راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەردانی سلێمانی دەکات و گفتوگۆ لەبارەی رێکارە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەکات. نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەفدێکی ئەمنی سەردانی سلێمانی دەکات. لەبارەی ھۆکاری سەردانەکەوە رایگەیاند، قاسم ئەعرەجی لە سلێمانی گفتوگۆ لەبارەی رێکارە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەکات.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: “دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت.” لە روونکردنەوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، "ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر وەک و تەنها حزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە، بۆ ئەم دژ وەستانەوەشیان بەرامبەر مافە دەستووری و یاسایەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت پاسا و بەوە بهێننەوە گوایە پشتگیری گەڕانەوەی بەشێک لە مووچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن! ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە کە ئەگەر یاسایی بودجە وەک و ئەوەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێتی نیشتیمانی و هەندێک لایەنی تر دەنگیان بۆ داوە تێبپەڕێت، ئەوا نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە بەڵکو چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە". دەقی روونکردنەوەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق: بەداخەوە پێچەوانەی دەستوور و پێچەوانەی ئەو دەقە نووسراوەی پرۆژە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ( 2023 و 2024 و 2025) کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێکەوتنی لەسەر کرابوو، هەروەها پێچەوانەی رێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، کۆمەڵێک پەرلەمانتاری لایەنەکان دەنگیان بە زیادکردنی هەندێک بڕگەی نوێ بۆ هەردوو مادەی (13 و 14) ی پرۆژە یاسای بودجە دا ، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دژی ئەم نادادی و غەدرە گەورەیە دەوەستینەوە کە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و هەوڵەکانمان لە پێناو چەسپاندنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەگەڕ دەخەین.ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی سەرسوڕمانە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی تر وەک و تەنها حزبی کوردی دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی کە دژی مافە یاسایی و دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان وەستانەوە، بۆ ئەم دژ وەستانەوەشیان بەرامبەر مافە دەستوری و یاسایەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت پاسا و بەوە بهێننەوە گوایە پشتگیری گەڕانەوەی بەشێک لە مووچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەرانی کوردستان دەکەن! ئەمە خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و دەمانەوێت بۆ هەموو لایەکی ڕوونبکەینەوە کە ئەگەر یاسایی بودجە وەک و ئەوەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق یەکێتی نیشتیمانی و هەندێک لایەنی تر دەنگیان بۆ داوە تێبپەڕێت، ئەوا نەک پاشەکەوت ناگەڕێتەوە بەڵکو چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە!هۆکاری یەکەمی پاشەکەوتکردنی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بڕینی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەگەڕێتەوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش لە فراکسیۆنی پارتی لە هەوڵی جدیدابووین بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پابەندێتی خۆی سەبارەت بە دانەوەی بەشێک لە مووچەی پاشەکەوت کراوی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێبکات، وە لە حاڵەتێکدا ئەگەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەم پابەندیە ئەخلاقیەی خۆیشی جێبەجێ نەکردایە ئەوە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوو حکومەتی هەرێم خۆی پلانی بۆ دانەوەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دەبوو.ئەمەی یەکێتی و نەیارانی هەرێمی کورستان کردویانە پیلانێکی ژەهراوییە دژی هەرێمی کوردستان و هیچی لە خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کەمتر نییە.
به نيگهرانييهكى قووڵهوه له دهستكارى و گۆڕانكارى لهو بڕگانهى پرۆژهياساى بودجهى عێراق دهڕوانين كه پهيوهندييان به مافه دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستانهوه ههيه و يهكجارى ڕهتيان دهكهينهوه. ئهم ههنگاوه دروستكردنى بهربهسته لهبهردهم پرۆژهياساى بودجه كه ههموو عێراقييهكان به ئومێدهوه چاويان لێيه بۆ ماوهى سێ ساڵى داهاتوو پهسهند بكرێت. پابهندى به ڕێككهوتنى سياسيى هاوپهيمانيى بهڕێوهبردنى دهوڵهتهوه، بنهماى ئارامى و سهقامگيريى سياسيى عێراق و ههنگاوى دروسته بهرهو داهاتوويهكى باشتر بۆ وڵات و تهواوى پێكهاتهكانى. بازدان بهسهر لێكگهيشتن و ڕێككهوتنهكاندا و ههوڵدان بۆ پێشێلكردنى مافه دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستان، مامهڵهيهكى تهواو ناكۆكه لهگهڵ بهرپرسياريهتيى نيشتمانيدا و جگه له نائومێدى و ئاڵۆزكردنى سهقامگيريى دۆخى سياسيى وڵات، هيچى ديكهى لێناكهوێتهوه و زيان به تهواوى عێراق دهگهيهنێت. ڕابردوو و ئهزموونهكان سهلماندوويانه كه مامهڵهكردن به لۆژيكى هێز و زۆرينه و كهمينه و پێشێلكردنى ماف و شايستهكانى پێكهاتهكانى عێراق، هيچ كاتێك ئارامى و سهقامگيرى بۆ وڵات نههێناوه و ناهێنێت، بۆيه داوا له ههموو لايهك و بهتايبهتى لايهنهكانى هاوپهيمانيى بهڕێوهبردنى دهوڵهت دهكهين، پابهندى ڕێككهوتنهكان بن و ههموومان له ئاستى بهرپرسياريهتيدا ڕهفتار بكهين، لايهنه كوردستانييهكانيش دهبێ يهكڕيز و تهبا بهرگرى له مافه دهستوورييهكانمان بكهن. دووپاتى دهكهينهوه كه ههرێمى كوردستان وهك ههميشه لهسهر بنهماى دهستوور ئامادهى چارهسهركردنى ههموو كێشهكانه و ئهزموونى چهند مانگى ڕابردووى پێكهوهكاركردن و لێكگهيشتن و تهبايى لهنێوان هێز و لايهنه عێراقييهكاندا و كاركردن به ڕێككهوتنى پێكهێنانى حكوومهتى فيدراڵى، مايهى خۆشحاڵيى گهلى عێراق و دۆستهكانى بوو، بۆيه دهبێ برهو بهو ئاراستهيه بدرێت و ڕێگه نهدرێت كهسانێك ببنه هۆى بهلاڕێدابردنى ڕێككهوتنهكان و ئاڵۆزكردنى دۆخهكه. نێچيرڤان بارزانىسهرۆكى ههرێمى كوردستان2023/5/26
هەڵوێستی لایەنەکانی عێراقی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، پێوەست بەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بەرجەستە دەبێتەوە، هەڵوێستی دوژمنکارانەن، کاریگەری نەرێنییان پێش ئەوەی لەسەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بێت، لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان دەبێت. سزا داراییەکانی بەغدا تەنانەت لە بڕینی بەشەبودجەی هەرێمەوە لە ٢٠١٤دا، ئەوەندەی سزای دەستەجەمعی خەڵکی کوردستان بوو، سزایەکی سیاسی نەبوو بەرانبەر بە هێزە سیاسییەکانی هەرێم. بەغدا دەیتوانی و ئێستایش دەتوانێت سزای سیاسی بەسەر هێزە حوکمڕانەکانی هەرێم بسەپێنێت، بەڵام ئامانجەکە زۆر لەوە گەورەترە و ڕوو لە خەڵکی کوردستانە. ئەوەی حوکمڕانانی کوردستان وەڵامگۆی داخوازی و نیگەرانییەکانی خەڵکی کوردستان نەبوون، هیچ کات پاساوێک نییە بۆ چاوپۆشی لە سیاسەتی نەیارانەی بەغدا بەرانبەر بە کورد. لە بنەڕەتدا تێکەڵکردنی کێشەکانی حوکمڕانی لەناوخۆی هەرێم بە سیاسەت و هەڵوێستی بەغدا بەرانبەر گەلی کوردستان، بەشێکە لە پەردەپۆشکردنی مەیلێکی دوژمنکارانە لە بەغداوە. بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە بەغداوە بەرانبەر کوردستان ڕوودەدات، لە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت و گوزارشت دەکرێت، ئەوە لەلایەک بەهۆی کورتبینییەوە و لەلایەکی دی بەهۆی دەستەوەستانی خودی هێزە سیاسییەکانی هەرێم بەرانبەر بە بەغدا. لەو دۆخەدا، هەریەک لە هێزەکانی ناوخۆ گوتاری خۆی لە وەبەرهێنانێکی ناوخۆییدا و بە ئامانجی رامکردنی جەماوەرەکەی بەکاردێنێت، بەو هۆیەشەوە لەبری چڕکردنەوەی سەرنج لەسەر بەغدا، سەرنجی خەڵک لەسەر ناوخۆی هەرێم و پێوەست بە کێشمەکێشی ناوخۆیی چڕ دەکەنەوە. هەر چۆنێک بێت، هەرێمی کوردستان بە خەڵک و قەوارەکەیەوە لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە، کێشەکانی ناوخۆ، لەوەی پێوەستە بە ئەدای خراپی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن لەناوخۆی هەرێمدا، هێز بەو هەڵوێست و سیاسەتە دوژمنکارانەیە دەدات، کە لە بەغداوە ئاراستە دەکرێت. رێبین فەتاح
ئەو گۆڕانکاریانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێککەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران ، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەولەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە. ئێمە وەک حکومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبول ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لە گەل حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان 2023/5/26
بەتۆمەتی دزینی بڕێك پاره، ئهمڕۆ ههینی لەناو بازاڕی سلێمانی تۆمەتبارێك دەستگیر كرا و دەستیش گیرا بەسەر ئهو پارهیهدا كه دزی بووی. ئەمرۆ هەینی ٢٦/٥/٢٠٢٣ پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: دوای ئەوەی هاووڵاتییهك سكاڵای تۆماركرد كە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بڕێك پارهی لێ دزراوه، مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد. دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت بەتۆمەتی دزینی بڕێك پاره، دەستیش گیرا بەسەر ئهو پارهیهدا كه دزی بووی. سهبارهت به ژنه دزهكه، پۆلیس ئاماژهی بهوه دا كه ناوی (چ، أ، ك)ـه و پێشینەی تاوانی هەیە. جهختیشی كردهوه كه ئێستا بە بڕیاری دادوەر و بهپێی مادهی 446 له یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا.
ئەمرۆ هەینی ٢٦/٥/٢٠٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. دهقی پهیامەکەی مهسرور بارزانی:لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو تێکۆشەران و بەشدارانی شۆڕشەکە و خەڵکی کوردستان دەکەم.شۆڕشی گوڵان کە هەڵگر و درێژەپێدەری پەیام و ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەگەرچی له ڕۆژگارێكی سهخت و دژواردا ههڵگیرسا، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا، بووە جێی هیوا و ئومێدی کوردستانیان و سەرکەوتنی سیاسی و سەربازی و دەیان داستانی قارەمانانەی لە خۆڕاگری و بەرگری تۆمار كرد و پەیامی درێژەپێدانی خەباتی گەلی کوردستانی لە پێناو بەرگریکردن لە بوون و ناسنامە و مافە ڕەواکانی، بە هەموو جیهان گەیاند.یەکێک لە بەرهەم و دەسکەوتە گرنگەکانی شۆڕشی گوڵان، دروستبوونی ئاشتەوایی نیشتمانیی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، کە سەرەنجام بووە هۆی سەرکەوتنی سەرهەڵدانی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە ئاداری 1991 و پێکهێنانی دامودەزگا شەرعیی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکیان لێ بکەین و بیانپارێزین.لە چل و حەفتەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، ڕێز و پێزانینم بۆ خەبات و تێکۆشانی هەموو پێشمەرگە و بەشدارانی شۆڕشەکە هەیە و بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی دەکەینەوە .سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان .
دوای ئەوە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی مادەکانی 14 و 15ی پرۆژەیاسای بودجە کۆبووەوە کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانتارە کوردەکان دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد، بەڵام ئەندامەکەی یەکێتی واژۆی لەسەر هەموارەکە کرد کە دژی خەڵکی هەرێمە. کورد چوار ئەندامی لە لێژنەی دارایی هەیە، دوو پارتی، یەک یەکگرتوو و یەک یەکێتی، کاتێک ئەندامە شیعەکانی لیژنەکە، مادەکانی 14 و 15یان بە دڵی خۆیان هەموارکرد، کورد (پارتی و یەکگرتوو) لە لێژنەکە رازی نەبوون و کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، بەڵام نوێنەرەکەی یەکێتی (نەرمین مەعرووف) مایەوە و دەنگی بە هەمووارەکە دا. هەروەها هەرێمی کەمال ئاغا، وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش واژۆی کردووە. هەندێک لە گۆڕانکارییەکان: وەزارەتی دارایی عێراق، سەرپەرشتی داهاتی هەرێم دەکات دەسەڵاتی خەرجکردنی پشکی هەرێم، دەدرێتە حکومەتی عێراق هەموو داهاتی هەرێم بە نەوتی و نانەوتی، بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەتی عێراق
لە نزیک گوندی قەڵاتەجنی سەر بە ناحیەی هەریر، پێنج کەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا . ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتوچۆ لە نزیک گوندی قەڵاتەجن، لە سنووری ناوچەی زرارەتی و هەریر بەهۆی وەگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کە تۆیۆتا هایلۆکس بووە، پێنج کەس کە ئەندامی یەک خێزانن گیانیان لەدەستدا. ئەو خێزانە عەرەبن و ماوەی چەند ساڵێکە لەو سنوورە بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.
لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوه بە ماددەکانی ( ٤٤٣ ، ٤٤٤ ، ٤٤٦ ) سیانزە کەسیان بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکردووە .تۆمەتباران لە سنوری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری هەستاون بە دزیکردن لە ماڵان و دوکان و شوێنە گشتیەکان ، هەروەها وەرگرتنی سەرانە لە هاوڵاتیان ، سەرجەم ئەو کەلوپەل و ئامێرانەی دزیویانە پێکهاتبوون لە ( ئۆتۆمۆبێل ، ئاڵتون ، پارە ، مۆبایل ) .تۆمەتباران دانیشتوی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی خواروو و ناوڕاستی عێراقن ، لە ئێستادا ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە .
سەرۆک مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، هیوادارم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بتوانن ناكۆكییە سیاسییەكانیان تێبپەڕێنن بە رۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە و برایانە گرفتەكان چارەسەر بكەن. سەرۆک بارزانی لە 47ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە، داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن و دەشڵێت، بەرژەوەندیی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی باسی شۆڕشی گوڵان دەکات و روونیدەکاتەوە کە "شۆڕشی گوڵان قۆناخێكی هەرە گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانە و هەڵگری ئەو پەیامە بوو كە سەرباری بوونی پیلانگێڕی و هەڕەشە و بەهێزیی نەیاران و كۆسپی گەورە، بەڵام ئیرادەی بەردەوامی و شۆڕش لە ناخی مرۆڤی كوردستانیدا هەر زیندووە." لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، 'شۆڕشی گوڵان، تەحەداكردنی هەموو ئەو دیكتاتۆر و ستەمكار و دوژمنانە بوو كە وایان مەزندە كردبوو، بە نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئیتر تا هەتایە كۆتایی بە شۆڕش و بەرخودانی گەلی كوردستان دێت. بەڵام شۆڕشی گوڵان ئەو خەونەی ناحەزانی لە گۆڕ نا و گەلی كوردستان لە خەباتی خۆی بەردەوام بوو و سەرشۆڕی و شكست بۆ دوژمنان مایەوە."
نووسینگەی سەرۆکی حکومەت ئەو هەواڵە بەدرۆ دەخاتەوە کە گوایا بەڕێز سەرۆکی حکومەت بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراندنی کەناڵێک تەرخان دەکات. سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوالێکی کەناڵی NRT سەر بە شاسوار عەبدولواحید، نە درێژەی چەواشەکارییە بەردەوامەکانی دەزانێت، کە ئەمڕۆ شتێکیان بڵاوکردووەتەوە گوایا بەڕێز سەرۆکی حکومەت بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراندنی کەناڵێک تەرخان دەکات. سەرچاوەکە وتیشی: “ئێمە لە کاتێکدا ئەم بانگەشە هەڵبەستراوە بە تەواوی ڕەت دەکەینەوە کە هیچ بنەمایەکی نییە و دروستکراوی خەیاڵی خاوەنی ئێن ئاڕ تییە ، داوا دەکەین خاوەنی ئەم کەناڵە چەواشەکارە، پێمان بڵێ سەرچاوەی دارایی NRT چییە کە خەرجییەکەی دەیان ملیۆن دۆلارە. هەروەها دەڵێ، “داوای یاساییش لە سەر کەناڵەکە تۆمار دەکەین لە سەر ئەو درۆ و چەواشەکاریەی کردوویانە.”