Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13730 بابەت
هەواڵ
12-03-2024

حزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان...

دوای ئەوەی سریان، ئاشوور، کلدان و ئەرمەنییەکان بایکۆتی هەڵبژاردنیان ڕاگەیاند، ئەمرۆ لایەنە سیاسییەکانی تورکمانیش ڕایانگەیاند، بەژداەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەن. ئەمڕۆ سێشەممە، 12-03-2024، نوێنەرانی 10 حزب و لایەنی سیاسیی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە بڕیارە رۆژی 10-06-2024 ئەنجام بدرێت. ئاماژەشیان بەوە کرد، "زۆرینەی ئەو حزب و لایەنە سیاسییە تورکمانانەی لە پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی رابردوودا کورسییان هەبووە، واژوویان لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە". داواش لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن "کار بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بکەن سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان. بڕیارەکە نادەستوورییە و مافی پێکهاتەکانی پێشێلکردووە".

هەواڵ
12-03-2024

ئەندامێکی دادگەی فیدراڵی دەست لەکار دەکێشێتەوە

حاکم عەبدولڕەحمان سلێمان، ئەندامی دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ دەستی لە کارکێشایەوە و رایگەیاند و گوتی: “هەندێک لە بڕیارەکانی دادگە لە چوارچێوەی کاری دادگە دەرچوونە." حاکم عەبدولرەحمان سلێمان دادوەرێکی کوردی دادگەی باڵای فیدراڵی، دوای سێ ساڵ لە کارکردن وەک دادوەر لە دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-3-2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند. لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا حاکم عەبدولرەحمان سلێمان جەختی کردەوە لەوەی "هەندێک جار دادگە سیستەمی فیدراڵیی عێراقی پێشێل کردووە." نەشیشاردەوە "رۆڵی ئێمە وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی لاوازکرا." سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، گوتی "هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە کە لە چوارچێوەی دەستوور دانی پێدانراوە و رۆڵی هەبوو لە نووسینەوەی دەستوور بۆ گەلانی عێراق." بەڵام وەک دەڵێ "نەمتوانی لە دادگەی فیدراڵی، بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەم و دەبوو دادگەی فیدراڵیی عێراق پشتگیری لە بەهێزکردنی هەرێمەکان بکات."

هەواڵ
12-03-2024

هێڵی ئاسن لە هەرێمی كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

شاندێکی باڵای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە سەردانێکی فەرمی لە وڵاتی ئیسپانیایە و ھەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەست پێ دەکات. ئەمڕۆ دووشەم دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری لە وڵاتی ئیسپانیا دەستی بەکارەکانی خۆی کرد بۆ بەرجەستەکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی هەرێمی کوردستان. لە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە کە خۆی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی بەهای ئابووری پرۆژەکە دەبینێتەوە و ساڵی رابردوو بەئەنجام گەیشت، ئێستا وەزارەت سەرقاڵی پلانی ئامادەکردنی دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە، لەو چوارچێوەیەشدا شاندی وەزارەت بەھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیای (کۆنسڵترانس)ی ئیسپانی سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ قۆناغەکانی دواتری پرۆژەکە ھەر لە دیزاین و دروستکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی پرۆژەکە. ھەر ئەمڕۆ شاندی وەزارەت سەردانی پێگەی گرووپی کۆمپانیاکانی ستادلەری کرد لە شاری ڤالێنسیا لە وڵاتی ئیسپانیا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە هەڵسەنگاندن بکات بۆ پرۆسەی دروستکردن و بەستنی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی فارگۆنە جیاوازەکانی هێڵی شەمەندەفەر. سەردانەکە چەند رۆژێک دەخایەنێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ بەرجەستەکردنی پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی ئاسنی هەرێمی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجام دەدرێت، لەم چوارچێوەیەشدا شاندەکەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن چاوی بە وەزیری بازرگانی حکوومەتی ئیسپانیا دەکەوێت. ژێدەر Ktv

هەواڵ
11-03-2024

بانکی ئیسلامیی عێراق بەشداری لە پرۆژەی (ھەژماری من) دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنێت کە بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB - Iraqi Islamic Bank) دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات، شانبەشانی بانکە بەشداربووەکانی دیکە کە بریتین لە بانکەکانی ( BBAC, Cihan, NBI ،RT) . حکومەتی هەرێم پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بانکە گەورەکانی دیکەش بەشداری بکەن. تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم دروست کراون و زیاتر لە ١٢٠ هەزار کارتی بانکی دابەش کراون. هاوبەشیی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بانکەکان، بووەتە هۆی زیادبوونێکی بەرچاوی ئامێرەکانی ATM. هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەجۆران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، پرۆژەکە بەردەوامە لە درێژەدان بە پلانی خۆی کە تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێم تۆمار بکات. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان و مووچەخۆران. هەروەها هەنگاوێکە بۆ ڕەخساندنی کێبڕکێی تەندروست لە کەرتی بانکی و خزمەتگوزارییە داراییەکان، بانکەکانیش زیاتر پاڵپشتی دەکرێن بۆ زیادکردنی لقەکانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات کە هاوبەشی لەگەڵ بانکە بەشداربووەکان بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت. بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی پرۆژەی (هەژماری من) سەردانی ئەم بەستەرە بکە: www.myaccount.gov.krd فەرمانگەی میدیا و زانیاری

هەواڵ
11-03-2024

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

پەیامی سەرۆك بارزانی لە پەنجا و چوارەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چینوتوێژەکانی كوردستان بوو لە بەرانبەر ستەم و زۆرداریی دەستەڵاتدارانی عێراق. بەرهەمی ئەو خەباتە تۆكمەیە بوو كە لەپێناو گەڕاندنەوەی ماف و مسۆگەركردنی دیموكراسی و شەراكەت و پێكەوەژیان دەستی پێكرد و حكوومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت. لە پەنجا و چوارەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە مافەكانی قوربانییەكی بێهەژماری داوە و لەڕێگەی چەسپاندنی دۆزە ڕەواكەیدا لە خەبات و تێكۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت. مسعود بارزانی11ی ئاداری 2024

هەواڵ
11-03-2024

پەیامی مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار 

ئەمڕۆ دووشەممە 3/11 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیامێکی لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە؛  ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر.  شۆڕش و خۆڕاگری وقوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت . بە تایبەتی ڕێککەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی ( عەرەب و کورد ) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت.  بەڵام دواجار ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن.  لەم یادەدا ، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.   مەسرور بارزانی  سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  2024/3/11

هەواڵ
11-03-2024

شەرەکە گەرەتر دەبێت و ئیسرائیل پەناگەی نوێ بۆ هاووڵاتییانی دروست دەکا

ئەمڕۆ دووشەممە میدیایەكی عەرەبی بڵاوی كردەوە كە دەوڵەتی ئیسرائیل چاوەڕوانی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەیە بەرانبەر حزبوڵای لوبنانی، بەم هۆیەوە وەك ئامادەكارییەك بۆ شەڕەكە، پەناگەی نوێ بۆ هاووڵاتییانی دروست دەکا. ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە بەرەی ناوخۆی سوپای ئیسرائیل، خەریكی جێبەجێكردنی پلانێكی بەپەلەیە بۆ دامەزراندن و دروستكردنی پەناگەی نوێ، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە ناوچەكانی هاوسنوور لەگەڵ لوبنان خۆیان تێدا حەشار بدەن. ماڵپەڕەكە نووسیویەتی ئەم هەنگاوەی سوپای ئیسرائیل وەك ئامادەكارییەك دێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕ و بەرفرەوانی بوونی بەرەی شەڕ لەگەڵ حزبوڵای لوبنانی. پەناگەكان بۆ ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییانە دروست دەكرێن كە لە شوقە كۆنەكانی ناوچەكەدا نیشتەجێن و لەژێر زەمینی شوقەكانیاندا حەشارگەی پێویستی لێ نییە. سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە داوە كە حەشارگەكان ماوەی یەك خولەك لە هەر ماڵێكی سنووری حەیفای گەورە دوورن و هاووڵاتییان پێویستە یەك خولەك دوای گوێبیستبوونی زەنگی ئاگەداركردنەوە، خۆیان بگەیەننە پەناگەكان.

هەواڵ
10-03-2024

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزان لە موسڵمانان دەکـات

ئەمڕۆ یەکشەممە 3/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی؛ بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکەم، هیوادارم مانگی خێر و خۆشی و ئاشتی و ئارامی بێت. لە خوای گەورە و میهرەبان دەپاڕێینەوە، كە نوێژ و ڕۆژوو و عیبادەتی هەموومان قبوڵ بكات و مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و کۆتاییهاتنی نەهامەتی و قەیرانەکان لە جیهاندا. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
10-03-2024

نرخی دۆلار دابەزی

ئەمرۆ یەکشەممە 10/3/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 149,900 دینار لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ شەممە نرخی 100 دۆلار بەرامبەربوو بە 150,100 دینار.

هەواڵ
10-03-2024

وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی ناردنی لیستی مووچە ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ئەو لیستی مووچەیەی بەغدا داوای دەکرد بە سەربازییشەوە، نێردراوە. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەو دەنگۆیانەی باسی ئەوە دەکەن، گوایە لیستی مووچەخۆرانی سەربازی بۆ بەغدا نەنێردراوە، ڕاست نییە و ئێمە ئەو لیستانەمان بە ناو و تەواوی زانیارییەکانەوە ناردووە.” ئاشکراشی کرد: “لیستی سەربازیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، کە پۆلیس و هەموو کارمەندان دەگرێتەوە، نێردراوە.” ئاماژەی بەوەش دا، لیستی فەرمانبەرانی شارستانی- لیستی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی، لیستی شەهیدان و لیستی چاودێریی کۆمەڵایەتی نێردراوە. ئەو بەرپرسەی دارایی ئەوەشی خستە ڕوو: “ئەوانەی کە بەغدا داوای کردووە هەمووی نێردراوە، ئەوەی کە نەنێردراوە، داوا نەکراوە.” چوارشەمەی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی لیستی هەموو وەزارەتەکان و لیستی پوختەی ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی بۆ بەغدا نارد. ئەو سەرچاوەیەی دارایی ئەوەشی ڕاگەیاند، کە چەند لیستێک بەتەنیا یەک خراون، گوتیشی: “لیستی سەربازی بە تەنیا یەک خراوە، لیستی خانەنیشینانی کوردستان بە تەنیا و لیستی کەمئەندامان بە تەنیا و لیستی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە تەنیا یەک خراوە، هەروەها لیستی فەرمانبەرانی گرێبەستیش یەک خراوە.”

هەواڵ
10-03-2024

شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی زۆر بەهێزی بارانبارین سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: "بەگوێرەی نوێترین گۆڕانکاری کەشوهەوا و سەنتەرری کەشناسی ئەورووپی ECMWF لە نێوان 16/3/2024، بۆ 20/3/2024، لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو نزمە پەستان لە ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور و هاتنی بڕی شێی پێویست لە زەریای هیندییەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و هەورەبرووسکەی بەهێز ڕوو لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات." ئەوەشی خستووەتە روو: "شەپۆلەکە ئێستا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جێگیربووە بە سنووری پارێزگای کەرکووکیشەوە.

هەواڵ
09-03-2024

نرخی زێر بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

ئەمرۆ شەممە 9/3/2024 نرخى گرامێک زێر بە ٧٠ دۆلار و پێنج سەنت مامەڵەى پێوە کرا، بەمجۆرەش بەراورد بە دوێنێ نرخى هەر مسقاڵێک زێڕێک بە بڕى شەش هەزار دینار بەرزبووەوە. لە ئێستادا نرخى زێر لە بازارەکانى هەرێم بەم شێوەیەیە:- نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ١٨ بە ٣٩٧ هەزار دینارە. نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە ٤٥٣ هەزار دینارە. نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢٤ بە ٥٠٠ هەزار دینارە.

1 2 ... 221 222 223 ... 1144 1145