مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە گەشبینی خۆی بۆ ناردنی مووچە لە هەفتەی داهاتوو لەلایەن بەغداوە دەربڕی. مەسرور بارزانی رایگەیاند، "گەشبینم بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان و ئینشائەڵڵا ئەنجامی خێری دەبێت، ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور پارێزگاریی لە هەموو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین، هەموو شایستە داراییەکان و مافەکان بەپێی دەستوور دەستەبەر بکەین، لێرە گفتوگۆ لەسەر رێکارەکان کراوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ سەرۆکوەزیران[ـی عێراق] پاڵپشتی و هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانیش دابین بکەین تاوەکو بتوانین ئینشائەڵڵا بە ئەنجامێکی باشەوە بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێینەوە". مەسرور بارزانی گوتی، "ئێمە بەئومێدین، با چاوەڕێبین تاوەکو کۆبوونەوەکان تەواو دەبن. زۆر زۆر گەشبینم، ئینشائەڵڵا لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران[ـی عێراق] بڕیاری باش دەدەن".
ئەمرۆ پێنجشەممە لە بەغدا ، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ، لەگەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە .لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا تاوتوێ کران، هەروەها گفتوگۆ لەسەر دۆخی کەرکووک و شنگال و شایستە داراییەکانی هەرێم کرا .سەرۆکی حکومەت داوای لە سەرۆک کۆمار کرد وەکوو پارێزەری دەستوور ، دەسەڵاتەکانی خۆی لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت .
ڕۆژی پێنجشەممە 14ی ئەیلوولی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتە جیاجیاكانی پارێزگای كەركووك كۆبۆوە. لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوان بیروڕایان لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دوایەی كەركووك و دۆخی گشتیی پارێزگای كەركووك و مەترسی و هەڕەشەكانی بەردەم سەقامگیری و پێكەوەژیانی پارێزگای كەركووك خستەڕوو. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی كەركووك و جەختی لەوە كردەوە كە كەركووك شاری پێكەوەژیان و برایەتییە و پێویستە هەموو لایەك لە ئیدارەدان و بنیاتنانی داهاتووی ئەو شارە بەشدار بن و، بە پێویستیشی زانی كێشە و گرفتەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و بە گوێرەی یاسا و دەستوور چارەسەر بكرێن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە. پەیامەکەی مەسرور بارزانی: “ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان”.
وەفدی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە گەیشتە بەغداد. وەفدەکەی حکومەتی ھەرێم پێکھاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی، کە بڕیارە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، گەیشتە بەغدا. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات و هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئەندامانی شاندەکەن. وابڕیارە یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانیش کۆدەبنەوە. هەروەها کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام دەبێت و بڕیارە لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی حیزبە سیاسییەکانیش کۆببنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی دامەزراوەی داراییی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی خەواجە ئافتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری هەرێمیی دامەزراوەکە کرد.لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان دامەزراوەی داراییی نێودەوڵەتی کە ئەندامی بانکی نێودەوڵەتییە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. پاشان بە چاودێریی سەرۆکی حکومەت، ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری لە نێوان دامەزراوەی داراییی نێودەوڵەتی و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتنە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکە کە بۆ ماوەی چوار ساڵە و دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات، بە دیاریکراوییش لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و وزەی نوێبووەوە .
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلێکساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا( ئۆستریا) کرد.لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی هەرێمی کوردستانمان لەگەڵ نەمسا تاوتوێ کرد."سوپاسی حکومەت و خەڵکی نەمسامان کرد بۆ پشتگیریی خەڵکی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا. خواستی هەرێمی کوردستانیشمان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەمسا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە".وەزیری دەرەوەی نەمسا ئاماژەی بەوەدا کە هاتنمان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ جەختکردنەوەیە لە سەر دۆستایەتیمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان و بۆ برەودانە بە پەیوەندیی لەمێژینەمان .تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانمان، تایبەت بوو بە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و گرنگیی پاراستن و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان . هەردوولا جەختمان لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پێویسیی بەهێزکردن و پتەوکردنی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی فیدرالیزم لە جیهان و ئەوروپا و لەنێویشیاندا نەمسا کردەوە.ڕووبەڕووبوونەوە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانمان بوو .
سبەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیر بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەچێتە بەغدا. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە 14/9/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیر سەردانی بەغدا دەکات. ئەمڕۆ چوار شەممە 13/9/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا لە رێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن، گوتی: "بە تەماین سەردانی بەغدا بکەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین، پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین". سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند: "دەمانەوێت لەو سەردانەی لە بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە".
نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "بەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت سەردانی بەغدا دەکات". ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هەوڵەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، رایگەیاند: "هەموومان هەوڵمان داوە (بۆ چارەسەرکردنی كێشەکە)؛ سەرۆکوەزیرانی خۆمان بە بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە. بەندە خۆم بە بەردەوام لەسەر هێڵم". وەکو ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "نابێت بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ بابەتێک بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر پابەندییەک لەسەری بووە، لەم ماوەی پێش یاسای بودجە، هەمووی جێبەجێکردووە و بەو پەڕی شەفافییەتیشەوە لەگەڵ بەغدا هەڵسوکەوتی کردووە؛ ئێمە پێشبینی دەکەین بەغداش بەو شێوەیە هەڵسوکەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات". بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، "مەسەلەی مووچە بابەتێک نییە، لە بنەڕەتدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت؛ مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، وەکو بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق کە دەبێت حکومەتی فیدراڵ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات چارەسەربکات. هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێمە لەسەر هێڵین و، بەم نزیکانە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەکەن. هیوادارین ئەم کێشەیە و کێشەکانی دیکەش بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەربکرێن".
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەولێر لە وتەیەکدا گوتی: "بە تەماین سەردانی بەغدا بکەین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین، پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین". سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاند: "دەمانەوێت لەو سەردانەی لە بەغدا سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەین، بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بوژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە". مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە هەندێک کێشە و گرفترەکان و رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا دا و گوتی: "ئێمە پێشتر لە سەردانەکانماندا بۆ بەغدا زۆر رێککەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامدا و ئەو رێککەوتننانە پیمان وابووە دەبنە هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەڵام بەداخەوە رێگریان لێکرا و نەیانهێشت رێککەوتنەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە جارێکی تریش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە، بۆیە لە سەردانەکەماندا بۆ بەغدا هەموو هەوڵێک دەدەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین".
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣/٩/٢٠٢٣ بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی لە قوتابخانەیەکی شاری هەولێر، ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندن کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکەم رۆژی دەوام بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) لە ئەمڕۆ (13ـی ئەیلوولی 2023) دەستپێدەکات و هەفتەی یەکەمیش تایبەت دەبێت بە ئامادەکاری و رێنوێنی بۆ دەستپێکی خوێندن. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەك ملیۆن و 700 هەزار قوتابی بەشداری لە پڕۆسەی خوێندندا دەکەن، لەنێویاندا 1500 هەزار قوتابی نوێ تۆمارکراون، کە لە پۆلی یەکی بنەڕەتییەوە لەساڵی نوێی خوێندن بەشداردەبن. داتاکان دەریدەخەن، خەرجی ساڵانەی کەرتی پەروەردە دوو تریلیۆن دینارە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.