کاتژمێر 12:45ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سێ مووشەک هێرشکرایە سەر بارەگای حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆڵی ئالانەی سەر بە قەزای خەلیفان. بەپێی بەدواداچوونە سەرەتایییەکان، هێرشەکە تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. سەرچاوەیەک لەو حیزبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند: لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 76هێرشی مووشەکی و درۆنی کراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانمان لە ناوچە جیاوازەکان. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە مانگێکە ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیەندراوە، بەڵام سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، ناوبەناو ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانجی هێرشی درۆنی و مووشەکی.
بڕی 50 ملیار و 292 ملیۆن و 213 هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی چوار، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێر بانکی ناوەندیی فیدراڵ. لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوەش، نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بۆ خێرا راپەراندنی کارەکان تا پێش ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەردانی سعوودییە بکات؛ رێکارەکانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو بکات. ئەم بڕە داهاتەش دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی لێکگەیشتنی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مانگەش 120 ملیار دینار نانێرین چونکە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران کێشەی داهاتی نانەوتی هەبوو و هەردوو حکوومەتیش لەسەر ئەم بابەتە لێکگەیشتنیان هەیە. سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی رایگەیاند "هەر کاتێک پارەکەی بەغدا بگاتە سەر هەژماری وەزارەتمان، راستەوخۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەنین."
بڕیارە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دانیشتنی تایبەت بە متمانەدان بە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 10-05-2026، سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ دانیشتنی دەنگدان لەسەر کابینەی وەزاری نوێ تەواو کراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرلەمان چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە بۆ دیاریکردنی کاتی وردی دانیشتنەکە، کە پێشبینی دەکرێت بکەوێتە ڕۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی ئەم هەفتەیە. لە سبەینێوە دەست دەکرێت بە ناردنی بانگهێشتنامە بۆ سەرکردە سیاسییەکان، دیپلۆماتکاران، نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان. عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە فەرمی کارنامەی وزاریی حکومەتەکەی ڕادەستی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان کردووە، بڕیارە سبەی زانیاری و وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە کات و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە بڵاوبکرێتەوە. جێی ئاماژەیە، ئەم هەنگاوە دوای ماوەیەک لە گفتوگۆی سیاسی دێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و پەرلەمان هەوڵ دەدات وەک نەریتی هەمیشەیی بە ئامادەبوونی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پرۆسەی دەنگدانەکە ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ شەممە 09-05-2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ، دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا. هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 09-05-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.لە بەشێکی دیکە گفتوگۆکاندا ، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا . هەروەها جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا .
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 09-05-2025، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوە، وزە، بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگريی تورکیا ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. سەرۆکوەزیران ستایشی ڕۆڵی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە. سەرۆک کۆماری تورکیا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا. هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور. پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆکی حکومەت پشتگیری بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆککۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 06-05-2026، لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان تابلۆیەکی نوێ لەسەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی دانرا و زمانی کوردی لەسەر نەبوو، تەنیا بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی ئاماژەی پێکرا بوو، ئەوە ناڕەزایەتیی خەڵکی شارەکەی لێکەوتووەتەوە و تابلۆکەیان هێنایە خوارەوە. هەڵکێشانی تابلۆ بێ کوردییەکە و کاردانەوەی جەماوەری گرژییە سیاسی و نەتەوەییەکانی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە سەریان هەڵدایەوە؛ کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی سووریا، تابلۆیەکی نوێیان لەسەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی شارەکە جێگیر کرد کە زمانی کوردی فەرامۆش کرابوو، تەنیا بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی دەستەواژەی باڵەخانەی دادی حەسەکەی لەسەر نووسرابوو، ئەم هەنگاوە دەستبەجێ کاردانەوەی توندی هاووڵاتیانی لێکەوتەوە، لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکی جەماوەریدا تابلۆکە لەسەر باڵەخانەکە هێنرایە خوارەوە، چونکە بە لادان لە بنەماکانی پێکەوەژیان و ناسنامەی ناوچەکە لەقەڵەم درا پێداگری دیمەشق لەسەر دەستوور و تاکە زمانی فەرمی لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە و وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی حکومەتی سووریا هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە لەوەی، بەپێی دەستوور تەنیا زمانی عەرەبی زمانی فەرمیی کۆماری عەرەبیی سووریایە، ئەم یاسایانە لە قۆناغی ئێستادا جێگیرن و ڕێگە بە تێپەڕاندنیان نادرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر گۆڕانکارییەک لە پێگەی زمانەکاندا یان دان پێدانان بە زمانێکی دیکەدا پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستووری و یاسایی هەیە، کە دەبێت لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکان و پەرلەمانی سووریاوە یەکلایی بکرێتەوە کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەکانی دەستپێبکاتەوە چارەنووسی ڕێککەوتننامەی نێوان هەسەدە و حکومەت ئەم ئاڵۆزییە نوێیە لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەمی ساڵی 2026ی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە حکومی و خزمەتگوزارییەکان بۆ ناو وەزارەتەکانی دیمەشق دەستی پێکردووە، بەڵام پرسی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی وەک یەکێک لە بەربەستە هەرە گەورەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە ماوەتەوە. میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هەوڵەی حکومەتی سووریا بۆ سەپاندنی زمانی عەرەبییە لە دامەزراوە فەرمییەکاندا، کە دەبێتە هۆی زیاترکردنی مەودای نێوان پێکهاتەکان و تێکدانی ئەو کەشە سیاسییەی بڕیار بوو لە ڕێگەی ڕێککەوتنە نوێیەکەوە بەرەو سەقامگیری هەنگاو بنێت
هێزەکانی ئاسایشی گەرمیان توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا ئەو تۆمەتبارانە دەستگیربکەن کە شەوی 8ـی ئایار لە کەلار بە ماتۆڕسکیل پاسێکی پر لە گەشتیارییان بێزار دەکرد، ئێستاش بەگوێرەی ماددەی 495ـی یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە. دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند؛ شەوی8ـی ئایاری 2026، لەدوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون توانرا لەکەمترین ماوەدا ئەو تۆمەتبارانەی کەبەماتۆرسکیل بوونە هۆی بێزارکردنی پاسێکی گەشتیاری لە شاری کەلار دەستگیربکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە بەپێ ماددەی495 لەیاسایی سزادانی عێراقی. هەروەها ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەگەڵ تاوانباران، لەگەڵ ئەمەشدا ئەو گەشتیارانە دەتوانن بێن و سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن.
لە ژێر فشاری توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان، لیژنەیەکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی پڕۆژەیەکی تایبەت بە داماڵینی چەکی میلیشیاکانی ئامادە کردووە، بەڵام پڕۆژەکە لەلایەن بەشێک لە گرووپە دیارەکانەوە بە توندی ڕەتکراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، لیژنە باڵاکەی عێراق کە ئەرکی داماڵینی چەکی گرووپەکانی گرتووەتە ئەستۆ، لە هەریەک لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و هادی عامری پێکهاتووە. ئامانجی ئەم لیژنەیە ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی گشتگیرە بۆ ڕادەستکردنی بە لایەنی ئەمریکی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکانی واشنتن لەسەر حکومەتی نوێی عێراق. ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەکە کۆمەڵێک خاڵی هەستیار لەخۆ دەگرێت، لەوانە: کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی هەموو جۆرە چەکە قورس و مامناوەندەکان و دووبارە ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی حەشدی شەعبی. هەروەها ئەنجامدانی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە دەزگا ئەمنییە هەستیارەکان، بەتایبەتی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە کۆبوونەوەکانی لیژنەکە لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان بێ کێشە نەبووە، بەشێک لە گرووپەکان بە توندی دژی پێشنیازەکان وەستاونەتەوە و کۆبوونەوەکان گرژیی تێکەوتووە. لەو چوارچێوەیەدا، گرووپە دیارەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و نوجەبا بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری چەکەکانیان نابن و ئامادە نین چەک ڕادەستی دەوڵەت بکەن. ئەم جووڵەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە، واشنتن فشارەکانی بۆ سەر بەغدا چڕکردووەتەوە و مەرجی سەرەکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی داهاتوو، دوورخستنەوەی میلیشیاکانە لە جومگە هەستیارەکانی دەوڵەت و کەمکردنەوەی ڕۆڵیان لە بڕیاری سیاسی و ئەمنیی وڵاتدا.
ئەمڕۆ شەممە 09-05-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە تورکیا. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەت لەو سەردانەیدا، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، هەروەها هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە،دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی وەڵامی بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر عەلی معارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتەکە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ئاڕاستەی ناوبراو کراون. دوای ئەوەی واشنتن سزای بەسەر عەلی معارج بەهادلیدا سەپاند، گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان چووە قۆناغێکی نوێوە. ئەمریکا بەهادلی تۆمەتبار دەکات بەوەی: پۆستە حکومییەکەی بۆ بەرژەوەندیی ئێران بەکارهێناوە و ڕێگەی خۆشکردووە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران لەژێر ناوی نەوتی عێراقدا. وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا، ئەم تۆمەتانەی بە "بێ بنەما و دوور لە ڕاستی" وەسف کرد و ڕایگەیاند، وەزارەتەکەمان سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە ئاراستەی بریکاری وەزارەت کراون و جەخت لە گرنگیی شەفافیەت و مامەڵەکردن لەسەر بنەمای بەڵگە دەکەینەوە. وەزارەتەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری داوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەکانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی نەوت، لە چوارچێوەی دەسەڵاتە کارگێڕییەکانی بەهادلیدا نین تاوەکو بتوانێت دەستکارییان بکات یان ئاسانکارییان بۆ بکات. جەختکردنەوە لەسەر پاکی پرۆسەی هەناردەکردن پێشتریش کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دووپاتی کردبووەوە، هیچ جۆرە تێکەڵکردنێکی نەوتی بیانی لەگەڵ نەوتی عێراق لە بەندەرەکان و ئاوە هەرێمییەکاندا ڕووی نەداوە. لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی نەوت ئامادەیی خۆی بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی ورد نیشانداوە، بەو مەرجەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای زانیاریی دروست بن، نەک لێکدانەوەی سیاسی.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، حکومەتی سووریا بە فەرمی باڵەخانەی دادی شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان وەربگرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەلایەن ژمارەیەک خۆپیشاندەرەوە دەستی بەسەردا گیرابوو. گرژییەکانی شاری حەسەکە کاتێک سەریان هەڵدا کە تابلۆیەکی نوێ لەسەر باڵەخانەی داد هەڵواسرا، کە تەنیا بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسرابوو. ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکەی لێکەوتەوە و وەک فشارێک بۆ داواکردنی مافی زمانی کوردی، تابلۆکەیان هێنایە خوارەوە و دەستیان بەسەر باڵەخانەکەدا گرت. خۆپیشاندەران جەختیان لەوە دەکردەوە کە پێویستە زمانی کوردیش وەک زمانێکی فەرمی لەسەر تابلۆی دامەزراوەکانی ناوچەکە جێگیر بکرێت. حکومەتی سووریا باڵەخانەی داد وەک هێمایەکی سیاسی و سەروەریی دەوڵەت پێناسە دەکات و لەمبارەیەوە، ئەحمەد هیلالی، وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ چاودێریکردنی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم لەگەڵ هەسەدە، ڕایگەیاند: بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان پاشەکشەمان کرد، بەڵام ئێستا بەڵێنمان پێدراوە بە فەرمی باڵەخانەکەمان ڕادەست بکرێتەوە. باڵەخانەی داد هێڵی سوورە و نابێت هیچ لایەنێک ململانێ لەسەر سەروەریی دەوڵەت بکات. ئەم پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەیە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانەدا دێت لە نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە. دیمەشق سوورە لەسەر ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوازی کارگێڕیی باڵەخانەکەدا نەکرێت کە وەک ئاماژەیەک بۆ دانپێدانان بە زمان یان ئیدارەیەکی دیکە لێکبدرێتەوە.