Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
16-04-2026

پارتی: دژی ئەو "سەفەقاتانەین" کە بەسەر کەرکووکدا سەپێندراون

وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەقامگیریی وڵات بەندە بە دابینکردنی مافە رەواکانی پێکهاتەکان و دەشڵێت: "دژی ئەو سەفەقاتانە بووین کە لە هۆتێل رەشید بەسەر کەرکووکدا سەپێندران." مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی 14ـی نیسانی 2026 لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بارودۆخی کەرکووک رایگەیاند: "ئێمە لە پارتی وەک هەمیشە پاڵپشتی لە مافی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین و بەوپەڕی راشکاوییەوە رایدەگەیێنین کە سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان بەندە بە دابینکردنی مافە رەواکانی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و ئایینزاکان." وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە کەرکووک مەڵبەندی پێکەوەژیانی تەواوی پێکهاتەکانە و رەخنەی لە رێککەوتنە سیاسییەکانی رابردوو گرت و گوتی: "هەڵوێستی پارتیمان روون و ئاشکرایە و دژی ئەو سەفەقاتانە بووین کە بەدەر لە نیازپاکی لە هۆتێل رەشید، بەبێ بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی نوێنەری خەڵکی کەرکووک، بەسەر ئەو شارەدا سەپێندران. ئەم بارودۆخەی ئێستاش لێکەوتە و درێژەپێدەری ئەو سەفەقاتانەیە." مەحموود محەممەد جەختی لەوە کردەوە کە پارتی قوربانیی زۆری لە پێناو کەرکووک و خەڵکەکەیدا داوە و هەموو هەوڵەکانیان بۆ سەربەرزیی هاووڵاتیان بووە. راشیگەیاند: "لەگەڵ ئەو بڕیار و راسپاردانەدا دەبین کە بە هاوبەشیی هەموو لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی پێکهاتەکان بدرێن."

هەواڵ
16-04-2026

ترەمپ بۆ لوبنان: پابەندین بە چەسپاندنی ئاگربەست

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان ئەنجامدرا و تێیدا هەوڵەکان بۆ راگرتنی شەڕ تاوتوێ کران. لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، عەون سوپاسی هەوڵەکانی ترەمپی کرد بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە لوبنان و دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام، کە رێگە خۆش دەکات بۆ بەدیهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا. هەروەها هیوای خواست ئەم هەوڵانە بۆ راگرتنی تەقەکردن لە زووترین کاتدا بەردەوام بن. لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ پشتگیریی خۆی بۆ جۆزێف عەون و لوبنان دووپات کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پابەندە بە وەڵامدانەوەی داواکارییەکەی لوبنان بۆ چەسپاندنی ئاگربەست لە زووترین کاتدا.

هەواڵ
16-04-2026

سەرۆک بارزانی: هەموو ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون هەر...

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-04-2026، سەرۆک بارزانی بۆ یادی تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی، پەیامێکی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان لە 16ی نیسانی 1987دا، ڕژێمی پێشووی عێراق تاوانێكی تری لەدژی گەلی كورد ئەنجام دا كە بریتی بوو لە كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی. ئەو تاوانە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی بێتاوانی ناوچەكە.  ئەم تاوانە دەستپێكی پڕۆسەی كیمیابارانكردنی هاووڵاتیی سڤیل و بەردەوامبوونی سیاسەتی سڕینەوەی گەلەكەمان بوو. ڕژێم هەر بەو تاوانە نەوەستا و دەیان برینداری ئەو كارەساتەشی دوای دەستگیر كردن بەشێوەیەكی دڕندانە زیندەبەچاڵ كردن. لە سی و نۆیەمین ساڵیادی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیەدا، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو كارەساتە دەنێرین و هاوسۆزی خانەوادە و كەسوكاریانین. یاد و ئازاری ئەم تاوانە و هەموو ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون هەرگیز فەراموش ناكەین. مسعود بارزانی 16ی نیسانی 2026

هەواڵ
15-04-2026

هەڵویستی فەرمیی پارتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە ڕوونکردنەوەیەکدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنەکە ڕاگەیاند. دەقی پەیامەکەی فراکسیۆنی پارتی: جەماوەری خۆشەویست و تێکۆشەری شاری کەرکووک، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و نیشتمانپەروەران، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنین کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی (١٦ی نیسان)ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین و بایکۆتی دەکەین. ئەم بڕیارەمان تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە، لەوانە بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید؛ چونکە بڕوامان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی نوێنەرانی شارەکە و دەنگی ئێوەی دڵسۆز، زیان بە پێکەوەژیان و دەسکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت. ئەم بایکۆتە نیشانەی دووربینیی سیاسیەتی حەکیمانەی پارتیمانە و پابەندبوونمانە بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی؛ ئێمە ئامادە نین ببینە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن. پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان نەکات، وەرگرتنی پۆستیش بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت. ئێمە وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنینەوە و تەنها پشتگیری لە تەباییەکی وا دەکەین کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاوڵاتیانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ١٥ی نیسانی ٢٠٢٦

هەواڵ
15-04-2026

چۆن مانگی دەستکردی چینی بووەتە چاوی سیخوڕیی ئێران لەسەر بنکەکانی ئەمری...

لە نوێترین پەرەسەندنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان پەردە لەسەر هاوکارییەکی نهێنی و ستراتیژیی نێوان تاران و پەکین لادەدەن. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، ئێران مانگێکی دەستکردی سیخوڕیی چینی بۆ بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکارهێناوە. مانگی دەستکردی TEE-01B؛ چەکی نوێی هەواڵگری ئەم مانگە دەستکردە چینییە بە ناوی (TEE-O 1B) ناسراوە، بووەتە ئامرازێکی سەرەکی لە دەستی سوپای پاسدارانی ئێراندا. گرنگی ئەم تەکنەلۆژیایە لەوەدایە کە: چاودێریی ورد: ڕێگەی بە تاران داوە بە شێوەیەکی بەردەوام، بە وێنەی کوالێتیی بەرز، چاودێریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سعوودیە، عێراق و ئیمارات بکات. دیاریکردنی ئامانج: پێش هەر هێرشێکی مووشەکی، ئێران وێنەی نوێکراوەی شوێنەکانیان لە ڕێگەی ئەم مانگەوە وەرگرتووە. هەڵسەنگاندنی زیانەکان لەڕیگەی مانگی دەستکردەوە بەگوێرەی زانیارییەکانی فاینانشاڵ تایمز، تاران تەنیا بۆ دیاریکردنی ئامانج سوودی لەم مانگە دەستکردە وەرنەگرتووە، بەڵکو دوای لێدانەکان، وێنەی وردی ئەو شوێنانەی گرتووە کە مووشەکەکانی پێ گەیشتووە، ئەمەش بۆ ئەوەی بزانێت قەبارەی زیانەکان چەندە، تا چەند هێرشەکە سەرکەوتوو بووە، ئەم زانیارییانە یارمەتی ئێرانی داوە لە هێرشەکانی دواتریاندا، بە وردتر ئامانجەکانیان بپێکن. بازدانی هەواڵگری و ڕەهەندە سیاسییەکان شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە وەرچەرخانێکی مەترسیدارە لە تواناکانی ئێراندا. چەند خاڵێکی گرنگ لەم بارەیەوە هەن: هاوکاریی چین: بەبێ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی چین، ئێران توانای ئەوەی نەبوو بەم ئاستە وردە چاودێری جووڵە سەربازییەکانی واشنتن بکات. شکاندنی باڵادەستیی ئەمریکا: ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی باڵادەستیی تەکنەلۆژیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی تەحەدایەکی جددی بووەتەوە. تەکنەلۆژیای چینی بەکارهێنانی مانگی دەستکردی چینی لەلایەن ئێرانەوە، نیشانەی ئەوەیە جەنگی نێوان جەمسەرەکان تەنیا لەسەر زەوی نییە، بەڵکو بۆشایی ئاسمانیش بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هەواڵ
15-04-2026

ترەمپ: شەڕی ئێران لە کۆتایی نزیک بووەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران بەرەو کۆتایی دەچن. سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی هێرشەکان و ئاگربەست ڕایگەیاند: پێموایە جەنگەکە زۆر نزیک بووەتەوە لە کۆتایی. جەختی کردەوە لەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەریی کوشندەیان هەبووە و گوتی: ئەگەر ئێستا ئەمریکا بکشێتەوە، ئێران پێویستیی بە 20 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆی بونیاد بنێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا کارەکانیان تەواو نەبووە و چاودێری ڕووداوەکان دەکەن. ترەمپ بەرگریی لە بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران کرد و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە جیهانی لە مەترسییەکی گەورە ڕزگار کردووە و وتی: "ئەگەر هێرشمان نەکردایە، ئێستا ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیمان لە بەرانبەردا دەبوو"، هەموو وڵاتانی ناوچەکە نیگەرانیی ئەو پرسە بوون و داوای یارمەتییان دەکرد. سەبارەت بە لایەنی دیپلۆماسی، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند: پێموایە ئێرانییەکان دەیانەوێت لەگەڵمان بگەنە ڕێککەوتن. هەروەها ئاشکرای کرد کە ئەگەری هەیە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ بکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ململانێکان لە سەربازییەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

هەواڵ
15-04-2026

چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەردەم بڕیاری یەکلاییکەرەوەدایە

بڕیارە ئەمڕۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گرفتی مووچەی فەرمانبەران ئەنجام بدەن. بەهای ئەعرەجی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ئاماژەی بەوە کردووە کە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان دەکەنەوە کە 15 ڕۆژە. گرنگترین خاڵەکانی ئەم پرسە بریتین لە: کاندیدە دیارەکان: تا ئێستا نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی وەک کاندیدی سەرەکی دەبینرێن. ئەگەری نوێ: دەنگۆ ئەوەی هەیە نووری مالیکی، عەلی شوکری، وەزیری پێشووی سەر بە ڕەوتی سەدری وەک کاندیدێکی نوێ پێشنیاز کردبێت و ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر وەرگیرابێت. چارەنووسی کۆبوونەوەکە: پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکلاییکەرەوە بێت، هەرچەندە ئەگەری هەیە گفتوگۆکان تا کۆتا ساتەکانی مۆڵەتە دەستوورییەکە بە کراوەیی بمێننەوە. بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە لایەنی دارایی و بژێوی هاووڵاتیان. بەهۆی بوونی کورتهێنانی دارایی و گرفتی تەکنیکی لە دابینکردنی مووچەدا، سوودانی پێشنیازێکی خستووەتە ڕوو، حکومەت دەیەوێت پەنا بۆ یاسایەکی نوێی قەرزکردن ببات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەم پێشنیازە لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیراندا پەسەند بکرێت. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە شەوی دووشەممە لە ماڵی نووری مالیکی، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی شێعە بەڕێوەچووە. لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە پرسی کاندیدەکان، کارنامەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان تاوتوێ کراوە.

هەواڵ
15-04-2026

مەسرور بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەری ساڵی ئێزدییان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا هاتووە: پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماف و داخوازییەکانی خوشک و برایانی ئێزدی دووپات دەکەینەوە. دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەبۆنەی سەرساڵی ئێزیدیان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی خوشک و برایانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم، هیوادارم جەژنەکەتان بە ئاشتی و ئارامی بەسەر ببەن. لەم بۆنەیەدا پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماف و داخوازییەکانی خوشک و برایانی ئێزدی دووپات دەکەینەوە. سەری ساڵی ئێزدیان پیرۆز بێت و هەر لە خۆشیدا بن.

هەواڵ
14-04-2026

فرۆشتنی بەنزین بە جلیكان لە هەولێر قەدەغەیە

ئەمرۆ سێشەممە 2026.4.14، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەنجوومەنی بەنزینخانەكان ئەنجامدرا. پەڕەی فەرمیی پارێزگای هەولێر لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەوەی فرۆشتنی بەنزین بە جلیکانبە  هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە. هۆشداریشیدا هەر كەس و لایەنێک بەبێ مۆڵەت و بە هەر شێوەیەك بەنزین بفرۆشێت، ڕێكاری یاسایی توندی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر. هەر لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر، تیشكی خستە سەر ڕۆڵی بەڕیوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر و ئەنجوومەنی بەنزینخانەكان، لە نەهێڵانی ئەو گرفت و كێشانەی لە ئاكامی ئەو بارودۆخە نەخوارزاوی ناوچەكە دووچاری هاوڵاتییان هاتبوو، توانرا بە هاوكاری و هەماهەنگی هەموو لایەنەكان بە باشترین شێوەی ئیدارەی ئەو بارودۆخە بدرێت و بازاڕی سووتەمەنی تاڕادەیەک كۆنتڕۆڵ بكرێت.

هەواڵ
14-04-2026

جەنگی ئێران و ئەمریکا؛ نیویۆرک تایمز شکستی ستراتیژیی واشنتن ڕادەگەیەنێ...

لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئاسەوارەکانی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان واشنتن و تاران دەکات، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە وتارێکی شیکاریی تونددا پەردە لەسەر لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو جەنگە لادەبات کە دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران بەرپای کرد. ڕۆژنامەکە پێیوایە ئەمریکا نەک هەر بەهێزتر نەبووە، بەڵکو لە چوار قۆڵی سەرەکییەوە تووشی داخورانی پێگە و هێز بووە، کە ئەمانەن: یەکەم: گەرووی هورمز؛ چەکێکی هەرزان و کاریگەر بۆ تاران بەپێی ڕاپۆرتەکە، گەورەترین شکستی واشنتن لەوەدایە تاران توانیویەتی پێگەی جوگرافیی خۆی بکاتە چەکێکی ستراتیژی. داخستنی گەرووی هورمز فشارێکی بێوێنەی خستە سەر ئابووریی جیهان. نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم فشارە بۆ ئێران تێچوویەکی کەمی هەبووە، بەڵام بۆ ئەمریکا، هەوڵدان بۆ کردنەوەی گەرووەکە بە هێزی سەربازی، خەرجییەکی خەیاڵی و مەترسیی گەورەی بۆ سەر هێزە دەریاییەکانی واشنتن دروست کردووە. دووەم: کەمبوونەوەی چەک لە جبەخانەکانی ئەمریکا ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر لایەنێکی مەترسیداری جەنگەکە، ئەویش بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکایە و دەڵێت: زیاتر لە 25%ـی کۆی مووشەکەکانی تۆماهۆک بەکارهێراون. بەشێکی زۆری مووشەکەکانی سیستەمی پاتریۆت بەکارهێنراون، ئەمە پرسیارێکی جدی لای پسپۆڕانی سەربازی دروست کردووە، لەوەی ئەگەر قەیرانێکی دیکە لە ناوچەیەکی تری جیهان وەک تایوان یان ئۆکرانیا سەرهەڵبدات، ئەمریکا توانای بەرگریی ماوە؟ سێیەم: درز لە هاوپەیمانیەتییە مێژووییەکاندا نیویۆرک تایمز دەڵێت: ئەم جەنگە تەنیایی ئەمریکای نیشاندا. هاوپەیمانە نزیکەکانی وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور، کەنەدا و تەنانەت یەکێتی ئەورووپا، نەک هەر ئامادەی بەشداریکردن نەبوون لە جەنگەکەدا، بەڵکو خۆیان لە پشتگیریکردنی سیاسیی واشنتنیش بەدوور گرت. ئەمە گەورەترین درزی لە متمانەی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا دروست کردووە. چوارەم: شکستی ئەخلاقی و وێنەی جیهانیی ئەمریکا هەڕەشەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ سڕینەوەی شارستانییەتی ئێران، وێنەی ئەمریکای وەک پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەکەدار کردووە. ڕۆژنامەکە دەڵێت واشنتن لە ڕەفتارەکانیدا نزیک بووەتەوە لەو وێنانەی پێشتر خۆی وەک "شەیتان" وەسفی دەکردن. کاردانەوەی ترەمپ: ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز هەواڵی ساختەیە ئەم شیکارییەی نیویۆرک تایمز تووڕەیی توندی دۆناڵد ترەمپی لێکەوتەوە. ترەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال"ـەوە هێرشی کردە سەر ڕۆژنامەکە و گوتی: "ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو هەواڵی ساختە بڵاو دەکاتەوە. ئێران لە ڕووی سەربازییەوە سڕاوەتەوە، کەچی ئەوان دەڵێن ئێران سەرکەوتووە! کەی ئەم دەزگا گەندەڵە داوای لێبوردن لە من و لایەنگرانم و وڵاتەکەمان دەکات؟" جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد و 40 ڕۆژی خایاند. سەرەڕای کوژرانی سەرکردە باڵاکانی ئێران و ئاگربەستە کاتییەکە، بەڵام وەک ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێ دەدات، لێکەوتە ئابووری و سەربازییەکانی بۆ سەر ئەمریکا وەک برینێکی کراوە ماونەتەوە.

هەواڵ
14-04-2026

سەرۆک بارزانی: پێویستە ئەنفال لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جینۆساید بناسرێ...

سەرۆک بارزانی پەیامێکی لە سی و هەشت ساڵەی کارەساتی ئەنفال بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئامانجدار لەدژی گەلی كوردستان پیادە كرا. لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا سەد و هەشتا و دوو هەزار هاوڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران. هەروەها كیمیابارانكردن، تەعریب، دەركردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانكردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێكدانی هەموو بنچینەكانی ژیان لە كوردستان، بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە. ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە. هەروەها ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە. لە یادی سی و هەشت ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، و هاوبەشی خەم و ئازاری خێزان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالین.

هەواڵ
14-04-2026

مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتيی ئەخلاقی و دەستوور...

مەسرور بارزانی. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتيی ئەخلاقی و دەستووريی خۆی جێبەجێ بکات. دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا و بووە هۆی بێسەروشوێن بوون و شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان. ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیيانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکوو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە. لەم یادەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریەتيی ئەخلاقی و دەستووريی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە. لە سی و هەشتەمین ساڵیادی ئەنفالدا، سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

1 2 ... 33 34 35 ... 1142 1143