ئاگادارییەك لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوەتەرمێكی نەناسراو لەرەگەزی نێر كەتەمەنی نزیكەی (45 بۆ 50 ) ساڵ دەبێت لە نزیك مزگەوتی ناهیلە خاتون لەشەقامی شەست مەتری سلێمانی دۆزراوەتەوە كە پێدەچێت نەخۆش بێت و بەو هۆكارە گیانی لەدەست دابێت. بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان هیچ ئاسەوارێكی كوشتنی پێوەدیارنیە و هیچ ناسنامەیەكیشی پێنەبووە. لەئێستادا تەرمەكەی لەپزیشكی دادی سلێمانییە و هەر كەسێك دەیناسێت بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە بەژمارە (0533281723) یاخود سەردانی پزیشكی دادی سلێمانی بكەن .
ئەمرۆ چوارشەممە 28/2/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 150,800 دینار لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو نرخی 100 دۆلار زیاتر بوو لە 152,000 دینار.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچوون بۆ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی هەولێر دەکات و گوتی: دڵم لاتانە و هەموو هاوکارییەکتان دەکەین. ئەمشەو سێشەممە 2/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بۆ بەدواداچوونی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد بۆ هۆکارەکانی ڕوودانی ئاگرەکە بکەن. سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس و ئاسایش و هاتووچۆ و تەندروستی و شارەوانی کرد بۆ زوو گەیشتن بە شوێنی ڕووداوەکە و هەوڵەکانیان لە پێناو کۆنترۆڵکردنە ئاگرەکە و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان. ئامادەیی حکومەتیشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و دەزگاکانی حکومەتیشی ڕاسپارد کە هەرچی پێویست بێت لەمبارەیەوە ئەنجامبدەن
سەنتەری فەلەکناسی نێودەوڵەتی، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی دیاریکرد. رۆژی دووشهممه 26ی 2ی 2024، سەنتەری فەلەكناسیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بەرواری 11ی 3ی 2024، بە چاوی ئاسایی لە تەواوی جیهانی ئیسلامیدا مانگ دەبینرێت، ئەمەش واتە ڕۆژی 12ی ئادار کە دەکاتە رۆژی سێشەممە، دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان.
سوپای ئەمەریکا سێ بەلەم و دوو مووشەکی دژە کەشتی حووسییەکانی لەدەریای سوور لەناوبرد. ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی شوباتی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە پۆستێکی پلاتفۆرمی "X" رایگەیاند، سێ بەلەم و دوو مووشەکی کروزی دژە کەشتی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان "درۆن"یان لە دەریایی سوور لەناو بردووە کە ئامادە کرابوون بۆ هەڵدان. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو جۆرە چەکێک "مەترسی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دروست دەکەن". گرووپی حوسییەکانی یەمەن، لە 19ـی تشرینی دووەمی رابردوو، لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەندین مادەی تەقینەوە بە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا هەڵداوە. هەروەها ئەو گرووپە هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ژێردەریاییەکان دەخەنە خزمەتەوە بۆ ئەوەی هێرشەکانیان لە دەریای سوور لەژێر ئاوەوە ئەنجام بدەن، ئەمەش نیگەرانی لەبارەی بەئامانجگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێتدا کە پێیدا تێدەپەڕن دا.
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان بە ناوی خۆم و هەموو ئەندامانی خانەوادەی بارزانی، سوپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی بەرپرسانی فەرمی و حكوومی و حزبیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان و پیاوانی ئایینی و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و سەرۆك و نوێنەری هۆزەكانی باشوور و ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاكادیمی و وەرزشی و فەرماندە و هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکان و هێزەکانی ناوخۆ و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و ڕاگەیاندنكاران و هەموو چینوتوێژەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سەرجەم کوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی وڵات دەكەم كە تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لە پرسەی خوشكی خوالێخۆشبوومان (زەكیا مستەفا بارزانی) و هاوسۆزی و هاوخەمیان دەربڕی و لە خەمی ئێمەیان كەم كردەوە. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو سەرۆك و بەرپرس و كەسایەتیی وڵاتان و دۆستانی بیانی و هەموو ئەو بەڕێزانەی دەرەوە و ناوخۆی كوردستان و عێراق دەكەم كە لە ڕێگەی تەلەفۆن و بروسكە و پەیامی سەرەخۆشی لە خەمی ئێمەدا شەریك بوونە. هاوبەشیی خەڵكی ئازیزی كوردستان و دۆستانمان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا هەردەم جێگەی ڕێز و تەقدیرمانە. پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو خەڵكەی لە دوور و نزیكەوە هاتبوون و ئەركیان كێشا و لە خەمی ئێمە بەشدار بوون. لێرەدا سوپاسی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارۆچكەی سەلاحەددین دەكەم كە لەو چەند ڕۆژەدا تەحەمولی زەحمەتی و قەرەباڵخیی پرسەكەیان كردووە، و میوانداریی خەڵكیان كردووە. هەروەها سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تیمە تەندروستییەكان دەكەم كە ئەركی ڕێكخستنی ڕێگەوبان و ئاسایش و ئاسانكاریان بۆ میوانان لەسەر شان بوو. لە خودای مەزن داواكارم خێری هەمووان بنووسێت و لە بەڵا و ناخۆشی دوور بن، ڕەحمەتی خودا لە كۆچكردووی هەموو لایەك بێت. مسعود بارزانی26ی شوباتی 2024
کەمێک پێش ئێستا لەمیانی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمەریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن کۆبوونەوە. بەگوێرەی زانیاریەکان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیە .
ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی شوباتی 2024، کاتژمێر 11:00 بە کاتی واشنتن و 7:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات . لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، ئێوارەی رۆژی شەممە،24/2 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتی فەرمی گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. راشیگەیاند، لەم سەردانەدا چەندین دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس ئەنجام دەدات. هەروەها، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیش پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکەیە . هەریەکە لە وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەدا یاوەرەی سەرۆکوەزیرانن. ژێدەر k24
تەنها لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا شەش تەرمی نەناسراو لە بەغدا دۆزراونەتەوە. میدیاكانی عێراق بڵاویان كە بەپێی تۆمارە فەرمییەكانی پۆلیس و نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی بەغدا، لە ڕۆژی 17-2-2024وە تاكو 24-2-2024 تەنها لە شاری بەغدا، 112 كەس كوژراون یان بریندار بوون، شەش تەرمی نەناسراویش دۆزراونەتەوە. بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی عێراق، رۆژی شەممە 17-2 چەكداری نەناسراو بە سواری ماتۆرسیكلەوە لە گەڕەكی ئەعزەمیە تەقەی لە دوو ڕێبوار كردووە و هەردووكیان بریندار بوون، هەمان رۆژ هێرش كرایە سەر ماڵێك لە شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدا و كەسێك بە سەختی بریندار بوو. میدیاكانی عێراق ئاماژە بەوە دەدەن زۆربەی هێرش و تاوانەكان لە ڕێگەی تەقەكردنەوە ئەنجام دراون، بە زۆرییش ماوەیەكە لە بەغدا تەقەكردن بە سواری ماتۆرسیكلەوە بووەتە باو، بەتایبەتییش چەكدارەكان وەكو كارمەندی گەیاندنی خواردن خۆیان دەگۆڕن، بۆ ئەوەی لە پێش و دوای ئەنجامدانی هێرشەكانیان نەناسرێنەوە. جۆرێكی تری هێرشەكانیش لە ڕێگەی بۆمبی دەستیەوە ئەنجام دەدرێن، وەك ئەوەی لە هەمان رۆژی 17-2دا بۆمبێك خرایە ناو ماڵێكەوە لە گەڕەكی زهور لە ناوچەی حوسەینیەی باكووری رۆژهەڵاتی بەغدا و لە ئەنجامدا پیاوێك كوژرا و ژن و پیاوێكی تریش لە ناو ماڵەكەدا بریندار بوون. هەمان رۆژی 17-2 پێنج كەس بە لێدانی چەقۆ لە شەڕێكی بەكۆمەڵدا لە چوارڕیانی باب ئەلشێخ لە ناوەڕاستی بەغدا بریندار بوون. هەر لە رۆژی شەممە 17-2دا، لە شەڕێكی عەشایەریدا لە شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدا، سێ كەس بە بەركەوتنی گوللە بریندار بوون. هەمان رۆژ كەسێك، سێ ئەندامی خێزانی هاوژینەكەی لەناو ماڵی خۆیاندا گوللەباران كرد لە گەڕەكی زەعفەرانیە و دەمودەست هەرسێكیان گیانیان لەدەست دا.، هەر لە رۆژی شەممە 17-2دا، بەهۆی شەڕی نێوان دوو دراوسێ بە تۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر ژنانەوە لە شاری سەدر، كەسێك كوژرا و كەسێكی تریش بریندار بوو. ئەمانەی سەرەوە تەنها رووداوە تۆماركراوەكانی یەك رۆژی هەفتەی رابردوون، هەموو ڕۆژەكانی تریش بەدوای یەكتریەوە، دەیان تاوان و كێشەی گەورە یەخەی پایتەختی فیدراڵی دەگرن. تاوانەكانی كوشتن و بڕین لە بەغدا هەر لەسەر ئاستی هاووڵاتییانی ئاساییدا نامێننەوە، بەڵكو رۆژانە چەكداری میلیشیاكانیش لەسەر بەشە گەندەڵی و تاڵانكاریی و تۆڵەی سیاسی، هێرشی چەكداری دەكەنە سەر یەكتری و ئاسایشی شارەكە بە جارێك دەشڵەقێنن، بۆ نمونە رۆژی یەكشەممە 18-2 لە ئەنجامی دەمەقاڵێیەك بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە لە ناوچەی راشدییەی باکووری بەغدا، دوو كەس كوژران كە هاوەڵزاوا و ئامۆزای هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی و ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر بوون. سەرباری ئەوانەش، رۆژانە تاوانی تری دژە مرۆڤایەتی و ویژدانهەژێن لەم پایتەختی فیدراڵییەدا تۆمار دەكرێن، وەك ئەو ڕووداوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو 19-2، كە تەرمی فڕێدراوی كچێكی بیست ساڵی لە كەلاوەیەكدا لە ناوچەی غەریری رۆژهەڵاتی بەغدا دۆزرایەوە، كچەكە دەستێكی بڕابووەوە و رووخساریشی سووتێنداربوو. هەمان رۆژی دووشەممەی رابردوو، سێ كەس لە گەڕەكی رۆستەمیەی رۆژهەڵاتی بەغدا، لەسەر پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ كوژران. بەم شێوەیە رۆژانە لە بەغدای پایتەختی فیدراڵی، دەیان كەس هێرشیان دەكرێتە سەر و دەكوژرێن یان بریندار دەكرێن، دەڕفێندرێن و ئەشكەنجە دەدرێن و دواتریش لە پەنایەكدا تەرمەكانیان فڕێ دەدرێن، یان ژنان و كچان لەلایەن مێرد و باوانیانەوە بە چەقۆ و چەك هێرشیان دەكرێتە سەر و دەكرێنە قوربانی، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەكی ئەمنیی هەبێت، خاوەندارییەتی لە مافخوراو و قوربانییانی ناو شاری بەغدای پایتەختی فیدراڵی بكات. ژێدەر باسنیوز
سەرۆککۆماری تورکیا بۆ سەرۆک بارزانی: بۆ کۆچی دوایی خوشکی بەڕێزتان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خۆتان و ماڵباتی بەڕێزتان دەکەم. رۆژی یەکشەممە (25ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پرسەنامەیەکی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و بەناوی خۆی و گەلی تورکیاوە هیوای تەندروستییەکی باشیان بۆ دەخوازێت. لە پرسەنامەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ سەرۆک بارزانی هاتووە: بە داخ و پەژارەوە هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو زەکیا مستەفا بارزانی، خوشکی بەڕێزتانم پێگەیشت و لە ناخی دڵمەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خۆتان و ماڵباتی بەرێزتان دەکەم. لە بەشێکی دیکەی پرسەنامەکەدا، ئهردۆغان بۆ سهرۆك بارزانی نووسیویەتی، لەم بۆنە خهمناكەدا بە ناوی خۆم و گهلی توركیایەوە هیوای تهندروستییهكی باشتان بۆ دەخوازم.
شارهزایهكی كهشناسی رایگهیاند، پێشبینی دهكرێ سبهی دووشهم شهپۆڵێكی سهرما و سۆڵه روو له ناوچهكانی ههرێمی كوردستان بكات و پلهكانی گهرما چهند پلهیهك روو له نزمبوونهوه بكهن. ئاراس جهبار شارهزای كهشناسی رایگهیاند: سبەی دووشەممە لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا لەسەر ناوچەکانمان، ئاسمانی ھەرێم ساماڵ و کەمێک پەڵەھەور دەبێت. راشیگهیاند: وشکە سەرما زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ یهكشهم لەسەرجەم ناوچەکاندا بە ڕێژەی 4 تا 5 پلە نزمتر دەبێتەوە و ھەستکردن بەسەرما زیاتر دەبێت. “بای باکوری رۆژھەڵات لە ناوچەکانی پارێزگهی سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاوییەکانی خۆرھەڵاتی پارێزگهی ھەولێر چالاکتر دەبێت و خێرایی باش بەراورد بە ئەمڕۆ زیاد دەکات”. ئاراس جەبار ئاماژهی بهوهش دا، دووسبەی دووشهم کاریگەری ئەم وشکەسەرمایه و با بەھێزە کەمێک کەمتر دەبێتەوە، بەڵام سهرماكه بهشێوهیهكی گشتی بەردەوامی دەبێت تا سەرەتای مانگی داھاتوو
بڕیارى لێخۆشبوونی ٢٠%ـى قەرز و پێبژاردنی سزاکانی هاتوچۆی هاووڵاتییان، تاکوو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤ (سێ ڕۆژی تر) بەردەوام دەبێت. بڕیاری لێخۆشبوون، لە ڕۆژی ٢٨ ى ٨ ى ٢٠٢٣ بەرکار بووە و دواتریش تاکوو ٢٨ ى ٢ ى ٢٠٢٤، لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان درێژ کرایەوە، ئەمەش وەکوو هاوکارییەکی هاووڵاتییان و هاندانیان بۆ پاکتاوکردنی قەرز و پێبژاردنەکانیان. بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی، ڕووداوەکانى هاتوچۆ هەشتەم هۆکارى مردنن، ساڵانە ١.٣ ملیۆن کەس بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن و ٥٠ ملیۆن کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام دەبن. ڕێوشوێنی تۆمارکردنی سەرپێچی و سزادان و پێبژاردنی دارایی سەرپێچیکارانی هاتوچۆ، یەکێکە لە ڕێگەکانی کەمکردنەوەى ڕووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری