سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی پەنجاهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگ و چارەنووسسازی خەباتی گەلی كوردستان بوو. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگ و چارەنووسسازی خەباتی گەلی كوردستان بوو. ئەم شۆڕشە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو. شۆڕشی گوڵان بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی كورت تووشی وەستان هاتبێت بەڵام ئیرادەی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە بەڵكوو بۆ گەییشتن بە ئامانجە پیرۆزەكان بە ئومێد و هێزێكی تازە لە تێكۆشان و خەباتیدا بەردەوام بووە. شۆڕشی گوڵان سەركەوتنی بەدەست هێنا چونكە، پشتی بە قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی جەماوەر و ڕێكخستنێكی بەهێز و دروشم و ئامانجی ڕوون بەست. لە پەنجاهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ جەماوەری كوردستان و هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە كە لە ناوخۆ و دەروەی كوردستان ڕۆڵێكی قارەمانانەیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و مێژوویەكی درەوشاوە و پڕ لە شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد. لەم یادەدا سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین. ئازادی و دەستكەوتەكانی تری گەلەكەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە و ڕەنج و دڵسۆزیی خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات هاوەڵی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ناوەرۆک و دەرەنجامی ئەو 22 کۆبوونەوە و دانیشتنەی خستە ڕوو کە مەسرور بارزانی، لە ماوەی دوو ڕۆژدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و حزبە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامی دابوون. کێشەی مووچە و گەنمی جووتیاران د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، مەسرور بارزانی، جەختی کردەوە کە نابێت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە دوای مووچەی فەرمانبەرانی عێراقەوە بدرێت؛ لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هاوڕابوونی خۆی نیشانداوە و وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە کە پێویستە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت." هەروەها باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا گرفتی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هێنراوەتە بەرباس، بە تایبەت ئەو ناحەقییەی لە دیاریکردنی بڕی گەنمی وەرگیراوی ئەمساڵدا لە دژیان کراوە، لەم بارەیەوە وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەڵێنی هاوکاری داوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەنمی جووتیاران و هەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە کەرتی کشتوکاڵەوە. پرسی گومرگی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی دانانی دەروازە و وەرگرتنی گومرگ لە کاڵای ناوخۆیی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتوویەتی: "لە کوێی دونیادا هەبووە لەنێوان هەرێمێک دەروازە دابنێیت و گومرگ لە کاڵای ناوخۆیی وەربگیرێت”. بەپێی گوتەی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە وەڵامدا گوتوویەتی کە ئاگاداری ئەو بابەتە نییە. سەرسامیی بەغدا بە چاکسازییەکانی هەرێم د. شاخەوان ئاماژەی بەوە کرد کە بەشی زۆری لایەنە عێراقییەکان سەرسامیی خۆیان بە هەنگاوەکانی چاکسازیی هەرێمی کوردستان نیشانداوە، تەنانەت سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە هەرێم لەم چاکسازییانەدا هاوکاریان بێت. هاوکات لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەممار حەکیم، کە پارێزگاری نەجەف و چەند وەزیرێکیشی بانگهێشت کردبوو، وەزیری دارایی و عەممار حەکیم سەرسام بوون بەو چاکسازییانەی لە کەرتی کارەبا و کشتوکاڵی هەرێمدا کراون و داوایان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە سوود لەم ئەزموونە وەربگرێت. لەو دانیشتنەدا وەزیری دارایی باسی ئاستەنگەکانی بەردەم خۆی کردووە و وتوویەتی: "کێشەی گەورەی نەختینەمان هەیە، ئەو پارەیەی هەیە لە ماڵەکانە و ناچێتە بانکەکان." لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە کە دەیانەوێت بە نەفەسێکی نوێوە مامەڵە بکەن، وەزیری دارایی عێراقیش کە باوەڕی بە چاکسازی هەیە و حەز بە هەدەردانی پارە ناکات، گوتوویەتی: "پارێزگاکانی هەرێم و عێراق وەک یەک دەبینین." پەیوەندییە سیاسییەکان و دۆخی پارێزگاکان سەبارەت بە کەسایەتی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە کە عەلی زەیدی پێشووتر هیچ هێزێکی سیاسی لە پشت نەبووە، بۆیە لە ڕابردوودا هیچ هەڵوێستێکی توندی دژی هەرێم نەبووە؛ زەیدی داوای هاوکاریشی کردووە کە هەرێم لە بواری غاز و کارەبادا هاوکاری عێراق بکات. سەبارەت بە بنەماڵەی حەکیم، د. شاخەوان باسی لەوە کرد کە ئەوان پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ بنەماڵەی سەرۆک بارزانی هەیە و ڕێزێکی زۆر بۆ پێگەی هەرێم دادەنێن. لە لایەکی دیکەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگاری بەسرە، شاندی هەرێمی کوردستان بۆیان دەرکەوتووە کە پارێزگاکانی عێراق بەرەو لامەرکەزیەتی ئیداری دەڕۆن و موعاناتی ئەوانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق زیاترە. لە پرسی دەستووریشدا، هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی جەختیان لەسەر پابەندبوون بە دەستوور کردووەتەوە و سەرۆکوەزیرانی کوردستانیش گوتوویەتی: "لە مافەکانی خۆمان زیاترمان ناوێت." نیگەرانییەکان لە پەرلەمان و پێگەی سەرۆک بارزانی د. شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایگەیاند کە دانیشتنی پەرلەمان نیگەرانی زۆری لای لایەنە عێراقییەکان دروست کردووە. لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و هەیبەت حەلبووسی، جەخت کراوەتەوە کە نابێت تەوافق پەک بخرێت. حەلبووسی پاساوی بۆ گلەییەکانی دوا دانیشتنی پەرلەمان هێناوەتەوە بەوەی دەیانویست حکومەتەکە تێپەڕێت و دواتر گلەییەکان چاک بکرێنەوە. هەروەها ڕایانگەیاندووە: "سەرۆک بارزانی یەکێکە لە سەرکردە دروستکەرەوەکانی عێراقی نوێ و هەڵوێستی هەرێمی کەردستان لەبیر ناکەین،" پاشان بەڵێنیانداوە کە سەردانی هەولێر بکەن. سەبارەت بەو بەربژێرانەش کە دەنگیان نەهێناوە، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کردووە کە دادگا یەکلایی دەکاتەوە ئایا دەتوانن دووبارە خۆیان کاندید بکەنەوە یان نا. دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، د. شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد کە ئەم بابەتە لە داواکاری هەرێمی کوردستان دەرچووە؛ لەبەر ئەوەی لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا لایەنە شیعەکانیش هاوڕابوون کە پێویستە ئەم دۆسیەیە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە ناکرێت ئەو گرووپانە زیان بە سومعەی عێراق بگەیەنن و ئەو پەیوەندییانەی عێراق لە ماوەی چەند ساڵێکدا لەگەڵ وڵاتان دروستی دەکات، لە ناوی ببەن.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاگاداری بۆ کەسانە بڵاوکردووەتەوە کە زەوییەکانیان بەر پشتێنەی سەوزایی هەولێر کەوتووە، بچن سەردانییان بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبوو. هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند "هەموو ئەوانەی زەوییان بەر قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کەوتووە، دەتوانن سەردانمان بکەن و قەرەبووی زەوییەکەیان وەربگرن، قەرەبووەکەش بە زەوی نیشتەجێبوون دەبێت. قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە پشت شەقامی 150 مەتری و لەنێوان رێگەی پیرمام و بەحرکەیە. هێمن سەید موراد دەڵێت: "قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە کە 500 هەزار نەمام ڕووێندراوە؛ بۆیە قەرەبوو دەستپێدەکات" کۆی پڕۆژەکە هەشت قۆناخ دەبێ بە دەوری هەولێردا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 30-10-2025 بەردی بناخەی پشتێنەی سەوزی هەولێری دانا و رایگەیاند، بە تەواوبوونی "پشتێنەی سەوز و رێڕەوی ژیان"، قۆناخێکی دیکە لە هەولێر دەستپێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان، تەمویلی مووچەی مانگی ئایار (5)ـی فەرمانبەران خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، بڕی 50 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئایار (5) بە شێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. دوێنێ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، واژووی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (5)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-05-2026، مەسرور بارزانى، سهرۆكوەزیرانی ههرێمى كوردستان، لە بەغدا، لهگەڵ قاسم ئەلئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق کۆبووەوە. له دیدارەکەدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بە گرنگیی سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا کرد و گوتی شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین کە خەبات و قوربانییەکی زۆری داوە و ڕۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقدا هەبووە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران سوپاسی ڕۆڵی گرنگیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پشتیوانییەکەی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان کرد . هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بۆ خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی هەرێمی کوردستان .
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەوڵی گەڕاندنەوەی دەیان خێزانی ئاوارەی پارێزگای نەینەوا دەدات کە ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان. بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە 2 هەزار و 100 ئاوارەی شارەکانی عێراق لە کەمپەکانی هەولێرن. عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باس لە ژمارەی ئاوارەکان دەکات لە هەولێر، دەڵێت "زیاتر لە 2 هەزار و 100 ئاوارەی ناوچەکانی خوارووی عێراق، ئەنبار، سەلاحەددین و نەینەوا لەنێو کەمپەکانی هەولێرن، کە زۆربەیان خەڵکی نەینەوان." بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانیش، عەلی عەباس دەڵێت "گفتوگۆمان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەستیپێکردووە بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئەو خێزانە ئاوارانەی لە چەند کەمپێکی هەولێر نیشتەجێن، کە لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر پارێزگاکەیان ئاوارە ببوون، بەڵام رێکخراوەکان پێیان گوتووین پارەیان کەمە و بودجەی پێویستییان لەبەردەست نییە." گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەشڵێت، "چاوەڕێی وەزیری نوێین بۆ وەزارەت تاوەکو بابەتەکانی پەیوەست بە کۆچبەران چارەسەر بکرێن و حکومەتی نوێ بە تەواوی پێکبهێنرێت." عەلی جەهانگیر ئاماژەی بە کێشەی هەندێک لە ئاوارەکانیش دەکات و دەڵێت "هەندێک لە ئاوارەکان کێشەی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان هەیە و فەوتاون، هەندێکیان خانوو و ماڵەکانیان وێران بوون، هەندێکیشیان کێشەی عەشایەرییان هەیە؛ ئەگەر ئەمانە چارەسەر ببن، ئەوانیش دەگەڕێنەوە."
راوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ باسی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون دەکات و چەند ڕێنماییەک بۆ هاوڵاتییان دەخاتە روو، هەروەها باس لە هۆکاری گرانبوونی نرخی گۆشتی ئاژەڵ دەکات. نەبەز رەفعەت، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان: نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵدا زۆر بە روونی دەرناکەون و تەنیا هەندێک نیشانەی سووکی وەک: (تا لێهاتنێکی کاتی، بێهێزی و تەمەڵی، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن بۆ چەند رۆژێک) لە ئاژەڵەکەدا دەردەکەون. هەروەها دەڵێت "ڤایرۆسی ئەم نەخۆشییە بۆ ماوەی حەوت رۆژ لە لەشی ئاژەڵەکاندا دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە لەو ماوەیەدا ئاگادارییەکی ورد هەبێت." لەبارەی سەربڕینیشەوە دەڵێت "دوای سەربڕینی ئاژەڵ، پێویستە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گۆشتەکە لە پلەی گەرمی 4 پلەی سیلیزی لەناو ساردکەرەوەدا دابنرێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ڤایرۆسەکە و گۆشتەکە بۆ خواردن شیاو دەبێت. وا باشیشە تەنیا لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێت نەوەک لە کۆڵان و نێو ماڵان. هەروەها سەبارەت بە گرانبوونی نرخی گۆشت، ئاماژە بەوە دەکات، "داخستنی هەندێک سنوور و فڕۆکەخانە و کەمبوونەوەی خەزێنەی ئاژەڵ لە ناوچەکەدا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و زیادبوونی خواست لەسەر گۆشتی بەستووی هاوردە وەک جێگرەوەیەک".
لە ڕۆژی دووەمی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 24-05-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کەسایەتیی سیاسی عێراقی خەمیس خەنجەر کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئێستا دەرفەتێکی نوێ لەبەردەم حکومەتی فیدراڵ هاتووەتە ئارا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، خزمەتی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بکات .
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 23ـی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە شاری بەغدا لەگەڵ عەبدولحوسێن ئەلمووسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (نەهج)ی نیشتمانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و برەودان بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرا، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتییان. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری نوێی تەندروستیی فیدراڵ لە عەبدولحوسێن ئەلمووسەوی کرد. لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ، ڕێزگرتن لە دەستوور و دابینکردنی مافی گشت پێکهاتەکان کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 23-05-202، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، له کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوون لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و دەربڕینی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی حکومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی دووپات کردەوە، سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە. سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکوەزیران دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.
پڕۆژەی "ڕووناکی" بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنێکی بەرچاو تۆمار دەکات. بەپێی دوایین ئامارەکان، پڕۆژەکە توانیویەتی کارەبای بەردەوام و بێ پچڕان بۆ 85٪ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بەرەو کۆتاییهێنان بە قەیرانی مێژوویی کارەبا لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت. دەستپێك و ڕاگەیاندنی فەرمیی پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕۆژی 25ی تەمووزی 2024 بە کرداری دەستی پێکرد. لە 17ی تشرینی یەکەمی 2024، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە گەڕەکی شادیی شاری هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیێنرا و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ژمارەی سوودمەندبووانی پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەکە لە ماوەیەکی پێوانەییدا ڕووبەرێکی بەرفراوانی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ کردووە، کە ئامارە سەرەکییەکانی بەم شێوەیەن: ژمارەی هاووڵاتیانی سوودمەند: پێنج ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی. ماڵە تۆمارکراوەکان: زیاتر لە 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون. موڵکە بازرگانییەکان: 153 هەزار ناوەندی بازرگانی. کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان لەسەر کوردستان جگە لە دابینکردنی وزە، پڕۆژەی ڕووناکی کاریگەرییەکی تهندروستی و ژینگەیی گەورەی بەسەر ناوچەکەوە جێهێشتووە. بەهۆی بەردەوامیی کارەبای نیشتمانییەوە: زیاتر لە پێنج هەزار و 900 مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە دەردانی ساڵانەی نزیکەی 1.1 ملیۆن تۆن گازە زیانبەخشەکان بەتایبەت گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ($CO_2$) بۆ ناو هەوای هەرێمی کوردستان. ئامانجی داهاتووی پڕۆژەی ڕووناکی لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکانی ئەم پڕۆژەیە بەشێکی زۆری جۆگرافیای هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و گەیشتووەتە سەنتەری پارێزگاکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە. هەروەها سەنتەری ئیدارە سەربەخۆکانی، سۆران، زاخۆ و ڕاپەڕین. کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی چڕی داناوە تاوەکو بە تەواوبوونی ساڵی 2026، ڕێژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بگەیەنێتە 100٪ و سەرجەم ناوچە، قەزا و گوندەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە کێشەی بڕانی کارەبا ڕزگار بکات.
لە میانەی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ وەزارەتی کارەبا لە بەغدا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ستافی باڵای وەزارەتەکە کۆبووەوە و داوای لێکردن هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و کەمکردنەوەی بڕانی وزە لە سەرانسەری وڵاتدا. بەپێی ڕاگەیێنراوێکی فەرمی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئامانجی ئەم سەردانە بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ بووە بۆ پڕۆژەکانی کەرتی وزە و ئاگاداربوون لە پلانەکانی وەزارەت بۆ سەقامگیرکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی، بەتایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکانی وزە لە وەرزی هاویندا. له کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەوەی دۆسیەی وزە بنەمایەکی سەرەکییە لە پلانەکانی حکومەت بۆ گەشەپێدان. هەروەها پەرۆشیی خۆی بۆ بەدواداچوونی بەردەوامی ئەو ڕێکارانە دەربڕی کە وەزارەت دەیانگرێتەبەر بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتەکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن). عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وتی: حکومەت ئامادەیە پاڵپشتیی تەواوی وەزارەتی کارەبا بکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەم قەیرانە، تاوەکو عێراق لە داهاتوودا کێشەی بڕانی کارەبای بەتەواوی تێپەڕێنێت. لە کۆتاییدا، زەیدی ڕێنمایی ئاراستەی کارمەندان و بەرپرسانی وەزارەتەکە کرد کە پێویستە هەوڵەکانیان بەرزتر بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی بڕانی کارەبا و سووککردنی ئەو بارگرانییە دارایی و دەروونییەی بەهۆی کێشەی وزەوە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتیان.