شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی عێراق کۆ دەبێتەوە. ئامانجی سەردانییەکە زیادکردنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا؛ بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ؛ وەزیری نەوت و شاندێکی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کۆدەبنەوە. ئەوانەی لە شاندەکە بەشدارن، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت)؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێک دێت. بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی کێڵگە نەوتییەکان، چەند مانگێکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر قەبارەی هەناردە و داهاتی گشتی کردووە، بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی کار بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکەن.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیەتێکی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەک دروست نەبووە، پێمان گوتراوە چیتر کێشەی مووچە دروست نابێت." پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، رێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی بەرپرسانی بەغداش سەردانی هەولێر بکەنەوە و گفتوگۆکان بەردەوام بن" پێشەوا هەورامانی باسی لەوەش کرد، "کاتێک لەسەر ئاستی باڵا و سیاسی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باش هەبێت، کارەکانی تیمی تەکنیکیش ئاسانتر دەبن" پێشەوا هەورامانی "ئێمە تەنیا داوای مووچە ناکەین، بەڵکو داواکارین تەواوی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و بۆ ئەم مەبەستە ئامادەییمان دەربڕیوە بۆ گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکانی بودجە."
سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە دەڵێت "بەم زووانە دەست دەکرێت بە تاپۆکردنی زەویی فەرمانبەران سەرۆکایەتی شارەوانی ڕایدەگەیەنێت "قۆناغەکانی ئامادەکاری بۆ تاپۆکردنی ئەو زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون باش ڕۆیشتووە و بەمنزیکانە بەشێوەیەکی فەرمی ڕادەگەیەنرێت بۆ ئەوەی فەرمانبەران دەست بە مامەڵەکانیان بکەن. لەبارەی ئەو پێویستییانەی ماون و خەریکی تەواوکردنین، هەروەها ئەو ڕێکارانەی کە پێویستن بۆ مامەڵە، ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات: رێکار و پێداویستییەکانی مامەڵەی تاپۆکردن: پێشکەشکردنی کارتی نیشتمانی (بۆ فەرمانبەر و هاوسەرەکەی) لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی شوێنی کار. پڕکردنەوەی فۆڕمی تایبەت لە شارەوانیی بەحرکە و ناردنی بۆ شارەوانیی هەولێر بەمەبەستی وردبینی. بەدواداچوون لەگەڵ گشت قەزا و شارەدێیەکان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی فەرمانبەرەکە پێشتر سوودمەند نەبووە. دوای دڵنیابوونەوە و تەواوبوونی وردبینییەکان، کارتی زەوییەکەی (کە ڕووبەرەکەی ٢٠٠ مەترە) پێدەدرێت و قۆناغی تاپۆکردن دەستپێدەکات. پێدانی زەویی بە فەرمانبەران، لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێکرا. هەر فەرمانبەڕێک دوای ئەوەی مەرجەکانی وەرگرتن و سوودمەندبوون گرتییەوە، پارچە زەویی 200 مەتری پێدرا.
دۆسیەی لاهوری شێخ جەنگی رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی ناوچەی سلێمانی کراوە بۆ تێهەڵچوونەوە و بڕیاردان لەسەری، بۆیە سبەی بەڕێوە ناچێت. دانا تەقیەددین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی "دۆسیەی بریکارەکەیان لە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی نەماوە و ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە (ئیستئناف) کراوە" وا بڕیاربوو سبەی 3/6/2026 دادگاییکردنی لاهوری شێخ جەنگی بەڕێوە بچێت بەڵام ئەو ئەندامە ئاماژە بەوە دەکات "بەهۆی ئەوەی تیمی پارێزەران سکاڵایەکیان تۆمار کردووە سەبارەت بەوەی دۆسیەکە لە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی بەڕێوە نەچێت، بۆیە دۆسیەکە دواخرا" دانا تەقیەددین لەبارەی بەڕێوەنەچوونی دادگاییکردنە دەڵێت، سبەی چوارشەممە، 03ـی حوەزیران، دانیشتنی دادگا بەڕێوە ناچێت، چونکە دۆسیەکە رەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە و تا کاتی یەکلابوونەوەی سکاڵاکەی تیمی پارێزەران لەسەر گۆڕینی دادگاکە، رێوشوێنەکان لە دادگای پێشوودا رادەگیرێن. شەوی 22ـی ئابی 2025، لاهور شێخ جەنگی و دەیان چەکداری سەر بە لاهور دەستگیرکران، ئەمە دوای شەڕێکی قورس و کوژران و برینداربوونی دەیانیتر، لەگەڵ هێزەکانی یەکێتیدا بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی.
سەرۆکی لیژنەی گاز لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، گازی ماڵان ئاسایی دەبێتەوە و دابەشکردنەکەشی بە پسولە دەبێت ئۆمەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی گاز لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، دەڵێت "لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان، بڕیاردراوە لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی گازی ماڵان بەبێ پسوولەی خۆراک بێت. بەگوێرەی ئەم بڕیارە، هاووڵاتیان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر و بێ ئاستەنگ دەستیان بە بوتڵی گاز بگات" ئۆمەر عەبدوڵڵا دەشڵێت " ئێستا گاز بە بڕی پێویست لە بازاڕەکاندا بەردەستە و هیچ گرفتێکی کەمیی گاز لە ئارادا نییە، لە کاتێکدا لە وەرزی زستان کێشەی کەمی گاز دروست دەبوو. سەبارەت بە نرخی گاز، سەرۆکی لیژنەی گاز جەختی کردەوە، نرخەکە وەک خۆی جێگیرە و هەر بوتڵێک گاز بە 8 هەزار و 500 دینار بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی گازی تەرخانکراو بۆ هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە. لای خۆیەوە کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆکیش رایگەیاند، دوای ماوەیەکی درێژ لە کەمی گازی ماڵان، لە ئەمڕۆوە پرۆسەی دابینکردن و دابەشکردنی گاز ئاسایی بووەتەوە. هەروەها بەهۆی ئەو کەمبوونەوەی لە ماوەی رابردوودا هەبوو، بۆشاییەک لە بازاڕدا دروستبووە و خەڵکێکی زۆر لە چاوەڕوانیدا بوون، بۆیە چەند رۆژێکی کەم پێویستە تاوەکوو ئەو بۆشاییە بە تەواوی پڕ دەکرێتەوە.
هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان گەیشتە بانکیی وەزارەتی پێشمەرگە و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکاریی دارایی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ مانگی نیسان 4ـی ساڵی 2026، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی پێشمەرگە و، رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، بە فەرمی دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکە دەکرێت. لە ڕاگەیندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) لە ئێستادا خەریکی رێکارە دارایی و ژمێریارییە پێویستەکانە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆی زیاتر لە 350 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 50 هەزار خانەنشین سەرەڕای چاپکردنی کارتە بانکییەکانیان، هێشتا وەریان نەگرتووەتەوە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد هەزاران خانەنشینی دیکە هێشتا لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکراون. عەزیز ئەحمەد، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، بینینی نۆرەی دوور و درێژی خانەنشینان لەبەردەم بانکەکاندا دیمەنێکی ئازاربەخشە، بەتایبەت لە کاتێکدا بەدیلێکی باشتر و گونجاوتر بۆ پێدانی مووچەکانیان لەبەرەستدایە. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، دۆخی گواستنەوەی مووچەی خانەنشینان بۆ سیستەمی دیجیتاڵی بەم شێوەیەیە: کۆی گشتی خانەنشینان: زیاتر لە 350 هەزار کەس لە لیستی مووچەی هەرێمی کوردستاندا هەن. ڕێژەی گواستنەوە: زیاتر لە نیوەی خانەنشینان مووچەکانیان بە شێوازی دیجیتاڵی لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەردەگرن، کە ئەمەش بووەتە هۆی کۆتایهێنان بە نۆرەگرتنی درێژ. کارتە وەرنەگیراوەکان: نزیکەی 50 هەزار خانەنشین کارتە بانکییەکانیان ئامادەیە بەڵام وەریان نەگرتووەتەوە. جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لەو خانەنشینانە کرد کە مامەڵەکانیان تەواو کردووە، بەزووترین کات سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، تاوەکو لە دڵەڕاوکێ ڕزگاریان بێت و بە ئاسانی مووچەکانیان بەدەست بگات. هاوكات داوای لە گەنجان و کەسوکاری خانەنشینان کرد هاوکار و یارمەتیدەری بنەماڵەکانیان بن بۆ ناوتۆمارکردن لە پڕۆژەکە و ئاشناکردنیان بە سوودەکانی پارەدانی دیجیتاڵی. لەپێناو خێراکردنی ئەم پرۆسەیەدا، تیمی "هەژماری من" بە هاوبەشی و لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بە ئامانجی خێراکردنی دابەشکردنەوەی کارتە بانکییەکان، تەواوکردنی پرۆسەی ناوتۆمارکردن و گواستنەوەی سەرجەم مووچەکان بۆ سیستەمی دیجیتاڵی.
وەزیری جەنگەیی ئەمریکا، هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز کراوە دەبێت و هیچ جۆرە باج و کرێیەک لە لایەن ئێرانەوە بەسەر کەشتییەکاندا ناسەپێندرێت. پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی سەرجەم کەشتییەکاندا کراوە دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە باج و رسووماتێک لە لایەن ئێرانەوە بسەپێندرێت. دەشڵێت "ئەمە ئەو دۆخە سروشتییەیە کە پێویستە لە گەرووەکە هەبێت" لە بەرانبەردا قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرجەم کەشتییەکان و نەوتهەڵگرەکان ناچارن بەو رێرەوە ئاوییانە هاتوچۆ بکەن کە لە لایەن ئێرانەوە دیاریی دەکرێن و دەبێت پابەند بن بە بڕیاری تاران. قەرارگەی خاتەمولئەنبیا مەرجێکی دیکەشی خستووەتە روو کە "پێویستە تەواوی کەشتییەکان و نەوتهەڵگرەکان مۆڵەتی فەرمی بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران وەربگرن. ڕۆژی هەینی، 29ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان سەر تارانی دابوو و ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو کەشتییانەی بەهۆی "گەمارۆ دەریاییە بێوێنە و سەرسوڕهێنەرەکەی ئێمەوە لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردبوو، کە ئێستا هەڵدەگیرێت، دەتوانن دەست بە پڕۆسەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بکەن".
لە چوار ڕۆژدا هەزار و 379 ئاژەڵ کراونەتە قوربانی. هاوکات لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان، زیاتر لە دوو تۆن گۆشتیش رەتکراوەتەوە و لەناوبراوە. دکتۆر ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر، دەڵێت: "پرۆسەی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ئەم جەژنە زۆر بە رێکوپێکی و بەپێی پلانێکی تۆکمە بەڕێوەچووە و، گەر بەراوردی بکەین رێژەی قوربانیکردنی ئەمساڵ لە ئامارەکانی ساڵی رابردووەوە زۆر نزیکە." ئەرسەلان جەلال لەبارەی قوربانیکردنەکانیش دەڵێت "لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، کۆی گشتی هەزار و 379 ئاژەڵی بچووک و گەورە لە کوشتارگەکەمان سەربڕدران، سەرجەم ئەو ئاژەڵانەی هێنرابوونە کوشتارگە، سەرەتا بەوردی پشکنینی پێشوەختەیان بۆ کرا و نزیکەی دوو تۆن و 16 کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵ بەهۆی چەند هۆکارێکی تەندروستی و نەشیاوییەوە رەتکراوەتەوە و رێگە نەدراوە بگاتە دەستی هاووڵاتییان" بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر ستایشی رۆڵی خەڵکی کرد لە سەرخستنی پرۆسەکەدا و رایگەیاند: "هاووڵاتیان تا رادەیەکی زۆر باش هاوکار و هەماهەنگمان بوون بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەکە بە شێوەیەکی زانستی، تەندروست و بە رێکوپێکی بەڕێوەببەین." قوربانیکردن، سەرەڕای ئەوەی نەریتێکی هەزاران ساڵەیە، بەڵام هێشتا زیندووە و ساڵ لە دوای ساڵ بە شێوازێکی مۆدێرنتر و رێکخراوتر لەناو کۆمەڵگەدا جێبەجێ دەکرێت. ئەم پرۆسەیە تابلۆیەکە کە ئیماندارێتی، سۆزی مرۆڤایەتی، تێیدا یەکدەگرن و پەیامێکی روونە کە جەژنەکان کاتی دابەشکردنی خۆشییەکانن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
سەرۆک مەسعود بارزانی، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جیا لە پیرۆزبایی، داوایەکی گرنگی ئاراستەی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان. سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان کرد، بەتایبەتیش جەژنی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم هاونیشتمانییان پیرۆز کرد. سەبارەت بە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی داوای لە لایەنەکان کرد بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی بەرتەسکەوە دابنێن. ئەو گوتی: "پێویستە واز لە ململانێی بێ ئەنجام و ئەو خۆخۆرییە بهێنن کە ماوەیەکە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بە دەستیەوە دەناڵێنێت." سەرۆک بارزانی داوای کرد دوای پشووەکانی جەژنی قوربان، لایەنە سیاسییەکان بە دڵسۆزی و هەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە تاوەکو کۆتایی بەو "چەقبەستووییە سیاسییە" بهێنن. جەختیشی کردەوە کە ئەمە ئەرکێکی ویژدانی و نەتەوەییە و دەبێت لایەنەکان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و بگەڕێنەوە سەر رێگەی راست. لە کۆتاییدا هیواشی خواست ئەم جەژنە ببێتە دەستپێکێک بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تێپەڕاندنی گرفتە سیاسییەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، ئاماری هاتنی گەشتیارانی بۆ سنووری پارێزگای هەولێر ئاشکرا کرد باسی ڕۆژانی جەژن و پێشوازیکردنی لە گەشتیاران کردووە. نەریمان فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، دەڵێت: "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە، تاوەکو کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ، 861 هەزار و 501 گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە." نەریمان فازڵ لەبارەی جەژنیش ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییەکی چڕ کراوە بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران بکرێت. گوتیشی: "تیمەکانمان لە دەروازەکانی هاتنی گەشتیاران و لە بازگەکان جێگیر کراون بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. هاوکات لە ناو شاری هەولێریش، لیژنەکانمان بەردەوام چاودێری ئەو شوێنانە دەکەن کە گەشتیاران روویان تێدەکەن، وەک چێشتخانە، هۆتێل و یانە گەشتیارییەکان، تاوەکو لە ئەگەری دروستبوونی هەر گیروگرفتێکدا بە زووترین کات چارەسەری بکەن." نەریمان فازڵ دەشڵێت " پێشبینییەکی وردمان نییە بۆ دیاریکردنی ژمارەیەکی دیاریکراوی گەشتیاران بۆ رۆژانی جەژن، بەڵام ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانین پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران بکەین کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن."
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی لە ساڵیادی پهنجا ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی 26ـی گوڵاندا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: شۆرشەکە سەلماندی کە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە. لە ساڵیادی پهنجا ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی 26ی گوڵاندا، بە شکۆ و شانازییەکی زۆرەوە، یادی هەموو شەهیدە سەربەرزەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەر و خەباتکارانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە کە سەرەڕای دۆخی سەختی ئەو کاتەدا ، بە ورەیەکی بەرزەوە، دەستیان بە خەبات و تێکۆشان و بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان کردەوە. شۆڕشی گوڵان، نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستانی تێکشکاند، بەڵکوو ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کردەوە و سەلماندی کە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان، لە هەموو پیلانێک بەهێزترە و سەرەنجام بە هۆی خۆڕاگری و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی گەلەکەماندا، ڕاپەرین و ئازادی وڵات و چەندین دەستکەوتی دیکەی نیشتمانییمان بەدەستهێنا. لە یادی پەنجا ساڵ و یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.