وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی و خشتەی نوێی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پۆلەکانی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی، بڵاوکردەوە، هەروەها وادەی دەستپێکردنی خولی یەکەم و دووەمی دەستنیشانکرد. وەزارەتی پەروەردە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەی نیشتمانیی خولی یەکەمی پۆلی 9 لە 14-05-2026 دەستپێدەکات، لە 25-05-2026 کۆتایی پێ دێت، هەروەها خولی دووەم لە 15-06-2026 دەستپێدەکات.بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی بە زانستی، وێژەیی و پیشەیی، خولی یەکەم لە 14-06-2026 دەستپێدەکات، لە 08-07-2026 تەواو دەبێت، خولی دووەم بۆ 11-08-2026 دیاریکراوە.
قەرارگەی خاتەم ئەلئەنبیا هەڵوێستی توندی خۆی سەبارەت بە ستراتیژی نوێی ئێران لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند و جەختی کردەوە ئاسایشی ناوچەکە و بەندەرەکانی کەنداو بە ئاسایشی ئێرانەوە بەستراوەتەوە. گەرووی هورمز؛ لەژێر کۆنترۆڵی تونددا ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی قەراگەی خاتەم ئەلئەنبیا، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان ڕێگری لە تێپەڕبوونی هەر کەشتییەکی "وڵاتانی دوژمن" دەکەن لە گەرووی هورمز و ئاماژەی بەوە کرد کە: کەشتییە سەربەخۆکانی وڵاتانی نەیار مافی تێپەڕبوونیان نییە و تێپەڕبوونی هەر کەشتییەکی دیکە تەنیا بە پابەندبوون بە یاسا و ڕێساکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕێگەی پێ دەدرێت. دروشمێکی نوێی بۆ دۆخی گەرووەکە ڕاگەیاند و وتی: گەرووی هورمز یان بۆ هەمووان دەبێت یان بۆ هیچ کەس. ململانێی کۆنترۆڵکردنی ئەم شا دەمارە ئابوورییەی جیهان، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28-02-2026 گەیشتووەتە لووتکە، کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر بازرگانی جیهانی، لەوانە: کەمبوونەوەی جووڵە: ئێران توانیویەتی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە 138 کەشتییەوە کەم بکاتەوە بۆ تەنیا 15 کەشتی لە ماوەی دوو ڕۆژدا. هەڕەشەکانی ئەمریکا: سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی گەرووەکە، بەڵام تاران هێشتا وەک فشارێکی سەرەکی بەکاری دەهێنێت. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی زولفەقاری، پلانەکانی تاران تەنیا بۆ کاتی شەڕ نین؛ تاران بە نیازە تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش، میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی توندی گەرووی هورمز جێبەجێ بکات، ئەمە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە هاوکێشەی وزە و گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-04-2026، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی بە شێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاند کە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستی پێ کردووەتەوە. ئەم بڕیارە دوای وەستانێکی چەند هەفتەیی دێت بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هاتبووە ئاراوە. ڕاگرتنی کارەکانی دانەغاز لە ماوەی ڕابردوودا کێشەی گەورەی بۆ کەرتی وزە دروست کردبوو، لەوانە: کەمبوونەوەی کارەبا: دروستبوونی گرفت لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان. قەیرانی غازی ماڵان: کەمبوونەوەی بڕی غاز لە بازاڕەکاندا کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ 3 تا 4 بەرامبەر. کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەسەر دوو خاڵی سەرەکی کردووەتەوە: هەماهەنگی حکومی: دەستپێکردنەوەی کارەکان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بووە. پاراستنی هاووڵاتیان: دانەغاز ئاماژەی بەوە کردووە کاری هەرە لەپێشینەی ئەوان لە ئێستا و داهاتوودا، پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و کارمەندەکانیان دەبێت. دوای چەند هەفتەیەک لە ڕاگرتنی بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچەکە، گەڕانەوەی دانەغاز بۆ کێڵگەی کۆرمۆر ئومێدی ئەوە دروست دەکات کە نرخی غازی ماڵان دابەزێت و کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی جێگیر ببنەوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی کەشتییە سەربازییەکان بۆ نزیکبوونەوە لە تەنگەی هورمز وەک پێشێلکردنی ئاگربەست دەبینن و بە تووندی و بە شێوەیەکی سەخت رووبەڕوویان دەبنەوە. لە راگەیەندراوێکدا، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: "بەپێچەوانەی بانگەشە درۆینەکانی هەندێک لە بەرپرسانی دووژمن، تەنگەی هورمز لە جڵەو و بەڕێوەبردنی ژیرانەدایە و بە رەچاوکردنی رێسا تایبەتەکان، تەنیا بۆ تێپەڕبوونی بێ زیانی کەشتییە سڤیلەکان کراوەیە." سوپای پاسداران هۆشداریی دەداتە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و دەڵێت: "بۆ ئەو کەشتییە سەربازییانەی کە لەژێر هەر ناو و بیانوویەکدا، مەبەستی نزیکبوونەوەیان لە تەنگەی هورمز هەبێت، ئەمە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دادەنرێت و بە تووندی و بە شێوەیەکی سەخت رووبەڕوویان دەبینەوە." ئەم هۆشدارییە نوێیەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکانی پاکستان بێ ئەنجام بوون و فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە تەنگەی هورمز گەمارۆ بدەن
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دیمەنی چاودێریی درۆنیی تەنگەی هورمز بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، هەموو هاتووچۆکان لە کۆنترۆڵی ئەواندایە و هەر هەڵەیەکی دوژمن وەڵامێکی کوشندەی دەبێ. بەپێی راگەیەنراوێکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، بە درۆن چاودێریی وردی بارودۆخی راستەقینەی تەنگەی هورمز دەکرێت. سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە کە "هەموو هاتووچۆکردن و نەکردنەکان لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە چەکدارەکاندایە." هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی هێزە بیانییەکان کرد و رایگەیاند: "هەر جۆرە جووڵەیەکی هەڵە، دووژمن لەناو تەنگەکەدا تووشی گەردەلوولێکی کوژەر دەکات." ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران لە پاکستان شکستیان هێناوە و فەرمانی بە هێزەکانیان کردووە گەمارۆی گەرووی هورمز بدەن.
ترەمپ بۆ ئێران: هەڕەشەکەم جێبەجێ دەکەم دۆناڵد ترەمپ لە زنجیرە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاند، ئێران لەژێر گوشارێکی بێوێنەدایە و هیچ کارتێکی فشاری لەدەستدا نەماوە، بە جۆرێک دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە هاوشێوەی ڤەنزوێلای لێهاتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە توانای سەربازی ئەمریکا بە ڕادەیەکە دەتوانێت لە ماوەی تەنیا یەک کاتژمێردا ئێران وێران بکات، و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ئاگربەست نەبووایە، لە نیو ڕۆژدا تەواوی پردە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتەیان خاپوور دەکرد. ترەمپ ئاشکرای کرد، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی لە ناو جەرگەی ئێراندا ئەنجامداوە کە هیچ سوپایەکی تری جیهان توانای جێبەجێکردنی نییە، و ئێستاش ئێرانییەکان تەنیا وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەی ئاویان بۆ ماوەتەوە. سەبارەت بە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانیش، ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتانی کەنداو دەستیان بە هاوکاری ئەمریکا کردووە و ناتۆش دەیەوێت لە پاراستنی گەرووی هورمزدا بەشدار بێت. لە کۆتاییدا ترەمپ جەختی کردەوە کە دەبوو زووتر هێرش بکرایەتە سەر ئێران بۆ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی، و پێشبینیش دەکات بەهۆی ئەم فشارانەوە تاران ناچار بێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن. هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر ئێرانییەکان واز لە پلانەکانیان نەهێنن، هەڕەشەی وێرانکردنیان بەسەردا جێبەجێ دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکانی پاکستان رایگەیاند، ئێران ئامادە نییە واز لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت، بۆیە فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە تەنگەی هورمز گەمارۆ بدەن و رێگری لە هەر کەشتییەک بکەن کە سەرانە بە تاران دەدات. دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) پەیامێکی تووندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئێران بەڵێنی دابوو تەنگەی هورمز بکاتەوە، بەڵام بە ئەنقەست ئەو کارەیان نەکرد. ئەمە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ و ئازار بۆ زۆرێک لە خەڵک و وڵاتانی جیهان. دەڵێن مینمان لە ئاوەکەدا چاندووە، لە کاتێکدا تەواوی هێزی دەریایییان و زۆربەی مینڕێژەکانیان بە تەواوی تێکشکێندراون. ئەمە بێحورمەتییەکی گەورەیە بە ناوبانگی ئێران و ئەوەی لە رێبەرەکانیان ماوەتەوە." سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر زانیاریی تەواویان پێداوە دەربارەی کۆبوونەوەکە کە بە سەرپەرشتیی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ئەنجامدرا. ترەمپ دەڵێت: "ئەوان سوپاسم دەکەن بۆ رزگارکردنی 30 بۆ 50 ملیۆن مرۆڤ لە شەڕێکی سامناکی نێوان پاکستان و هیندستان." سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەکە لەگەڵ نوێنەرانی ئێران (قالیباف، عێراقچی و باقری) نزیکەی 20 کاژێر بەردەوام بووە و لەسەر زۆر خاڵ رێککەوتوون، بەڵام دەڵێت: "تەنیا یەک شت گرنگە؛ ئێران نایەوێت واز لە تەماحە ئەتۆمییەکانی بهێنێت! هەموو ئەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتین هیچ نین بەراورد بە رێگەدان بەوەی وزەی ئەتۆم لە دەستی گەلێکی وا ناسەقامگیر و پێشبینینەکراودا بێت. ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی!" وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر شکستی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، ترەمپ بڕیاری توندی دا و گوتی: "لە ئێستاوە، هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەست دەکات بە پرۆسەی گەمارۆدانی (بلۆککردنی) هەر کەشتییەک کە بییەوێت بچێتە ناو تەنگەی هورمز یان لێی بێتە دەرەوە. ئەمە سەرانەستێنییەکی جیهانییە (EXTORTION) و ئەمریکا هەرگیز رێگە نادات سەرانەی لێ وەربگیرێت." ترەمپ هۆشداریی دا بەو کەشتییانەی پارە بە ئێران دەدەن و گوتی: "فەرمانم بە هێزی دەریاییمان کردووە رێگری لە هەر کەشتییەک بکەن لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کە سەرانەی بە ئێران دابێت. هەر کەسێک سەرانەی نایاسایی بدات، گەشتێکی ئارامی نابێت. هەروەها دەست دەکەین بە لەناوبردنی ئەو مینانەی ئێرانییەکان چاندوویانە. هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان لە کەشتییە ئاشتیخوازەکان بکات، رەوانەی ناو دۆزەخ دەکرێت!" لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ هەڕەشەی کۆتایی لە تاران کرد و رایگەیاند: "ئێران باشتر لە هەر کەسێک دەزانێت چۆن کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنێت کە وڵاتەکەیانی وێران کردووە. هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە، رادارەکانیان بێسوودن، خامنەیی و زۆربەی رێبەرەکانیان مردوون. گەمارۆکە بەم زووانە دەست پێ دەکات و وڵاتانی دیکەش بەشدار دەبن. ئێمە لە ئامادەباشی تەواوداین و پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە، سوپاکەمان ئەو بڕە کەمەی لە ئێران ماوەتەوە کۆتایی پێ دەهێنێت!"
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق نایاسایی بووە و ئەو کەسەی هەڵبژێردراوە بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانن. هەروەها بڕیاری دا فراکسیۆنەکانی لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان. بەپێی راگەیەندراوێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی کە ئەمڕۆ 11-4-2026 بڵاوکرایەوە، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەسندکراوی پەرلەمان بووە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان بێ گوێدانە یاسا بەرنامەی کۆبوونەوەکەی دیاریکردووە. پارتی دەڵێت ئەو کاندیدەی دیاریکراوە "لە دەرەوەی ئالییەتی کوردستانی بووە" و ئاماژە بەوە دەکات کە پۆستی سەرۆککۆمار ئیستحقاقی گەلی کوردستانە نەک حزبێک، بەڵام ئەم کاندیدە لەلایەن حزبێکەوە دیاریکراوە و چەند لایەنێکی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق پەسەندیان کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو شێوازە هەڵبژاردنە رەتدەکەینەوە و کەسێکیش بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەری زۆرینەی کوردستانی نازانین و هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەین." هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کردووە و دەبووایە ناوی کاندیدی پارتی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لادرابایە. وەک هەڵوێستێکی کردەیی بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، پارتی بڕیاری دا هەردوو فراکسیۆنی حزبەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ راوێژکردن.
لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان لە ئیسلامئاباد، حکومەتی ئێران پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی کۆشکی سپی کرد و سەرکەوتنی دانوستانەکانی بە دوورکەوتنەوەی واشنتن لە سیاسەتەکانی ئیسرائیلەوە بەستەوە. هۆشدارییە تووندەکەی محەممەد ڕەزا عارف محەممەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە کلیلی گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێک لە پاکستان، لەژێر دەستی شاندی ئەمریکادایە، بەو مەرجەی وەک نوێنەری واشنتن مامەڵە بکەن نەک تەلئەبیب. عارف لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لە ئیسلامئاباد لەگەڵ نوێنەری ئەوانەدا گفتوگۆ بکەین کە دروشمی پێش هەموو شتێک ئەمریکا، یان بەرزکردووەتەوە، گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بۆ بەرژەوەندی جیهان بێت ئەگەری هەیە. بەڵام ئەگەر ڕووبەڕووی نوێنەری ئەوانە ببینەوە کە دەڵێن 'پێش هەموو شتێک ئیسرائیل'، ئەوا هیچ ڕێککەوتنێک نایەتە ئاراوە. تێچووی شکستی گفتوگۆکان جێگری سەرۆککۆماری ئێران هۆشدارییەکی توندتریشی دا سەبارەت بە ئەگەری بێ ئەنجامبوونی کۆبوونەوەکان. ئەو جەختی کردەوە کە ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، تاران بە توندی بەردەوام دەبێت لە ستراتیژی بەرگریکردن لە خۆی. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم سیناریۆیە "تێچوویەکی زۆر گەورەتر بۆ ئاسایشی جیهان" دروست دەکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری فراوانبوونی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەبینرێت. سەنگەری نوێی تاران لە ئیسلامئاباد ئەم لێدوانانەی عارف لە کاتێکدایە کە شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەدباقر قالیباف، لە پایتەختی پاکستانە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ تیمی نوێی حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس. شارەزایان پێیان وایە تاران دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم پەیامانەوە فشار بخاتە سەر واشنتن تاوەکو پرسی ئاسایشی ئیسرائیل و ململانێ هەرێمییەکان نەکاتە ڕێگر لەبەردەم ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئێراندا.
ئەمڕۆ شەممە، پایتەختی پاکستان میوانداری یەکێک لە گرنگترین و دەگمەنترین کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکان دەکات. شاندی باڵای ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگ، لەسەر مێزی گفتوگۆی دادەنیشن. پێکهاتەی شاندەکان: سەنگێکی قورسی سیاسی و سەربازی ئەم کۆبوونەوەیە بەهۆی ئاستی بەشداربووانەوە گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە: شاندی ئەمریکا: بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. ڤانس کە خاوەن پاشخانێکی سەربازییە و پێشتر لە عێراق خزمەتی کردووە، لەلایەن تیمێکی بەهێزەوە یاوەری دەکرێت کە پێکدێن لە: ستیڤ ویتکۆف: نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جارید کوشنەر: ڕاوێژکاری ترەمپ. ئەدمیراڵ براد کوپەر: فەرماندەی هێزەکانی سێنتکۆم. شاندی ئێران: بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەستپێدەکات، کەسایەتییە بڕیاربەدەستەکانی وەک عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئاسایشی نیشتمانی و عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی. نێوەندگیری و مێوانداریی پاکستان حکومەتی پاکستان بە بەرزترین ئاستی سیاسی و سەربازی چاودێری ئەم دانوستاندنە دەکات. شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و ژەنەراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری وڵات، ڕاستەوخۆ لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە دەبن بۆ دەستەبەرکردنی کەشێکی لەبار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. ماوەی گفتوگۆکان: سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکان دانەنراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لانی کەم دوو ڕۆژ بخایەنێت، ئەمەش نیشانەی جددیبوونی لایەنەکانە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکان. بۆچی ئەم کۆبوونەوەیە چارەنووسسازە؟ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیاردا دێت؛ جیهان چاوەڕوانە بزانێت ئەم "دیپلۆماسییەی ئیسلامئاباد" دەتوانێت کۆتایی بە هەڕەشەی جەنگ بهێنێت و بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام هەنگاو بنێت، یان ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت. ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە نەخشەی سیاسی و تەناهی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات.
دوای ماوەیەک لە وەستان بەهۆی بارگرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد. ئەم بڕیارە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 14 ڕۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت کە لە چوارشەممە، 8ـی نیسانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی و بەغدا بەم شێوەیە دەبن: ناوخۆیی: گەشتەکانی نێوان بەغدا - هەولێر و بەغدا - سلێمانی. نێودەوڵەتی: گەشتەکان بۆ شارەکانی (ئیستەنبووڵ، قاهیرە، و عەممان) دەستپێدەکەنەوە. گەشتەکانی ئەورووپا و چارەنووسی بلیتی گەشتیاران لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای ئەربیل، ڕایگەیاند لە ڕۆژی شەممە 11ـی نیسانەوە، گەشتە ڕاستەوخۆکانیان بۆ فڕۆکەخانەی دۆسڵدۆرف لە ئەڵمانیا و هەروەها بۆ ئیستەنبووڵ دەستپێدەکەنەوە. سەبارەت بەو هاونیشتمانییانەی پێشتر بلیتیان کڕیوە و بەهۆی داخرانی ئاسمانەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن، مەموندی دڵنیایی دایەوە کە، دەتوانن تا یەک ساڵی دیکە بلیتەکانیان بۆ گەشتکردن بەکاربهێننەوە، ئەگەر نەیانەوێت گەشت بکەن، مافی وەرگرتنەوەی پارەکەیان هەیە.
ڕۆژی پێنجشەممە 2026.4.9، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەولێر کرد، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ . پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە بەگشتی و برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا باسیان لێوەکرا و کونسڵی تورکیا لەهەولێر، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ شەهیدانی بۆردوومانە ناڕەواکانی ئەم دواییەی سەر هەولێری پایتەخت دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران و گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکە خواست، لای خۆییەوە، پارێزگاری هەولێر سوپاسی هەڵوێستەکانی کۆماری توركیا و کونسڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر كرد بۆ هاوسۆزی و هاوخەمیان. لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، كە تایبەت بوو بە میکانیزمی نوێی وەرگرتنی ڤیزا، کونسڵی تورکیا ڕوونکردنەوە و بەرچاوو ڕوونیدا کە گۆڕانکارییەکان تەنها لە ئاستی کۆمپانیای جێبەجێکاردا بووە و ڕێکارەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و هیچ گۆڕانكارییەك لە پیدانی ڤیزا نەكراوە. لە کۆتاییشدا، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگیی زیاتر بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان کردەوە.