Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13731 بابەت
هەواڵ
25-02-2024

لێخۆشبوونی 20%ـی سزاى هاتوچۆ تەنیا سێ ڕۆژی ماوە

بڕیارى لێخۆشبوونی ٢٠%ـى قەرز و پێبژاردنی سزاکانی هاتوچۆی هاووڵاتییان، تاکوو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤ (سێ ڕۆژی تر) بەردەوام دەبێت. بڕیاری لێخۆشبوون، لە ڕۆژی ٢٨ ى ٨ ى ٢٠٢٣ بەرکار بووە و دواتریش تاکوو ٢٨ ى ٢ ى ٢٠٢٤، لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان درێژ کرایەوە، ئەمەش وەکوو هاوکارییەکی هاووڵاتییان و هاندانیان بۆ پاکتاوکردنی قەرز و پێبژاردنەکانیان. بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی، ڕووداوەکانى هاتوچۆ هەشتەم هۆکارى مردنن، ساڵانە ١.٣ ملیۆن کەس بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن و ٥٠ ملیۆن کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام دەبن. 
ڕێوشوێنی تۆمارکردنی سەرپێچی و سزادان و پێبژاردنی دارایی سەرپێچیکارانی هاتوچۆ، یەکێکە لە ڕێگەکانی کەمکردنەوەى ڕووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری

هەواڵ
25-02-2024

مەسرور بارزانی گەیشتە ئەمەریکا

ئێوارەی ڕۆژی شەممە 2/24 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.  سەرۆکی حکومەت بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی، چەندین دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە  و کۆنگرێس دەبێت .  تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان ، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیە .  شاندی یاوەری سەرۆکی حکومەت لە وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەوە پێکهاتوون.

هەواڵ
25-02-2024

وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆرمەکانی "ڕاهێنان و کتێبخانە"ـی ڕاگەیاند

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو سیسته‌می ئەلیکترۆنیی دیکەی بۆ گەشەپێدانی توانای مامۆستایان و قوتابییان ڕاگەیاند. ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو پلاتفۆرمی نوێی دیجیتاڵیی "ئی ڕاهێنان و ئی کتێبخانە"ی ڕاگەیاند، کە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی بەردەستن. وەزیری پەروەردە باسی لە سیستەمەکانی بەدیجیتاڵکردنی داتاکانی وەزارەتی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن کرد، پێشتر له‌ ڕێگەی "ئی پەروەردە و ئی وانە"، داتاکانی قوتابی و مامۆستا و بەڵگەنامەکانیان تۆمار کراون و هەروەها تەواوی میتۆدی خوێندنی قۆناغەکان لەسەر ئینتەرنێت تۆمارکراون." لە کاتی ڕاگەیاندنی سەکۆکانی "ئی ڕاهێنان و ئی کتێبخانە"ش، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا: "٦٠٠ ڕاهێنەر کە ماوەی ٤٠ کاتژمێر ڕاهێنراون، دەبێ هەفتانە بچنە قوتابخانەکان بۆ وانەگوتنەوە بە مامۆستایان، هەر مامۆستایەک ساڵانە ٦٠ وانەی ڕاهێنانی جۆراوجۆر وەردەگرێت." لەم ڕێگەیەوە وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و ئەلیکترۆنی، ڕاهێنان بە مامۆستایان بکات و تواناسازی لەو بوارەدا بێنێتە کایەوە. وەزیری پەروەردە گوتیشی: "گشتاندنێک بۆ مامۆستایان دەکرێت، هەر مامۆستایەک خوێنەری زۆرترین کتێب بووبێت، دەرخستەیەک بخاتە بەردەم لیژنەی وەزارەتی پەروەردە، لە ئەنجامدا مامۆستای یەکەم خەڵاتی ٥ ملیۆن دینار و مامۆستای دووەم ٤ ملیۆن دینار و مامۆستای سێیەم ٣ ملیۆن دینار خەڵات دەکرێن، هەر قوتابییەکیش زۆرترین ڕاددە بخوێنێتەوە، ناونیشانی "قوتابيى خوێنەر"ی لە قوتابخانەدا پێ دەبەخشرێت." بەئەلیکترۆنیکردنی وەزارەت و دامەزراوە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێم، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە گرنگیی زۆری پێ دەدرێت؛ هاوکات پرۆسەکە هەنگاوی گرنگی بڕیوە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری

هەواڵ
25-02-2024

لە كابینەی نۆیەم زیاتر لە 400 مزگەوتی نوێ دروست دەکرێت

لەماوەی دەستبەکار بوونی کابینەی نۆیەم، 408 مزگەوتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستکراون. د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو خزمەتگوزاریەکان بە مەبەستی پاڵپشتی دروسکتردنی مزگەوت و شوێنی ئایینی پێشکەشدەکرێن و لەماوەی دەستبەکار بوونی ئەم کابینەیە 408 مزگەوتی نوێ لە هەرێمی کوردستان دروستکراون. وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کردنەوەی مزگەوتێک لە شاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، حکومەت بە دابینکردنی باشترین زەوی شایستە و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزاریەکان پاڵپشتی دروسکتردنی مزگەوت و شوێنی ئایینيی دەکات.

هەواڵ
25-02-2024

پارێزگاری هەولێر بڕیارێک بۆ پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل دەردەکات

بۆماوەی دوو مانگی داهاتوو، پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل ڕۆژانی هەینی دادەخرێن. ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: لەمڕۆوە تاوەکو دوو مانگی دیکە، ڕۆژانی هەینی سەرجەم پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل دادەخرێن، بەڵام لە شەوانی ڕەمەزاندا کراوە دەبن و سزای سەرپێچی و کردنەوەی یەک ملیۆن دینارە. ژێدەر ئاڤا

هەواڵ
24-02-2024

پەرلەمانی ئەڵمانیا کێشانی حەشیش ئاسایی دەکات

ئەڵمانیا بە یاسا رێگە بە کێشانی حەشیش دەدات و دەڵێت: لەمەودوا دەتوانن حەشیش بکێشن و لەماڵەکانتان بچێنن. پەرلەمانی ئەڵمانیا پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد بۆ کێشانی حەشیش لەلایەن هاووڵاتییانی وڵاتەکە و چووە لیستی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەوە کە کێشانی ئەو ماددە بێهۆشکەرە بە یاسایی بکات. بەپێی یاسا نوێیەکە، لە ڕۆژی 01-04-2024ەوە هەموو هاووڵاتییەکی ئەڵمانی کە تەمەنی لەسەروو 18 ساڵ بیت دەتوانێت بڕی 25 گرام حەشیش هەڵبگرێت بۆ بەکارهێنانی تایبەتی. هەروەها هەموو هاوڵاتییەکی ئەڵمانیا رێگەی پێدەدرێت بڕی 50 گرام لە ماڵەوە دابنێت و دەشتوانێت سێ ڕووەکی حەشیش (کانەبیس) لە ماڵەوە بچێنێت. پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی وڵاتەکە نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی ئاستی کێشانی ماددە بێهۆشکەرەکان و مامەڵەکردن پێیانەوە لە بازاڕی ڕەشدا، بۆیە بەم یاسایە دەیانەوێت مامەڵەکردن بە حەشیش و جۆرەکانی رێکبخەنەوە و بە یاسایی بکەن.

هەواڵ
24-02-2024

لویس ساکۆ پەیامێک ئاراستەی سەرۆک بارزانی دەکات

کاردیناڵ لویس ساکۆ بەناوی کڵێسای کلدانییەوە سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات. رۆژی هەینی 23ـی 2ی 2024, کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاركی کڵێسای كلدانی له‌ عێراق و جیهان لە پرسەنامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردوو: "بەناوی خۆم و کڵێسای کلدانییەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە فەخامەتتان و ماڵباتی بارزانی دەکەم بۆ کۆچی دوایی خوشکتان خاتوو زەکیا مەلا مستەفا بارزانی، داوا لە خوای گەورە دەکەم رەحمی پێبکات و رەحمەتی فراوانی خۆی بەسەردا ببارێنێت، تەندروستی و سەلامەتیتان پێببەخشێت و لە هەموو ناخۆشییەک بتانپارێزێت".

هەواڵ
24-02-2024

ئەمەریکا هەڕەشە لە ئێران دەکات

ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت: ئەگەر ئێران مووشەک بە رووسیا دابێت، توشی سزای توند دەبێتەوە. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لە ڕۆژی 21/2/2024 سەبارەت بە ناردنی مووشەکی بالیستیکی لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا، ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت: لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووبەڕووی "کاردانەوەی خێرا و توندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە." رۆژی هەینی جان کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "بابەتی ڕەوانەکردنی مووشەکەکان لە ئێرانەوە بەرەو ڕووسیا هێشتا بۆ واشنتن پشتڕاست نەکراوەتەوە." گوتیشی: "ئێرانییەکان لە ڕاپۆرتە میدیاییەکەی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)دا بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە بەنیازن مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا بنێرن و هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی وا بیر بکەینەوە کە کارێکی لەو شێوەیە ناکەن." گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد: ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئیران مووشەکی بالیستیکی بفرۆشێت یان بنێرێت بۆ ڕووسیا، ئەمەریکا ڕێوشوێنی زیاتر و زۆر تووند دژی ئەو وڵاتە دەگرێتەبەر. ناوبراو گوتیشی: "ئەمەریکا لای خۆیەوە ئەم بابەتەی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وروژاندووە، دەستی کردووە بە چڕکردنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران، لەگەڵ هاوپەیمانان بەدواداچوون بۆ بژاردەی دیکە دەکەین، لەوانەش لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا." ڕۆژی چوارشەممە (ڕۆیتەرز) بە پشتبەستن بە شەش سەرچاوەی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا سەدان مووشەکی بالیستیکی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە. ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە نووسیوویەتی: کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی 400 مووشەکی بالیستیکی لە جۆری "فاتح-110" و "زوڵفەقار"ی بۆ ڕووسیا ناردووە. ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە دەستی کردووە بە ناردنی ئەو بارە سەربازییانە بۆ ڕووسیا، دوای ئەوەی ڕێککەوتنەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی ئێران و ڕووسیا کۆتایی پێهات. لە ڕاپۆرتەکەدا، بەرپرسێکی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران مووشەکی زیاتر دەنێردرێت بۆ ڕووسیا. بەرپرسە ئێرانییەکە دەشڵێ: "هیچ هۆکارێک نییە بۆ شاردنەوەی ئەم بابەتە و ئێمە ڕێگەمان پێدەدرێت چەک هەناردە بکەین بۆ هەر وڵاتێک کە بمانەوێت".

هەواڵ
23-02-2024

ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە

ئەمرۆ هەینی، بارەگای بارزانی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرسەی خوشکی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان دوای كۆچی دوایی خوشکی جەنابی سەرۆک بارزانی خوالێخۆشبوو (زەکیا مستەفا بارزانی) بە جەماوەری خۆشەویستی كوردستان و گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە پرسەی خوالێخۆشبوو (زەکیا مستەفا بارزانی) لە ڕۆژی شەممە 24ی شوباتی 2024ـەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هۆڵی تەشریفاتی بارەگای بارزانی لە شارۆچكەی سەلاحەدین بەڕێوە دەچێت لەم كاتانەدا: بەیانیان: كاتژمێر 10هەتا 12ـی پێشنیوەڕۆ ئێواران: كاتژمێر 2 هەتا5ـی پاشنیوەڕۆ انا للە و انا الیە راجعون بارەگای بارزانی23ی شوباتی 2024

هەواڵ
23-02-2024

خوشکی سەرۆک بارزانی کۆچی دوایی کرد

قایمقامی قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند: دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ زەکیا مەلا مستەفا بارزانی لە سەری بڵند، کۆچی دوایی کرد.

هەواڵ
23-02-2024

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو راگه‌یاندرا

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاویكرده‌وه. بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 23ی2ی2024، ئاسمان له‌ نێوان نیمچه‌ هه‌ور و هه‌وری ته‌واو ده‌بێت، نمه‌ بارانی كه‌م ده‌بارێت له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی شاره‌كانی هه‌رێم، ئه‌گه‌ری كه‌مێك به‌فر بارینیش له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سنوورییه‌كان هه‌یه‌. وه‌زاره‌ت گواستنه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، سبه‌ی شه‌ممه‌ 24ی2ی2024، ئاسمان نیمچه‌ هه‌ورده‌بێت له‌ هه‌ندێ كات و ناوچه‌ ده‌گۆڕێت بۆ هه‌وری ته‌واو، ئه‌گه‌ری نمه‌ بارانێكی كه‌میش له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان هه‌یه‌.

هەواڵ
23-02-2024

پەیامی مەسرور بارزانی لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بە سیاسی دادەنێت، دەشڵێت، پێش وەڵامدانەوە خوێندنەوەی وردی بۆ دەکەن. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورداتا لە پارێزگای هەڵەبجە، لەبارەی بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند:" پێمانوایە بڕیارەکە سیاسییە، خوێندنەوەی ورد و بابەتیانەی بۆ دەکەین پێش ئەوەی هەڵوێستی خۆمان بە ئاشکرا ڕابگەیێنین". دادگای فیدراڵی عێراق دوێنێ چوارشەممە دوای 15 جار دادبینی و دواخستن پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی یەکلاکردەوە؛ 11 کورسی کۆتاکانی کریستیان، تورکمان و ئەرمەنی هەڵوەشاندەوە، بەمپێیە پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەمکرایەوە. ئەم بڕیارەش کاردانەوەی تووندی پێکهاتەکانی لێکەوتەوە. ژێدەر ئاڤا

1 2 ... 226 227 228 ... 1144 1145