وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٦/١٥ ، بڕی چوار سەد ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕەشیدو ڕافیدەینەوە گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی یەک شەممە ٢٠٢٣/٦/١٨ بەوەزارەتی تەندروستی دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکرێت.
ئەمرۆ پێنجشەممە ١٥/٦/٢٠٢٣ لە بڵاوکراوەیەکی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان، هاتووە کە بازارگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەسگیرکردوە. دەقی راگەیەنراوەکە: تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەھۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوونی ورد و گرتنەبەری رێکارەیاساییەکان بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان بە (١٥)کیلۆ ماددەی کریستاڵەوە دەستگیرکرد کە ئامادەکرابوو بۆ گواستنەوەی بۆ وڵاتێکی تر، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتە بۆ تەواوکردنی رێکارەیاساییەکان. بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان٢٠٢٣/٦/١٤
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقی بە سەرۆکایەتی بەسام سالم سەرۆکی دەستەکە کرد. شاندەکە کورتەیەکیان دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی دەستەکەیان لە بواری ڕاگەیاندن و گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری خستەڕوو و ئامادەیی خۆشیان، بۆ هاریکاری و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی .سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی و کاریگەریی کەرتی گەیاندن و تەکنەلۆژیای زانیاری و پێشکەوتنی خێرای ئەو بوارە کرد کە جیهان ئەمڕۆ لە سەردەمی ژیریی دەستکرد دا دەژی و دەرفەتی بەرفراوانی لە هەموو بوارەکاندا، لەبەردەم مرۆڤایەتیدا کردووەتەوە.سەرۆکی حکومەت خواستی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەستەکە دووپات کردەوە و جەختیشی لە گرنگیی هەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێم لە دەستە و دامەزراوە فیدراڵییەکان کردەوە.
بهيانيى ئهمڕۆ پێنجشهممه 2023/6/15 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى باڵاى سهربازيى بهريتانى به سهرۆكايهتيى مارشاڵ سامى سامپسۆن گهوره ڕاوێژكارى بهرگريى بهريتانى له ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئافريكا كرد كه له ژمارهيهك له پلهداران و بهرپرسانى باڵاى سهربازيى بهريتانى پێكهاتبوو. له كۆبوونهوهيهكدا كه خاتوو ڕۆژى كهيڤ كونسولى گشتيى بهريتانيا له ههرێمى كوردستان ئامادهى بوو، دۆخى ئهمنيى عێراق و ههرێمى كورستان و چاكسازييهكانى وهزارهتى پێشمهرگه و هاريكاريى هاوبهشى ئهمنى تاوتوێ كران. ههردوولا جهختيان له گرنگيى سهرخستنى پرۆسهى ڕێكخستنهوه و يهكخستنى پێشمهرگه و چاكسازييهكانى وهزارهتى پێشمهرگه كردهوه و ئاماژهيان بهوه دا كه دهبێ پرۆسهكه به شێوهيهكى كاراتر بهڕێوه بچێت. لهمبارهيهوه بهڕێز سهرۆكى ههرێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينى پێشكهش به بهريتانيا و وڵاتانى ديكهى دۆست كرد بۆ پشتگيرى و هاوكارييان له پرۆسهكه. لاى خۆيانهوه شاندى ميوان دووپاتيان كردهوه كه بهريتانيا به بايهخهوه له ئارامى و سهقامگيريى ئهمنيى عێراق و ههرێمى كوردستان دهڕوانێت و له پێشكهشكردنى هاوكارى و پشتگيريى ئهمنى بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى عێراق و ههرێمى كوردستان و سهرخستنى پرۆسهى چاكسازى و يهكخستنهوهى پێشمهرگه، بهردهوام دهبێت. دۆخى ناوچهكه بهگشتى و چهند پرسێكى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى كۆبووهوهكه بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، داوای لەو عێراقییانەش کردووە کە لە سوودانن، تاوەکو رۆژی یەکشەممە نەچنە ئەو شوێنانەوە کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەکات. رۆژی چوارشەممە 14-06-2023 د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بەناوی "بانگەوازی زۆر بەپەلە" کە ئاراستەی عێراقییەکانی سوودانی کردووە، دەڵێت، "لەپێناو گەڕاندنەوەی بەشێکی دیکەی عێراقییەکانی سوودان و لەسەر داوای ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی وەڵامدانەوەی دیپلۆماسیی بەپەلە لە وەزارەتی دەرەوە، داوا لە رەوەندی عێراقی لە سوودان دەکەین، کاژێر 06:00ـی بەیانیی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 18-06-2023، لە فڕۆکەخانەی بۆرتسوودان ئامادەبن بۆئەوەی لە رێگەی فڕۆکەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق." گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، داوای لەو عێراقییانەش کردووە کە لە سوودانن، نەچنە ئەو شوێنانەوە کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەکات، داواشی لێکردوون لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بەم ژمارە مۆبایلەوە (009647700630600) بکەن. رۆژی 14ی مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو عێراقییانەی لە سوودانەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق 429 کەس بوون.
رۆژی 19ـی 6ی 2023 عێراق و تورکیا لە بەغداد کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. باسم محەممەد عەبادی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی راگەیاندوە، رێککەوتن لەگەڵ تورکیا کراوە رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە بەغداد کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی. دەشڵێت: لە ماوەکانی رابردودا هەردولا پەیامیان بۆ یەکدی ناردوە لەسەر ئەوەی پێویستە لە زوترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ رۆیتەرز لە زاری سەرچاوە تایبەتەکانییەوە ئاشکرای کردبو کە کۆبونەوەی نێوان ئەو دو وڵاتە دەکرێت، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق هەواڵەکەی رەتکردەوە.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیمانگەی ئاشتی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمهریکا لە واشنتن، گوتارێكی پێشكهشكرد. تێیدا دهڵێت: "سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی رژده لهسهر ئهنجامدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان". رێبهر ئهحمهد لهبارهی دۆخی ههرێمی كوردستان و عێراق و رۆژههڵاتی ناوهڕاست، گوتی: "ئهو گۆڕانكارییهی كه لهدوای 2003 له عێراق دهستیپێكرد، بووه هۆی دانانی دهستوورێكی نوێ، ههمووان پهسهند و قبووڵیانكرد". گوتیشی: "ئێمه له ههرێمی كوردستان دهستپێشخهرییهكی باشمان كرد، بۆ ئهوهی دیموكراسییهتێكی نوێ له ناوچهكه له دایك بێت و ببێته نموونهیهك بۆ رۆژههڵاتی ناوهڕاست". لهبارهی ههماههنگییهكانی نێوان بهغدا و ههولێر، رێبهر ئهحمهد گوتی: " حكومهتی عێراق هاوكاری پێشمهرگه ناكات". ئاماژهی بهوهشكرد، رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی عێراق واژۆكراوه، شەش مانگ دەرفەتدراوە بۆ ئەوەی پرۆگرامی کابینەکەی سوودانی جێبەجێ بکرێت. وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێ، لەوانەیە شەش مانگی دیکە بدرێته سەرۆکوەزیران سوودانی، بۆئەوەی بزانین دەرئەنجامی ئەو رێککەوتنە سیاسیەی لەگەڵی کراوە چی دەبێت؟ بەڵام تا کۆتایی نابێت. دهشڵێت: بڕوام وایە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پهرلهمانی كوردستان، داهاتووی هەرێمی کوردستان باشتر دەبێت. گوتیشی: "هیچ شتێک ناتوانێت پێش بە ئهنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بگرێت و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رژده لەسەر ئەوەی هەرچی زووە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت". ئهوهشی خستهڕوو، ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنی نوێ لە هەرێمەکەمان بکرێت، بڕواموایە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، داهاتووی هەرێمەکەمان لە ئێستا باشتر دەبێت، هەموو ئهو کێشانەی لەبارەی هەڵبژاردنهوه ههن، چارەسەر دەکرێن. رێبهر ئهحمهد داواشی لە هەموو لایەنەکان سیاسییەکان كرد، پشتیوانی لە هەوڵەکان بکەن بۆ ئەوەی رێککەوتێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دیاری بکەن و هەرچی زووە هەڵبژاردن بکرێت. باسی لهوهشكرد، "بڕیاربوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی نۆدا بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو کێشانەی روویدا و هەندێک لایەن نەیانویست لەو کاتەدا هەڵبژاردن بکرێت و دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق دۆخەکە ئاڵۆزتربوو، هەڵبژاردنەکان دواخران، هیچ رێککەوتێکی نوێش دیاری نەکراوە بۆ هەڵبژاردنەکان. بەڵام هیچ شتێک ئێمە لە کوردستان ناوەستێنێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکەین. چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە. ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن". چەند رۆژێکە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمهریکایە و لەگەل بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمهریکا کۆبووەتەوە. رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، تێکشکاندنی داعش، گرنگی ڕێکهوتنی لێکتێگهیشتنی نێوان ئهمهریکا و ههرێمی کوردستان و چاکسازییهکانی پێشمهرگه و هاوکاریکردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی هێشتا لە هەرێمی کوردستانن. هەروەها بههێزکردنی دۆستایهتی نێوان ههرێمی کوردستان و واشنتن باس کردووە.
سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەیدسادق پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ کوژراوە و شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوەیە. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 14-06-2023 لە سەیدسادق پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ بە ناوی (س. م) کوژراوە، "تیمەکانمان کاتێک چوونەتە سەر رووداوەکە، ئەو کەسە گیانی لەدەستداوە و شوێنەواری گولـلە بە جەستەیەوە بووە." تەرمی ئەو پیاوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق، سامان نادر دەڵێت، دواتر دەبرێتە داد پزیشکی سلێمانی. بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان 183 رووداوی کوشتنی بەئەنقەست، 32 رووداوی کوشتنی بە هەڵە و 240 رووداوی خۆکوشتن تۆمار کراون. ژێدەر رووداو
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کراسنەداری ڕوسیا، كوردە و لەپای خزمەتەكانی لەلایەن پارێزگاری شارەكەیەوە خەتی ڕێزلێنانی پێ دەبەخرێت. زۆریکێ رۆستەم سادۆیان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کراسنەداری ڕوسیا، لەپای ئەو خزمەتەی پێشکەشی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگاکەی کردووە، لەلایەن ڤێنامین کۆندراتیڤ، پارێزگاری کراسنەدار مەدالیای زێڕ و خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش كرا. پارێزگار ئاماژەی بە بەشداری گەورەی (زۆریکێ رۆستەم) کرد لە پەرەپێدانی کاری پەرلەمانتاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی دانیشتوانی پایتەختی هەرێمی کوبان و گەشەی خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی. کراسنەدار لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە لەسەر ئاستی ڕوسیا لە ریزبەندی هەشتەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی 1 ملیۆن و 100 هەزار کەسە، زۆرترین کورد لە سەر ئاستی ڕوسیا لەم پارێزگایە دەژین، کە ژمارەیان زیاتر لە 22 هەزار کەسە و زۆربەیان بە کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداری و کاری ئازادی ئابوری و بازرگانییەوە سەرقاڵن. زۆریکێ ڕۆستەم لە ساڵی 1972 لە گوندی حەکۆی ئەرمەنستان لەدایك بووە، دواتر لەگەڵ کەسوکارەکانی ڕووی کردۆتە کراسنەداری ڕوسیا.
بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە لە هەرێمی كوردستان ٥ڕۆژ دەبن بە پشووی فەرمی. بەپێی خشتەی پشووەکانی حکومەتی هەرێم، كە لە ماڵپەڕی فەرمی حكومەت بڵاوكراوەتەوە، بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە، ٤ ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان دەبنە پشووی فەرمی، کە ڕۆژەکانی ٢٨ و ٢٩و ٣٠ی٦ لەگەڵ ١ی ٧ دەگرێتەوە. هاوكات، وەك نەریتی ساڵانە، ڕۆژی عەرەفە (٢٧ی٦) دەبێتە پشووی فەرمی. ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم تا ئێستا دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ٥ی مووچەخۆران نەكردووە.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لەمڕۆوە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە. کەشناسی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما ٢ تاوەکو ٤ پلە نزمدەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. باسی لەوەشکردووە، سبەینێ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵەهەور و پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 36 سلێمانی : 35 دهۆک : 35 کەرکوک : 40 هەڵەبجە : 37 زاخۆ : 37 سۆران : 36 گەرمیان : 42
ئەمڕۆ چوارشەممە 6/14 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی كرد و پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیڤەکەی بەسەر کردەوە. سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ، ئاماژەی بەوە دا کە بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە هەرچیی كرێكارە لە كەرتی تایبەت، هەموویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن، ئەمەش دەقی گوتەی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستانە: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان سەردانی ئێرەمان كردووە بۆ ئەوەی بزانین پرۆسەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی چۆن بەڕێوە دەچێت، ئەمە پرۆژەیەكە بۆ زیاتر خزمەت گەیاندن بە هاووڵاتیان و بە تایبەتی كرێكاران كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن.ئێمە بینیمان كە بە چ شێوەیەك ئەم دۆسیە و دۆكیۆمێنتانە هەموویان لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە زۆر ماوەیەكی دوور و درێژی بوێ بۆ فەرمانبەرێك تا بتوانێ كار لەسەر ئەم فایلانە بكات. ئامانج لەم كارە ئەوە بووە كە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆكیۆمێنتانە بە دیجیتاڵی بكەین و خزمەتگوزارییەكان ئاسان بكەین، هەم ئاسانكاریی بۆ حكوومەت بكرێ و هەم بۆ كرێكاران.بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە كە هەرچیی كرێكارە لە كەرتی تایبەت، هەموویان لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆمار بكرێن، كە ئەمە دەبێتە هۆكارێكی زۆری هاوكاریكردنی حكومەت و هەلی كار و هاووڵاتیانیش بۆ ئەوەی ڕوو لە كەرتی تایبەت بكەن. چونكە دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە كەرتی تایبەت مسۆگەر دەكرێ، پێویست نییە هەموویان ڕوو لە كەرتی گشتی بكەن بۆ ئەوەی دڵنیابن كە لە داهاتوودا مافیان پارێزراوە.ئەمە ئامانجی سەرەكیی حكومەت بووە، ئامانجەكەش ئەوەیە كە ئێمە بتوانین ئەو ڕێژەیەی تاوەكوو ئێستا دەستەبەری بۆ كراوە كە وابزانم و ئەوەی بیستوومە تەنیا 10%ە، ئەمە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد بكرێ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانیش چ لە وەزارەتەكان و چ لە كەرتی تایبەت، هەمووی هاوكاریی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بكەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی خۆیان تۆمار بكەن.ئەمە بێگومان یارمەتییەكی زۆری كرێكاران دەدات، لە هەمانكاتدا ئەو پێویستییانەی كە هەیانە بۆ دوای خانەنشینبوونیان، ئەمانە هەمووی زەمانەت و گەرەنتی دەكرێن. لە هەمانكاتدا ئەو بەشە پارەیەی كۆدەكرێتەوە، ئەمە باج نییە، یانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بەهیچ شێوەیەك باج نییە، بەڵكوو تەنیا گەرەنتیكردن و مسۆگەركردنی داهاتووی ئەو كەسانەیە كە لە كەرتی تایبەت ئیش دەكەن. ئەمە دەكرێ حكومەت سوودێكی تریشی لێ وەربگرێ و وەبەرهێنانی تێدا بكات، کە یارمەتییەكی زیاتری بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەدات. من بینیم و سەیرمان كردن كە بە چ شێوەیەك كاری جددی تێدا دەكەن، لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بیستوومە كە زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەن كە كاری تێدا دەكەن، لە هەولێر و لە پارێزگاكانی تر، دهۆك و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكان، لە هەموو ئەو شوێنانە خەریكن ئەوانەش بخرێنە پرۆسەكەوە كە كارێكی وردە، بەڵام بیستوومە لە ماوەی چەند مانگێكی داهاتوودا، ئینشائەڵا ئەم كارانە تەواو بكرێن. ئەمە ئاسانكارییەكی زۆر دەكات بۆ فەرمانبەرانیش، بۆ وەزارەت دەستەبەری كۆمەڵایەتیش هاوكارییەكی زۆر دەبێت، لێرەدا جێی خۆیەتی من سوپاسی بەڕێز وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و تیمەكەی بكەم، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاریی بكەم، هەروەها ئەو تیمەی كە لە لای خۆشمەوە دەستنیشانم كردوون بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردن بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە.هیوادارم ئەم پڕۆژەیە و هەموو پرۆژەكانی تر كە لە بەرنامە و ئەجێندای ئەم حكوومەتەدا هەن، لە زووترین كاتدا، جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتێكی زیاتری هاووڵاتیان بكەین و ئەو دڵنیاییەی كە خەڵك و كرێكارانیش مەبەستیانە، پێیان بدەین و ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو بن. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11