وەزارەتی تەندروستی غەزە ئامارێکی نوێی قوربانیانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان (شەهید) گەیشتووەتە 9 هەزار و 770 کەس. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "9 هەزار و 770 کەس شەهید بوون، کە 4800یان منداڵ و 2550یان ئافرەتن، هەروەها 596کەسیان بەساڵاچوون". هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، تائیستا 24هەزار و 808 کەس بریندار بوون.
لەماوەی هەشت مانگدا ئەمەریکا 14 هەزار کۆچبەری دەستگیرکردووە. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە نواکشۆت بڵاویکردەوە، پاسەوانانی سنووری ئەمەریکا لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 14 هەزار هاووڵاتی مۆریتانیایان دەستگیرکردووە، رۆژی هەینیش دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی مۆریتانیایان راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەك شەممە 5ی11ی2023، مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە،لیواكان، یەكەی 70 و 80 ، وەزارەتی دارایی و ئابووری دابەشدەكرێت. بە گوێری خشتەی وەزارەتی دارایی ڕۆژی پێنج شەممە 9ی11ی2023، بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت دێت.
حزبوڵڵای عێراقی لەبارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشە دەکات و دەڵێت: “ئەگەر بلینکن سەردانی بەغدا بکات دۆخەکە ئاڵۆز دەکەین". ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی نووسینگەی ئەمنی حزبوڵڵای عێراقی لە راگەیاندراوێکدا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای بە وەزیری جەنگی ئیسرائیلی ناوبردووە و رایگەیاندووە، لەبەرامبەر سەردانەکەی بلینکن بۆ بەغدا دۆخەکە بەشێوەیەکی چاوەڕنەکراو ئاڵۆز دەکەن. ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵای عێراق دووپاتیشی کردووەتەوە، کە کار بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەکەن و رێگەش بە ئەمەریکییەکان نادەن سەردانی عێراق بکەن. ئەم هەڕەشەیەی حزبوڵڵای عێراق لە کاتێکدایە کە بەشێک لە میدیا عێراقی و عەرەبییەکان بڵاویانکردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 5/11/2023، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەردانی عێراق بکات.
کەشتیی USS Dwight D. Eisenhower- یوو ئێس ئێس دوایت دی ئایزنهاوەری ئەمریکی گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم کەشتییە زەبەلاحە، کێشەکەی 114 هەزار تەنە و درێژی 332.8 مەترە، خێرایی 56 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا. ئەمریکا هەرکاتێک ئەم کەشتیەی جوڵاندبێ، بۆ جەنگێکی گەورە بووە، وەکو جەنگەکانی کەنداو 1991، ئەفغانستان 2001 و لیبیا لە 2011 . کەشتی یوو ئێس ئێس دوایت دی ئایزنهاوەر، توانای هەڵگرتنی 90 فڕۆکە و هەلیکۆپتەری جەنگی هەیە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشە زەمینیەکەیاندا بۆ سەر غەزە، ئەمڕۆ چوار سەربازیان کوژراوە. ئەمڕۆ شەممە 4.11.2023 سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشە زەمینیەکەیاندا بۆ سەر غەزە، ئەمڕۆ چوار سەربازیان کوژراوە و دووی تریش بریندار بوون. هاوکات ئەبوعوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسامی باڵی سەربازی حەماس رایگەیاند، ئەمڕۆ 24 تانک و زرێپۆشی ئیسرائییان تێکشکاندووە و 5 سەربازیشیان لە باڵەخانەیەک لە بەیت حانونی باکووری غەززە کوشتووە، بەوەش کۆی گشتیی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بۆ 341 سەرباز بەرزبووەوە کە 25یان لەنێو غەززە کوژراون. هەروەها تەندروستیی غەزە ڕایگەیاند، 9 هەزار و 488 کەس کوژراون کە سێ هەزار و 900یان منداڵن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڕیاری دا باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل بکشێنێتەوە. ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، بەهۆی رەتکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل و بەردەوامبوون لە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و رێگرییە بەردەوامەکانی لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەزە و گوێنەدان بەو تراژیدیا مرۆڤییانەی روو دەدەن، بڕیارماندا بە کشاندنەوەی شاکر ئۆزکان تۆڕونڵار، باڵیۆزی وڵاتەکەمان لە تەلئەبیب بۆ ئەنقەرە بە مەبەستی پرس و راوێژکردن.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ یەکەمجار لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەرکەوت و رایگەیاند، "هیچ شەڕێک وەک شەڕ لە دژی زایۆنییەکان شەرعی تر نییە و ئێمە هەر لە 8ـی تشرینی یەکەمەوە چووینەتە ناو شەڕەکەوە". گوتیشی، مانگێکە ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی نەبووە. حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، "ئەو بەرگرییەی لە سنووری ئێمەدا [لوبنان] روودەدات، بێ وێنەیە، ئیسرائیل هەرگیز بەخۆیەوە نەیبینیوە، وامان کردووە تەرکیزی کەمتر بێت لەسەر غەززە و کەرتی رۆژئاوا". نەسروڵڵا دەڵێت، هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، پێویست و گرنگ و لە کاتێکی گونجاودا بوو. دەشڵێت، مانگێکە سوپای ئیسرائیل یەک دەستکەوتی سەربازی نەبووە. پێشیوایە کە ئیسرائیل "منداڵ و ژن شەهید دەکات، زۆرینەی شەهیدان لە ژن و منداڵانن، زۆرینەی هەرە زۆری شەهیدان کەسانی سڤیلن." باس لەوەش دەکات کە ئیسرائیل دەست لە هیچ ناپارێزێت و تەنانەت قوتابخانە، مزگەوت، کەنیسە و نەخۆشخانەش بۆردوومان دەکات. گروپە چەکدارە شیعەکانی لوبنان، عێراق، سووریا و یەمەن تاوەکو ئەمڕۆ هەینی کاتیان داوە بە ئیسرائیل کە لە شەڕی غەززە بکشێتەوە. ئەمریکاش رایگەیاندبوو، چاوەڕێی گوتەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکەن. حەسەن نەسروڵڵا دەڵێت، جەنگی تۆفانی ئەقسا بۆ زیاتر لە گۆڕەپانێک درێژبووەتەوە و ئەوانیش بە شەرعی دەزانن، بۆ یەکەمجاریش کوژرانی 57 چەکداری حزبوڵڵای ئاشکرا کرد کە بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەوە بە دەستی ئیسرائیل کوژراون.
لە ئێستادا ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بە زۆری بۆ ھەوری تەواو گۆڕاوە لەئەنجامی کاریگەری شەپۆلێکی دەریای ناوەراست کە لەکاتەکانی بەیانیەوە لە سنوری پارێزگای دھۆکەوە و دەستی پێکردوە و سوپاس بۆ خودا بارانی باش لەو ناوچانەدا باری و بەردەوامە ، وە لەکاتی ئێستا بەدواوە ھەورەکان زیاتر فراوان ئەبن لەنێویاندا کەڵەکە ھەوری بروسکاویش چالاک ئەبێت و سات بۆ سات سنوری پارێزگای ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیان ئەگرێتەوە و پێشبینی بارانی مامناوەند و ھەندێ کات و ناوچەش تاوە بارانی بەخوڕ ئەبێت بەگشتی تا کاتەکانی شەو ناوبەناو بەردەوامی ئەبێت و درەنگی شەو کۆتای پێدێت . سەبارەت بەرۆژانی داھاتوو لە سبەی شەمەوە 4/11/2023 تا ماوەی ھەفتەیەک کەش بە سەقامگیری ئەمێنێتەوە و ئەگەری بارانبارین لەم ھەفتەیەدا نابێت ...الله اعلم.. ھەینی 03 ی تشرینی دووەمی 2023 کاتژمێر 1:20 پاش نیوەرۆ کەشناس:ئاراس_جبار
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە و ئەمڕۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. پێشتر، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ناسراو بە کۆشکی ئێلیزێ بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 3-11-2023 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاژێر 11 (بە کاتی فەرەنسا)، کە دەکاتە کاژێر 13:00 (بە کاتی هەولێر) کۆدەبێتەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش گوتی، لهسهر بانگهێشتى فهرميى ئيمانوێل ماكرۆن، نێچیرڤان بارزانی سهردانى پاريس دهكات. بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ نێچیرڤان بارزانی، لەلایەن پاتریک دورێل، (راوێژکاری سهرۆكى فهرهنسا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفريقا)ـوە گەیێنرایە نێچیرڤان بارزانی. لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا چاوەڕێ دەکرێت چەند پرسێک تاوتوێ بکرێن. لەوانە: - شەڕی داعش و ئاسایشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق. - چاکسازییەکانی نێو هێزەکانی پێشمەرگە و رۆڵی فەرەنسا لەو پرسەدا. - پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و داواییەکانی پاریس بۆ چارەسەری کێشەکان. - نەوت و وزە؛ گوشاری عێراق و هەڵوێستی فەرەنسا بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت. - ئاسایشی سەربازانی فەرەنسا لە چوارچێوەی ئەرکەکانیاندا لە عێراق و کوردستان.
حەشدی شەعبی لە عێراق خرایە ئەوپەڕی ئامادە باشییەوە و جێگری سەرۆکی دەستەکەی دەڵێت : بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێکە کە ڕوو بدات. ئەبو فەدەک، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراقیان خستۆتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی لە هەر رووداوێکی نەخوازراو ئامادە بن. ئەبو فەدەک دەڵێ: ئامادەباشییەکە بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکی ناوچەکە ئامادەبین.
ڕونکردنەوەیەک لەهاتوچۆی هەولێرەوەلەڕۆژی 2023/10/26لەکاتژمێر 6 ی سەرلەبەیانی، شوفێرێک لەسەر جوتسایدی لاوان بەهۆی تیژڕۆیی لەلایەن کامیرەکانی چاودێری خێراییەوە سزای سەرپێچی بۆتۆمارکرا،شوفێرەکەش لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدات کەئەوهەڵەیە دوبارە نەکاتەوە، هەڵسا بەهەولدان بۆشکاندنی کامیرەکە،بەبێ ئەوەی بزانیت کەوا هەر کامیرەیەک چەندین کامیرەی نهێنی چاودێری بۆدانراوە ،وەهەر دەستدرێژیەک تۆماردەکەن بۆسەر کامیرەکان بەهەمو وردەکاریەوە،بۆیە لەدوای ڕوداوەکە لەماوەیەکی زۆر کەم شوفێرەکە لەلایەن هێزەئەمنیەکانی هەولێر بەدەستخۆشیەوە دەستگیرکرا وەئوتومبێلەکەشی دەستی بەسەرداگیرا، وەئێستا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر بەندکراوە بەپێ ی مادە477 لەیاسای سزادانی عێراقی،وەسەرجەم زیانەکانی پێ چاکدەکرێتەوە جگە لەسزایەکان،بۆیە ئێمە داوالەهەمو شوفێرانی بەڕێزمان دەکەین ،کەوا بۆ خۆپارێزی وتوشنەبون بەسزادان پابەندی ڕۆیشتن بن بەو بەوخێراییەی کەدیاریکراوە،وەلەحالەتێک ئەگەر سەرپێچیان کرد، هەولی تۆلەکردنەوە نەدەن لەکامیرەکە، چونکە هەر کامیرەیەک چەندین کامیرەی تری نهێنی لەدەورەیە وەشتەکان تۆماردەکات وەبەئاسانی بکەرەکە دەدۆزرێتەوە، وەسزایەکی قورس دەدرێت،بەهیوای پابەندی وسەلامەتی بۆهەمو لایەک. ب هاتووچۆی هەولێر2023/11/2