بڕیارە سبەی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کارنامە و وەزیرانی کابینە نوێیەکەی عەلی زەیدی کۆببێتەوە، لە کاتێکدا بەشێک لە وەزارەتەکان بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە. بەگوێرەی بەرنامەی کاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کۆبوونەوەکە سبەی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە بەڕێوەدەچێت. تەوەرە سەرەکییەکان بریتین لە: دەنگدان لەسەر کارنامەی حکومەتی نوێ و دەنگدان لەسەر کاندیدانی وەزارەتەکان. مەشرق فەرێجی، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی (نازل ئاخد حەقی) ئاشکرای کرد کە لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە بتوانرێت "نیوە کۆ یەک"ی وەزارەتەکان تێپەڕێنرێن. ئەمەش ئەو ڕێژە یاساییەیە کە دەستوور دیاریکردووە بۆ ئەوەی حکومەتێک بە فەرمی متمانە وەربگرێت و دەستبەکار بێت. سەرەڕای هەوڵەکان، بڕیارە دەنگدان لەسەر نزیکەی شەش وەزارەت و پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران دوابخرێت بۆ دوای پشووی یاسایی پەرلەمان. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە: هێشتا لایەنەکان لەسەر ناوی کاندیدەکان ڕێکنەکەوتوون. وەزارەتەکانی نەوت و دارایی دیارترین خاڵی ناکۆکین لە نێو ماڵی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. عەلی فالح زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی 23 وەزارەتی ڕاسپێردراوە، لە کۆتایی ئەو وادە 30 ڕۆژییە دەستوورییە نزیک دەبێتەوە کە بۆی دیاریکراوە. تێپەڕاندنی زۆرینەی وەزارەتەکان لە کۆبوونەوەی سبەیدا، ڕێگری دەکات لە تێپەڕبوونی کات و کەوتنی کاندیدەکە، بە جۆرێک کە وەزارەتە پڕنەکراوەکان بۆ قۆناغی دواتر دەمێننەوە. دەستووری عێراق مەرجی داناوە دەبێت زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان دەنگ بە (نیوە کۆ یەک)ی وەزیرەکان بدەن تاوەکو حکومەت شەرعییەتی دەستبەکاربوونی هەبێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون چڕکردووەتەوە و بودجەی پێویستی بۆ کڕینی دەرمان و ڕشاندنی ئاژەڵان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابین کردووە. رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ بڕی 100 ملیۆن دیناری بۆ کڕینی دەرمان تەرخان کردووە و پارەکە راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکان تاوەکو کڕینی دەرمان دوانەکەوێت. لە ئیدارەی زاخۆ دەرمانەکان کڕدراون و لە مانگی رابردووەوە پرۆسەی شۆردن و دەرزی لێدانی ئاژەڵەکان دەستیپێکردووە بۆ لەناوبردنی "گەنە" کە سەرچاوەی سەرەکی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام مەترسییەکان بەردەوامن. لە کەرکووک: یەکەم حاڵەتی تووشبوون لە 7ی ئایاری 2026 کە ژنێک بووە، تۆمارکراوە. ئاماری ساڵی ڕابردوو: لە هەرێمی کوردستان 11 تووشبوو هەبوون (3 گیانیان لەدەستدا)، و لە کەرکووک 5 تووشبوو (4 گیانیان لەدەستدا). بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری ئاماژەی بەوە کرد کە داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ دابینکردنی دەرمان، بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، هەر بۆیە هەرێمی کوردستان پشت بەو بودجەیە دەبەستێت کە لە ساڵی 2023ـەوە وەک بودجەی فریاگوزاری (2 ملیار و 700 ملیۆن دینار) بۆ ئەم مەبەستە دیاریکراوە. تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ نەخۆشییەکە لە رێگەی گەنەوە دەگوازرێتەوە و نیشانەکانی سەرئێشە، ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو، سکچوون و رشانەوەی خوێناوی لەگەڵە.
ئەنقەرە و بەغدا لە گفتوگۆی چڕدان بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێی هاوکاری لە کەرتی وزەدا، کە بڕیارە جێگەی ڕێککەوتننامە کۆنەکەی ساڵی 1973 بگرێتەوە و گواستنەوەی نەوتی بەسڕەش بۆ بەندەری جەیهان لەخۆ بگرێت. بەپێی مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵات بۆ گواستنەوەی نەوت کە لە ساڵی 1973 واژۆ کراوە، لە 27ـی تەمموزی 2026 کۆتایی دێت. ئەم وادەیە بووەتە هاندەرێک بۆ هەردوو لایەن تا پێش کۆتایی هاتنی وادەکە، ڕێککەوتنێکی سەردەمیانە و گشتگیر ئامادە بکەن. ئانڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: گفتوگۆکان بۆ نووسینەوەی ڕێککەوتنە نوێیەکە بەردەوامن و ئومێد دەکرێت بە زوویی تەواو بکرێن. تورکیا دەیەوێت ببێتە دەروازەیەکی سەرەکی و ستراتیژی بۆ نەوتی عێراق، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز بایەخی هێڵی جەیهانی دوو هێندە کردووە. ئەنقەرە ئامادەیی نیشانداوە بۆ ڕاکێشانی هێڵێکی نوێی بۆری نەوت کە نەوتی بەسڕە بگەیەنێتە هێڵی جەیهان، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ فرەجۆرکردنی ڕێگاکانی هەناردە و پاراستنی ئاسایشی وزە. باڵیۆزی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد سەقامگیریی عێراق ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی تورکیادایە. ئەنقەرە چاوەڕوانی تەواوبوونی ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە تاوەکو بتوانن لە بوارە ستراتیژییەکانی وەک: ئاسایش و بەرگری. وزە و وەبەرهێنان. بازرگانی و پەروەردە. هەماهەنگییەکان بگەیەننە ئاستێکی بەرزتر. ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە نیشانەی گۆڕانکارییە لە نەخشەی وزەی ناوچەکە، تێیدا تورکیا دەبێتە جێگرەوەیەکی گرنگ بۆ ڕێڕەوە ئاوییە پڕ مەترسییەکان و عێراقیش سەرچاوەکانی هەناردەکردنی نەوتی خۆی مسۆگەرتر دەکات.
وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هەر هێرشێکی نوێ کە بکرێتە سەر وڵاتەکەیان، یەکێک لە بژاردە بەهێزەکانی تاران بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمە بۆ ڕێژەی 90%. ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا جەختی کردەوە کە پەرلەمان ئێستا خەریکی تاوتوێکردن و پێداچوونەوەی ئەم بڕیارە ستراتیژییەیە. ئەم هەڕەشەیەی تاران لە کاتێکدایە کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێستا ئێران خاوەنی یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە ڕێژەی 60%، بەڵام لە ڕووی تەکنیکییەوە گۆڕینی ئەم ڕێژەیە بۆ 90% لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجام دەدرێت. گەیشتنی ئاستی پیتاندن بۆ 90% بە مەترسیدارترین قۆناغ دادەنرێت، چونکە ئەمە ئەو ئاستەیە کە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاردێت. لە ڕووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە، ئەم ڕێژەیە وەک هێڵی سوور دەناسرێت، چونکە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکان و ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕێگە نادەن هیچ وڵاتێک بۆ مەبەستی مەدەنی و ئاشتییانە بگاتە ئەو ئاستە. ئەم لێدوانانەی لایەنی ئێرانی دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەیان بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت لە ناوخۆی ئێراندا کردووە. ئامانجی ئەو هێرشانە بریتییە لە کۆنترۆڵکردن یان لەناوبردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، بەرلەوەی وڵاتەکە بگاتە قۆناغی کۆتایی و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئەم هەڕەشە نوێیەی تاران وەک فشارێک دەبینرێت بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ڕێگری لە هەر پێکدادانێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا بگرن.
پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە پارێزگای هەولێر دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا تیروپشک بۆ حەوت هەزار پارچە زەوی دیکە ئەنجام بدرێت. شوکرییە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ تیروپشکی ئەو حەوت هەزار پارچە زەوییە لە قۆناغی کۆتاییدایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووبەری هەر پارچە زەوییەک 200 مەترە و دەکەونە ناوچەکانی (جێژنیکان، ئاشۆکان و سەیدان) لە سنووری شەش شارەوانیی دەوروبەری هەولێر. سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی کارەکان، بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی ئاشکرای کرد کە ئاڵۆزییەکانی جەنگی ئێران لە ناوچەکەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە. ڕوونیشی کردەوە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، نەتوانراوە ئامێری "درۆن" بۆ مەبەستی نەخشەسازی و ڕووپێوی زەوییەکان بەکاربهێنرێت، ئەمەش بووەتە هۆی خاوبوونەوەی ڕێکارە هونەرییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە بە کۆی گشتی 110 هەزار پارچە زەوی لە ناوەند و دەوروبەری هەولێر دابەش بکات. بەپێی ئامارەکان، لە ناوەندی هەولێر تا ئێستا 20 هەزار زەوی دابەشکراوە و 30 هەزار پارچەی دیکە ماوە. هەروەها لە قەزا و ناحییەکانیش 32 هەزار پارچە دابەشکراوە و بڕیارە 30 هەزار پارچە زەوی دیکەش ئامادە بکرێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شوکرییە عەباس جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنراوە بەردەوامە. لە بەرانبەر هەر ڕووبەرێکی زەوی کە بۆ بەرژەوەندیی گشتی کوژێنراوەتەوە، زەوییەکی دیکە لە شوێنێکی جیاواز وەک قەرەبوو بە جووتیاران دەدرێت.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند کە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا تۆمار نەکراوە و چاودێریش دەکەن، بۆ ئەوەی رێکاری پێویست و پێشوەختە بگرنەبەر. سیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هەرچەندە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا لە عێراق تۆمار نەکراوە، بەڵام بە بەردەوامی چاودێری دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەکرێت و وەزارەت بەردەوامە لە بەدواداچوونی پێشهاتەکان و هەموو ئامادەکارییەک کراوە. بەدر لە راگەیەندراوەکە دەڵێت، هاتنا ڤایرۆسێکی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەکاندا، بەڵام گوێزرانەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ پەیوەستە بە شوێن و رەنگە لە هەندێک کات و شوێندا رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە پەتایەکی توند و مەترسیدار. بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری کراوە بۆ رێنمایی زانستی بە بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوە تەندروستییەکان، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی. لە 2ی ئەم مانگەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بەریتانیا ئاگادارکردنەوەیەکی سەبارەت بە تۆمارکردنی چەند حاڵەتی هەناسەتەنگی توند لەنێو سەرنشینانی کەشتییەکی گەشتیاری پێگەیشتبوو، دواتر لە 4ی ئایاردا لە باشووری ئەفریقا پشکنینی تاقیگەیی پشتڕاستی کردەوە کە نەخۆشێکی تووشبووی ڤایرۆسی هانتا تۆمارکراوە، بەمەش کۆی تووشبووان گەیشتوونەتە حەوت کەس. هەر چەندە ئەمە ترسێکی جیهانی نییە، چونکە تەنها چەند کەسێک تووشی بوون و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش بە ئاسایی وەسفیکردووە، بەڵام ئامادەکاری پێشوەختە دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان و پاک راگرتنی شار و شەقامەکان، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە سەرپێچیکارانی ژینگە راگەیاند. دکتۆر هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ چیتر فڕێدانی زبڵ و خاشاک لەناو ئۆتۆمبێلەکانەوە بە "رەوا و ئاسایی" نابینرێت و لەمڕۆوە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر. لە بڕیارەکەدا هاتووە هەر ئۆتۆمبێلێک، چ شوفێرەکەی بێت یان سەرنشینەکانی، زبڵ و خاشاک فڕێ بدەنە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، بە بڕی 40هەزار دینار سزا دەدرێن. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی دروستکردنی "کوردستانێکی پاک و خاوێنتر"ە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان بن بۆ ئەوەی دووچاری سزای دارایی نەبنەوە و سیمای شارەکانیش بە جوانی بمێننەوە.
عێراق داوای کردووە کە لە وەرزی هاویندا کارەبایان پێ بدەن، کە پێدەچێت لە هاویندا پێویستیان بە 60 هەزار مێگاوات کارەبا هەبێت، بەڵام بەرهەمی ئێستایان 18 هەزار مێگاواتە. ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە هەرێمی کوردستان هیچ بڕە کارەبایەک رەوانەی عێراق ناکڕێت. پێش رووداوەکان رۆژانە بە تێکڕا 1200 مێگاوات کارەبایان لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕی. لە هەندێک کاتیشدا دەگەیشتە 1800 مێگاوات کارەبا. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی: "لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کارەبمان پێ بدەن". هەروەها "پێشبینی دەکات لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا خواست لەسەر بەکاربردنی بگاتە 60 هەزار مێگاوات کارەبا" ئەحمەد موسا عەبادی، باسی بەرهەمی ئێستا کارەبای عێراقی کرد و گوتی: "ئێستا نزیکەی 18 هەزار مێگاوات کارەبایە"؛ هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا؛ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی نیشتمانی و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی گاز".
ئەمڕۆ نزیکەی 664 ملیار دیناری پارەی مووچە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەمە کۆی گشتی پارەکە نییە و بڕی دیکەش دەگات. هاوکات دوێنێ یەکشەممە، 10ـی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی نانەوتییان بۆ مانگی نیسان خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بڕەکەی 50 ملیار و 292 ملیۆن و 213 هەزار دینارە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کۆی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیکەی 100 ملیار دینار بووە، "لەو بڕەش نزیکەی 52 ملیار دیناری بۆ حکومەتی فیدراڵ دەبێت." ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەند مەرجێکی دیاری کردووە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی.
ئەمرۆ دووشەممە 11-05-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سینگچۆل لیم، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان کرد، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستا بڵاویکردەوە، سەرۆکی حکومەت، سوپاسی کونسوڵی گشتیی کۆریای باشووری کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور کردووە. سەرۆکی حکومەت هەروەها پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و هاریکاریی حکومەت و گەلی کۆریا دەربڕی. کونسوڵی گشتیی کۆریا، ستایشیی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە کوردستان هەمیشە لە دڵمدا دەبێت.
ئەمڕۆ وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلە بەرزکردنەوەی دوو هەزار و 364 ئەفسەری وەزارەتەکەی کرد. وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی رێکارەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارتی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلە بەرزکردنەوەکان کردووە. ئەمڕۆ دووشەممە، شۆڕش ئیسماعیل ، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە قارەمانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەگەیەنین. وتیشی: لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە کە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆرمان داوە تا ئەم پرۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەین؛ بڕوای تەواومان وایە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن، لێرەشەوە دڵنیایی بە ئەو ئەفسەرانە دەدەین کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی سەنگەر عارف خالید، کە دانیشتووی ئاکرێیە، لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی بەر مینێکی چێندراو کەوت و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بوو. سەنگەر عارف، بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری ڕوویان لە کوێستانی بەردەسپیان لە گوندە ژۆری دەڤەری باڵەکایەتی کردووە. لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی، قاچی بە مینێکی چێندراودا تەقیوەتەوە. بەهۆی سەختی برینەکەی و لەدەستدانی قاچێکی، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە نزیکەکان، ئێستا بۆ چارەسەری زیاتر ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراوە. عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو ناوچەیەی ئەو هاووڵاتیانە ڕوویان تێکردووە، پێشتر وەک ناوچەی سوور تۆمار کراوە و هێمای ئاگادارکردنەوەی لێ دانراوە. داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بە هیچ شێوەیەک نزیکی ئەو شوێنانە نەکەونەوە کە مەترسیدارن و مینیان لێیە.