ڕاگەیێندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش – هەولێرەوە دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی وورد، هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و سەرکەوتوودا، توانیان (٣) تۆمەتباری سەرەکی باندێکی دروستکردنی دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی ساختە لە هەولێر دەستگیر بکەن و دەست بە سەر پارە ساختەکراوەکان و گشت کەل و پەلەکانی ساختەکردنی دراو و دوو قالبی زێڕی ساختە و پارچەیەکی شوێنەواردا بگرن.تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆلینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادگا دەکرێن.هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانمان چاوکراوەن بۆ پاراستنی سەر و ماڵیان. بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش – هەولێر ١٩-٦-٢٠٢٣
کچەکەی مەشعان جبوری لە بڵاوکراوەیەکدا هەموو ئەو قسانەی عەلی حەمە ساڵحی رەتکردەوە کە باس لە وەرگرتنی ٥٠ هەزار مەتر زەوی دەکات. دوای ئەوەی عەلی حەمە ساڵح بڵاویکردەوە کە کچەکەی مەشعان جبوری ٥٠ هەزار مەتر زەوی لە شوێنێکی نایابی هەولێر وەرگرتووە کە بەهاکەی ٣٠ ملیۆن دۆڵارە، هەر زوو مەشعان جبوری و کچەکەی، قسەکانی رەتکردەوە و بە تۆمەت لەقەلەمیدا. کچەکەی مەشعان جبوری دەڵێت؛ ئەوەی بەڵگەی هەبێت ئێمە زەویمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتبێت ئەوا زەویەکە دەدەم بەو. ئاماژەی بەوەشکردووە سکاڵا لەسەر عەلی حەمەساڵح تۆمار دەکەم چوونکە بابەتی بێ بەڵگەی لەسەر ئێمە بڵآوکردۆتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6/19 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هانس سادنی باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی گشتیی و دوا پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا تاوتوێ کران . تەوەرێکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گرنگی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو . لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی پابەندبوون و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.چونکە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێزگرتن لە ڕێکەوتنەکان .لە بارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ڕێگە نادەین بارودۆخی ناوخۆی هەرێم بکرێتە قوربانی داواکاری نادەستووری و نابەرپرسانە ، دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا ئەنجام بدرێن . باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆەکاندا دەربڕی و پشتیوانی هۆڵەنداشی بۆ بەهێزبوون و گەشەسەندانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق فیدراڵدا دووپاتکردەوە. 1 2 3 4 5
ڕۆژی سێ شەممە ٢٠٢٣/٦/٢٠ مووچەی یەکەی ٧٠ و ٨٠ هێزەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٣/٦/٢١ مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دابەش دەکرێت. ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٣/٦/٢٢ مووچەی وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوبەرایەتی دام و دەزگا نەوتیەکان و بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامە دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 6/19 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی کرد.لە کۆبوونەوەکەدا کە ئێرڤن هیکس کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیای ئەمەریکیی لە بواری پەرەپێدانی کشتوکاڵی پێکهاتبوو .سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ گرنگیدان بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان .سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجمان ئەوەیە ، هەرێمی کوردستان ببێتە سەنتەرێکی گرنگی کشتوکاڵی و بازرگانی لە ناوچەکەدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ، هانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیشیدا پەرە بە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن بە تایبەتی لە بواری وزەی نوێبووەوە و کاروباری بانکی ، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەمبارەیەوە دووپاتکردەوە. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10
دۆری ئهبوزهید: بەهۆی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی كۆمپانیا ئهمریكییهكان دەیانەوێ وهبهرهێنان له ههرێمی كوردستان بكهن . دۆری ئهبوزهید، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا رایگهیاند، مهسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دهیهوێت سێكتهری كشتوكاڵ له ههرێمی كوردستان بهرهو پێشهوه ببات و ئابووری ههرێم ههمهچهشن بكات، ئەمەش هۆكاری بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئهمریكییهكان وهبهرهێنان له ههرێمی كوردستان بكهن. سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا ئاماژهی بهوهش كرد، كه بڕوایان وایه ژووری بازرگانی ئهمریكا وهڵامی داواكارییهكهی سهرۆكی حکومەتی ههرێمی كوردستانی داوهتهوه و كۆمپانیاكانی بواری كشتوكاڵیشی بۆ ههرێمی كوردستان بانگهێشت كردووه بهمهبهستی ئهنجامدانی وهبهرهێنان له ههرێمی كوردستان.
بەھای دراوە جیھانییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە: 100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 146500 دیناری عێراقی100یۆرۆ بەرامبەر بە 160000 دیناری عێراقی 100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 181000 دیناری عێراقی100لیرەی تورکی بەرامبەر بە 6370 دیناری عێراقی100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 3100 دیناری عێراقی1 دیناری ئوردنی بەرامبەر بە 2010 دیناری عێراقی
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە هەوڵداین، بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا گرفتەکانی بەردەم دابەشکردنی چارەسەر بکەین. جووتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان، بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا گرفتەکان چارەسەر بکەن، تا بتوانرێت پێش جەژن مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەش بکرێت". ئەمەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە 18ی 6ی 2023، دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد و مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش کرا، ئەمڕۆش مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
کەشناسیی هەرێم کەشی پێشبینیکراوی 48 سەعاتی داهاتووی ئاشکراکرد، ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ زیادبوونی خێرای با و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک. بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ، ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ زیادبوونی خێرای با و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. سبەینێ دووشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارەکانی ئەمرۆ.
سبەی دووشەممە مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی وەزارەت دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 18/6/2023، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەستیپێکرد و مووچەی مانگی ئایاری وەزارەتی تەندروستی دابەشکرا. بڕیاریشە سبەی دووشەممە مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکانی وەزارەت دابەش بکرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی “کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە” گوتارێکی پێشکەشکرد دەقی گوتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ( کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە) : بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبوونی بەڕێز زۆر زۆر بەخێر بێن . سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم. سوپاسی ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی لە هەموو ئایین و ئایینزا جیاوازەکانی کوردستان دەکەم کە تەشریفیان هێناوە و لێرە لە گەڵمانن . هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی مامۆستا بەڕێزەکانی زانکۆکان و هەرهەمووتان دەکەم . ئێمە پێویستیمان بە ڕێنمایی و بۆچوونەکانی ئێوە هەیە . هەروەک چۆن توانیوتانە تاکو ئێستا بە ڕێنماییەکانی خۆتان، کوردستان وەکو لانکەی ئاشتی و پێکەوەژیان بپارێزن ، هیوادارم بە هەمان شێوە، نەوەکانی داهاتووشمان بەم شێوەیە پەروەردە بکەن. دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە لەم بۆنەیە کە ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی وتاری ڕق و کینە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و تا ئەمرۆش وتار و دروشمی دوژمنکارانە و هاندانی توندوتیژی، کارەساتی گەورەی لێکەتووەتەوە. لەم سەردەمەشدا، کە سەردەمی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیایە، هێشتا ئەو جۆرە وتارانە مایەی نیگەرانین و لێکەوتەکانیشی زۆر بەرچاون و دەبینین کە لە زۆر وڵات و ناوچەی جیاجیای جیهاندا شەڕ وخوێنڕشتن بەردەوامە. بەڕێزان: هەر وەک لە دروشمی ئەم بۆنەیەشدا هاتووە، کوردستان هەمیشە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە، چەندین هەزار ساڵە کە ئەم دەڤەرەی ئێمە، نەتەوە و ئایین و باوەڕی جیاجیای لە خۆ گرتووە و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن بووەتە بەشێک لە کولتور و رێچکەی ژیانی ئێمە. لە زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستان کورد و تورکمان وکلدان وئاشووری و سریان و ئەرمەن و عەرەب و موسولمان و مەسیحی و ئێزدی و جوو، پێکەوە ژیاون و لە ڕۆژانی تەنگانەدا، یارمەتیدەری یەکتربوونە. من خەڵکی دەڤەرێکم کە مزگەوت و کەنیسە و کنشت، لە یەک گونددا جێگەیان بووەتەوە. هەمیشە شانازی بەو کولتورە دەکەم و هەموو توانایەکم دەخەمە گەڕ بۆ هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەم کەلتورە جوانە. بەرێزان، هەرچەندە هەرێمی کوردستان ئەو ناوەند و لانکەیە بووە کە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزایەک تیایدا هەستیان بە ئارامی و ئاسوودەیی کردووە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە ئەم دورگە ئارامە، کەوتووەتە بەر هێرشی هزری دوژمنکارانە، هەمیشە هەوڵدراوە ئەم کولتووری پێکەوەژیانەی هەرێم بشێوێندرێت و تەنانەت هەوڵی سڕینەوە و جینۆسایدی نەتەوە و ئایینەکانی ناو کوردستان دراوە. مێژووی نوێی نیشتمانمان، گەواهیدەری ئەوەیە کە بە هۆی هزری شۆڤینی و دوژمنکارانە و حاشاییکردن لە بوونی نەتەوەی ئێمە، وڵاتمان دووچاری چەندەها کارەسات و کۆمەڵکوژیی گەورە بوویەوە. وێرانکردن وسووتاندن و زیندەبەچاڵ کردن و ئەنفال و کیمیابارانکردن، دەرەنجامی زاڵبوونی ئەو هزر و عەقلییەتە بوو کە نکۆڵی لە یەکسانی و دادپەروەریی و داننان بە مافی نەتەوەکانی تر دەکرد. ئەمرۆ زۆر لەو کەس و لایەنانەی پەلاماری ئێمەیان دەدا نەماون، بەڵام ئێمە هەر ماوین، ئەوەش بێگومان بە هۆی پاراستنی ئەو کولتور و هزرەی پێکەوەژیانەیە. هەموولایەک دەزانن کە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا ، وێڕای ئەو هەموو کوشتارەی لە هاونیشتمانیانمان کرا، بارزانیی نەمر هەمیشە جەختی لەوە دەکردەوە کە ئێمە ڕێگە نادەین ئەو شەڕە ببێت بە شەڕی نێوان کورد و عەرەب، بەڵکو هەمیشە دەیگوت کە، شەڕی ئێمە لەگەل دەسەڵاتدارانی زۆردارە نەک نەتەوەکان. لە کاتی ڕاپەرینیش کە تەنیا سێ ساڵ بەسەر ئەنفال و کیمیاباراندا تێپەڕیبوو، بە هەزاران سەربازی عێراقی لە هەرێمی کوردستاندا بەدیل گیران، بەڵام جەنابی سەرۆک بارزانی بانگەوازی دا کە ڕێزیان لێ بگیرێت و بپارێزرێن. ئێمە هەمیشە ئەم کولتورە جوانە دەپارێزین و وتاری ئێمە وتاری خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ڕێزگرتنی بەرامبەر و یەکسانی و دادپەروەری دەبێت. ئێمە ڕێگە نادەین هیچ هزرێکی کینە وتوندوتیژی هاوردەی ناو هەرێم بکرێت. بەڵام بەداخەوە کە دەبینین دەرس لە مێژوو وەرنەگیراوە و دیسان کەسانێک هەوڵی بڵاوکردنەوەی هزری شۆڤێنی و یەکترسڕینەوە و خۆسەپاندن دەدەن. ئێمە بۆ دامەزراندنی عێراقێکی فیدرالی و دیموکرات، زۆر سازشمان کرد، ئێمە بە هەموو توانایەک، هەوڵماندا عێراقێکی نوێ ئاوا بکرێت کە تیایدا هەموو پێکهاتەکانی هەست بە بوونی خۆیان و پاراستنی ماف وتایبەتمەندییەکانیان بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا دەبینین کە هێدی هێدی ئەو پرۆسەیە لە رێچکەی خۆی لادەدات و خەریکە عێراق بە ئاراستەیەک دەبردرێت کە دووچاری ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو ببێتەوە. دەبینین هەوڵی پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانمان دەدرێت، دەبینین وتاری کینە و دوژمنکارانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە و بە شێوازێکی چەواشەکارانە وا بڵاو دەکەنەوە کە پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان لە سەر حسابی ناوچەکانی دیکەی عێراقە و بەو جۆرە دەیانەوێت خراپ بەرێوەبردن و بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵییەکانیان بشارنەوە. لەو ساڵانەی کە شەڕێکی تایفی لە زۆر شوێنی عێراق لە ئارادابوو، هەرێمی کوردستان ببوو بە پەناگەی هەموو لایەک. هەموو ئەو تایفانەی لە شوێنەکانی دیکەی عێراق یەکتریان دەکوشت لە هەرێمی کوردستان دەبوون بە هاوسێی یەکتر. لە سەردەمی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعشیش، بە سەدان هەزار خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێم کرد و تا ئێستاش زۆربەیان ئامادە نین کەمپەکان چۆل بکەن و بگەرێنەوە شوێنەکانیان، چونکە هێشتا هەست بە مەترسی دەکەن. ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە کولتورێکی وامان هەیە و بە هەموومان دەبێت هەوڵ بدەین پەرە بە هزر و گیانی پێکەوە ژیان بدەین. داواشمان لە خەڵک و بەرپرسانی دڵسۆزی ناوچەکانی دیکەی عێراقە، کە ڕێگە لە بڵاوکردنەوەی هزری توندوتیژی و نکۆڵیکردن لە یەکتر بگرن و پەند لە مێژووی خوێناوی عێراق وەرگرن. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و تواناکانمان بخەینە گەڕ، کە نەک هەر لە هەرێم و عێراقدا، بەڵکو لە هەموو ناوچەکە و جیهانیشدا ببین بە فاکتەری چەسپاندنی ئاشتی و نەهێشتنی جەنگ و خوێنڕشتن. بەرێزان… لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە پابەندبوون بە دەستووری عێراق، تاکە گەرەنتیی سەقامگیری و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە. کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی، دوچاری چەندین هەوڵی پاکتاو و سڕینەوە بوونە، وەک ئەنفال و کیمیاباران و داگیرکردنی زەوی و زار و گواستنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، بۆیە بە پێی دەستوور، داوای قەرەبووی ئەو هەموو ستەمە دەکەین کە لێمان کراوە. کێشەی ئێمە تەنیا کێشەی مووچە و بابەتی دارایی نیە، ئێستا زۆربەی مافە دەستوورییەکانی ئێمەیان پشت گوێ خستووە و پێشێل کردووە، نموونەی هەرە زەقیش ئەوەیە، کە تا ئێستا لە کەرکوک و دەورووبەری، جووتیارانی کورد و تورکمان هەڕەشەیان لەسەرە و زەوی و زاریان لێ داگیر دەکرێت، کەچی دەیانەوێت هەموو مافەکانی ئێمە، لە بابەتی دارایی و مووچەدا بچوک بکەنەوە و ئەوجا ئەم بابەتەش لە دژی ئێمە بەکار بێننەوە. داوام لە دەسەلاتدارانی بەغدا ئەوەیە کە ڕێز لە دەستوور بگرن و وانە لە مێژوو وەرگرن. ئەوەی بە ئاشتی و سەقامگیری دەتوانین بەدەستی بێنین، بە شەڕ و ستەم و خۆسەپاندن ناهێتە دی. داوام لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش، ئەوەیە کە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان لە بیر نەکەن و بەها بەرزەکانی خۆیان لە ژێر هیچ فشارێک و بۆ بەرژەوەندیی تەسک لە دەست نەدەن و بەردەوام بن بۆ پەرەپێدان بەو کولتورە و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە هەمانە لە پێناو نیشتمانێکی گەشەسەندو و بەهێز. ئێوە هەر شاد و کامەران بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6/18 کاتژمێر 10:00 لە ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کۆنفرانسی (کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە ) لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە ڕێکخراوە.