە دوای یەکە، نرخەکانی نەوت بەرزدەبنەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی کردووە، لەمساڵدا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل زیاد دەکات و بەرزدەبێتەوە بۆ 101 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ کەمیی نەوت لە بازاڕەکاندا و ئاماژەی بە ناجێگیربوونی نرخی نەوت داوە. هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 2005 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە سەرووی 2000 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەکرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە 1994 دۆلارەوە بۆ سەرووی 2005 دۆلار بەرزبووەوە، بەوپێیەش نرخی زێڕ توانی هەندێک لە زیانەکانی لە هەفتەی رابردوو قەرەبوو بکاتەوە. هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بەهۆی لێدوانی کریستۆفەر والەر، بەڕێوەبەری یەکێک لە لقەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو بانکی ناوەندی دەبێت بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی بوو و بە رێژەی 2٪ دابەزیبوو. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا هەروەها لە ئاستی 2015 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی ئەو نیگەرانییانەی کە لە کەرتی بانکی ئەمریکا سەریان هەڵدا، بەرزبووبووەوە بۆ نزیکەی 2050 دۆلار، بەڵام رێوشوێبنەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و گەرەنتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەوەی کە ناهێڵێت کەرتی بانکی لە ئەمریکا تووشی شکست ببێت، بووە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەکانی نرخی زێر سنوورداربێت. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا، دابەزینی رێژەی هەڵاوسانە لە ئەمریکا کە وەک پاڵپشتییەک بۆ نرخی زێڕ کاریگەری لە بازاڕدا دەبێت. سەرچاوە: رووداو