وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی وکوردستان و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی ئایاری 2023)، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و وابڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. نوێدەکرێتەوە...
ئەمڕۆ سێشەممە 5/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵڵا جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.لە کۆبوونەوەکەدا ، دوایین گۆڕانکار ی و پێشهات و بارودۆخی گشتیی عێراق تاوتوێ کرا . جەخت لە گرنگیی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پشتیوانیکردنی جێبەجێکردنی کارنامەی وەزاریی حکومەتی فیدراڵ کرا.
تورکیا بە درۆن گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شارباژێڕ لە باكووی سلێمانی بۆردومان دەکات.تا ئێستا زەرەر و زیانەكان نەزاندراون.چەند ساڵێكە پەكەكە لەو گوندە جموجۆڵی هەیە و خەڵكەكەی بەردەوام داوا دەكەن پەكەكە گوندەكەیان چۆڵ بكات، بەڵام پەكەكە گوێ بەو داوایانە نادات. ئەمە چەندین جارە ئەو گوندە لەلایەن تورکیاوە دەكرێتە ئامانج.
کادیرێکی یەكێتی وازهێنای خۆی لەو حزبە راگەیاند، دەڵێت “بەرای من ئەمرۆ یەکێتی بوون، عەیبێکی گەورەیە”. مەریوان کەریم تۆفیق کادیری یەکێتی، لە بڵاوکراوەیەکی فیسبوک دەڵێ: رایدەگەیەنم کە ھیچ پەیوەندیەکم بە یەکێتی نەماوە، بەھیچ ھەوڵێکیش ناگەڕێمەوە سەر ئەو رێچکە ھەڵەیە،. هەروەها لە یەکێک لە ستۆریەکانی فیسبوکی ئەو کادیرە دەڵێت، بەڕای من ئەمرۆ یەکێتی بوون عەیبێکی گەورەیە.
لە زانکۆی باشووری ویلایەتی نیوهامشێری ئەمریکا، کوردێک خەلاتی باشترین مامۆستای پێبەخشرا. داستان بانەیی، کە پێشتر دانیشتوی شاری هەولێربوو، لە زانکۆیەکی ئەمریکا مامۆستایە و ئەم هەفتەیە خەڵاتی باشترین مامۆستای ساڵی 2023ـی زانکۆکەی پێبەخشرا.
لە شاری سامەرا لە ناوەڕاستی عێراق، دایک و باوکێک کوڕەکەیان بە خشت دەکوژن. ماڵپەڕی السومریة النوز-ی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە لە شاری سامەڕا رایگەیاند:" دایک و باوکێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارەکە هەستاون بە کوشتنی کوڕێکیان لە کاتێکدا لە خەودا بووە، بۆ ئەوەش سەرەتا خشتیان داوە بەسەریدا و دواتر بە لەچک خنکاندوویانە". ئەو سەرچاوەیە وتی: هێشتا نازانرێت ئەو دایک و باوکە بۆ تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بەڵام دواتر هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستاین بە لێکۆڵینەوە کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان نرخی حەجی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی ئاسمانی (فڕۆکە) و وشکانی (ئۆتۆمبێل)ـەوە دیاریکرد. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئایاری 2023 بڵاوکراوەتەوە، تێچووی حەج لەڕێگەی فڕۆکەوە چوار هەزار و 500 دۆلار (45 وەرەقە) دەبێت. هەر بە گوێرەی هەمان راگەیەندارو، تێچووی حەجی ئەمساڵ لەڕێگەی وشکانی (ئۆتۆمبێلەوە) سێ هەزار و 800 دۆلار (38 وەرەقە) دەبێت. لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاگاداری هەموو ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە ئەوانەی کە ئەمساڵ مافی گەشتکردنیان هەیە بۆ حەج، رۆژی سێ شەممە 2ـی نیسانی 2023، سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومڕە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان و دانی بڕە پارەی تێچووی حهج . دەقی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەراتی حەج و عومرە: ئاگادارییهك له بهرێوهبهرایهتی گشتی حهج و عومڕهی ههرێمی كوردستان "تێچووی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دیاری کرا" " وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی بە بڕی( 330،000)سێ سەد و سی هەزار دولار پاڵپشتی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ دەکات " وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ،ئاگاداری هەموو ئەو هاووڵاتیانە دەکاتەوە ئەوانەی کە ئەمساڵ مافی گەشتکردنیان هەیە بۆ حەج، ئەوا رۆژی سێ شەممە بەرواری ٢\٥\٢٠٢٣ سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومڕە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بەمەبەستی تەواوکردنی مامەڵەکانیان و دانی بڕە پارەی تێچووی حهج کە بۆ هەر حاجییەک بۆ گەشتی ئاسمانی( ٤٥٠٠) چوار هەزار و پێنج سەد و دولارە وه بۆ گەشتی وشکانی( ٣٨٠٠)سێ هەزار و هەشت سەد دولارە، دواکات بۆ وهرگرتنی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٠\٥\٢٠٢٣ دەبێت . دیاریکردنی تێچووی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە کە دەستەی باڵای حەج وعومڕەی عیراقی لە چەند رۆژی رابردوودا بە نووسراوی فەرمی تێچووی گەشتی حاجیان بۆ شاری مەدینە و خەرجییەکانی رێگا و مانەوە لە شاری مەدینە و گواستنەوەی ناوخۆیی و گەشتی ئاسمانی و وشکانی بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستانی ناردووە هەروەها لەگەڵ تێچووی پرۆسەی حەج بۆ هەر حاجییەک کە لە لایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە لە شاری مەککەی پیرۆز خەرجکراوە کە بە پێی ئەم خشتەیەی خوارەوە ڕوون کراوەتەوە تێچووی پرۆسەی حەج بۆ هەر حاجییەک لە شاری مەدینە لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراق کە دانراوە. لێرەوە بە پێویستی دەزانین بۆ هاووڵاتیان ڕوون بکەینەوە کە تێچووی هەر حاجییەک بەرێگای گەشتی ئاسمانی( ٤٥٧١) دولار بووە بە پاڵپشتی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی، بووە( ٤٥٠٠) دولار هەروەها تێچووی حەجی وشکانی (٣٨٧٣ )دولار بووە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە (٣٨٠٠) دولار وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە مەبەستی (کەمکردنەوەی تێچووی) حەجی ئەمساڵ لەسەر هاووڵاتیان هەڵسا بە پاڵپشتی کردنی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بە بڕی (٣٣٠,٠٠٠ )سێ سەد و سی هەزار دولار بۆ ئەوەی تێچووی حەجی ئاسمانی و وشکانی لەسەر هاووڵاتیان کەم بکرێتەوە و نرخەکەیش هاوتا بێت لەگەڵ ئەو نرخەی کە دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراقی لە حاجیانی عیراق وەردەگرێت،بۆیە لێرە بە پێویستی دەزانین بۆ هەموو لایەک ڕوون بکەینەوە کە ئەو بڕە پارەی کە لە حاجیانی کوردستان وەردەگیریت هیچ بڕە پارەیەک بۆ وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی ناگەڕێتەوە . ئەمساڵ بۆ یەکەم جار بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان هەڵدەستێت بە گواستنەوەی بەشێک لە حاجیانی کوردستان کە ژمارەیان (٦٩٠) حاجییە، بۆیە لێرەوە ئاگاداری هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە ناویان دەرچووە سەرپشکن لەوەی کە بیانەوێت بە رێگای ئاسمانی یاخود وشکانی گەشت بکەن، بە پێی ئەو رێژەیەی بۆ پارێزگا یاخود ئیدارە سەربەخۆیەکان دیاری کراوە وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە
ئەمڕۆ دووشەممە 5/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە محەممەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ کرد.لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و گرنگیی پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدرال لە ئەنجومەنی نوێنەران لە زووترین کاتدا کرا ، بەو هیوایەی ببێتە سەرەتایەک بۆ جارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان . هەروەها جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەموو ئەو ڕێککەوتنانە کرایەوە کە لە کارنامەیحکومەتی فیدراڵدا ئاماژەیان پێدراوە.
دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی: سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق دەکات ڕۆژی دووشەممە 1ی ئایاری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانی عێراق کرد. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پلانەکانی حکوومەتی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتیان لە شوێنە جیاجیاکانی عێراق تاوتوێ کران.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کرێکران کرد. دەقی پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی جیهانیی کرێکاران: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی کرێکارانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم . بەڕێز و پێزانینەوە لە ئەرک و ماندووبوون و ڕۆڵی گرنگی كرێكارانی كوردستان دەڕوانین لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستاندا. حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دبێت لە پرۆسەی چاکسازییەکانی لە پێناو باشترکردنی گوزەرانی کرێکارانی کوردستان، لەم ڕووەوە، پەسەندکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا، بەشێکە لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری باشترکردنی ژیان و مسۆگەرکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و دابینکردنی مافە یاساییەکانیان و سنووردانان بۆ هەموو جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران. ڕۆژی کرێکاران پیرۆز بێت و هیوای ژیانێکی باشتریان بۆ دەخوازم. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2023/5/1
وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس خاڵێکی زۆر گرنگی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دادگەی پاریس پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە شەرعی و رەوا زانیوە.ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ عێراق، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە دەستپێدەکات، کە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستیپێکرد، لە پێشینەی کارنامەی کابینەکەدا هاتووە (هەرواشمان گوت)، لە بەغدا سەرۆکوەزیران باسی ئەوەی کرد کە قووڵایی ستراتیژی ئێمە بەرەو بەغدایە و ئێمە ئامادەین کێشەکانمان چارەسەر بکەین و گفتوگۆ بکەین بە وەسیلەی رێککەوتن، لەوێوە دەستیپێکرد و لە راگەیاندنیش بڵاومانکردەوە کە لەسەر کێشەی نەوت ئامادەین رێکبکەوین، ئەگەر ئێوە (بەغدا) فایلی نەوت بە قەرز و کەموکوڕییەکانەوە وەربگرن.ئاوات جەناب نووری دەڵێت "ئێمە چەند جارێک لەسەر بودجە رێککەوتنمان کردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەردا، بەتایبەتی بودجەی 2019-2020 ئەوەبوو کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ئەوەی بەسەرهات، رێککەوتن لەسەر بودجەی 2021 و 2023یش کرا، رێککەوتنمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد و پێش دروستبوونی ئەم کابینەیەی حکومەت، بە دەق رێککەوتووین".لەبارەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسیشەوە گوتی "بڕیاری دادگەی پاریس، دوور و نزیک پەیوەندیی بە دۆسیەتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، پەیوەستە بە را جیاییەکی یاسایی نێوان عێراق و تورکیا، ئەوەش بەشێکی لە بەرژەوەندی تورکیا و بەشێکی دیکەی لە بەرژەوەندی عێراق دەرچووە. شتێکی زۆر گرنگیشی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دادگەی پاریس پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە شەرعی و رەوا زانیوە، ئەمە خاڵێکی ئەرێنی بۆ کورد جێگیر کردووە".
دوای ڕوودانی شکاندنی ژمارەیەک کێلی گۆڕ و سووتاندنی قورئانی پیرۆز، لە هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و گۆڕستانی سەید عومەر لە شاری هەولێر، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دەستیان بە لێکۆڵینەوهی ورد کرد. پاش کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست، تیمەکانمان توانییان کەسی تۆمەتبار بەناوی (ح. ص. م. ط) لەدایکبووی ساڵی 1986 و دانیشتووی گەڕەکی سێبەردانی شاری هەولێر دەستنیشان بکەن.ئهمڕۆ، لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمهتبار دەستگیر کرا و دانی ناوه به ئهنجامدانی ئهو کارهی لهسهری دهستگیر کراوه. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر30ی نیسانی 2023