مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ساڵيادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکە:بەبۆنەی شەست و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان، ڕۆڵێکی دیار و خەباتێکی درەوشاوەی هەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، کە هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و خەباتی پیشەیی لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی مامۆستایان.لەم بۆنەیەدا ، بە سوپاس وپێزانینەوە ڕۆڵی مامۆستایانی کوردستان بەرز دەنرخێنین کە لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، درێژەیان بە ئەرکی پیرۆزی خۆیاندا لە پێناو بەردەوامبوونی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و پێگەیاندنی نەوەکانمان.هیوادارم مامۆستایانی كوردستان، سەرکەوتووانە لە ئەرک و ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بەردەوام بن لە پێناو دروستکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نیشتمانپەروەر و داهێنەر، بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموولایەک، کوردستان زیاتر گەشە بکات و لە هەموو بوارەکاندا پێشبکەوێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەتمەند لە دەزگا پەیوەندیدارەکان پێکبهێندرێت. ئەمرۆ یەکشەممە ١٤/٥/٢٠٢٣ لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیارێکی گرنگ لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان دەرکرا، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.
سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بۆ سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند: خۆیان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان ئامادە دەکەن و لە ئەردۆگان دەبەنەوە. کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی هاوپەیمانییەتەکە گوتارێکی کورتی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئەردۆغان نەیتوانی ئەوە بەدەستبهێنێت کە بانگەشەی بۆ دەکرد و ئەوانیش پاڵپشت بە ئیرادەی گەل لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەسەر ئەردۆغان سەردەکەون. لەلایەن خۆشیەوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتێکدا داوای لە چاودێرانی بنکەکانی دەنگدان کردووە، سندووقەکانی دەنگدان بەجێنەهێڵن تاوەکو کۆتایی هاتنی تەواوی پرۆسەکە.
لە سنووری قەزای کۆیە تەقە لە کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان کرا و یەکێک لە پاسەوانەکانی برینداربووە.
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە 40.04٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور 52.70٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەماڵ کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت 41.39٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. هاوکات سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا 05.36٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. بەڵام میدیای جەهەپە دەڵێت، 13.11٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان 50.66٪ـی دەنگەکان و کەماڵ کڵچدارئۆغڵوش 43.99٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. سێ کەس بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆمارن؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور؛ کەمال کڵچدارئۆغڵوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا، بەڵام رکابەرایەتییە تووندەکە لەنێوان ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵوودایە.
دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا كۆتاییهات، بنکەکانی دەنگدان لەو وڵاتە داخران. پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام بوو و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون. لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشداربوون، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێیان كرد.
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات کردەوە دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا ئەمڕۆ یەکشەممە 5/14، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی.سەرۆک وەزیران هەروەها بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات کردەوە و جەختی لە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان .بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە 2023/4/4 کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە خرایەڕوو.سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیایە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ، لەهەمانکاتدا پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت تا ئەوکاتەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەکرێت.لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرا. پاش گفتوگۆ کردن، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم وڕێکاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران ، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.لــە تــەوەرێــکی دیــکەدا، لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر. بڕگەی سێیەم و کۆتایی، خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەکانی (شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق) کە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەوڵ و ڕێکار و هەنگاوەکانیان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەکوو داڕشتنەوەی چوارچێوەی یاسایی نوێ لە هەرێم بۆ ئەم بابەتە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی وبەیەکەوەکارکردن لەگەڵ دامەزراوە هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵیی و دامەزراوە جیهانیەکانیش بۆ ئەم بابەتە کە کێشەیەکی نێودەوڵەتییە، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە پابەندیی هەرێم بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە ومایەدارکردنی تیرۆر.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی خانەوادەی جەمال مورتکە کرد. دەقی پرسەنامەکە:بەڕێز مامۆستا جەمال مورتکە :بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو حاجی عوسمان مورتکەیی باوکی بەڕێزتان، پرسە و سەرەخۆشیتان لێ دەکەم و هاوبەشی خەمتانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامیی بە ئێوە و بنەماڵە بەڕێزەکەتان ببەخشێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێش كهمێك، عوسمان مورتکە پیشمەرگەی دێرین و ئەندامی مەکتەبی کۆمەڵایەتیی گشتیی پارتی دیموكراتی كورستان بههۆی نهخۆشییهوه کۆچی دوایی کرد. وێنەی کۆچکردوو
دواى زیاتر لە حەوت مانگ، یەکەم کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانە کە جێگریى سەرۆکى حکومەت بەشداری تێدا بکات، دەستیپێکرد. ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئایاری 2023، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرێک تاووتوێ دەکرێن، تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بابەتی ڕێکخستنەوەی داراییی گشتی لە هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکرێت. خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی نیشتمانی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە دەبێت.
ئەمڕۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا دەست پێدەکات، 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 لە دەنگدانی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە. پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە کاتژمێر 8ی بەیانی تا 5ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و هەزار و 94 بنکەی دەنگدان ئامادەکراون و لە 156 وڵات و نوێنەرایەتی تورکیا سندووقی دەنگدان دانراون. لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کە 28مین خولی پەرلەمانی تورکیایە 24 پارت و 151 کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن، سێ کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کێبڕکێ دەکەن. بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، بەڵام بەهۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە 11ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی هەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە. پارتەکان بە پێنج هاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە هاوپەیمانانی "کۆمار، میللەت، ئاتا، رەنج و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. لە چوارچێوەیەشدا هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی "هاوپەیمانی جمهوور" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. هەر یەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "هاوپەیمانی میللەت"-دا کۆبوونەتەوە. هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "هاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدارە. هەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی "هاوپەیمانی ئاتا" و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی "یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن. ژێدر K24
بە گوێرەی خشتەی موچەی مانگی نیسان ئەمڕۆ یەك شەممە 2023/5/14 مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەكرێت. رۆژی چوارشەممە 10-5-2023 وەزارەتی دارایی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان-ی بڵاوكردەوە، کە یەکەم وەزارەت لە 14/5/2023 موچە وەردەگرێ و لەڕێكەوتی 2023/5/31 بەدابەشكردنی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە، كۆتایی بەدابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان دێت .