ئەمڕۆ دووشەممە 6/5 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوید کرا.سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی و پێویستی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتننەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە . لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت . باڵیۆزی سوید ئاماژەی بەوە دا کە سەڕەڕای گرفت و ئاستەنگەکان ، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی بەردەوامە . باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراجۆرەکاندا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
دەسپاکی عێراق: سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگایەکدا سەپێندرا. دەستەی دەسپاکی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتوە، دادگای تاوانەکانی ڕەسافە بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای زیندانیکردنی 15 ساڵی بۆ سەرۆکی پێشوتری ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەپێی مادەی 315ی یاسای سزادانی عێراق، کە ئەو تۆمەتبارە هەستاوە بە وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرێکی لە ساڵی 2015 تا 2017 لەکاتێکدا ئەو فەرمانبەرە موڵەت بوە.
گەنجێکی خەڵکی زاخۆ، کە شۆفێری تاکسییە و دوای حەوت رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی "بە برینداری" گەڕاوەتەوە ماڵەوە، تائیستاش ناتوانێت قسە بکات. کاژێر 07:00ی ئێوارەی رۆژی 29ی 5ی 2023، گەنجێکی تەمەن 38 ساڵ بەناوی عەزیز زەینەلعابدین ئیبراهیم، کە شۆفێری تاکسییە، ونبوو؛ دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی، تاکسییەکەی لە دەرەوەی سەنتەری زاخۆ دۆزرایەوە. لەبارەی گەڕانەوەی براکەی بۆ ماڵەوە، برای ئەو گەنجە گوتیشی، "کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو براکەم بە برینداری و لێدراوی گەڕایەوە ماڵەوە، بێتاقەت بوو، توانای قسەکردنی نەبوو، تەنیا ئەوەی گوت کە بۆ ماوەی حەوت رۆژ، لەلایەن چەند کەسێکەوە لێیدراوە، هێزە ئەمنییەکان بردبوویانە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چاودێریدایە." ئیبراهیم زەینەلعابدین، برای ئەو گەنجە راگەیاند، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە، رۆژی 29ی ئایار کەسێک تەلەفۆنی بۆ براکەم کرد و کاژێر 07:00ی ئێوارەی هەمان رۆژ تەلەفۆنەکەی داخرا و ونبوو. هەر زوو هێزە ئەمنییەکانی زاخۆمان ئاگادار کردەوە و دوای پێنج رۆژ لە ونبوونی براکەم، تەکسییەکەیمان لە دەرەوەی سەنتەری زاخۆ لە چۆڵەوانییەکدا دۆزییەوە." براکەی عەزیز داوای مافی براکەی دەکات و داواش دەکات، ئەو کەسەی رۆژی ونبوونی براکەی تەلەفۆنی کردووە ئاشکرا بکرێت و ئەو باندەی لەو حەوت رۆژەدا لێیانداوە، دەبێت ئاشکرا بکرێن و مافی براکەی ون نەبێت. عەزیز زەینەلعابدین 10 ساڵە ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و دانیشتووی سەنتەری زاخۆیە، هەشت ساڵە شۆفێری تاکسییە.
لەلایەن هێزەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر) لە ڕۆژی ٤ی ٦ی ٢٠٢٣، بە پلانێکی تایبەت، تیمەکانمان توانییان تۆمەتبارێک بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر بکەین کە کاری کرین و فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەکرد لە جۆری (دەمانچەی تورکی) کە ئەم جۆرە دەمانچەیە بەپێی یاسا قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە.داوا لە دانیشتوانی خۆشەویستی شاری هەولێر دەکەین، بە تایبەتیش دایکان و باوکانی بەڕێز، ئەوەیان لەبەرچاو بێ کە ئەم جۆرە دەمانچانە جێگای مەترسین و بەداخەوە لەدەرەوەی یاسا، لە لایەن هەندێک کەسی لە یاسادەرچوو کاری کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. بۆیە ئەگەر لەم جۆرە دەمانچانە لای رۆڵەکانتان هەیە، بۆ پاراستنی گیانیان و دوورخستنەوەیان لە ئەنجامدانی تاوان، داواکارین سەردانمان بکەن و ئەو جۆرە دەمانچانەمان ڕادەست بکەن یاخود ئاگادارمان بکەنەوە، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک لەم جۆرە دەمانچانەی لابێت یان چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
لە سبەینێ دوو شەممەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک، تونێلی دەربەندیخان لە کاتژمێر ٠۸:٠٠ ی شەو تا ٠۷:٠٠ ی بەیانی دادەخرێت بەمەبەستی ڕاکێشانی کێبڵی کارەبا هاتوچۆی دەربەندیخان دەڵێت، لەکاتی ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆ لە تونێلەکەدا دووبارە لە ڕێگەی ماڵپەڕ و پەیجی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادارتان دەکەین. تونێلەکە بە رۆژ واتە لە ٠۷:٠٠ ی بەیانی بۆ ٠۸:٠٠ ی شەو کراوە دەبێت و دوای ئەو کاتە تونێلەکە بەربەست دەکرێت، لەو کاتانەی کە تونێلەکە دادەخرێت شۆفێران دەتوانن ڕێگای سەرشاخ بەکاربهێنن. هاتوچۆی دەربەندیخان راشیگەیاند، بارهەڵگرەکان بەرۆژ دەتوانن تونێلەکە بەکاربهێنن بەڵام لە کاتژمێر ٠۸:٠٠ ی شەو بۆ ٠۷:٠٠ی بەیانی نە ڕێگای سەرشاخ و نە تونێلەکە ناتوانن بەکاربهێنن.
سهرلهئێوارهی ئهمڕۆ یهكشهم لهگهڵ داخستنی بۆڕسه، له شاری بهغدا نرخی 100 دۆلاری ئهمهریكی بۆ فرۆشتن گهیشته 148 ههزار دینار، بۆ كڕینیش نرخهكهی 146 و 500 دینار بوو. سهبارهت به ههرێمی كوردستانیش، ئێستا بههای 100 دۆلاری ئهمهریكی له شاری ههولێر بۆ كڕین 147 ههزار و 850 دیناره، بۆ كڕینیش 146 ههزار و 500 دینار. ئهمه له كاتێكدایه كه دوێنێ شهممه بههای 100 دۆلار له بۆڕسهی شاری بهغدا بۆ فرۆشتن 146 ههزار و 500 بووه، له شاری ههولێریش بۆ فرۆشتن 146 ههزار و 700 دینار بووه. بهمهش ئهمڕۆ بههای ههر 100 دۆلارێكی ئهمهریكی لهگهڵ دوێنێ زیاتر له ههزار دینار هاتۆته سهر.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی دەستگیرکردنی باندێکی جادوگەر و ماددەی هۆشبەر لە چەمچەماڵ ڕادەگەیەنێت بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ( ٧ ) کەس بە تۆمەتی( سحر و جادوو ) بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیردەکات . لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێری و بەدواداچونی وورد ، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە لە بەرواری ٢٠٢٣/٥/٢٥ لە قەزای چەمچەماڵ حەوت کەسیان لە ئەندامانی خێزانێک دەستگیرکرد کە هەستاون بە ئەنجامدانی سحر و جادوو نوشتە لە هاوڵاتیان بە ڕێگەی جیاواز بۆ مەبەستی جیاواز . هەروەها لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری ( حەشیش و کریستاڵ ). بەفەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە دەستبەسەر سەرجەم ئەو کەلوپەل و کەرەستە و وێنانەدا گیرا کە جادوو سحر و نوشتەیان پێوەدەکرد. لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بە ماددەی ( ٢٥ ) لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە .
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەڵێنەکانمان بۆ داهاتوویەکی دیجیتاڵی و کوردستانێکی بەهێز دەبەینە سەر. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سیستەمی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان لە تویتێکدا رایگەیاند، "بەڵێنەکانمان بۆ داهاتوویەکی دیجیتاڵی دەبەینە سەر"، گوتیشی: ئێستا دەتوانیت بازرگانییەکەت بە ئۆنڵاین تۆمار بکەیت لهڕێگهی (business.digital.gov.krd). بەمەبەستی ئاسانکاری و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی و خێرایی لە راییکردنی کار و مامەڵەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی دەکات و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەى ئەو پۆرتاڵە ئۆنلاینەی کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا ئاماژەی پێداوە، داواکاری پێشکەش بکەن.
ئاراس جهبار، شارهزای كهشوههوا رایگهیاند: "سبەی دووشەمە 5/6/2023، ئاسمانی ھەرێمی كوردستان، زۆربهی نیمچەھەور دەبێت و ھەندێک کاتیش دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو، لە ئەنجامی گەیشتنی بارستەھەوایەکی فێنکی دەریای ناوەراست بۆ سەرناوچەکانمان، پلەی گەرما بەرێژەی 3 تا 4 پلە بەڕاورد بە ئەمڕۆ نزم دەبێتەوە، خێرایی با لەسەرخۆ دهبێ و کاتەکانی دوای نیوەڕۆ مامناوەند دهبێت له نێوان 10 - 30 کم له كاتژمێرێكدا. بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ سهبهینێ بهم شیوهیه :-ھەولێر 35سلێمانی 34دھۆک 34ھەڵەبجە 36کەرکوک 37گەرمیان 40
بنەماڵەی هاوكار جاف رایدەگەیەنن "ئەمرۆ دادوەر فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ 9 تۆمەتباری دۆسیەی شەهیدكردنی هاوكار جاف دەركردوە". بنەماڵەی هاوكار جاف لە راگەیەنراوێكدا دەڵێن "ئەمڕۆ لەسەر بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر، دەربارەی كەیسی شەهید كردنی ئەندامی بنەماڵەكەمان شەهید عقید هاوكار جاف كە لە ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو تیرۆركرا ئەو تۆمەتبارانەی لای خوارەوە بە غیابی حوكمی اعدامییان بۆ دەرچوو". راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەم ناوانە كردووە "وەهاب مجید باقی، كارزان محەمەد رەشید، وریا خالد عەلی، عاسی رەشید حوسین، عەمار فەیسەل، لوئەی محمد رزا ، پۆڵا ناسراوه به (تایگەر)، لەشكر محمد حەسەن، دڵشاد زیاد ئەحمەد".
شاخەوان عەبدوڵڵا راگەیەندراوێكی بە ناونیشانی "وەڵامێك بۆ خێزانی كەبابچی" بڵاو كردووەتەوە و نووسویەتی " بڕیار نەبوو وەڵامتان بدەمەوە بەڵام بەداخەوە لای زۆر كەس وای لێهاتووە بە چاو بڕیار بدات نەعەقڵ.” شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە راگەیەندراوێك وەڵامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و كەناڵەكەی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە و دەڵێ كەناڵەكە خەریكی درۆ و بوختانن لە دژم، ئاشكراشی دەكات كە بە سروە عەبدولواحیدی گوتوە “لیژنەیەکیش بە ئێوە دەدەم وەک نەوەی نوێ گوتی باشە، گوتم بەڵام یەک مەرجم هەیە لێرە لە بەغدا دەبێت بەرگری لە بودجە و مووچەی خەڵ کی کوردستان و پێشمەرگەو ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بکەن فراکسیۆنەکان رازی بوون تەنیا سروە عەبدولواحید رازی نەبوو گوتی من پەرلەمانتاری عێراقم و حەقم بەسەر هەرێمەوە نییە” وتیشی “ماوەیەكە ئەم كەناڵە(ئێن ئار تی) خەریكی درۆ و بوختان و چەواشەیە دژی ئێكە ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك." “یەکەم / لە کاتی دابەشکردنی لیژنەکانی کورد بەسەر فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەکم لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان کرد و سەرۆکی هەر یەک لە فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئامادەبوون، پێم وابێت کاک سۆران لەوێ نەبوو دوای کۆبوونەوەکە هات و لە کۆبوونەوەکە دوای پارتی و یەکێتی بە سروە عەبدولواحیدم گوت لیژنەیەکیش بە ئێوە دەدەم وەک نەوەی نوێ گوتی باشە، گوتم بەڵام یەک مەرجم هەیە لێرە لە بەغدا دەبێت بەرگری لە بودجە و مووچەی خەڵ کی کوردستان و پێشمەرگەو ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بکەن فراکسیۆنەکان رازی بوون تەنیا سروە عەبدولواحید رازی نەبوو گوتی من پەرلەمانتاری عێراقم و حەقم بەسەر هەرێمەوە نییە منیش گوتم ئەوەی بەرگری لە کورد نەکات لیژنەی پێ نادەم ، دواتریش چوو لە کەناڵی عەهد بۆ ئەوەی هەندێکی تر خۆی لەلای نەیارانی کوردستان شیرین بکات باسی لەوە کرد گوایە من پێم گوتبیت بەرگری بکە لە پارتی ئەوجا لیژنەتان پێ دەدەم ، کە ئەمە جیا لەوەی درۆیەکی گەورە بوو دڵنیاشم پارتی ئەوەندە بچوک نییە خەڵکی لەو شیوەیە بەرگریی لێبکات." شاخەوان عەبدوڵڵا نووسیویەتیشی "لە کاتی دابەشکردنی ئەندامانی پەرلەمان بەسەر لیژنەکان تەواوی پەرلەمانتارانی کوردم دابەش کرد بەسەر لیژنەکان بەو شێوەی خۆیان دەیانویست ، تەنیا نەوەی نوێ گوتیان ئیمە پەیوەندیمان بە کوردەوە نییە و لەگەڵ ئیمتداد هاوپەیمانیمان دروست کردووە گوتم باشە بەڵام دوای گلەیی نەکەن گوتیان باشە ، کەچی بەڵێنیان پێدان ئەندامێکیان لە لیژنەی دارایی دانێن دوای راستیان لە گەڵیان نەکرد و هاتنەوە بۆ لای من گوتیان ئەو ئەندامەمان بۆ بگەڕێنەوە بۆ دارایی، چەند جارێک سروە و جاریکیش کاک ریبوار و جارێکیش کاک ئومێد محەمەد هاتن ، گوتم بە مەرجێک لەبەرامبەر ئەو درۆیەی لە كەناڵی عەهد کردووتانە داوای لێبوردن بکەن ئەگینا هیچتان بۆ ناکەم." دەشڵێ: "ئەوەی سەیرە ئیستا باس لە لیژنەی دارایی دەکەن و گوایە دەسکەوتیان هەبووە کەچی هیچ پەرلەمانتارێکیشیان نییە لەو لیژنە ، باس لە زانیاری ناو کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەکەن و هیچ ئەندامێکیان لەوێ نییە ، بەداخەوە ئەوەندە درۆیان کردووە و خەڵك بڕوای پێکردوون فێربوونە داهێنان دەکەن لە درۆ و چەواشەکاری." شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە ئەوەش داوە "ئێوە بۆ دەنگ و خۆڵکردنە چاوی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان باسی پاشەکەوتی مووچە دەکەن ئەگەر راست دەکەن هەنگاوی کردەیی بنێن وەکو ئێمە کە چەند رۆژە خەریکی دابینکردنی پارەین بۆ ئەو بابەتە و نووسراویشمان کردووە هەوڵیشمان داوە ،بەڵێ من لە بەغدام نوێنەری میللەتێكم نابێ رێگە بدەم مافی گەلەکەم پێشێل بکرێت رۆژانە خەریکی ئەوەین چۆن مافە دەستوورییەکانمان بەدەست بهێنین و خەریکی رێگەگرتنیین لە تەعداکردن لە خەڵک و جووتیارانی ئێمە لە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم ، ئێوەیش ئەوەی خودا پێ ناخۆشبێت و دژی میللەت و خاکی خۆتان بێت دەیکەن،لە كۆتاییدا دەڵێیم ئاین و کۆمەلڵگا و پەروەردەی خێزانی و حزبیم رێگەم پێنادات ئەوەی لەلامە لەسەر ئێوە بڵاوی بکەمەوە چونکە شتی زۆر قێزەون و ناشرینە."
لە نۆی ئەم مانگە پەرلەمان دەچێتە خوولی پشووی یاسادانانەوە، بۆیە پێش ئەم بەروارە، پڕۆژە یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانی گشتییەوە. سەعد مانع، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان تەنیا پێویستی بە چەند کاتژمێرێکە تاوەکو تاوتوێی گواستنەوەکان و بڕگە زیادکراوەکان لە پڕۆژەیاساکەدا بکات ئەویش بە شێوەیەکی نیمچەیی تەواوکراوە چاوەڕێن بخرێتە دەنگدانەوە. روونیشی کردەوە، ئەو درەنگ کەوتنە بۆ بڕگەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە لە لیژنەی داراییدا دەنگی لەسەردراوە، بەڵام ئەگەری هەیە هەماهەنگی سیاسی لەسەر بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ لەسەر بدرێت. ئاماژەی بەوەشداوە، لە نۆی ئەم مانگە پەرلەمان دەچێتە خوولی پشووی یاسادانانەوە، بۆیە پێش ئەم بەروارە، پڕۆژە یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانی گشتییەوە.