وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 24ی ئەیلوول مووچەی مانگی ئابی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ئهمڕۆ پێنجشهم 21ی9ی2023، وهزارهتی پێشمهرگهی حكومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێرییاریەکانی ئەنجام داون و بانکەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە رۆژی یەکشەممە 24ی ئەیلولی 2023 موچەی مانگی 8ی 2023ی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 27 ی 9ی 2023 بەبۆنەی رۆژی لە دایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام، لەسەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم پشووی فەرمییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی 9ی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەنجا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان: لە پەنجا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی و گشت مامۆستایانی ئایینی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. ئومێدەوارم یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، بەردەوام بێت لە ئەرکی پیرۆزی خۆی لە پەرەپێدانی کولتووری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان . مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2023/9/21
ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، ئەنجومەنی وەزیران سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد کە ڕێز لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت. پاشان پوختەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/9/14 بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خرایەڕوو.ئاماژەمان بەوە دا کە لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگای شاندێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران و یەک هەڵوێست و پشتبەست بە دەسەڵات و مافە دەستووریەکان و بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویستمان دا بە سەرۆکایەتییەکانی فیدڕاڵیی و هێز ولایەنە سیاسیەکان و بە وردیی پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەنمان بۆ دابینکردنی مووچە خستەڕوو کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقیەکان بوو. دواتریش لە دواکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێشنیاری هەنووکەيی بە زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز پەسەندکرا. بۆ پێشنیاری درێژخایەنیش داوامان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی مووچەخۆر، جيا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازیەکی بیروڕا، چونکە پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش خەرج بکرێت وەک مافێکی شایستەی خۆیان کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراویی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ بکرێت. هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە، ئاماژەمان بە خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە بارودۆخێکی سەختدان، سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانیەکانیشمان کرد لە ئەنجومەنی نوێنەران کە پێشوازی گەرمیان لە شاندەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵ و پێشنیارەکانی هەرێم دەربڕی. بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دڵنیاییماندا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سازش لە سەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەو ڕووەشەوە پڕۆژەی پێویستمان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ کردووە کە چارەسەری هاوسەنگانەی لەخۆ گرتووە و لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی باش دروستبووە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندین جار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان. هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابوورییشمان ڕاسپارد کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم کوژمەی پارەکە کە 700 ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە، یەکسەر بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت. پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، وەزیری تەندروستی بەڕێز سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی نەخۆشی سکچوونی توند ( کۆلێرا) و پێشنیار و ڕێکارەکانی چارەسەریی و خۆپارێزییەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو، دوای گفتوگۆ، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، ڕێکاریی خۆپارێزیی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر.
بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕی 700 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەولێر دەنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، وەزارەتی دارایی لیستی مووچە رابگەیەنێت. هەرێمی کوردستان، بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستی بە زیاتر لە 920 ملیار دینارە و وەزارەتی دارایی ئەو کورتهێنانە بە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و پرسی بودجە و مووچە تاوتوێ دەکات. فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتی 20ـی ئەیلوولی 2023، لە کۆبوونەوەى ئاساییی خۆیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەیی قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکوەزیران، کۆدەبێتەوە و تێیدا چەند بڕگەیەک گفتوگۆ دەکرێن. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەى سەردانی شاندی باڵاى حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا لە رۆژى 14ـى ئەیلوولی 2023، بۆ بابەتی مووچە و بودجەى هەرێم و بڕیارى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەو بارەوە. لە بڕگەیەکی دیکەدا، وەزارەتی تەندروستی بابەتی نەخۆشییەکانی سکچوون و کۆلێرا و پێشنیار و رێکارەکانی چارەسەر و خۆپارێزی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، لە لایەن دامەزراوە تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەخاتەڕوو.
شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگی داھاتوودا رێژەیەکی زۆری بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببارێت. ئەمڕۆ سێشەممە 19/9/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "بەگوێرەی دوایین گۆڕانکارییەکانی نەخشی ئەورووپی (ECMWF) دوور مەودا پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگی داھاتوودا رێژەیەکی زۆری بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببارێت کە رێژەیەکی زۆر بەرزە سەبارەت بە مانگی 10 و دڵخۆشکەرە." ئەوەشی خستووەتە روو: "وێرای کەمبوونەوەی رێژەی دروستی پێشبینییە دوور مەوداکان، بەڵام لە ئێستاوە دەرکەوتنی بارانێکی زۆر بۆ مانگی داھاتوو ئاماژەیەکی ڕوونە کە پاییزێکی پر باران و کەم وێنەمان لە پێش دەبێت." ئاماژەشی بەوە داوە: "بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا و ڕوودانی دیاردەی (ئێڵ نینۆ) دیاردە کەشییەکان توند بوون و لەماوەکانی ڕابردوودا تا ئێستا چەندین وڵات و ناوچەی جیاواز دووچاری لافاو و گەردەلوول و باوبارانی بەھێز بوونەتەوە کە لەھەندێکیان بەداخەوە زیانی گیانی بەدوادا ھاتووە زیادبوون و توندبوونی ئەم ڕووداوانەش لە ساڵێکی وەک ئەمساڵ جیھانییەن چاوەروان کراوە کە بەتێکڕا دەریا و زەریاکان گەرمبوونی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە بۆیە شەپۆلەکان و سیستەمە نزمەپەستانیەکان لەبەرگەھەودا لە کاتی ئاسایی ناجێگیرتر و بەھێزتر دروست دەبن کە زۆرکات توانای بەرھەمھێنانی بارانی زۆر و لێکەوتەی مەترسیداریان دەبێت بۆ سەر ئەو ناوچانەی روویان تێدەکەن."
دەستبەسەرداگرتنی بڕی یەک کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر. لە رێککەوتی ١٩ی ٩ی ٢٠٢٣ دوای وەرگرتنی فەرمانی بەرێز دادوەری ئاساییش لەسەر تۆڕێکی بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیمان بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرو کەرکوک توانیان سێ تۆمەتباری مەترسیدار لەشاری هەولێر دەستگیربکەن کەپێشینەی تاوانیان هەیەو کاری کڕین و فرۆشتن بەماددەی هۆشبەریشەوە دەکەن. لەم چالاکیەدا (بڕی یەک کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆرەکانی کریستاڵ و تریاک و جامایکا لەگەڵ بڕێک پارەی ساختەو ژمارەی ئۆتۆمۆبیلی ساختە لەگەڵ رومانەیەک و چەند چەکێکی جۆراوجۆر) دەستی بەسەردا گیرا. تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کرایەوەو رووبەڕوی یاسا دەکرێنەوە. بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان.١٩ی ٩ی ٢٠٢٣
سێ ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، لە نامەیەکی فەرمیدا داوا لە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن، کە هەموو هەوڵەکانی بخاتە گەڕ لە مەڕ کۆتایهێنان بەو مامەڵەی کە بەرامبەر هەرێمی کوردستاندا دەکرێت. نامەکە رۆژی دووشەممەی رابردوو بە هاوبەشی نووسراوە، لە لایەن کونگرێسمان مایکڵ واڵتز و مایکڵ مەکۆڵ و جۆو ویڵسنی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بە فەرمی ئاراستەی سەرۆکی ئەمەریکا کراوە. کۆنگرسێمانەکان بۆ بایدن نووسیویانە: "داوات لێدەکەین کە هەموو هەوڵێک بدەیت بۆ کۆتاییهانن بەو مامەڵە قبوڵنەکراوەی دەرهەق بە هاووڵاتییانی کوردی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت". ئەو ئەندامانەی کۆنگرێس لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا رۆڵی مێژووی و پشتیوانیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بەبیر بایدن دەهێننەوە و وەک هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەی ئەمەریکا ناوزەدی دەکەن و گلەیی لەو فشارە سیاسیی و ئابووری و یاسایانە دەکەن کە دژ بە هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەروەها ئەو ئەندامانە داوا لە جۆو بایدن دەکەن کە "ستراتیژێکی نوێ بۆ عێراق" دەبڕێژرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانە بکات لەگەڵ سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمرۆ سێشەممە 19/9/2023 بانکی ناوەندی عێراق نزیکەی 40 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش خستە بازارەوە. بەشێوەی نەقد: 38,250,000 بەشێوەی حەوالە: 180,857,561 کۆی گشتی: 219,107,561
بە پێی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، کە لە ٢٩ـى ٨ـى ٢٠٢٣ بڵاوی کردووەتەوە، لیژنەى فرۆشتن لە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سێ ئۆتۆمبێلی جۆرى لاندکرۆزەرى زریپۆش (درع)، لە ڕۆژى دووشەممە، ٢ـی ١٠ـى ٢٠٢٣، لە کاتژمێر ١٢ـى نیوەڕۆ لە هۆڵی یەکى شوبات دەخاتە زیادکردنی ئاشکراوە. ئەم ئاگادارییە ئەم مەرجانەشی بۆ بەشداریکردن لە زیادکردنەکەدا خستووەتە ڕوو: دانانی چەکی پەسندکراو بە بڕی ٢٦ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دیناری عێراقی. ڕسومات و خەرجیی ئەم ئاگادارییە دەکەوێتە ئەستۆى ئەو بەشداربووەى زیادکردنەکەى بۆ دەردەچێت. فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەى نەختینە (نەقدی) دەبێت و دینارى عێراقی بەکار دێت. دەبێت بەشداربوو مۆڵەتی ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەى هەبێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری
ڕووداوەکەی فرۆکەخانەی عەربەت دڵگرانی کردووین. پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکوڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم ڕووداوە بکەن و ڕاستیەکان ئاشکرا بکرێن.سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق و هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین کە دەبێتە هۆی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان