Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13749 بابەت
هەواڵ
26-01-2024

بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستیپێکردەوە

کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستیپێکردەوە. ئەمڕۆ هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، بەرهەمهێنانی غاز لەو کێڵگەیە دەستیپێکردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ شەو لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرابووە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و بەمهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز وەستابوو. ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 26ـی كانوونی دووه‌می 2023) كۆمپانیای دانه‌غاز له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، شه‌وی رابردوو 25ـی كانوونی دووه‌م، كۆگایه‌كی هه‌ڵگرتنی شله‌مه‌نی له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ درۆن هێرشی كراوه‌ته‌ سه‌ر. كۆمپانیای دانه‌غاز هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، به‌رهه‌مهێنان له‌ كێڵگه‌كه‌ به‌شێوه‌ی كاتی راگیراوه‌. روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئاگر له‌ كۆگاكه‌ به‌ربووبوو دواتر تیمه‌كانیان كوژاندوویانه‌ته‌وه‌. جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌، هیچ كه‌سێك به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌ درۆنییه‌وه‌ زیانی به‌ر نه‌كه‌وتووه‌. ئه‌و كۆمپانیایه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كارمه‌ندانیان هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زوویی ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان بكه‌نه‌وه‌. کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.

هەواڵ
26-01-2024

مەسرور بارزانی پەیامێکی تووندی بڵاو کردەوە

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەو هێرش و پەلامارە هەمەجۆرانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، هەوڵی دوژمن و نەیار و خائینانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و پێیان وایە بەم هێرش و فشارە بەردەوامانە، کوردستان هەرەس دەهێنێت.خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیرادەیان زۆر لەوە بەهێزترە کە بە پیلان و ستەمکاری بشکێن، بەڵکوو ورەمان بەهێزتر دەبێت و لە ئەنجامدا، تەنیا شکست و ڕووڕەشی بۆ دوژمن وخائینان دەمێنێتەوە.سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی وڵاتانی دۆست دەکەین، کە بەردەوام ئەم هێرشانەیان شەرمەزار کردووە، بەڵام بە لێدوان و شەرمەزارکردن، کۆتایی بەم پیلان و هێرشە ناڕەوایانە نایێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان ناکات.گرنگە هەنگاوی کرداری لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە و دەبێ ئاسایشی هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزێت.داوا لە وڵاتانی دۆستیش دەکەین، کە ڕێکاری جدی بگرنەبەر و هاوکاری مەیدانیمان بکەن، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکی ئێمە و ئاسایشی ئابووری و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.داوا لە خەڵکی کوردستانیش دەکەم، بە خۆڕاگری و ورەیەکی بەرزەوە، ڕووبەڕووی ئەو پیلانانە ببنەوە و هەستی نیشتمانپەروەرییان هەر بەهێز بێت و ڕێگە بە خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیلەی ناحەزان نەدەن، کوردستان و خەبات و دەستکەوتەکانی، بکەنە قوربانی ترسنۆکی و تەماعی و بێویژدانیی خۆیان.داواکارم خوای گەورە، هێزی زیاترمان پێ ببەخشێت، تاکوو بەردەوام بین لە درێژەدان بە ڕێبازی پیروزی کوردایەتی و وەفاداری بو خوێنی شەهیدان و پشت و پەنامان بێت بەرەو سەرکەوتن. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2024/1/26

هەواڵ
26-01-2024

په‌یامێک له‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌

پێشوازی له‌ ڕێککه‌وتنی حکوومه‌تی فیدراڵیی عێراق و حکوومه‌تی ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ین بۆ ده‌سپێکردنه‌وه‌ی کاره‌کانی کۆمیته‌ی باڵای سه‌ربازیی نێوانیان (HMC) و به‌ره‌وپێشچوونی گفتوگۆکان ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی و داهاتووی هاریکاریی هاوبه‌ش له‌ بواره‌کانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، ئه‌منی و سه‌ربازیدا.هه‌رێمی کوردستان پشتگیری له‌و ڕێککه‌وتنه‌ ده‌کات و هاوکار و یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سه‌قامگیری و سه‌روه‌ریی وڵات و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزله‌یه‌کگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش.نێچیرڤان بارزانیسه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان٢٠٢٤.١.٢٥

هەواڵ
26-01-2024

دانەغاز لە سەرهێرشەكەی كۆرمۆر راگەیەنراوێكی بڵاوكردوە

كۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، بەهۆی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆڕ بەشێوەیەكی كاتی بەرهەمهێنانی غاز راگیراوە، وەزارەتی كارەباش دەڵێت، بەرهەمهێنانی كارەباش كەمبوەتەوە. كۆمپانیای دانەغاز سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنوری چەمچەماڵ راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەهۆی هێرشەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە گوماندەكرێت لە رێگەی درۆنەوە ئەنجامدرابێت، بەرهەمهێنانی غاز بەشێوەی كاتی راگیراوە.

هەواڵ
25-01-2024

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر خرایە خوارەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمشەو پێنجشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 21:07، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە.

هەواڵ
25-01-2024

پەرلەمانی عێراق رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی ئاشکرا کرد

رۆژی شەممەی داهاتوو، 27-01-2024، گەڕی دووەمی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.

هەواڵ
24-01-2024

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەست بە خەرجییەکان دەکاتەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، گشتاندنی دارایی ژمارە یەکی ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە خەرجی و داهاتەکان، ئەگەر بودجەی ساڵی 2024 پەسندبکرێت، ئەوا ژمارەیەک خەرجی زیاددەکرێن لەوانە کرێی ئاو و کارەبا و تەلەفۆنی نۆرماڵی ساڵانی پێشووی فەرمانگەکان و کڕینی کەلوپەلی پێویست. لە نووسراوەکەدا هاتووە: 1- خەرجکردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای نوێکردنەوەی پێشینە بەردەوامەکانیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. 2- خەرجکردنی کرێی ئاو و کارەبا و تەلەفۆنی نۆرماڵ بۆ ساڵانی پێشوو بەپێی پسوولەی رەسەن و تاوەکو بتوانرێت لە چوارچێوەی پێشینەی بەردەوامی مانگانە لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر بەرنامەی یاداشتی رێگەپێدان خەرجبکرێت. 3-کڕینی کەلوپەلی زۆر پێویست و گرنگ لەچوارچێوەی پێشینەی بەردەوامی مانگانە بەپێی پێداویستی فەرمانگەکە لەرێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر بەرنامەی یاداشتی رێگەپێدان خەرج بکرێت. 4-خەرجیی مانگانەی پاککردنەوە و خواردنی نەخۆشخانەکان و خواردنی بەندییەکان و خاوێنکردنەوەی شار و شارۆچکەکان و فڕۆکەخانەکان و کرێی ئۆتۆمبێل و یەکەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە بەجیا لەپێشێنەی بەردەوامی مانگانەی فەرمانگەکان خەرج دەکرێت لە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS). 5-راگرتنی سەرجەم پاداشت و هاوکارییەکان، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەکان. 6- بەخشینی تایبەت پێویستە تەنیا لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر بەرنەمای یاداشتی رێگەپێدان پێشکێشی گەنجینەی پەیوەندیدار بکرێت بۆ خەرجکردنی. 7- هەر پڕۆژەیەک کە لەچوارچێوەی بودجەی ئاسایی جێبەجێ بکرێت وەکو "خواردن، پاککردنەوە، خاوێنکردنەوەی شار و شارۆچکەکان و خاوێنکردنەوەی بەشە نێوخۆییەکان و کرێی گواستنەوەی ئارد و ئازووقەی مانگانە و چاککردنەوەی ئامێرەکان و هی دیکە، دەبێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری بێت و لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) پێشکێش بکرێت، بەپێچەوانەوە وەزارەت بەرپرسیار نابێت لە خەرجکردنی جگە لەوانەی لە رێنمایی ژمارە 13ـی ساڵی 2019دا هاتووە. 8- لیژنەی کڕین: - تاوەکو سێ ملیۆن دینار لە رێگەی لیژنەی کڕین. - بڕی زیاتر لە سێ ملیۆن تاوەکو 10 ملیۆن، لەرێگەی لیژنەی کڕین و بە هەبوونی سێ خستنەڕوو. - لە 10 ملیۆن زیاتر (کڕین یاخود پڕۆژە) لە رێگەی کەمگەرییەوە دەکرێت. 9- داهاتەکان: کاربکرێت بە رێنماییەکانی ژمارە یەکی ساڵی 2020 بە رەچاوکردنی نووسراومان ژمارە 15035 کە پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، دوای نوێکردنەوەی بەشە داهاتی وەزارەتەکان لەلایەن وەزارەتمانەوە. 10- وەزارەت هیچ پابەندبوونێکی یاسایی و کارگێڕی و دارایی ناکەوێتە ئەستۆ بۆ هەر خەرجییەک کە لە دەرەوەی پێشێنەی بەردەوامی مانگانە دەکرێت، وەکو گرێبەستکردن و کڕین، کە رەزامەندی پێشوەختەی وەزارەتی نییە، وەزارەت بەرپرس نییە لە خەرجکردنی. 11- نابێت بەبێ رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران هیچ فەرمانبەرێک شاند و سەفەری دەرەوەی وڵات بکات، بەپێچەوانەوە هیچ پابەندبوونێکی دارایی ناکەوێتە ئەستۆی وەزارەت. 12- بەمەبەستی بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل، کار بە رێنماییەکانی ژمارە یەکی ساڵی 2018 دەکرێت بە رەچاوکردنی سەرجەم بڕگە و خاڵەکانی جگە لە خاڵی 8ـی رێنماییەکە. 13- هەموو ئەو خەرجییانەی پەیوەستن بە بودجەی بەکارخستن لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ تەنیا بەشێوەی دیجیتاڵی لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) لەسەر بەرنامەی داراکاری خەرجی ئاڕاستەی وەزارەتمان بکرێت، بەرەچاوکردنی گشتاندنی ژمارە 17ـی ساڵی 2022 و هەر داواکارییەک بەشێوەی کاخەزی ئاڕاستەمان بکرێت، رەتدەکرێتەوە. 14- داواکردنی خەرجکردنی پێشینەی مانگانە لە گەنجینەکان لەلایەن وەزارەت و فەرمانگەکان دەبێت، تەنیا بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS)ـەوە بکرێت، بەپێچەوانەوە لە خەرجکردن بەرپرس نابن. 15- ئەو خەرجییانەی لەلایەن وەزارەتەوە رەزامەندییان لەسەر دەدرێت، لەسەر بودجەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان زیادبکرێت بە هاوتای زیادکردنی تەرخانکردنی رێژەی 1/12ـی خەرجیی فیعلی ساڵی 2023. 16- لەکاتی زیادکردنی پێشینەی مانگانەی هەر فەرمانگەیەک لەلایەن وەزارتی داراییەوە، بڕی زیادکراو لە پێشینەی مانگانە زیاد دەکرێت لە چوارچێوەی 1/12ـی خەرجیی کردەیی ساڵی 2023 و نابێت لەسەر کۆی گشتی ئاستەکان تێپەڕبکات. 17- ئەگەر  لەسەر ئاستی "فەسڵەکان" تێپەڕبوون هەبوو، ئەوکات لەسەر کۆی گشتی ئاستەکان هەژمار بکرێت. 18- دەبێت لەکاتی پەسەندکردنی بودجە بۆ ساڵی 2024، رەچاوی زیادکردنی خاڵەکانی دوو و سێی سەرەوە بکرێت. 19- هەر داواکارییەک پێشکێشی وەزارەت دەکرێت و رەزامەندی وەردەگرێت، پێویستە لەسەر سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) بگۆڕدرێت بۆ یاداشتی رێگەپێدان و لەسەر بەرنامەی یاداشتی رێگەپێدان پێشکێشی گەنجینەکان بکرێت، بەپێچەوانەوە گەنجینەکان بەرپرس نابن لە خەرجکردنیان. 20- جگە لە خاڵەکانی یەک و و سێی سەرەوە، هەر خەرجییەکی دیکە کە داوا دەکرێت، دەبێت بە رەزامەندیی وەزارەت بێت. 21- جگە لە خاڵەکانی یەک و سێی سەرەوە، هەموو خەرجی کە بەهاکەی بە دراوی بیانیی دۆلار بێت، پێویستە رەچاوی گشتاندنی وەزارەتی تایبەت بە نرخی گۆڕینەوە دراوی بیانی بکرێت.

هەواڵ
24-01-2024

دواین زانیاریی لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی

فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە وەڵامی هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا، چەند بنکە و بارەگایەکی حزبووڵڵای عێراقی لە قائیم و جەرەفولسەخر بۆردومانکرد، حەشدی شەعبیش رایدەگەیەنێت، لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا کوژراو و بریندار هەن. بەگوێرەی راگەیاندراوێکی پێنتاگۆن، هێرشەکەی ئەمەریکا بە بڕیاری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بووە، کە لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریدا هاتووە، هێرشەکەی ئەمەریکا لە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشانەدا بووە کە گرووپەکانی سەر بە ئێران کردوویانەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، بەتایبەت هێرشەکەی عەین ئەسەد کە لە 20ـی ئەم مانگە کرایە سەر هێزەکانیان و چوار سەرباز بە سووکی بریندار بوون. وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و سێنتکۆم راگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێن: هێرشەکان زۆر بە وردی ئەنجام دراوە، شوێنەکانی ئەو گرووپانە بۆردومان کراوە و کراونەتە ئامانج کە شوێنی مەشق پێکردن و مووشەک هاوێشتن بووە لە قائیم و جەرەفولسەخر. پات رایدەر گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: هەماهەنگی زۆر باشمان لە گەڵ هێزەکان و بەرپرسانی عێراقدا هەیە، بەڵام لەو هێرشەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە حکومەتی عێراق لە هێرشەکەدا ئاگادار کراوەتەوە یان نا. بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی پێنتاگۆن بێت حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەو هێرشە بووە، هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند، 151 هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان کە زیاتر لە 58 هێرش لە عێراق بووە ئەوانی دیکەش لە سووریا بوون. پێنتاگۆن دەشڵێت: لوید ئۆستن گوتیەتی لەگەڵ جۆو بایدن هەموو رێوشوێنێک دەگرنە بەر بۆ پاراستنی سەربازەکانیان، هەروەها داواش لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەکات هێرشەکانییان بۆ سەر ئەمەریکا و هاوبەشەکانیان رابگرن. ژێدەر: کوردستان24

گشتی
23-01-2024

ڕوونكردنەوەیەك لەوەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

‎لەماوەی ڕابردوو تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێك لەهەرێمی كوردستان سەرقاڵی وردبینی بوون لە ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەمەیدانی سەردانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانییان كردوە. ‎لەلایە ئێمەوە هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێمدا نییەو ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازە بە جۆرێك لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی موچە كە مافی ڕەواو سادەی خەڵكە. ‎ئەوەی پێویست بێت و لەچوارچێوەی داواكارییە یاساییەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بێت وەك لە ڕابردوو وامان كردووە،بەنووسراوی فەرمی وەڵامییان دەدەینەوە هیچ تێبینییەك بەجێناهێڵین. ‎لەم بابەتانەش كە پەیوەندییان بە ژیان و گوزارانی خەڵكەوە هەیە پێویستە  میدییاكان نیشتیمانییانەو پیشەییانە ڕووماڵ و بڵاوكراوەیان هەبێت نەك بەجۆری دیكەو مەبەستی دیكە!. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری.                                      ٢٠٢٤/١/٢٣

هەواڵ
23-01-2024

وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچە لە وەزارەتەکان دەکات

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، داوا لە سەرۆکایەتییەکانی حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان بۆ مانگی کانوونی دووەم بۆ بنێرن. ئەمرۆ سێشەممە 23/1/2024 وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو نووسراو، کە یەکێکیانی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتەکانییەوە، دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمانی کوردستان ئاراستە کردووە، داوایان لێدەکات لیستی مووچە و جۆری دەرماڵەکان، لێبڕینی خانەنشین و باجی دەرامەتی فەرمانبەران بە وردبینی و پەسەندکراوی وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 بەزووترین کات رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەیان (بەڕێوەبەرایەتی خەرجییەکان) بکرێت بەمەبەستی پارەدارکردنی مووچە.  هەروەها لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە؛ مانگانە بە هەمان شێوە پێش هەموو پێنجی مانگ، لیستی مووچە بگاتە دەستیان بۆ کاری پێویست.

هەواڵ
23-01-2024

کۆتایی بە پڕۆسەی گەڕان و پشکنین لە ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی دەهێندرێت

گەڕان و پشکنین لە ماڵی شەهید پێشرەو دزەیی کۆتایی هاتبەرگری شارستانی هەولێر: چارەنووسی کارگوزارە فلیپینییەکە دیار نییە. ئەمڕۆ سێشەممە، 23-01-2024، کاروان عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، رایگەیاند، "دوای زیاتر لە هەفتەیەک کارکردن؛ پڕۆسەی پشکنین و گەڕان بۆ دۆزینەوە تەرمی کارگوزارە فیلیپینییەکە (میشێل) کۆتایی هات. بەداخەوە تەرمەکەی نەدۆزرایەوە و چارەنووسی نادیارە". هاوکات عەقید کۆچەر عەبدوڵڵا لە بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "لەماوەی ئەم هەفتەیەدا تەنها چەند پارچەیەکی بچووکی جەستەی کەسێکمان دۆزیوتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێرمان کردووە بۆ ئەوەی بەراورد بکرێن لەگەڵ جەستەی قوربانیانی دیکەی بۆردوومانەکە".   بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر؛ لە سەرەتای هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 300 کارمەندی بەرگریی شارستانیی هەولێر بەشدارییان لە پڕۆسەی گەڕان و پشکنیندا کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دەزەیین.

هەواڵ
22-01-2024

پەیامێك لە وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

ڕۆژی دووشەممە 22ی 1ی 2024 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان جارێكی تر پاساوی بۆ پەلامارە مووشەكیەكەی حەفتەی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر هێناوەتەوە كە گوایە بنكەی مۆسادی ئیسرائیلیان لە هەولێر بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن)ـەكانی خۆیان كردووەتە ئامانج و پەلامارەكە لەدژی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان نەبووە. جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە كە سەرباری ئەوەی شاندی حكوومەتی عێراقی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەكی زۆری میدیاكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان كردووە و هەموو لایەك شاهیدی ئەوەن كە پەلامارە مووشەكیەكەی ئێران تاوانێك بووە لە بەرانبەر خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ ئەنجام دراوە بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێكۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماكانیان دەكەن و شانازیش بەو تاوانە دەكەن كە لەدژی هاووڵاتیانی بێتاوانی كوردستان ئەنجامیان داوە. فەرموودەی پیرۆز (أَخَذَتْهُ العزة بالإثم) ڕێك ئەو شانازیكردنە دەگرێتەوە كە بەرپرسانی ئێرانی ڕۆژانە بێ گوێدانە ڕای گشتیی عێراق و ئێران و ناوچەكە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەكەنەوە. ئەوەی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە موشەكە (نقطه زن و كودك زن - منداڵكوژ)ـەكانی كردی، تاوانێكی گەورە لەدژی هاووڵاتیی ئاسایی هەرێمی كوردستان و كوشتن و برینداركردنی ژن و منداڵ بوو. هەروەها ئەو كردەوەیە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و ڕێككەوتنەكان بوو. ئەم تاوانە بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت و ڕای گشتیی ئێران و عێراق و ناوچەكەش هەڵناخەڵەتێندرێت. ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەكیی میدیاكان و ڕای گشتیی جیهانی و ناوچەكە ئەوەیە، موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی تر كە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ، بەڵام بۆچی بە موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانیان تەنیا خەڵكی بێتاوان و بێ پەنای هەرێم دەكەنە ئامانج؟ ناوێرن موشەك بگرنە ئەو وڵاتەی هێز و موشەك و چەكی پێشكەوتووی هەبێ و تەنیا بۆ خەڵكی بێ چەك و بێتاوانی كوردستان ئازان. پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

1 2 ... 237 238 239 ... 1145 1146