Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13762 بابەت
هەواڵ
30-05-2023

ئاگادارییەكی گرنگ بۆ ئەوانەی ئایفۆنیان هەیە

كۆمپانیای (ئەپڵ)ی ئەمریكی، ئاگادارییەكی بۆ سەرجەم بەكارهێنەرانی مۆبایلی زیرەكی (ئایفۆن) بە هەموو جۆرەكانیەوە بڵاو كردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، لە 26ی 7ی ئەمساڵەوە، تایبەتمەندیی (My Photo Stream)ی ئایفۆن كۆتایی پێ دەهێنرێت، پێویستە سەرجەم بەكارهێنەرانی ئایفۆن، وێنەكانی نێو ئەو تایبەتمەندییە، بۆ نێو ئایكلاود بگوازنەوە، ئەگەر نا دوای ئەو بەروارە، وێنەكانیان دەفەوتێن. لە ئاگادارییەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، مانگێك پێش 26/7/2023، كۆمپانیای ئەپڵ ڕێگە نادات بەكارهێنەرانی ئایفۆن وێنە نوێكانیان بخەنە نێو تایبەتمەندیی (My Photo Stream)، بەڵام تا 26ی 7، ڕێگەیان پێ دەدات ئەو وێنانەی لەنێو تایبەتمەندییەكەدایە، بیانگوازنەوە نێو ئایكلاود. تایبەتمەندیی (My Photo Stream)، هاوشێوەی ئایكلاودە و لە ساڵی 2011دا كۆمپانیای ئەپڵ لەگەڵ ئایكلاود خستییە خزمەت بەكارهێنەرانی، كە لە ڕێگەیەوە بەكارهێنەرانی ئایفۆن دەتوانن وێنەكانیان هەڵبگرن.

هەواڵ
30-05-2023

لێدوانی نوێی وەزارەتی دارایی لەبارەی پاشەکەوتی مووچە

هونەر جەمال, وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دەبێت ئەو لایەنانەی کە پێشتر و ئێستا لە کابینەی حکومەتدا بوون لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن و بەپێی قەبارەی خۆیان، خۆیان لە کێشەکان نەدزنەوە." هونەر جەمال وتیشی، ئەو 10٪ی پاشەکەوتەی مانگانە باسی دەکەن، پێویستی بە زیاتر لە 90 ملیار دینار و ساڵانە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە، "ئەم پارەیە چۆن دابیندەکرێت؟" سەبارەت بە پاشەکەوت و دیاریکردنی گەڕاندنەوەی 10٪ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکاری تێدا کرا، هونەر جەمال دەڵێت، "بەبێ هیچ تەرخانکراوێک لە بوودجەدا چۆن جێبەجێ دەکرێ؟ یاخود لە گۆترە چۆن خەرجدەکرێت؟" هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی یاسای بودجە، هیچ پارەیەک خەرج ناکرێت ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت، کە ئەمە لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر کراوە و هەموو ساڵانی رابردووش هەروا بووە.

هەواڵ
30-05-2023

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ بکوژ ڕادەگەیەنێت

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ داواکراویان دەستگیرکرد کە شەش کەسیان کوشتووە. هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ، لە بازگەی ( بانیمەقان ) سێ داواکراوی بەڕەگەز عەرەبیان دەستگیرکرد کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوبوون بە پێی ماددەی ( ٤٠٦ ) لە یاسای سزادانی عێراقی ، بە ناوکانی : ( م ، ع ، ح ) لەدایکبووی ١٩٦٢ دانیشتوی ناصریە ( م ، ح ، م ) لەدایکبووی ١٩٩٤ دانیشتوی بەصرە ( أ ، و ، ک ) لەدایکبووی ٢٠٠٠ دانیشتوی ناصریە تۆمەتباران لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی ( ٦ ) کەسیان کوشتووە و هەڵاتوون و دەیانویست بە ناسنامەی ساختەوە بێنە هەرێمی کوردستان . لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە ، بە ماددەکانی  ( ٢٨٩ ، ٢٩٨ ) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و دواتر ڕادەستی دادگای تایبەتمەند دەکرێن .

هەواڵ
30-05-2023

هاوڵاتیان لەبەردەم مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گردبوونەوە

خاوەنی ٣٥ هەزار پارچە زەوی پاش ئەوەی هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان لە شارەوانی سلێمانی دەستنەکەوت، ئێستا چوونەتە بەردەم مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. ئەمرۆ سێشەممە ٣٠/٥/٢٠٠٢٣ ژمارەیەک هاووڵاتی لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی گردبوونەوە، داوا دەکەن شارەوانی ڕێگایان بدات زەوییەکانیان بکەنە خانوو، نوێنەری خاوەن زەوییەکان پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، مامەڵەکانیان لە شارەوانی سلێمانییە، بەڵام دەستی دەستیان پێدەکرێت و هیچ وەڵامێکی کۆتاییان نەدراوەتەوە، ئەوان دەیانەوێت زەویەکانیان بکەن خانوو. پاش شەڕی داعش، نزیکی ٣٥ هەزار پارچە زەوی بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆر دابەشکرا، پاشان کڕین  و فرۆشتن بە زەویەکانەوە کراوە، لە ساڵی ڕابردووەوەش سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، دروستکردنی خانوو یاخود کڕین و فرۆشتنی بە زەویەکان ڕاگرتووە. ئەو زەویانە دەکەوینە ماستەرپلانی شارەوە، دەکەوێتە ناوچەکانی تاسڵوجە، خێوەتە، بەکرەجۆ و ڕاپەڕین. خاوەن زەویەکان پاش ئەوەی هیچ وەڵامێکی ئەوتۆیان لە شارەوانی سلێمانی دەستنەکەوت، ئێستا چوونەتە بەردەم مەڵبەندی یەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

هەواڵ
30-05-2023

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێك هەلی کار رادەگەیەنێت

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرفەت بۆ دەرچوانی دانەمەزراو دەڕەخسێنێت و کۆمەڵێک هەلی کار بۆ خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت و پیر و پەککەوتان رادەگەیەنێت. وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، لەسەر بڕیار و راسپاردەی کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رەخساندنی هەلی کار بۆ کۆمەڵێک لە دەرچوانی دانەمەزراو رادەگەیەنن بە شێوەی گرێبەستی نا حکومی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کە کار و چالاکی ھاوبەش لەگەڵ وەزارەت ئەنجام دەدەن. چالاکییەکان لە (خانەکانی منداڵانی بێسەرپەرشت و پیر و پەککەوتان و سەنتەرەکانی منداڵان و ماڵەکانی داڵدەدانی ژنانی ھەرەشە لێکراو و سەنتەرەکانی ڕاھێنان) دەبێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان. ئاماژە بەوەشدرا، پاش دیاریکردنی لیژنەیەکی تایبەت بۆ وەرگرتنی فۆرم و چاوپێکەوتن بە مەبەستی دامەزراندن، لە کۆبونەوەی  رۆژی 29ـی ئایاری 2023، بە میکانزمێکی گونجاو و روون بڕیاری لەسەردرا تا شایستەرین دیاری بکرێت بەو جۆرەی لە خوارەوە هاتووە. - پێویستە خوازیار تەمەنی لە 40ساڵ زیاتر نەبێت. - پێویستە خوازیار دانیشتووی (سەنتەری شاری ھەولێر) بێت. - پێویستە خوازیار زانیاری ڕاست و دروست پێشکەش بکات و لە ئەگەری تۆمارکردنی زانیاری هەڵە و نادروست داواکاری دامەزراندنی رەت دەکرێتەوە. - نابێت خوازیار مووچەخۆر بێت لە هیچ دامودەزگایەکی حکومی و کەرتی تایبەت. - ئارەزومەند پێویستە ئەم بەڵگەنامانە و کۆپییەکانیان لە رۆژی سەردانکردنی ئامادە بکات (کارتی نیشتیمانی ، کارتی زانیاری، پشتگیری موختاری گەڕەک،  بڕوانامە یان پشتگیری دەرچوون) . - پێویستە خوازیار زمانی ئینگلیزی بزانێت و توانای (نوسین، خوێندنەوە، قسەکردن) ھەبێت. - پێویستە خوازیار توانای بەکارھێنانی کۆمپیوتەری ھەبێت. - پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری دامەزراندن (سیڤی) بە چەند قۆناغێک دەبێت.  قۆناغی یەکەم/ دەرگای پێشکەش کردنی داواکاری دامەزراندن راستەوخۆ دەبێت لە نوسینگەی تایبەتی وەزیر بۆ ماوەی یەک ھەفتە پاشان بەڵگەنامەکانی لەگەڵ هاوپێچ بکرێت لەناو فایلێک، لە رۆژی سێشەممە، 30ـی ئایاریـی2023 لە کاتژمێر 8:30 تا 01:00 . لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی ــ شەقامی گشتی شۆرش. قۆناغی دووەم / لەلایەن لیژنە تایبەتمەند چاوپێکەوتن و خاڵ بەندی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کەسانی شایستە.

هەواڵ
30-05-2023

جارێکی دیکە تاوەباران و هەورەبروسکە لەڕێگایە

کەشناسێک، “ھەورەبرووسکە و تاوەبارانی بەخوڕ لە سبەیدا چالاك دەبێت." ئەمڕۆ سێشەممە 30/5/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی ڕوونی كردووەتەوە، سبەی لە ئەنجامی بەردەوامیی دۆخی ناسەقامگیری کەشوھەوا، ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆری نیمچەھەور دەبێت، لەنێوان کاتەکانی بەیانی بۆ ئێوارە ناوبەناو لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەرین کەڵەکەھەور بەشێوەی چالاکبوونی ھەورەبرووسکە و تاوەباران چڕ دەبێتەوە، باران بە ڕێژەی جیاواز کاریگەری دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکاندا ڕێژەی باران زیاتر دەبێت. ئەو شارەزایەی كەشناسی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، بە ڕێژەی 1 تا 2 پلە نزم دەبێتەوە، لە کاتی بارانبارین زیاتر نزم دەبێتەوە، هەروەها خێرایی با مامناوەند بۆ نیمچەبەھێز دەبێت. ئاراس جەبار باسی لەوەش كردووە، لە کاتەکانی ئێوارە بەدواوە، ئەم دۆخە لە ناوچەکانمان کۆتایی دێت. بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشەممە، بەم شێوەیەیە: ھەولێر 32سلێمانی 30دھۆک 31ھەڵەبجە 33کەرکوک 36گەرمیان 38

هەواڵ
29-05-2023

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شێخ خەلیفە بن تەحنون ئالنەهیان دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 5/29 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شێخ خەلیفە بن تەحنون بن محەمەد ئالنەهیان کرد. لە دیدارێکدا کە ئەحمەد ئەلزاهری کونسولی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لە بارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی تایبەتی و بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ( ئیمارت ) کرا و جەخت لە پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆەکاندا کرایەوە.

هەواڵ
29-05-2023

ئاگاداریەك لەبەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان، لە بڵاوکراوەیەکدا دوو ئاگادارینامەی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر راگەیاند. دەقی ئاگاداریەکان: ١-ئاگاداری هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەینەوە لە رێکەوتی(٢٠٢٣/٥/٧) نووسینگەی پاسپۆرتی (١)یەک لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر مامەڵەکردنی (دەرهێنان و نوێکردنەوەی)پاسپۆرت لەم نووسینگەیە رادەگێرێت بە هۆی دانانی ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و دانانی سیستەمی پاسپۆرتی نوێ(پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی) تاکو رێکەوتی (٢٠٢٣/٦/٥)،بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئەوانەی مامەڵەی پاسپۆرت لەم نووسینگەیە (دەرهێنان و نوێکردنەوەی) پاسپۆرت دەکەن پێویستە سەردانی نووسینگەی پاسپۆرتی (٢)دووی هەولێر بکەن کە دەکەوێتە سەر شەقامی (١٥٠)مەتری لەناو بەێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر،لە کات ژمێر(8:00)ی بەیانی تاکو کات ژمێر (6:00)ی ئێوارە. ٢-داوا لەو هاووڵاتیانە دەکەین ئەوانەی مامەڵەی پاسپۆرتیان کردووە وە ناوەکانیان گەڕاوەتەوە پاسپۆرتەکانیان تەواو بووە پێویستە بە زووترین کات سەردانی نووسینگەی پاسپۆرتی (١)یەک بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان لە کات ژمێر (8:00) ی بەیانی تاکو کات ژمێر (3:00)ی دوای نیوەڕۆ لە هەمان شوێنی پێشووی خۆیان کە دەکەوێتە سەر شەقامی (١٢٠)مەتری لە گەڕەکی سەربەستی (٣٢)پارک.

هەواڵ
29-05-2023

بەرهەمی جوتیارانی کوردستان بەناو و ئاڵای کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی...

دوای پرکردنەوەی پێویستی هاوڵاتیان و بەکاربردنی ناوەخۆ، بەرهەمی جوتیارانی کوردستان بەناو و ئاڵای کوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت. چەند کارگەیەکی ناوخۆیی بە هاوکاری و هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی جوتیارانی کوردستان دەخرێنە نێو زەرف و کارتۆنی تایبەتەوە و هەناردەی دەرەوە دەکرێن و لەسەریان دەنووسرێت (Made in Kurdistan). ئاراس حەمەد خاوەنی کارگەیەکی خۆماڵی دەڵێت: پێشتر کە ئێمە بەرهەممان دەناردە دەرەوەی وڵات پارەی گومرگمان دەدا، بەڵام لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بۆیەکەم جاربوو بتوانین بەرهەمەکانمان بنێرینە دەرەوە و بێ ئەوە پارەی گومرگ بدەین، کە ئەوەش کارئاسانی و هاندانەکی باشبوو تاوەکو زیاتر بەرهەمەکانمان رەوانەی دەرەوە بکەین. ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان پالپشتی و هاوکاری خۆی دووپاتکردەوە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

هەواڵ
29-05-2023

وەفدێکی وه‌زارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم لەبەغدایە

وەفدێکی هەرێم بەسەرۆکایەتی کەمال محەمەد وەزیری سامانەسروشتیەکان بەوەکالەت و غەزالە هوستانی بەڕێوەبەری گشتی گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی وەزارەتەکە سەردانی بەغدایان کرد. تا ئێستا سەردانەکەیان بەنهێنی و دوور لە چاوی ڕاگەیاندن ئەنجامداوە. ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە وێبسایتی فەڕمی خۆی هەواڵی هاتنی وەفدەکەی بڵاو کردووەتەوەو ڕایگەیاندووە ئەمڕۆ دووشەممە، ۲۹ی ئایار، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق پێشوازی لە شاندی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم کردووەو گفتوگۆ دەربارەی چارەسەرکردنی کێشە یاسایەکانی تایبەت بەکۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم کراوە. تا ئێستا ڕوون نیە ئامانجی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغداد چییە؟ بەڵام فشاری کۆمپانیاکانی نەوت لەسەر هەرێم بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و کێشەی شایستە کەڵەکە بووەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت گرفتی گەورەی وەزارەتی سامانەسروشتیەکانن. لە تازەترین پێشهاتدا لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجە لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕگەیەکی تێدا جێگیر کراوە ڕێگا نادات حکومەتی هەرێم لە کێڵگەکانی خوڕمەڵە و کۆرمۆر و شێخان و باشیک نەوت و غاز بەرهەم بهێنێت. لانەبردنی ئەو بڕگەیە گرفتی گەورە بۆ هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دروست دەکات.

هەواڵ
29-05-2023

بڕە پارەیەکی زۆر بۆ شاری هەولێر تەرخانکرا

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرج کردنی گوژمەی 817 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی شاری هەولێر دا. راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:” وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی  نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (817,909,000)دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر. باسی لەوەشکردووە، ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی شارەوانییە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەمەبەستی جێبەجێكردنی دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقام لە ناوچەی پیشەسازی باشوور بۆ قۆناغەكانی یەكەم و دووەم و پرۆژەی ئامادەكردنی تێكەڵەی ئەسفەلتی بە بڕی 1000 هەزار تۆن بۆ چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكان، هەروەها جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی تری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر.

هەواڵ
29-05-2023

لە هەرێم پلەکانی گەرما گۆڕانکاری بەسەردادێت

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شوهه‌وا رایگه‌یاند: "سبەی سێشەممە 30/5/2023، ئاسمانی ھەرێمی كوردستان، ساماڵ پەڵەھەور ئەبێت، بەھۆی بەردەوامی باری ناسەقامگیری بەرگەھەوا، لە ھەندێك ناوچەی سنووری پارێزگای سلێمانی و دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین لە نێوان کاتەکانی ئێوارە و شەو، ئەگەری تاوەبارانی کورتخایه‌ن و چالاکبوونی ھەورەبرووسکە ئەبێت، پلەی گەرما جێگیر ده‌بێت، ھەندێك ناوچەش بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت، خێرایی با، به‌شێوه‌یه‌كی مامناوەند چالاک ئەبێت له‌ نێوان 10 - 25کم/ك، ئاڕاستەی با ناجێگیر دەبێت. بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌:- ھەولێر 35سلێمانی 32دھۆک 32ھەڵەبجە 34کەرکوک 36گەرمیان 39

1 2 ... 349 350 351 ... 1146 1147