Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13742 بابەت
هەواڵ
18-02-2024

دادگای فیدرالی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

جارێکی دیکە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە. بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، کە دادگای فیدراڵی سبەی یەکشەممە ١٧ی٢ی٢٠٢٤ رەنگە بڕیارێك بدات، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخات، ئەوا زۆرتر ڕوون دەبێتەوە کە نیەتیان بەرامبەر هەرێمی کوردستان خراپە. سكاڵاكە لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كراوە، لە كاتێكدا پێشتر یاساكە بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران (بە پەرلەمانتارانی یەكێتیشەوە) دەرچوێندراوە. لەمبارەیەوە شوان محەمەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: “سەرۆک بارزانی لە خەمی ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە، دەزانێت کە لە زۆر بابەتدا گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، لە روانگەی هەستکردنی بە هەستیاریی بارودۆخەکە، لەگەڵ باڵوێزی ئەمریکا گفتوگۆی کرد و بە باشی ئاراستەی رووداوەکان و نیەتی هەموو لایەک لەسەر بابەتەکان دەزانێت چییە”. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر دادگای فیدراڵی جارێکی دیکە بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخات، ئەوا ئەگەرەكە ئەوەیە، کە نیەتێک هەیە بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست بکرێت، چونکە ئەم کۆمیسیۆنەی ئێستای عێراق لە مانگی حەوتی ئەمساڵ ماوەكەی بەسەر دەچێت، مانگێکیشی دەوێ پێش ئەو وادەیە بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن (تەسدیق) بکات. هاوکات گوتیشی: “کە هەڵبژاردن دەکرێت ئەبێ کۆمیسیۆن بۆ تەسدیقکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن مانگێکی لەبەردەستدا بمێنێت، بەرنامەی کاری کۆمیسیۆن بەهۆی ئەو خشتەیەی بۆ ئیشکردن دایانناوە گرفتی بۆ دروست دەبێت.” ئەوەشی خستە روو، کە ئەگەر هەیە سبەی یەکشەممە ١٧ی٢ی٢٠٢٤ دادگای فیدراڵی بڕیارێک بدات، بەڵام "ئەگەر وای نەکرد، ئەوە دەرخەری نیەتی خراپیانە."

هەواڵ
17-02-2024

کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا رایگەیاند، "ئازادی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین بۆ کارکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و دیموکراسی پێویستە و هیوداراین حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی پشتیوانی لەم ئازادییە بنەڕەتییانە". ئەمڕۆ شەممە، 17-02-2024، کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، کشانەوەی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ پێشەوە و دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین کە هەنگاوی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێنماییە گرتووەتەبەر". وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئازادی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین بۆ کارکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و دیموکراسی پێویستە و هیوداراین حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی پشتیوانی لەم ئازادییە بنەڕەتییانە". وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیانی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی دەرکرد و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (314) لە (28ـت کانوونی دووەمی 2024) بڵاوکرایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 تایبەت بە رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، ژمارە (305) لە (22ـی ئایاری 2023) بڵاوکرابووەوە و تێبینی و سەرنجی لەلایەن میدیاکاران ویاساناسان لەسەر تۆمارکرا. بەگوێرەی بەیانەکەی وەزارەتی رۆشنبیری کە ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە (5117) لە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) کراوە و بڕیاریداوە لە رۆژی (2ـی کانوونی دووەمی 2024)ـەوە کار بەو رێنماییە نەکرێت و هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بری ئەوەش کار بە رێنمایی پێشوویان ژمارە 1ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە رێکخستنی فریوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.

هەواڵ
17-02-2024

دادگای دادی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە

بڕیارە رۆژی دوو شەممەی داھاتوو دانیشتنێکی تری دادگای دادی نێودەوڵەتی تایبەت بە کاریگەرییە یاساییەکانی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر خاکی فەڵەستین بەڕێوەبچێت. سکاڵاکە لەلایەن باشوری ئەفریقاوە لەسەر تاوانەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە تۆماریکردووە و ھێرشەکەی ئەو وڵاتە بۆسەر شاری رەفەحیش لە خۆ دەگرێت. -دادگای دادی نێودەوڵەتیش لە ماڵپەری رەسمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ھەرچەند ئیسرائیل تانەی لەو سکاڵایەی باشووری ئەفریقا داوە و بەبێ بنەما وەسفیکردووە بەتایبەتیش لەبارەی ھێرشی زەمینی بۆسەر شاری رەفەح، بەڵام ھیچ کاریگەرییەکی نابێت و رۆژی دوو شەممەی داھاتوو دانیشتنی داگا بەڕێوەدەچێت.

هەواڵ
16-02-2024

شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە 

کەشانسی هەرێمی کوردستان پێشبینیەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بارانبارین بەردەوام دەبێت. بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە نیوەڕۆدا شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات سەرەتا بارانبارین لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و پاشان تەواوی ناوچەکانی تر دەگرێتەوە. کەشانسی دەشڵێت، بارانبارینی ئەمڕۆ بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت هەندێ کات لێزمەباران و هەورەتریشقەشی لەگەڵ دەبێت و لە ناوچەکانی کۆیە و تەقتەق و هیران و هەروەها بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان رۆژهەڵاتی و پارێزگای کەرکوک بارانبارین زیاتر دەبێت. لەبارەی کەشوهەوای سبەینێ، بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئاسمان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت, نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت هەروەها لە هەندێ کات هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت. پێشبینیدەکرێت لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییەسنووریەکان و بەرزەکان بەفرێکی کەم ببارەێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی 2 تــــا 4 پلە نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

هەواڵ
16-02-2024

بەبەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەورەترین کۆنفرانسی بواری ئاسایش لە م...

بە بەشداریی دەیان سەرۆک و سەرکردە و سەدان کەسایەتیی جیهانی، ئەمڕۆ هەینی 60ەمین کۆنفڕانسی ئاسایشی مینوشن دەستپێدەکات و سێ ڕۆژ دەخایەنێت. لە کۆنفڕانسەکەدا هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە  کۆنفڕانسی میونشن 2024 بەشدارن. چاوەڕێ دەکرێت نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتییە جیهانییەکان کۆببێتەوە. کۆنفرانسەکە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەززە ڕووبەڕووی دەیان هێرشی ئێران و میلیشیا شیعەکانی عێراق بووەتەوە. تەوەرە گرنگەکان بریتین لە: ئاڵنگارییەکانی ئاسایشی جیهانی، زیرەکیی دەستکرد، سیستەمی جیهانی و ریفۆرمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، پێگە و ڕۆڵی ئەمریکا و چین لە جیهاندا، تووندوتیژیی سێکسی لە ململانێ چەکدراییەکاندا، پاراستنی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، ئاسایشی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا، جەنگی ئۆکراینا و شەڕی غەززە. 

هەواڵ
15-02-2024

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/15 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دوای بەشداریکردنی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە شاری دوبەی , گەڕایەوە هەولێر.سەرۆکی حکومەت لە کاتی گەڕانەوەی لە دوبەی، لەلایەن عومەر بن سوڵتان عولەما وەزیری دەوڵەتی ئیماراتی بۆ کاروباری ژیری دەستکرد، لە فڕۆکەخانە بەڕێکرا . سەرۆکی حکومەت ، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیران و حاکمی دوبەی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی ئیمارات و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و چەندین بەرپرسی باڵای دیکە کۆبووەوە.سەرۆکی حکومەت هەروەها لە لوتکەکەدا ، گوتارێکی لە بارەی گرنگیی ڕێزگرتن و دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی پێشکەش کرد.

هەواڵ
15-02-2024

ناو و وێنەی سێ منداڵی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاوکرایەوە

میدیای عێراقی ناو و وێنەی سێ منداڵی ئەبوبەکر بەغدادی، ئەمیری پێشووی ڕێکخراوی داعشی بڵاوکردەوە. منداڵەکان ناویان فاتیمە و حەسەن و عەبدوڵایە و ئێستا لە زیندانەکانی عێڕاقدا دەستگیرکراون. ئەسما محەمەد، ژنی پێشووی ئەبوبەکر بەغدادی، دوای پێنج ساڵ لە کوژرانی هاوسەرەکەی، بۆ یەکەمجار قسەی بۆ میدیا کرد و باسی ژیانی تایبەتی خۆیان و منداڵەکانیشی کرد. ئەبوبەکر بەغدادی لە ژیانیدا چوار جار هاوسەرگیری کردووە. عەبدوڵا ئەبوبەکر بەغدادی حەسەن ئەبوبەکر بەغدادی فاتیمە ئەبوبەکر بەغدادی

هەواڵ
15-02-2024

ئومێد خۆشناو: وشکەساڵیمان تێپەڕاند

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.2.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەناوى خەڵکى هەولێر و پارێزگاى هەولێر، سوپاسى پشتیوانی و پاڵپشتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین، کە ئەگەر پشتیوانى ڕاستەوخۆى بەڕێزیان نەبووایە بەدڵنیاییەوە لەو دۆخە قەیراناویەوەى هەیە نەدەتوانرا ئەو پڕۆژانە ئەنجامبدرێت، کە بەشێکیان پڕۆژەى درێژخایەن و ستراتیژی بوون و بەشێکى دیکەشیان پڕۆژەى هەنووکەیى و پێویست". گوتیشى: "لە دووساڵى ڕابردوودا ڕەزامەندى خەرجکردنى (40 ملیار دینار) لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە، و توانراوە بەشێکى زۆر لە پرۆژەکانى پێ جێبەجێبکرێت، بۆ ئەمساڵیش (18 ملیار و 500 ملیۆن دینار)ى دیکە ڕەزامەندى سەرۆکى حکومەتى هەرێم وەرگیراوە بۆ ئەنجامدانى بەشێکى دیکەى پڕۆژەکان کە لە ئایندەدا جێبەجێدەکرێت". ڕاشیگەیاند: "لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە ئێستادا (24 پۆند) لەژێر جێبەجێکردندان، لەو ژمارەیەش (4 پۆند)یان لە 100% کارەکانیان تەواوکراون و (13 پۆند)ى دیکەش ڕەزامەندیان بۆ وەرگیراوە، ئەوە جگە لە دروستکردنى بەندەواکانى (گۆمەسپان، بەستۆڕە، چەمرگە، ئاقووبان) کە لە ئێستادا بەنداوى گۆمەسپان کە لەسەرووى 65%ى کارەکانى تەواو بووە، (2 ملیۆن و 500 هەزار) مەتر موکەعەب ئاوى تێدایە گڵدراوەتەوە و بەنداوى بەستۆڕەش کە لە سەرووى 55%ى کارەکانى تەواو بووە نزیکەى( 1 ملیۆن مەتر) موکەعەب ئاوى تێدا گڵدراوەتەوە، بەنداوى چەمرگە و ئاقوبانیش کە لە 100% کارەکانیان تەواو بووە، چەمرگە سەرێژبووە و (1 ملیۆن و 200 هەزار مەتر) مکعەب ئاوى تێدا گڵدراوەتەوە و ئاقوبانیش (2 ملیۆن و 500 هەزار مەتر) مکەعەب ئاوى تێدا گڵدراوەتەوە، ئەو جگە لە پاککردنەوەى زیاتر لە (300 کیلومەتر) ڕێڕەوى ئاوى سروشتى باران و فراوانکردن و دروستکردنى بۆکس کەڵڤەرد و پردەکان لە (14) شوێنى دیکە کە لە ڕابردوودا ببونە هۆکارى دروستبوونى لافاو، هەموو ئەوانە و دروستکردنى ئاوەڕۆى سندوقى و پاککردنەوەى (سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی ناوشار و دروستکردنى ئاوەڕۆى سندووقى) وایانکرد مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو کەم ببێتەوە. لەبارەى ڕێژەى دابارینى بارانیش ڕایگەیاند: "تاوەکوە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سنووری پارێزگای هەولێر 372 ملم بارانباریوە، بۆیە دەتوانین بڵێین وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە، ئەمساڵ وشکەساڵی ژیگەییمان تێپەڕاندووەو ئەوەی ماوەتەوە وشکەساڵی هایدرۆلۆژییە، کە لە کۆتایی وەرزی بارانبارین پێوانە دەکرێت، بەڵام ئەنجامەکانی زۆرباشن و جێگەی گەشبینییە و دەتوانین بڵێن ئەم وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە، هەروەها وشکەساڵی کۆمەڵایەتی، کە دەبێتە هۆکاری شوێنگۆڕکێی مەڕدار و کۆچەرییەکان و چۆلبوونی گوندەکان، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر نەگەیشتووینەتە ئەم حاڵەتە و وشکەساڵی کاریگەریی نەبووە". پارێزگارى هەولێر گوتیشی: "بەگوێرەی رووپێوی زانستی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ تێپەڕاندنی وشکەساڵی پێویستی بە بڕی 400 ملم بارانبارین هەیە، بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕی 372 ملم باران لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە، لە ناوچە شاخاوییەکانیش رێژەکە گەیشتووەتە 600 ملم، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت، چونکە وەرزی دابارین تاکو مانگی پێنج بەردەوام دەبێت". لەکۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر، جارێکى دیکە سوپاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەماهەنگى نووسینگەى بەڕێزیان و سەرۆکایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى کرد و دەسخۆشى لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدراەکان کرد بۆ هەموو ئەو کارانەى ئەنجامیانداوە.

هەواڵ
15-02-2024

هاتووچۆی هەولێر شۆفێران ئاگەدار دەکاتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە رایگەیاند، ئاگاداری هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەینەوە خۆیان بە دوور بگرن لە کڕینی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەی کە لاشە (شانسی) یان بڕاوەتەوە بە تایبەتی ئۆتۆمبێلی جۆری کیای دوو تەنی.ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاووڵاتییان خۆیان لە کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانەش بەدوور بگرن کە ژمارە و ساڵیانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیان بۆ بەستراوە.

هەواڵ
15-02-2024

کەشناسی: بارانبارین بەردەوام دەبێت

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ پێنج شەممە 15- 2- 2024کەش/ باران بارین بەردەوامی دەبێت , ئاستی دابارین مامناوەند دەبێت لەسەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگاکان . زۆرترین ڕێژەی بارانی پێشبینیکراو لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و بەشێک لە باشووری پارێزگای سلێمانی دەبێت هەندێ کات لەکاتی باران هەورە تریقەشی لەگەڵ دەبێت . کاریگەری ئەم شەپۆڵە لەسەر ناوچەکەمان لە شەودا لاواز دەبێت .خێراى با / لەسەرخۆ – مام ناوەند ( 10 – 20 )کم/س دەبێتئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت .پلەکانی گەرما / کەمێک نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.مەوداى بینین / 7 - 9 کم دەبێت .پلەکانی گەرما / لەسەر نەخشەدا ئاماژەیان پێدراوە . سبەی هەینی 16- 2- 2024کەش / لە کاتەکانی بەیانی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو , لە دوای نێوەڕۆ باران بارین لە ناوچە جیاجیاکان بە شێوەی نمە باران و هەندێ کات بارانی مامناوەند دەبێت , بەتایبەت لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سلێمانی .پلەکانی گەرما / بە نزیکەی 1 تــــا 2 پلە بەرزتر دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ .خێراى با / لەسەرخۆ- مام ناوەند ( 10 – 20 )کم/س .ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت .مەوداى بینین / 7 - 9 کم دەبێت . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزیهەولێر : 16سلێمانی : 16دهۆک : 16کەرکوک : 19هەڵەبجە : 16زاخۆ : 15سۆران : 10حاجی ئۆمەران : 6گەرمیان : 20بەشى پێشبینىبەرێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى2024-02-15

هەواڵ
14-02-2024

هۆشدارییەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سبەی پێنجشەممە، بارانی بەخوڕ بە هەورەتریشقە و باوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەبارێت؛ بەم هۆیەوە هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە:1- لەو ناوچانەی نزمن و ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو هەیە، دوور کەونەوە.2- بۆ دووربوون لە هەورەتریشقە، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکرێت.3- لە ڕێگە سەرەکییەکان هۆشیار بن و گەر زۆر پێویست نەبێ ڕێگە بەکار نەهێنرێت.4- بە ڕێنمایی دەزگە خزمەتگوزارییەکان پابەند بن. فەرمانگەی میدیا و زانیاری

هەواڵ
14-02-2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 14ی شوباتی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دەیڤید برگەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد. لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕ كرا. هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن. ناشبێ بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی هەرێم بكرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبوو ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت. لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە پێویستە هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێن و نابێ بە بیانووی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی وەربدرێت و نابێ كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان. لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەن پێكهاتەی سووننە بە لێكتێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدێك ڕێك بكەون و هەموو لایەكیش هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. سەبارەت بە دۆخی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەم بابەتە پرسێكی نیشتیمانییە و پەیوەست نیە تەنیا بە پێكهاتەیەكی دیاریكراو و دەبێ ئەم بابەتە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەكان بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان بگەنە ڕێككەوتن و ئەنجام. دەبێ هەموو پێكهاتەكانی عێراقیش ئەو ڕاستییە بزانن كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارە. هەر لەبارەی ئەم پرسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی زیاتر بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەركی پارلەمان نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق دەبێ دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و لێكەوتە و هاوكێشەكانی هەرێمایەتی و دەبێ بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئاسایشی هەموو شوێن و پێكهاتەكانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.هەموو لایەکیش باش دەزانن ئەگەر ئەمەریکا ڕژێمی پێشووی نەڕووخاندبا و یارمەتیی عێراقییەکانی لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق نەدابا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەستەڵاتدارن هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن.

1 2 ... 229 230 231 ... 1145 1146