وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان داوا لە تەندروستیی هەولێر و لیژنەکانی قایمقامیەت دەکات دەست بەسەر جۆرە شیرێکی چینیی تایبەت بە منداڵاندا بگرن کە لە بازاڕەکاندا هەیە. وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوێکدا رایدەگەیەنێت ، جۆرە شیرێکی چینی بە ناوی (ئۆپتیلاک) لە پێوەرەکانی کوالێتیی کۆنتڕۆڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرنەچووە و هیچ تایبەتمەندییەکی تەندروستیی تێدا نییە. هۆکارێکی دیکەی ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی عێراق هاوردەکردنی هەموو بەرهەمە شیرەمەنییەکانی چین و ئەو خۆراکانەی شیری چینییان تێدایە، بە یاسا قەدەخە کردووە. وەزارەت داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر کردووە بە زووترین کات لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتەوە دەست بەسەر ئەو شیرەدا بگرن و بە راپۆرتێک ئەنجامی هەڵمەتەکە ئاراستەی وەزارەت بکەن.
لە چوارچێوەی بەردەوامیی دۆسیە یاسایی و سیاسییەکانی تایبەت بە ڕووداوەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێکەوتەکانی هەشتی تەممووز، دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار بۆ مانگی داهاتوو دواخرا. بڕیارە نوێیەکەی دادگای سلێمانی ڕۆژی یەکشەممە 17-05-2026، دانا تەقیەدین، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، پرۆسەی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیی برای، لەگەڵ سەرجەم دەستگیرکراوانی لالەزاە، گۆڕانکاریی تێدا کراوە. بە گوتەی پارێزەرەکە، دادگا بڕیاریداوە دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنەکە بۆ ڕێککەوتی 3ـی حوزەیرانی 2026. دۆسیەی لالەزار و ڕەهەندەکانی دۆسیەی لالەزار کە ناوی لە گردی لالەزاری نیشتەجێبوونی لاهوور شێخ جەنگی لە سلێمانییەوە هاتووە، یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین ئەو دۆسیە یاساییانەی لە دوای گرژییەکانی ناوخۆی یەکێتی (کە بە ڕووداوەکانی 8ـی تەممووز دەستیان پێکرد) هاتە ئاراوە. ئەم دۆسیەیە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆری یاسایی، سەربازی و ئەمنی لەخۆدەگرێت کە ئاڕاستەی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد برای (فەرماندەی پێشووی هێزەکانی دژەتیرۆر) و چەندین ئەفسەر و پاسەوان و کەسانی دەوروبەری کراون. دواخستنی بەردەوامی ئەم دانیشتنانە لە لایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەک بەشێک لە ململانێی درێژخایەنی یاسایی و سیاسی لە قەڵەم دەدرێت، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەکە هەیە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە لاهوور تاڵەبانی لە ڕێگەی هێزێکی سیاسی نوێوە (بەرەی گەل) دەیەوێت بەشداری لە کایەی سیاسیدا بکاتەوە. لێکەوتەکانی دواخستنی دادگاییەکە چاودێران پێیان وایە دواخستنی دادگاییکردنەکە بۆ سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، دەرفەتێکی زیاتر دەدات بە لایەنە یاساییەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان یان ڕەنگە ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ لێکتێگەیشتنی نافەرمی لە پشت پەردەوە. بەڵام لە ڕووی میدیایی و جەماوەرییەوە، دۆسیەکە وەک کارتێکی گوشار لەسەر مێزی لایەنە ڕکابەرەکانی یەکێتی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری کۆتایی لێدەدات.
لە پێشهاتێکی کلتووری و کۆمەڵایەتیی جیاوازدا، خەڵکی گوندی "گریانە"ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، کۆتاییان بە سیستمی کلاسیکیی کوێخایەتی هێنا و لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسیی هاوشێوەی هەڵبژاردنە گەورەکان، ئەنجوومەن و دوو جێگری نوێیان بۆ گوندەکەیان هەڵبژارد. پرۆسەی دەنگدانەکە لە شەوی 16-05-2026، لەناو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا لە مزگەوتی ڕەییان لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، تێیدا ڕیشسپی، کەسایەتی و دانیشتووانی گوندەکە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی شارستانی نوێنەرانی خۆیان دیاری بکەن. مەرجەکانی دەنگدان و خۆپاڵاوتن غەریب ئەحمەد، یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەم هەڵبژاردنە، سەبارەت بە وردەکاریی و یاساکانی پرۆسەکە ڕایگەیاند: تۆماری تایبەتمان بۆ دەنگدان ئامادە کردبوو و زیاتر لە 200 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. مەرجی سەرەکی ئەوە بوو کە دەنگدەر یان پاڵێوراو پێویستە سەرۆک خێزان بێت و پێناسی (گریانەیی) بێت. لەم پڕۆسەیەدا هیچ سنووردارکردنێک بۆ تەمەن و ڕەگەز دیاری نەکرا بوو. لەم هەڵبژاردنەدا شەش کەس خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە پاڵاوتبوو، کە پێشتر بە تەواوی ئازاد بوون لە ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ناساندنی بەرنامە و پلانەکانیان بۆ خزمەتکردنی گوندەکە. لە کوێخایەتییەوە بۆ ئەنجوومەنێکی شارستانی ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی گوندی گریانەدا پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە بەڕێوەبچێت. پێشتر کارووباری گوندەکە تەنیا لەلایەن کوێخاوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام ئێستا گوندەکە بەرەو سیستمی ئەنجوومەنی هاوچەرخ هەنگاو دەنێت. دانیشتووانی گوندەکە هیوایەکی زۆریان بەم گۆڕانکارییە هەیە. یەکێک لە دەنگدەرانی گوندەکە دەڵێت: ئەو کەسەی متمانەی پێدەدەین، پێویستە مرۆڤێکی بێلایەن بێت و خزمخزمێنە نەکات؛ نەڵێت ئەمە خاڵۆزامە یان پوورزامە. ئەگەر کێشەیەک یان کارێک هەبێت، دەبێت بەرژەوەندیی گشتی بخاتە پێش کەسوکاری خۆی و هەموو خەڵکی گوندەکە وەک یەک سەیر بکات. گوندی گریانە لەکوێیە؟ گوندی گریانە، یەکێکە لە گوندە دیارەکانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و نزیکەی 22 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاکەوە دوورە. ئەم ئەزموونە بچووک و پڕ بەهایەی گوندەکە، وەک نموونەیەکی دەگمەنی هۆشیاریی دیموکراسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، لە شەوێکدا ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بوونەتەوە، بەهۆیەوە لە مۆسکۆ سێ کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویەتی 556 درۆن لە ئاسمانی زیاتر لە 12 هەرێمی جیاوازدا بخاتە خوارەوە، هەرێمی مۆسکۆی پایتەخت یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو هێرشە. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە توندە ڕێک دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستێکی سێ ڕۆژە و پڕۆسەی گۆڕینەوەی دیلەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا دێت. هەروەها ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دابوو؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە توندەکەی سوپای ڕووسیا بۆ سەر شاری کیێڤ کە ببووە هۆی کوژرانی 24 کەس. ئۆکرانیا زیاتر لە چوار ساڵە ڕووبەڕووی بۆردومانی بەردەوام و ڕۆژانەی سوپای ڕووسیا بووەتەوە، لەم دواییانەدا ستراتیژی جەنگەکەی گۆڕیوە و هێرشەکانی بۆ ناو قووڵایی خاکی ڕووسیا چڕتر کردووەتەوە. بەرپرسانی ئۆکرانیا جەخت دەکەنەوە لەم هێرشانەدا تەنیا دامەزراوە سەربازییەکان و کەرتی وزەی ڕووسیا دەکەنە ئامانج، بە مەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی مۆسکۆ.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کەمبوونەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییانەی پێشتر کێڵگە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنییان پەکخستبوو، بەڵام هێشتا کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانە لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە. نرخی غازی ماڵان نەگەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ و هاووڵاتییان هێشتا بەدەست کەمیی دابینکردنی غازەوە دەناڵێنن. بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەو بڕە غازەی ئێستا دەگاتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، زۆر کەمترە لە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و کەرتی بازرگانی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی دیار لە بازاڕدا. دۆخی دابەشبوون و نرخەکان لە شارەکانی هەرێم: هەولێر: لەکاتێکدا شارەکە ڕۆژانە پێویستی بە 16 تانکەر غاز هەیە، تەنیا 12 تانکەری بۆ دابین دەکرێت. ئەم کورتهێنانە وایکردووە نرخی یەک بوتڵ غازی بازرگانی لە نێوان 22 بۆ 25 هەزار دیناردا بێت. دهۆک: پێشتر ڕۆژانە نزیکەی 8 تانکەر غاز بۆ پارێزگاکە دابین دەکرا، بەڵام ئێستا تەنیا شەش تانکەر و نیو دەگات، ئەمەش نرخی یەک بوتڵ غازی پڕی لە بازاڕەکانی دهۆکدا گەیاندووەتە 20 بۆ 23 هەزار دینار. سلێمانی: دۆخەکە لەم پارێزگایەش جیاواز نییە و ڕۆژانە تەنها شەش تانکەر غاز دابین دەکرێت، بەو هۆیەوە نرخی یەک بوتڵ غاز لە نێوان 20 بۆ 25 هەزار دیناردا دەفرۆشرێت. پێش دەستپێکردنی ئاڵۆزی و هەڕەشە ئەمنییەکان بۆ سەر کێڵگە غازییەکان، نرخی یەک بوتڵ غاز لە بازاڕەکانی هەرێم تەنیا 8 بۆ 10 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی لە بازاڕی ئازاددا زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە. سالار محەممەد، لێپسراوی بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، دابەشکردنی غاز بە کۆبۆنی دووەم و سێیەم بەردەوامە. پڕۆسەکە بەپێی پلان بەڕێوەدەچێت و دوای ئەوەی ڕێژەی دابەشکردنەکە دەگاتە 85٪، دەست بە دابەشکردنی کۆبۆنی چوارەمی غاز دەکرێت. جێی ئاماژەیە، ئەو غازەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانەوە بە شێوازی کۆبۆن دابەش دەکرێت، تەنیا بە هەشت هەزار و 500 دینار دەدرێت بە هاووڵاتییان، کە ئەمەش جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ نرخی بازاڕی ئازاددا هەیە.
دوای کۆتاییهاتنی ئەرکێکی مێژوویی و درێژخایەن کە 11 مانگی خایاند، دواجار فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" گەڕایەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە بنکەی دەریایی نۆرفۆلک لە ویلایەتی ڤێرجینیا پێشوازی لێکرا. وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، پێت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، ئەمرۆ شەممە بە شێوەیەکی فەرمی پێشوازی لە گرووپی هێرشبەری فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" کردووە، دوای ئەوەی ئەرکە هەمەلایەنەکەی لە دەریادا کۆتایی پێهێنا. ئەم فڕۆکەهەڵگرە لە حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە دەستی بە ئەرکەکانی کردووە و بۆ ماوەی 326 ڕۆژ لە دەریادا ماوەتەوە. بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، ئەمە بە درێژترین ماوەی بڵاوەپێکردنی فڕۆکەهەڵگرێک دادەنرێت لە پێنج دەیەی ڕابردوودا، هاوکات سێیەم درێژترین ماوەی مانەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکایە لە دەریادا لە دوای جەنگی ڤێتنامەوە. فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" لە ماوەی ئەم 11 مانگەدا بەشداری لە چەندین ئۆپەراسیۆنی ستراتیژیدا کردووە کە گرنگترینیان بریتی بوون لە، دژ بە ماددە هۆشبەرەکان و گۆڕانکاری لە ڤەنزوێلا، لە سەرەتای ئەرکەکەیدا، فڕۆکەهەڵگرەکە ڕەوانەی دەریای کاریبی کرا بۆ پەکخستنی هێڵەکانی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا گەیشتە لووتکە، کاتێک بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە. هاوکات ئۆپەراسیۆنی 'داستانی توڕەیی' دژ بە ئێران: لە مانگی شووباتی ڕابردوودا و لەگەڵ بەرزبوونەوەی بێپێشینەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، فڕۆکەهەڵگرەکە ڕووپەڕی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەوە. لەوێ وەک بنکەیەکی سەرەکی و ستراتیژی بۆ وەشاندنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "داستانی توڕەیی" بەشداری کرد. شارەزایانی سەربازی پێیان وایە گەڕانەوەی ئەم فڕۆکەهەڵگرە دوای ئەم هەموو ڕووداوە گەورانە، قۆناغێکی نوێ لە جێگیربوون و داڕشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا دەستپێدەکات.
تەنیا 24 کاتژمێر دوای متمانەدان بە کابینەی حکومەت، هاوپەیمانییەکەی محەممەد شیاع سوودانی, ڕووبەڕووی لێکترازانێکی پێشوەختە بووەوە. هەردوو فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی و سومەریون بە فەرمی کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانیی (بونیاتنان و گەشەپێدان) ڕاگەیاند. کشانەوەی فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فالح فەییاز و حزبی سومەریون بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدی، ڕاستەوخۆ دوای دانیشتنی متمانەدان بە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی هات. ئەم دوو لایەنە سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بە بەرپرسیاری ئەو "ئاڵۆزی و پشێوییە" دەزانن کە لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا ڕوویدا و پرۆسەکە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و پەیڕەوکردنی "سیاسەتی پەراوێزخستن" ناو دەبەن. لە ڕاگەیێنراوێکی هاوبەشدا، ئەم دوو لایەنە کە خاوەنی شەش کورسین لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکرایان کرد کە فراکسیۆنێکی نوێی سەربەخۆ لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکەی سوودانی پێکدەهێنن. ئامانجی ئەم بەرە نوێیە کارکردنە بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە و دوورکەوتنەوە لە "پشکپشکێنە"، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختیان کردووەتەوە کە وەک بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەمێننەوە. ئەم هەنگاوەی فەییاز و ئەسەدی فشارێکی سیاسیی قورس دەخاتە سەر سوودانی و کابینەکەی زەیدی، بەتایبەت کە ناڕەزایەتییەکان پەیوەستن بە شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان و بوونی "پیلانێکی پێشوەختە" بۆ دوورخستنەوەی هەندێک لە کاندیدەکان لە کاتی دەنگدانی متمانەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-05-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەرزەپرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆرانی لە شاری سۆران کردەوە. دوای کردنەوەی پڕۆژەکە، سەرۆکی حکومەت وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەمە قۆناخێكە و قۆناخەكانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە كە دووساید و بەیەكەوەبەستنی ڕێگەكانە. پرۆژەی گەورەتریشمان لەبەردەستە، بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی ئەم دەڤەرەی بكەین. ئەمەش دەقی وتەکەیە: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەكەین بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی تر، كە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و ئێستا لە شاری سۆران دروست كراوە، ماوەیەكە پلانی بۆ داڕێژراوە و كاری تێدا دەكرێت و سوپاس بۆ خوا ئێستا بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەم پرۆژەیە دەكەینەوە و دەیخەینە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان، بە تایبەتی دانیشتووانی شاری سۆران و دەوروبەری. لەو ماوەیەی ڕابردوودا بینیمان دۆخێكی زۆر نالەبار لە كوردستان و عێراق هەبوو، خەڵك زۆر لە دڵەڕاوکێدا بوون لەوەی كە چی ڕوودەدات، بەڵام ئەمانە هیچیان نەیانهێشت كە ئێمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانمان بوەستین، ژیان بەردەوام دەبێت لە هەموو ئان و ساتێكدا. بیرمە كاتی خۆیشی كە شەڕی داعش بوو، دیسان پڕۆژەكان هەر بەردەوام بوون. لە خۆشی و ناخۆشیدا ئێمە لە خزمەتكردن ناوەستین و هیوادارین بەردەوام بین لەوەی كە بتوانین باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین لە هەموو بوارەكاندا. من پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و شاری سۆران و دەوروبەری دەكەم بۆ ئەم پرۆژە گرنگە، كە ئەمە قۆناغێكە و قۆناغەكانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە كە دووساید و بەیەكەوەبەستنی ڕێگەكانە. پرۆژەی گەورەتریشمان لەبەردەستە، بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی ئەم دەڤەرەی بكەین. دەستخۆشیی لە (كاڤین گرووپ) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە كە بەشێوەیەكی زۆر جوان و ڕێكوپێك دروستیان كردووە. وەكوو هەر جار دیسان دووپاتی دەكەمەوە كە ئەوەی منی زیاتر دڵخۆش كردووە ئەمەیە كە توانای ناوخۆیی وایكردووە ئێمە بتوانین پرۆژەی وا جوان و ڕێكوپێك جێبەجێ بكەین لەسەر ئاستی كوردستان لە هەموو ناوچەكاندا. جارێكی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێكارانی ئەم پرۆژەیە دەكەم، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ناوچەكە دەكەم و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پاڵپشتییان، بۆ پشتیوانییان، بۆ متمانەبەخشینیان بە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی ئەواندا بین. بابەتێكی تر هەبوو حەزم دەكرد عەرزی ئێوەی بەڕێز بكەم، بەداخەوە لەم ماوەیەی ڕابردوو بینیمان كە هەندێك ڕووداوی نەخوازراو و ناخۆش ڕوویان دا، بە تایبەتی لەم دواییە ئۆتۆمبێلێك بە سێ سەرنشین گەنج و منداڵەوە كەوتنە ناو ڕووبار و خنكان. ئەمە چەند حاڵەتێكە كە لەم دەڤەرە ڕوودەدات و ئەمە جێی نیگەرانییە. بەڕاستی دڵمان دێشێ كە دەبینین كەسانێك، ئازیزانی خۆیان لە دەست دەدەن. جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە هێزەكانی بەرگریی شارستانی بكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ شەونخوونییان، بۆ بەدواداچوون و گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكان كە بەڕاستی زۆر زۆر خۆیان ماندوو كرد، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم، سەرهخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەم. داواش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن، هەم ڕێنمایيی هاتوچۆ و هەم ئەو ڕێنماییانەی كە پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكرێن لەوەی كە خۆیان بە دوور بگرن لەو ناوچانەی كە گونجاو نین بۆ سەیران یان دەچنە سەر لێواری ڕووبار كە جێی مەترسین. ئەمانە هەمووی بۆ سەلامەتی و تەندروستیی خۆتانە، داواكارم پابەندی ڕێنماییەكانی حكومەت بن و دڵنیا بن كە حكومەت هەموو ئاسانكارییەك دەكات بۆ ئەوەی ئێوە لە خۆشیدا بن و بەختەوەر بن. ئەمڕۆ یەكەم هەنگاوی پێكهێنانی حكومەتی فیدرالی لە بەغداش دەست پێدەكات، ئێمە تەمەننای سەركەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەخوازین، هیوادارین سەركەوتوو بێت لە پێكهێنانی حكومەتی خۆی و ئێمەش پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حكومەتێكی فیدرال دروست بكرێ و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێن. بەشداریی ئێمە لە حكومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە كە داكۆكی لە هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان و مافەكانی خەڵكی عێراق و جێبەجێكردنی دەستوور بكەین وەكوو خۆی. بەشداریی ئێمە بەشدارییەكی كارا دەبێت و هەوڵ دەدەین كە پەیوەندییەكانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێكی بەرزدا بن. هیوادارم ئەمە ڕێخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەرێمی كوردستانیش پەرلەمان كارا بكەینەوە و دواتر هەنگاوەكانی تریش دەست پێ بكەین بۆ پێكهێنانی حكومەت و بكەوینەوە خزمەتی خەڵكی كوردستان جارێكی تر. دەستخۆشیی لە هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. پاشان سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبارەی پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم گوتی:ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووین كە هەموو دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان كارا بن و ڕێز لە ڕا و بیروبۆچوونەكانی خەڵكی كوردستان بگیرێت. هەڵبژاردن كراوە بە مەبەستێك خەڵك متمانەی بە لایەنەكان داوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەش بتوانن بە ئەمانەتەوە ڕووبەڕووی ئەو بەرپرسیارێتییە ببنەوە و لە خزمەتی خەڵكەكەدا بن، بۆیە پێمان باشە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئێمە لە ڕۆژی یەكەمەوە لەگەڵیدا بووین، پێكهێنانی حكومەت هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە كە حكومەت زوو پێك بێت. هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەكانیش بگەنە ئەو قەناعەتە كە پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و لە ئەنجامدا لە خزمەتی خۆشیاندایە. سەرۆکی حکومەت لەبارەی ئەوەی چاوەڕوانیی چییان لە حكومەتی داهاتووی عێراق هەیە گوتی: داوا دەكەین دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكات، مافەكانی كوردستان چیتر پێشێل نەكرێت، خزمەتگوزاری لە هەموو عێراقدا بە چاوێكی یەكسان ئەنجام بدرێ و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن بەرنامەیەكی تۆكمەیان بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن.
پاسەوانی تایبەتی رێبوار حامی حاجی غالی كە لە 22ی ئابەوە گیراوە و دەڵێت، "لە ژێر ئەشكەنجە لە پیاوەتییان خستووم"، ئەم کەسە ئەمڕۆ بانگێشت کرا وەک شاهێد بەڵام هەموو شتێکی ئاشکرا کرد دانا تەقیدین پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی باس لە شایەدحاڵێک دەکات و دەڵێت، یەكێك لە گیراوەكان ئەمڕۆ وەك شاهید دادوەر بانگی كرد، ئامادەبووانی هۆڵەكە هەستان و لە بەردەم قورئاندا سوێندی خوارد، گیراوەكە بە دادوەری راگەیاند، لێیان داوم و ددانم شكێنراوە، چەقۆیان لە پشتم داوە و سەریان شكاندووم و لە پیاوەتییان خستووم" دانا دەڵێت، شاهیدەكە گوتی ئەشكەنجە دراوم و لە ژێر گوشاردا وتەم لێ وەرگیراوە، داوا دەكەم لیژنەی تەندروستی راپۆرتی لەبارەیەوە ئامادە بكەن، بینێرن بۆ گرتن و گواستنەوە لای پۆلیس نەك ئاسایش. دوای ئەمە دادوەر لە حەمەڕەشی پرسی ئەشكەنجە دراوی؟، ئەویش كەوتە قسە و گوتی بەڵێ، دانم شكێنراوە، پشت و سەرم تەقەڵە، لە پیاوەتی خراوم. ئیتر دادوەر وتەكانی خوێندەوە و حەمەڕەش گوتی، لەبەرئەوەی جارێكی تر ئەشكەنجە نەدرێمەوە، لە لێكۆڵینەوەدا هەرچییان دەگوت، دەمگوت وایە.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی دانیشتنێکی دیکە بۆ دادگاییکردنی لاهوور و پۆڵاد تاڵەبانی و 10 لە گیراوانی لالەزار بەگوێرەی ماددەی 56 بەڕێوەببات. تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی وەک سکاڵاکار لە دادگا ئامادە دەبن یان نا. پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت ئامادەبوونی ئەوان بۆ پرۆسەکە "گرنگ نییە". لەبارەی هۆکاری هەڵگرتنی دانیشتنی پێشوو، دانیشتنی پێنجشەممەی ڕابردوو بەهۆی ئامادەنەبوونی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو. دادگا هێشتا لە قۆناغی وردبینی شکلییە و نەگەیشتووەتە ناوەڕۆک؛ بەتایبەت دۆسیەی ماددەی 406 کە هێشتا وردبینی تێدا تەواو نەکراوە. لایەنگرانی بەرەی گەل و پارێزەرانی گیراوانی لالەزار نیگەرانن لەوەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای تەمییز نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی دادگای تەمییز داوای دۆسیەکەی کردووە. شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل ڕایگەیاند، پێویستە سکاڵاکارەکان ئامادەبن و ئەگەر بەڵگەیان هەیە بیخەنە ڕوو، دادگاش دەبێت سنوورێک بۆ نادادی دابنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پڕۆژەی شەقامی 40 مەتری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ڕووی هاووڵاتیاندا دەکاتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم، گەڕەکی ئازادی بە هۆڵی بۆنەکان دەبەستێتەوە و سیمایەکی شارستانی نوێ بە ناوچەکە دەبەخشێت. تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەکە: درێژی و پانی: درێژییەکەی زیاتر لە 3 کیلۆمەترە و پانییەکەی 40 مەترە. پردی ستراتیژی: پڕۆژەکە پردێکی تێدایە بە درێژایی 290 مەتر و بەرزی 32 مەتر، کە بە یەکێک لە بەرزترین پردەکانی هەرێم و عێراق دادەنرێت. هەر سایدێکی لە سێ هێڵی هاتووچۆ، سیستەمێکی مۆدێرنی ئاوەڕۆ و شۆستەی پیادە پێکدێت. ئەم شەقامە دەبێتە دووەمین دەروازەی سەرەکی بۆ ناو سەنتەری سۆران. جگە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆ، ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بوژانەوەی ئابووری و ئاسانکاری بۆ گەشتیارانی ناوچەکە. پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە 50 ملیار و 179 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە، 350 کارمەند و کرێکار، لەگەڵ 14 ڕووپێو و 10 ئەندازیار کاریان تێدا کردووە. لە مانگی شوباتی 2024 دەستیپێکرد، لە وادەیەکی پێوانەییدا تەواو کرا.
لە کاتێکدا عێراق لەژێر فشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدای بۆ ڕێگری لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لە دەروازە سنوورییەکان جێبەجێ کرد، بەڵام خودی ئەم سیستەمە نێودەوڵەتییە کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی باندەکانی گەندەڵی و بە شێوەیەکی مەترسیدار یاری بە داتا و ناسنامەی کاڵاکان دەکرێت. گۆڕینی ئۆتۆمبێل بۆ "ماتۆڕسکیل؛ تەکنیکی نوێی دزیکردن بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، گەندەڵییەکە بەجۆرێکە ناسنامەی کاڵا گرانبەهاکان لەناو سیستەمەکەدا دەگۆڕدرێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەروازە سنوورییەکان ئاشکرای دەکات کە لە دەروازەی مەندەڵی لە نێوان عێراق و ئێران، بازرگانان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەڵاڵەکان، ئۆتۆمبێلی گرانبەها داخڵ دەکەن بەڵام لە سیستەمەکەدا وەک ماتۆڕسکیل تۆماری دەکەن. جیاوازییە داراییەکە بەم شێوەیەیە: ئۆتۆمبێلێکی 20,000 دۆلاری، نزیکەی 2,200 دۆلار گومرگی دەکەوێتە سەر. ماتۆڕسکیلێکی 1,000 دۆلاری، تەنیا 38 دۆلار گومرگی لێ وەردەگیرێت. ئەم جیاوازییە گەورەیە وایکردووە تەنیا لە یەک گرێبەستی 500 ئۆتۆمبێلیدا، ملیۆنان دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت بدزرێت و بچێتە گیرفانی بازرگان و باندەکانەوە، بەوەی بەرتیل وەردەگرن و ناسنامەی کاڵاکان دەگۆڕن. تیمیکی پێنج کەسی و دەستبەسەرداگرتنی سیستەمەکە محەممەد هادی شەممەری، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، پەردە لەسەر نهێنییەکی مەترسیدار لادەدات و ڕایدەگەیەنێت: تیمێکی پێنج کەسی لەناو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەری گشتی، دەستیان بەسەر سیستمەکەدا گرتووە و بەرامبەر وەرگرتنی پارە و بەرتیل، نرخی کاڵاکان لە سیستمەکەدا کەم دەکەنەوە. تێپەڕاندنی چەک و درۆن دۆسیەکە تەنیا گەندەڵی دارایی نییە، بەڵکو ڕەهەندی ئەمنی و سەربازیشی وەرگرتووە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی ئەم شڵەژان و دەستکارییەی لە دەروازەکاندا هەیە، هەندێک لەو خاڵە سنوورییانە بۆ هێنانی چەک و درۆن بەکارهاتوون. هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە کاتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لەگەڵ ئێران (28ـی شووباتی 2028 دەستی پێ کرد)، هێزەکانی ئەمریکا چەندین بنکەی گومرگی و سەربازی لە پارێزگای بەسڕە بۆردوومان بکەن. کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا سیستەمی ئەسیکۆدا ئێستا بووەتە یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. هەڵوێستی هەولێر: حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە تەنیا بەو مەرجە سیستەمەکە جێبەجێ دەکات کە دەسەڵاتی بەسەر دەروازەکاندا هەبێت و سیستەمەکە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت. هەڵوێستی بەغدا: تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق بەم مەرجەی هەرێمی کوردستان ڕازی نەبووە، ئەمە وایکردووە جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە هەرێمی کوردستان بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە. هەڵوێستی دەستەی دەستپاکی لەسەر دزییە گەورەکە لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان دەستی بە لێکۆڵینەوەی چڕ کردووە و بەڵێنی داوە بچێتە قووڵایی دۆسیەی گۆڕینی ڕەگەزی هاوردەکراوەکان. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە: کاتێک سیستەمێکی نێودەوڵەتی کە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی داڕێژراوە، خۆی دەبێتە ئامرازێک بۆ قاچاخچێتی، ئایا عێراق دەتوانێت کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانی خۆی بکاتەوە؟ بەپێی بڕیاری ژمارە 957ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سیستمی ئەسیکۆدا لە گومرگەکاندا جێبەجێ دەکرێت؛ ئەمە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بازرگانانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بە جۆرێک بازرگانانی هەرێمی کوردستان سەرجەم جموجۆڵە بازرگانییەکانیان لە ئوم قەسڕ و دەروازەکانی عێراق ڕاگرتووە و لەوێوە کاڵا و شتومەک ناهێننە کوردستان. ئەسیکۆدا چییە؟ ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتییە، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێدراوە بۆ بەدیجیتاڵکردنی کاروباری گومرگ. ئامانجی سەرەکیی ڕێکخستنی بازرگانی، خێراکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی گەندەڵییە لە ڕێگەی گۆڕینی ڕێکارە کاغەزییەکان بۆ سیستەمێکی وردی چاودێری کە تێیدا هەموو کاڵا و باجەکان بە شێوەیەکی خۆکار تۆمار دەکرێن.