Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13762 بابەت
هەواڵ
07-06-2023

کورد، لە دوای خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر ۱۱۰ پۆستی لەکەرکوک لەدەستداوە

لە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر، تا ئێستا کورد لە پارێزگای کەرکوک ۱۱۰ پۆستی لەدەستداوە. لە ڕووی ئیدارییەوە بووەتە نەتەوەی سێیەم و کەمترین پۆستی لەلا ماوەتەوە. ژمارەیەک ڕێکخراو و ڕۆژنامەنوسی کورد لە پارێزگاکە لە بەدواداچونێک لەسەر پێگەی ئیداری کورد لەشارەکە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوەی ئێستا بەرامبەر کورد دەکرێت لە پارێزگاکە لە سەردەمی بەعسیش وێنەی نەبووە. بەبەرنامە هەوڵی بەرکەنارکردنی کورد دەدرێت لەڕووی ئیداریەوە. لە دوای خیانەتەکەی یەکێتی لە ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷، پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی یەکێتێ بوو لە کورد وەرگیرایەوەو درایە پێکهاتەی عەرەب. لە کاتێکدا لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان لەدوای ۲۰۰۳ەوە کورد لەپلەی یەکەمدا بووە. قایمقامی ناوەندی کەرکوک، پشکی پارتی بوو درا بە بەرەی تورکمانی و قایمقامی داقوق پشکی یەکێتی بوو درا بە عەرەب و لە کۆی پینج قایمقامیەتی پارێزگای کەرکوک تەنانەت یەک قایمقامیەتی لای کوردن نین. پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیس و پۆلیسی قەزاو ناحیەکان کورد بوون. ئێستا تەنها بەڕێوەبەری پۆلیس لای کورد ماوەتەوە. پۆلیسی فیدڕاڵی شوێنی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی گرتوەتەوە. هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و کشتوکاڵ، دوو بەڕێوەبەرایەتی دیار بوون لای کورد. ئێستا دراون بە تورکمان و عەرەب. سەرۆکی زانکۆی کەرکوک، پشکی کورد بوو ئێستا دراوەتە تورکمان. لە کۆی ١٠٩ فەرمانگەی حکومی لە شاری کەرکوک، بەڕێوەبەرەکانیان بەم شێوەیەیە: ٤٥ بەڕێوەبەری عەرەبن٤١ بەڕێوەبەری تورکمانن٢٢ بەڕێوەبەری کوردن و کورد ڕێژەی ٢٠ لەسەدی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی لا ماوە. لە کۆی گشتی سەرجەم فەرمانبەرانی شاری کەرکوک ڕێژەی نەتەوەکان بەم شێوەیەیە:٣٥٪ عەرەب٤٣٪ تورکمان٢٢٪ کوردن١٪ کریستیان کورد چاوی لەوەیە بەگواستنەوەی میلاکاتی پەروەردەی هەرێم لە کەرکوک بۆ سەر بەغدا ڕێژەکەی بۆ نزیکی ۳۰ لەسەد بەرز ببێتەوە. ڕێکخراوەکانی کورد و ڕۆژنامەنوسان کۆمپانیای نەوتی باکوریان وەک گەورەترین دامەزراوەی حکومی پارێزگاکە بە نمونە وەرگرتووە کە ژمارەی فەرمانبەرانی (١٢.٣٣١) کەسە بەم شێوەیە لە نێوان پێکهاتەکان دابەشبووە:٤٩٪ عەرەب٤٢٪ تورکمان٨٪ کورد١٪ کریستیان لە کۆی (١٢) بەڕێوەبەری دەستەی ناو کۆمپانیاکە، ھیچ کوردێکی تێدا نیە و ٧ عەرەب و ٤ تورکمان ١ کریستیانن. لە کۆی ٥١ بەش لە کۆمپانیا بەم شێوەیەیە:٣٢ عەرەب و ١٤ تورکمان و ٣ کورد و ۲ کریستیانن. لەدوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر، زۆرینەی ئەو پۆستانەی لە یەکێتی وەرگیراونەتەوە دراون بە ڕێکخراوی بەدر کە تورکمانی شیعەو عەرەب و شیعە و چەند کوردێکی فەیلی لە شوێنیان دانراون. زۆرینەی ئەو پۆستانەی لای پارتی بوون لە لایەن عەرەبەوە پڕ کراونەتەوە. تا ئێستا پارتی بارەگای لە پارێزگای کەرکوک نییە، جگە لە دوو بارەگای ناوچە لە قەرەهەنجیر و سەرگەڕان و نوسێنگەیەکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە شارەکە، هیچ پۆستێکی حکومی بەفەڕمی لای پارتی نەماوەتەوە. یەکێتی کە حزبی یەکەمی پارێزگاکەیە تەنها دوو بەڕێوەبەری ناحیەی هەیە.

هەواڵ
06-06-2023

ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەک دەستگیر کرد

دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەک لە قەزای (حدیثە لە پارێزگای ئەنبار) دوای ئەوەی زانیماریمان پێ گەیشت کە دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەک داوا کراون لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی (حدیثە)ی سەر بە پارێزگای ئەنبار، تۆمەتبارەکان هەڵاتوون بەرەو هەرێمی کوردستان و لە سنووری پارێزگای هەولێر نیشتەجێ بونە، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن تیمەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر)، دەستمان کرد بە ئەنجامدانی لێکۆڵينەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتبارەکان.لەم چوارچێوەیەدا لە ڕۆژی ٦ی ٦ی ٢٠٢٣ توانیمان لە گوندێکی نزیک شاری هەولێر، هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ع،أ،ب) و (ح،أ،ب) بە بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر بکەین و لە کاتی دەستگیر کردنیاندا، چەکی جۆری (دەمانچە)یان لابوو.تۆمەتباران لە لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا نا، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە ڕێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر. بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

هەواڵ
06-06-2023

بارهەڵگرێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا

کاتژمێر3:30خولەکی پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ ،لەسەر ڕێگای سەرەکی شەقلاوە باسرمە سپیلک،لەنزیک گوندی گولەک، بارهەلگرێک لەدوای دەرچونی لەشەقام ،کەوتە ناو هەلدێرێک و وەرگەڕا،بەداخەوە لەدەرەنجامی ڕوداوەکەش شوفێری بارهەلگرەکە گیانی لەدەستدا ،وەزیانێکی زۆری مادیش کەوتەوە. فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر

هەواڵ
06-06-2023

مەسرور بارزانی پێشانگەی هایتێکسی لە هەولێر کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 6/6/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی هایتێکسی لە هەولێر کردەوە. ئەمە چوارەم جارە پێشانگەی هایتێکس لە هەولێر دەکرێتەوە، بۆ ئەمساڵ 121 کۆمپانیا لە 20 وڵات جیاواز بەشداریان کردووە و لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە ئەوانیش پێشانگە، کۆنفرانس، ئەستێرەکانی داهاتوو و گۆشەی کاریگەر.  هایتێکس چالاکییەکی تەکنەلۆژیایە و تێیدا نوێترین و دوایین داهێنانە تەکنەلۆژییەکان نمایش دەکرێن، رێکخەرانی پێشانگەکەش خۆشحاڵن بە بەشداریکردنی حکومەت و سەرۆکی حکومەت لە هایتێکس. رابەر کەریم، بەرپرسی بەشی فرۆشتن و رێکخەری پێشانگەی هایتێکس بە کوردستان24ـی راگەیاند، هاتێکسی ئەمساڵ دەربارەی بە دیجیتاڵکردنی عێراق و هەرێمی کوردستانە، زۆربەی ئەو کۆمپانیایەی بەشداری پێشانگەکە دەکەن دەیانەوێت پیشانی ژینگە و بازاڕ و حکومەتی بدەن، کە ئامادەن وەک سەرچاوەیەکی تەکنەلۆژی سەیر بکرێن، تاوەکو حکومەت زیاتر پشت بە کۆمپانیا نێوخۆییەکان ببەستێت لە بواری بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان. گوتیشی: "ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی زۆر گەورەیە و جددییەتی حکومەت پیشان دەدات لە بابەتەکەدا، هەروەها وادەکات کۆمپانیا بیانییەکان نەترسن لەوەی بێنە هەرێمی کوردستان.

هەواڵ
06-06-2023

رۆژی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە بودجە دیاریکرا

رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 کۆدەبێتەوە.  ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 8ـی حوەزەیرانی 2023 پەرلەمان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 13:00 بەڕێوەدەچێت.

هەواڵ
06-06-2023

وادەی کۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دیاریکرا

رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 8ـی 6ی 2023 پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی لێکتێگەییشتنێکی باش لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە.

هەواڵ
06-06-2023

ئێران بەفەرمی باڵیۆزخانەی خۆی لە سعوودیە دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 6ی حوزەیرانی 2023، ئێران دەرگای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سعوودیە دەکاتەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، نزیکەی سێ مانگ دوای رێککەوتنی تاران و ریاز لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە 6ی حوزەیرانی 2023، بەپێی رێککەوتنێک باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە سعوودیە دەکاتەوە. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانمان، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز، کونسوڵخانەی گشتیمان لە جەددە و نووسینگەی خۆمان لە رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی دەکەینەوە.

هەواڵ
06-06-2023

مەسرور بارزانی پێشانگەی هایتێکس دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 6/6 کاتژمێر 10:00 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان , پێشانگەی هایتێکس HITEX 2023 لە شاری هەولێر دەکاتەوە.

هەواڵ
05-06-2023

لە سلێمانی نۆ کەس بە شەڕە چەقۆ و دەمانچە برینداربوون

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە شەڕی نێوان دوو گرووپدا، نۆ کەس برینداربوون و پۆلیس 18کەسی دەستگیرکردووە. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، کاژێر 3:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ، دوو گرووپ کە هەر گرووپە و خزم و کەسی یەکدی بوون، لەنێو شاری سلێمانی بووە بە شەڕیان و نۆ کەس لە هەردوولا برینداربوون. بریندارەکان، وەک سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت، "شوێنی چەقۆ و گولـلەی دەمانچە بە جەستەیانەوەیە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون." لەبارەی رێکارەکانیان بەرامبەر تۆمەتبارەکان، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و 18 کەسیان لە هەردوولا دەستگیرکردووە. بەگوتەی سەرکەوت ئەحمەد، شەڕکەرەکان "قەرەجن" و ماوەیەکە چوونەتە سلێمانی و لەوێ نیشتەجێبوون، کێشە لەنێوان هەردوولادا هەبووە و شەڕەکەش پەیوەندیی بە کێشەیەکی کۆنیانەوە هەبووە. رووداو

هەواڵ
05-06-2023

مەسرور بارزانی پرسەنامەیەکی ئاراستەکرد

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی قەشە (فرانسیس جوبرائیل شێر) پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە. دەقی پرسەنامەکەی:بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی ناسراوی کلدانی شاری شەقڵاوە خوالێخۆشبوو قەشە فرانسیس جوبرائیل شێر-م پێگەیشت. پرسە و سەرەخۆشی لە سەرۆکایەتی کەنیسەی کلدانی ومەتڕانی ئیبارشیەی هەولێر وبنەماڵە بەڕێزەکەی و کەس و کار و ئاشنایانی و خوشک و برایانی کریستیانی شەقڵاوە دەکەم و هاوخەمیانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
05-06-2023

دەست بەسەر برێكی زۆر پەینی كشتوكاڵی و برنجی ساختەكراو داگیرا

لە سنوری قەزای سۆران دەست بەسەر برێكی زۆر پەینی كیمیایی و كشتوكاڵی و برنجی ساختەكراو داگیرا. لەمبارەوە ڕەجەب زبێر حارس، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لە بنكەی گومرگی سۆران، 1002 دەبەی پەینی كیمیایی كشتوكاڵی كە بریتی بوو لە 20 هەزار و 40 لیتر، دوو رێککەوتی لەسەر بوو كە ڕێگە پێدراو نییە، لە لایەن بنكەی گومرگی سۆران دەستی بەسەردا گیرا و ڕاستەوخۆ ڕادەستی لیژنەی ئابووری سۆران كرا، دوای گرتنەبەری ڕێكکاری یاسایی بە ئامادەبوونی كەسانی شارەزا لە ناو دەبردرێت". ئەوەشی خستە روو: "لە بازگەیەكی ئاسایشی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەست بەسەر 25 تۆن برنجی (هیرا)دا گیرا، كەسانێك دەیانویست بە شێوەیەكی ساختە لە سلێمانی بۆ دهۆک بیگوازنەوە". وتیشی: "دوای دەستبەسەرداگرتنی ڕادەستی لیژنەی ئابووری سۆران كرا، لەوێش ڕەوانەی هەولێر کرا، بۆ ئەوەی بکرێتە حەلەفی ئاژەڵان، رێکاری یاسای بەرامبەریان گیرایەبەر و پێ بژاردنیان بۆ كرا".

هەواڵ
05-06-2023

ئەنجامی تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلی نۆی بنەڕەتی ڕاگەیەنرا

وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی تاقیکردنەوە نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی ساڵى خوێندنى (۲۰۲۲-٢٠٢٣) خولى دووەمی ڕاگەیاند. بە رێگاى ئەم لینکەى خوارەوە دەتوانن ئەنجامى تاقیکردنەوەکانتان وەربگرنەوە: https://azmwnakan.com/

1 2 ... 344 345 346 ... 1146 1147