هێزی ئاسمانی ئەمهریکا بڵاویکردەوە، فڕۆکەی جەنگی ئێف-15 و ئێف-16 و ئەی-10 گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاشکراشیکرد، گەیشتنی فڕۆکە جەنگییەکان ئاماژەیە بۆ پابەندی ئەمهریکا لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل، بە بوونی ئەو فڕۆکە جەنگیانەش، سوپای ئەمهریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشتر دەتوانێت ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەنجامبدات. رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس. هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێک لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی 'بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان' لە هەولێر، رایگەیاند: "ماددەی هۆشبەر هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازکردنی سەرمایەی مرۆیی" و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆرواجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان، ماددە هۆشبەرەکانە کە یەکێکە لەو چەکانەی بە شارەزا و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستی گەنجەکانمان بەکاردەهێندرێت". دەقی گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبووانی بەڕێز: ڕۆژتان باش . خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان ئامادەم. دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە گرنگە دەکەم کە تایبەتە بە یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی ئەم سەردەمە. بەپێی ئامارەکانی بەردەست، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر بە ڕژدی و بەرفراوانی کار لە سەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەکات و هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەکردنی و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت . لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 یاسای ژمارەی یەکی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرا . کە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە. بەڕێزان... کێشەی ماددە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەیان پرسێکە هەموو جیهانییە و زۆر لە کۆمەڵگاکان پێیەوە گیرۆدە بوون، بەداخەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە هەڕەشە و مەترسییەکانی بەدەر نین. بێگومان ماددەی هۆشبەر، هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بەکەسی بەکارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵکو زیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت کایەکانی کۆمەڵگا دەدات و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازكردنی سەرمایەی مرۆیی. هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، کە یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان ، ماددەی هۆشبەرەکانن و یەکێکە لەو چەکانەی کە بە شاراوە و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لە باربردنی توانا و تەندروستی گەنجەکانمان بەکار دەهێنرێت، بۆیە دەبێ بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببينەوە، چونکە هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر، هیچی لە تیرۆر کەمتر نییە. مافیاکان و بازرگانە تاوانبارەکان، هەرێمیان کردووەتە بەشێک لە پیلانە نەگریسەکانیان و هەوڵ دەدەن و کار دەکەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان وەربگرن وەک دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شوێنەکانی تر، بۆ ئەم مەبەستەش رێگا و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنەبە بۆ بارزگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە هەرێمەکەمان ژمارەی ئالوودەبووان لە هەڵکشاندا بێت، بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم، بە هەموو هێز و هەوڵ و تواناکانیان، بەردەوامبن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان و بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو بازرگانە تاوانبارانە ببنەوە و نەهێڵن نیاز و پلانە مەترسیدارەکانیان سەربگرێت. پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە بە هۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچەکانی ماددەی 140 ( ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم)، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەروبەر، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانە هۆکاری ناسەقامگیرین و رێگريش دەکەن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم ڕووبەڕووی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە. بگرە بەداخەوە هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە خۆیان بەشێکن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان. هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کە لێرەدا بە گەرمی دەستخۆشیان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و هەموو پشتیوانییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە لەم ئەرکە پیرۆزەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوکاری هەموو چین و توێژو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری بکات لە پێناوی ئەوەی سەرچاوەکانی ئەم پەتایە وشک بکات، چونکە ئەمە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەکان هەیە. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان پێکهێناوە کە ژمارەیەک وەزارەت و دام و دەزگای پەیوەندیداری تێدایە، لە هەمان کاتدا ، سندوقێکیش بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبووان و ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروستکراوە. لە لایەکی دیکەوە، لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێک تایبەت کراوە بەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و كارتێكەرە عەقڵییەكان. بەستنی ئەم کۆنفرانسەش، بەشێکە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی ئەم پلانە، بە ئامانجی گرتنەبەری نەخشەڕێگایەک و خێراکردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە ڕێگەی دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری کردووە بۆ شیاندنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی تووشی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەر بوون بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی سەنتەری شیاندنەوەی ئاڵوودەبووان و تووشبووان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، داوا لە کەرتی تایبەتیش دەکەین کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هاوکاریکردنی ئاڵوودەبووان بۆ چارەسەر و دووبارە شیاندنەوەیان . بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، تەنیا ئەركی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی هاوبەشی هەموولایەکمانە. لەم ڕووەوە داوا لە دایک و باوکان ، ناوەندە پەروەدەیی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانمان، مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن ، کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو سۆشیال میدیا و هەموو هاونیشتمانیان و خەمخۆرانی ئەم وڵاتە دەکەم ، کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و هەر یەکێک لە پێگەی خۆیەوە، کار بۆ هۆشیاركردنەوەی کۆمەڵگە و بە تایبەتی گەنجەکانمان بکات و لە مەترسییە کوشندەکانی ئەم پەتایە ئاگاداریان بکاتەوە. پێویستە هەڵمەتێکی چڕو بەرفراوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەست پێ بکەین و ئەمەش پێوستی بە هەنگاوی خێرا و دڵسۆزانە و هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی هەموومان هەیە . . لێرەدا دەمەوێ دووبارە جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویستە ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان مافیا و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو کەسانەی کە دەبنە قوربانی و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێن، ئەوانەی بە هەر هۆیەک، تووشی ئەم بەڵایە دەبن ، پێویستە هاوکار و یارمەتیدەریان بین بۆ چارەسەرکردنیان و دوورخستنەوەیان لەم ڕێگە مەترسیدارە، ئەمەش لە ڕێگەی کردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبووان و تووشبووان. بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتی دەکەمەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک لە بە سزا گەیاندنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بکرێت و دەبێت بە توندترین شێوە ڕووبەڕوویان ببینەوە. جێی ئاماژەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێویستی بە هاریکاری و پشتیوانی هەیە، بە تایبەتی ڕاوێژ و هاوکاری لۆجستیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکان کە پێشنیار دەکەم ستراتیژێکی گشتگیری هاوبەش هەبێت بۆ هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم ، لەم ڕووەوە. لە ماوەی رابردووشدا رێوشوێنەکانی هەماهەنگی حکومەتمان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووە بەتایبەتی لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی رێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ (UNODC) . هەروەها پێویستە لە بواری یاساییشەوە، هاوکاری حکومەت بکرێت بۆ پەرەپێدانی توانای دادوەر و لێکۆڵەرانی هەرێمی کوردستان لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانان و ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان و هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ڕێکخراوەکان و وڵاتان بەتایبەتی ئەوانەی شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە، بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەکمان، بتوانین مەترسی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگاکەمان کەم بکەینەوە. هیوادارین ئەم کۆنفرانسە، هاندەرێک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیاتری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان ، هەروەها هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ پتەوتر بکات بۆ ئەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان خێراتر بکرێن لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگاکەمان لەم دیاردە ترسناکە. ئیتر هەر شاد و سەرکەوتووبن و کوردستان هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.
بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، ملیاران دۆلار لەڕێگەی دوو جۆر کارتی ئەلیکترۆنی لەدەرەوەی وڵات ڕاکێشراوە. دوای ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی ڕابردوو نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزووەوە، سەرچاوە عێراقییەكان ئاشکرایان کرد کە هەردوو کارتی ویستەر یونیون و سویچ ئاگاتی، کە ئەو دوو كارتە بەشدارییان کردووە لە قاچاخکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوەش بەهاوكاری کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکان. ئەو پارەیەی لە عێراق براوەتە دەرەوە زیاتر بۆ ئیمارات و توركیا براون سەدان بازرگان و خاوەن كۆمپانیا و بانكی ئەهلی بەشداربوون لە پۆسەكە، هەر ئەوەش هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە لەم دوایانە. ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە، بانکی ناوەندی عێراق گواستنەوەی وێستەرن یونیونی و سویچ و ئاگاتی راگرتووەو بڕیارە رێكاریش لەبەرانبەر ئەو كەسانەدا بگرێتە بەر، كە تۆمەتبارن بە بردنە دەرەوەی پارە.
لە چەند پەیج و دەزگایەکی میدیایی، لێدوانێکی چەواشەکارییانە سەبارەت بە پرۆژەی هەژماری من، بڵاو کراوەتەوە، کە ئامانج لێی لێدانە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری. ئێمە سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە سەرلەبەری ئەو لێدوانانە دوورن لە راستییەوە و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵاتی تەواون لە خەرجکردنی مووچەکەیان و هەر بڕە پارەیەک کە دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکەیان. فەرمانگەی میدیا و زانیاری 14 تشرینی یەکەم 2023
له دهۆک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵا و دوو چەکدار دەکوژرێن. بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2023)، کاتژمێر 17:30، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەنێوان گوندی میسکا و دەرگەلێی سەر بە ناحیەی کانیماسێ لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە و دوو چەکداری یاوەری کوژران. پێشتر وهزیری بهرگری توركیا رایگهیاندبوو، سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی لە 1 و 3 و 4 ـی تشرینی یهكهم بۆ عێراق و لە 5 و 6 و 8 ـیش بۆ رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدابوو. وەزارەتی بەرگری تورکیا راشیگەیاندبوو، 15 ئامانجمان لە باکووری سووریا بۆردومانکرد کە هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە)ی لێیە. ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاندبوو، "دوو تیرۆریست" هێرشیانکردە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، لە شاری ئەنقەرە؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوەی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا". دوای هێرشەکە پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند. فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرایکرد، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی (رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین) ئەنجام دراوە. ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەگەڵ کاربەدەستانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک (عەرەبەکان) ڕێککەوتووە بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی هاوشێوەی چاڤیلاندی سلێمانی. کارۆخ سەید ڕزگار، سەرۆکی کڵپەی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندووە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جۆڵانەوەی نەوەی نوێ " لەگەڵ زۆربەی سەرۆک و بەرپرسەکانی عێراق لەسەر کەرکوک و ئەم خاڵانە ڕێککەوتون: یەکەم: هاوشێوەی چاڤیلاند، لە کەرکوک زەوی پێبدەن و بیکات بە پرۆژە و سەرکردەکانی عێراق تێدا شەریک بن دووەم: نەوتی کەرکوک بۆ بەرپرسەکانی عەرەب بێت و بەشێکی بدەن بەنەوەی نۆێ. لە بەرامبەردا نەوەی نۆێ باسیی کەرکوک ناکەت وەک شارێکی کوردستانی، ناوی کەرکوک بە تێپەڕبوونی زەمەن دەگۆڕن بۆ شاری برایەتی .
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، پەیامێک ئاراستەی مامۆستایانی سلێمانی دەکات. دەقی نووسینەکە: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان بەڕێزان مامۆستایانی خۆشەویست هەوڵ و هیممەت و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی و بەخششی بەردەوامی ئێوەی بەڕێز، لە هەموو سات و کات و سەردەم و قۆناغێکی ژیانی هەر یەکەمان و میللەتەکەشماندا؛ هەمیشە شایانی ڕێزو وەفاو ئەمەکداریی هەموومانە.مافی ئێوەی بەڕێزو سەرجەم موچەخۆرانی تریش؛ مافێکی سروشتیی و یاسایی و کەسیی هەریەکەمانەو، نکۆڵیی لە کەمتەرخەمیی و خراپئیدارەدانی وڵات و دارایی و زامننەکردنی یاساییانەو ئاساییانەی موچەو بوجە؛ لە هەردوو حکومەتی ئیتحادیی و هەرێمی کوردستان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو ناکرێت.پشتیوانەکانتان لە هەموو فەرمانگا خزمەتگوزاریی و ئارامیی و کارگێڕیی و یاساییەکاندا؛ لە پێناوی چاکەی گشتیی و پاراستنی تەندروستیی و ئاسایش و ئارامیی و ئاوو کارەباو ڕێگاوبان و شارەوانیی و …تاددا، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت؛ بەردەوامن.سەدان هەزار قوتابی و سەدان هەزار خوێندکار؛ لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتیی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانکۆکاندا؛ چاویان لە دەستێشخەریی پەیامدارییانەی ئێوەیە، موچەو ماف و شایستە داراییەکان بە یاسا نابێت زایەبن و لە هەر دۆخێکدا دەبێت قەرەبووبکرێنەوە، ئەوەی قەرەبووناکرێتەوە ماوەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیارە کە لەسەر دەستی ئێوە گەندەڵیی و خراپئیدارەدان بنەبڕبکات.کاری ئێوەی بەڕێزو پیرۆز؛ کارێکی پەیامدارانەی پێغەمبەرانەیە، بەهادارترو بەرپرسانەترە لە هەر شتێک و هەر دۆخێک، چۆن هەموومان داوا لە حکومەتی ئیتحادیی دەکەین کە موچەو بوجە تيکەڵی دۆسییەو ململانێ سیاسییەکان نەکات، بە هەمان شێوەش داواکارم کە ڕێگا نەدەن داواو مافی ڕەوای مامۆستایان و موچەخۆران تێکەڵ بە هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەرژەوەندیی تایبەتیی هیچ حیزبێک و هیچ کەسێک؛ بکرێت.لە ساڵی ٢٠٠٣ وە موچە لە عیراقدا مانگانە دەدرێت، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە دە ملیۆن کەس بەرەو نەخوێندەواریی ڕۆیشتون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پەیامداریی پێش هەر دەسکەوتێکی ترە.بەهەوڵی زانایانەو جوامێرانەتان سلێمانی لە ئاستی پەروەردەو فێرکردن و کەمترین ڕێژەی نەخوێندەوارییدا یەکەمی هەموو عیراقە، وەک هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق وتی: مەهێڵن ئەو پێشەنگییەتان لە دەستبچێت.بۆیە بە ناوی هەموو خەڵکی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەین دەوامی خوێندن دەستپێبکەنەوەو پۆلەکانی خوێندن گەرمبکەنەوە، تەنها لە پێناوی نەوەکانمانداو هیچی تر.داوا لە حکومەتی ئیتحادیی دەکەم کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنێت و مافی خەڵک و موچەو بوجەی هاووڵاتیان تێکەڵ بە هیچ دۆسییەیەکی تر نەکات، بەردەوام بونی حکومەتی ئیتحادیی لە خەرجنەکردنی موچەو مافە داراییەکانی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا؛ تەواکردنی پرۆسەی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستانە، کە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراقدا؛ بە تاوانی ناساندووە.داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەرکی حوکمڕانیی خۆی بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردستان بەگشتیی و بەرامبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبکات و موچەی بەردەوامی کەرتی پەروەردە بێوەستان و دواخستن دابینبکات و خەرجبکات.داوا لە مامۆستایانی خۆشەویست دەکەم بەبەردەوامبون لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و مافی هەمووان، بە بڕیارو ئیرادەی کەسیی خۆیان؛ پرۆسەی خوێندن؛ ببوژێننەوە.گۆرانی مەزن، دەڵێت:((ئەگەر دوێنێ مامۆستاکانیەک سوڵتانیان پێ ئەگەیان،ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای کورددانیشێ و بە ڕاوێژی وردڕێگای پێگەیاندن دانێ،بۆ ملیۆنان، نەک سوڵتانێ! )).ئەحمەدی خانی مەزنیش دەردەکانی کورد، بە:(نەخوێندەواریی، هەژاریی، دووبەرەکیی)،باسدەکات، سەرچاوەی هەمووشیان بۆ نەخوێندەواریی دەگەڕێنێتەوە. نا بۆ نەخوێندەواریی، نا بۆ ڕاگرتنی خوێندن.. دڵسۆزتانهەڤاڵ ئەبوبەکرپارێزگاری خزمەتکاری سلێمانی١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: سکاڵای یاسایمان لەو کەسانە هەیە کە هەرەشە لە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانانە دەکەن کە بایکۆدی دەوامیان نەکردوە، وەک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ڕووبەڕووی دادگایان بکەینەوە. ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە: ماوەیەکە چەندین (ئەکاونت )و (پەیج )و (گروپ ) لە سۆشیال میدیا ، کەوتونەتە بێرێزیکردن و سوکایەتی و هەڕەشە لەچەندین بەڕێوەبەری قوتابخانە لە پارێزگای سلێمانی کە دەستیان بە دەوامکردن کردۆتەوە ، وەزارەتی پەروەردە بەفەرمی دەزگای ئاسایشی کوردستانی لەو هەڕەشە و تەشهیرکردن و بێڕێزیکردنە ئاگادارکردۆتەوە و رایگەیاندوە کە سکاڵای یاسایمان هەیە وەک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت ڕووبەڕووی دادگایان بکەینەوە چونکە قبوڵ ناکەین بەڕێوەبەر و مامۆستایان بیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن و سوکایەتیان پێبکرێت، پاش ئەوەشی دەرکەوت هەر یەک لەوانە و ئەدمینی ئەو گروپانە پلەی مامۆستایەتیان هەبوو ، ئەو پلەیان بە بریارێکی فەرمی لێوەردەگرینەوە. ئەو بەڕێوەبەر و مامۆستایانەش دڵنیادەکەینەوە وەزارەتی پەروەردە دەستخۆشی خەمخۆریتان لێدەکات و پاڵپشتی تەواوتان دەکات و هێرشکاران ڕووبەرووی دادگاکان دەکرێنەوە وەک چۆن لە ئەزموونەکانی پۆلی ١٢ ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ بەڕێزان لە ئاسایش و پۆلیس بەرهەمی هەبوو،هەر بەڕێوەبەر و مامۆستایەک لەسەر ئەوەی درێژە بەکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن دەدات توشی هەڕەشە و بێرێزیکردن دەبێت لە سۆشیال میدیا دەتوانێت سکاڵا و دۆکیۆمێنتەکان بنیرێت بۆ ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی وەزارەت رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر. لەرێگای ناردنی نامەی فایبەر و وەتس ئەپی ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنی :⬇⬇0750510323207505106262 سامان سیوەیلیگوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە١٤ی ١٠ی ٢٠٢٣
ئەمرۆ شەممە 14/10/2023 نرخی دراوە جیھانییەکان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە: 100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 160700 دیناری عێراقی 100یۆرۆ بەرامبەر بە 170000 دیناری عێراقی 100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 184000 دیناری عێراقی 100لیرەی تورکی بەرامبەر بە 5900 دیناری عێراقی 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 3100 دیناری عێراقی 1 دیناری ئوردنی بەرامبەر بە 2035 دیناری عێراقی
هونەرمەندێکی گۆرانیبێژی کورد، بۆ شەڕکردن دژی بزوتنەوەی حەماس، دەچێتە ریزی سوپای ئیسرائیلەوە. میدیای ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، هونەرمەندی کورد عیدان ئامێدی، بووەتە سەربازی ئیسرائیلی و دژی حەماس دەجەنگێت. عیدان ئامێدی، بە رەچەڵەک خەڵکی ئامێدییە لە پارێزگای دهۆک و لەسەر ئایینی جووە. https://youtu.be/ebXpKj5O4zQ?si=0CRHnkLu-FbUssct
شەڕ و پێکدادانەکانی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بۆ حەوتەم رۆژ بەردەوامە و تادێت ئاماری کوژراوانی ھەردوولا بەرزتر دەبێتەوە. تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش ھەزار و ٦٠٠ کەسیش برینداربوون. لەبارەی ئاماری کوژراو و بریندارانی سوپای ئیسرائیلەوە، میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردووەتەوە، زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ ئیسرائیلی بەھۆی ھێرشەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە کوژراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٢٢٠ کەسیان ئەفسەر و سەربازی سوپای ئیسرائیلن، ئەوەشیان خستووەتەڕوو، نزیکەی ١٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن بزووتنەوەی حەماس دەستبەسەرن و بەپێی دوایین راگەیەندراوی ئەو بزووتنەوەیەش، تاکو ئێستا ١٣ لەو بارمتانە کوژراون.
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كەمپی مەخمووریان بۆردومان كرد و بەردەوام بەسەر ئاسمانی كەمپەكەدا دەسوڕێنەوە. بە پێی زانیارییەكانی، بەیانی ئەمڕۆ هەینی 13/10/2023 فڕۆكەكانی توركیا مووشەكێكیان ئاڕاستەی ناوەندی كەمپی مەخموور كردووە، كە نزیكی هەمان ئەو شوێنەیە كە رۆژی شەممە لەلایەن فڕۆكەی جەنگیی توركیاوە بۆردومانكران. بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی بۆردومانەكەوە بهگوێرهی زانیارییه سهرهتاییهكانیش 4 كهس له ئهنجامی بۆردومانهكه كوژراون، ناو بەناویش فڕۆكەی توركیا بەسەر ئاسمانی كەمپەكەدا دەسووڕێتەوە.