ئەمڕۆ شەممە، بە چاودێریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر. بەبۆنەی رۆژی ژینگەی جیهانەوە لە رێورەسمێکدا لەسەر رووبەری 3132 مەتر دووجا پارکێکی مۆدێرن لە گەڕەکی نووسەرانی شاری هەولێر کرایەوە. لە رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی لە دانیشتوانی گەڕەکە و دەستخۆشی لەم هەنگاوە، پڕۆژەکەی بە بەرز نرخاند و تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی، پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر، و پاککردنەوەی هەوای شارەکە لە رێگەی ئەو ڕێوشوێنە فەرمییانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گیراوەتەبەر. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەی رووناکی دا وەک پڕۆژەیەکی نیشتیمانی گرنگ و کوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەکان، کە کاریگەرییەکی ئێجگار زۆر گەورە و بەرچاوی هەبووە لە کەمکردنەوەی پیسبوون و پاککردنەوەی ژینگەی شارەکە.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لەسەر ڕێگەی سەرەکیی بەغدا-کەرکووک، لە نزیک زنجیرەچیاکانی حەمرین ڕوویدا. بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکانی پارێزگاکە، لە ڕووداوەکەدا سێ سەرباز گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکە بە سەختی بریندار بوون. سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە قوربانییەکان سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکی سوپای عێراقن، سێ سەربازی سەربازی لیوای 32ـی فیرقەی هەشت و فیرقەی تایبەتی دووی سوپای عێراق. دۆخی تەندروستیی پێنج بریندارەکەش جێگیر نییە. دوای ڕووداوەکە، محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی وەزارەتی بەرگریی فیدڕاڵ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک کرد بۆ گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەو سەربازانە. پارێزگاری کەرکووک بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگاکە و نەخۆشخانەکانی (ئازادی و کەرکووک)ــی ڕاسپاردووە، تەواوی پاڵپشتیی پێویست و چاودێریی پزیشکیی ورد بۆ بریندارەکان دابین بکەن و لەژێر چاودێریی تونددا بن.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، مانگی ئەیلولی 2026 کۆتایی هاتنی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بۆکەناڵی عێراقییە: وەڵامدانەوەی هێزە نیشتمانییەکانی ناو حەشدی شەعبی بۆ دۆسیەی رادەستکردنی چەک، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تێدا رەچاو کراوە. سەبارەت بە بوونی هێزە هاوپەیمانەکان حەیدەر دەڵێت: مانگی ئەیلولی 2026 کۆتایی هاتنی بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق، چونکە عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەری تەواوە و دەسەڵاتی باڵای وڵات ناچێتە ژێر بار و ویستی ناوخۆیی و دەرەکی. ئەم قسانەی دوای ئەوە دێت کە دەنگ درا بە کابینەکەی عەلی زەیدی و کاری کرد بۆ نەمانی هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق، هەروەها چەندین بەڵێنی تری دا وەک مووچە و دابینکردنی زەوی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی عێراق. لە بەشێکی قسەکانیدی باسی مووچە دەکات و دەڵێت "دڵنیایی دەدەین کە مووچەی فەرمانبەران دابینکراوە و پارێزراوە، گوتیشی: "سەرۆکوەزیران جیاوازە لەوانەی پێش خۆی، چونکە لە کەرتی کار و بازرگانییەوە هاتووە و وردەکاریی جوڵە ئابورییەکان بە باشی دەزانێت." لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، هەڵسەنگاندن یەکێکە لە گرنگترین فاکتەرەکان بۆ باشترکردنی ئەدای دامەزراوەکانی دەوڵەت.
ڕۆژی پێنجشەممە 4ی حوزەیرانی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئانڵ بۆرا ئینان باڵیۆزی توركیا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا كە بەڕێز ئەرمان تۆپچو كونسوڵی توركیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و شەڕ و گرژییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی توركیا پێزانینی وڵاتەكەی بۆ دانبەخۆداگرتن و سیاسەتی حەكیمانەی هەرێمی كوردستان نیشان دا كە وێڕای بوونی هەوڵ بۆ تێوەگڵاندنی هەرێم و بوونی دەستدرێژی و بوردومانی بەردەوام بۆسەر هەرێم بەڵام هەرێم بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دا نەبێتە بەشێك لەو شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەكەدا ڕووی دا. لە بەشێكی ئەو دیدارە باس لە بارودۆخی دوای پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرا. هەردوولا هیوای ئەوەیان خواست كە هەوڵەكان بە ئاقاری چارەسەركردنی كێشەكان و هەماهەنگیی تەواو لەبوارە جیاجیاكان و نەهێشتنی گرفتەكاندا بچن. هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان و توركیا و گفتوگۆ لەبارەی دەرئەنجامەكانی دوایین سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا كرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا كرایەوە. بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكان بۆ وەگەڕخستنی پڕۆسەی سیاسی تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پرسی مووچە، ئابووری و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان. سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تەنیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نەبووە، بەڵکو مەبەست لێی چارەسەکردنی بنەڕەتیی کێشەکانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە هاوکاریی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بکات بۆ بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی وڵات. سەبارەت بە دۆسیەی وزە، مەسرور بارزانی وتی: کارمان کردووە هەماهەنگیی نێوانمان زیاتر بکەین لە بواری گواستنەوەی وزە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق. سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، کە پێشتر هەوڵێکی جدی هەبووە بۆ لاوازکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا دەیانەوێت هەموو بابەتەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. لەسەر پرسی شایستە داراییەکانیش وتی: بەڵێنمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق وەرگرتووە کە بابەتی مووچە تێکەڵ بە گرفتەکانی نێوانمان نەکرێت، تەنانەت بەڵێنیان داوە کە گرفتە کارگێڕییەکانیش نەبنە ڕێگر لە ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان. مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بۆ پرسی پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) لە دەروازە سنوورییەکان، لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوەکان بەردەوامن و شاندێکی هەرێمیش سەردانی بەغدا دەکاتەوە. سەرۆکوەزیران پاڵپشتیی خۆی بۆ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعی باڵای کوردستان نیشان دا و جەختی کردەوە کە پێویستە چەقبەستوویی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت. داواشی کرد لێدوان و قسەی نابەرپرسانەی هەندێک کەس و لایەن ڕابگیرێت و لایەنەکان ئاقڵانەتر هەنگاو بنێن، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان دیاری نەکراوە. مەسرور بارزانی هانی لایەنەکان و پەرلەمانتارانی دا بۆ گەڕانەوە بۆ هۆڵی پەرلەمان و ڕایگەیاند: من لەگەڵ ئەوەدام دەرگای پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە، چونکە پەرلەمان موڵکی هیچ حیزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو هی دەنگی دەنگدەرانی کوردستانە. دەبێت نوێنەران لەگەڵ دەنگدەرانیان ڕاستگۆ بن، بێن پەرلەمان کارا بکەنەوە، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی باش بۆ قۆناغەکانی داهاتوو.
دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کەمبووەوە، لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی. هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە هەماهەنگییەکی چڕ و بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و گەڕاندنەوەی بڕی پێویستی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا. لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەن کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سیستەمی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە تەواوی ناوچەکان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا سێ هەزار و 700 مێگاواتە، بەڵام چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکە لە ئان و ساتدایە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بە تەواوەتی کۆتایی پێدێت. ئەم کەمبوونەوە کاتییەی کارەبا هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، کە وایکردبوو خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ مەبەستی فێنککەرەوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات و کاریگەریی کێشەکە زیاتر لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەستی پێبکرێت. بەڵام بەپێی دڵنیاییەکان، بە گەڕانەوەی هەناردەی غازی کۆرمۆر بۆ ئاستی پێشوو، کێشەی کوژانەوە کاتییەکان و کەمیی کاتژمێرەکانی کارەبا لە ناوچە جیاوازەکان بە تەواوی کۆتایی دێت.
بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعوودیەوە دەستیپێکرد و یەکەم کاروان گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دەسپێکی گەڕانەوەی حاجییان: "کاتژمێر4:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەکەم کاروانی حاجییان لە مەدینەی منەوەرەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەرێکەوتن و کاتژمێر7:00ـی بەیانی گەیشتنە فڕۆکەخانەی هەولێر." هەر ئەمڕۆ، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئامادەبوو و پێشوازی لە حاجییان کرد. بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی حەج و عومرە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە رێگەی7 فڕۆکەوە، کۆی گشتیی هەزار و 27 حاجی بگەڕێنەوە، کە بەم شێوەیە دابەشبوون: 4 فڕۆکە بۆ حاجییانی پارێزگای هەولێر. 2 فڕۆکە بۆ حاجییانی پارێزگای دهۆک. 1 فڕۆکە بۆ حاجییانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە، ئاسانکاری زۆریان بۆ حاجییان کردووە بۆ ئەوەی بەبێ گرفت فەریزەی حەج بەجێبهێنن.
هێزەکانی سەرایا سەلام لە سامەڕا، وەک یەکەم گرووپی حەشدی شەعبی چەکەکانیان رادەستی حکوومەتی عێراق دەکەنەوە. چەک و تەقەمەنییەکانی سەرایا سەلام رادەستی پۆلیسی فیدراڵی یان سوپای عێراق دەکرێنەوە، ئاڵاکەیان داگرت و ئاڵای عێراقیان هەڵکرد. ئەم هێزە لە سێ یەکە و چوار هێزی گەورە پێکدێت و پێشبینی دەکرێت لە نێوان 20 بۆ 50 هەزار چەکداریان هەبێت. هاوکات ماوەیەک پێش ئێستا رایانگەیاند، ئامادەن چەکەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن. لە دوای ساڵی 2014 و سەرهەڵدانی مەترسییەکانی داعش بۆ سەر شوێنە ئایینییەکان لە سنووری سامەڕا، چەکدارانی سەرایا سەلام باڵادەستییان لە ناوچەکەدا هەبووە. جگە لە سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق لە چەند رۆژی رابردوودا رایانگەیاند، ئامادەن چەکەکانیان رادەستی حکوومەت بکەن. هەندێک هێزی عێراق رەتیان کردووەتەوە بەدەم داواکارییەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بچن. لەوانەش کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا سەربە ئەبو ئالائی وەلائی، بزووتنەوەی نوجەبا سەربە ئەکرەم کەعبی، حیزبوڵڵای عێراقی و چەندین هێزی دیکە.
لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش، گۆڕانکاری لە لیستی خانەنشینانی پێشمەرگەدا کراوە، ناوی 150 خانەنشینی نوێ لە سیستەمی پەیڕۆڵدا جێگیر کراوە. بەپێی بڕیارەکە، ئەم خانەنشینە نوێیانە لەم مانگەدا دوو مووچە بەیەکەوە وەردەگرن، کە پێکهاتووە لە مووچەی مانگی شەش و مووچەیەکی دیکە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی ناوخۆوە بۆی دابین کردوون. هۆکاری پێدانی دوو مووچە چییە؟ بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق تەنیا مووچەی ئەو مانگانە خەرج دەکات کە ناوەکان تێیدا تۆمار کراون، بۆشاییەکی دارایی بۆ ئەو خانەنشینانە دروست ببوو کە مامەڵەکانیان دواکەوتبوو. بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە مووچەیەکی زیادە لە داهاتی ناوخۆ بۆ ئەو خانەنشینانە خەرج بکات، تاوەکو ئەو کاتەی لە بودجەی ساڵی 2026ـدا کورتهێنانی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە پەسەند دەکرێت و کۆتایی بە کێشەکە دێت. زیاتر لە 250 دۆسیەی دیکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان سەبارەت بە بەردەوامیی پرۆسەکە، حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دۆسیەی 104 ئەفسەر لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی دەرچوونی فەرمانی هەرێمین بۆ تەواوبوونی ڕێکارەکانی خانەنشینبوونیان." ئاماژەی بەوەش کرد زیاتر لە 150 دۆسیەی دیکەی خانەنشینی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراون، بۆ ئەوەی لە مانگەکانی داهاتوودا ناوەکانیان بچێتە سیستەمەکەوە و مووچەکانیان بۆ ببەسترێت.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، بەڵێنێکی نوێ لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و جەخت دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست نابێت. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەردانی وەزیری دارایی عێراقی کرد. لەم دیدارەدا بە چڕی گفتوگۆ لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. د. زیرەک زێباری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، ناوبراو بەڵێنیدا کە گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نابێت و چیتر پرسی مووچە ناکرێتە کارتی فشار بەرامبەر هەرێمی کوردستان. هاوکات، وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو لەمەودوا هاوشانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج دەکرێت. ئەم پێشهاتە ئەرێنییە لە کاتێکدایە کە ئێستا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی دەستپێکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە شاری بەغدایە؛ پرسێک کە ڕاستەوخۆ بە شایستە داراییەکان و بژێوی مووچەخۆرانەوە بەستراوەتەوە. ئەم گۆڕانکاریانە دوای ئەوە دێن کە لە ڕۆژانی 23 و 24ـی مانگی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجامدا. له چوارچێوهی ئەو سەردانەدا و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کەردستان دابوو کە لەمەودوا هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەنگە لە قۆناغێکدا لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆببمەوە و دۆخەکە بەرەو ئاراستەی زۆر باش دەچێت. دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها ئاشکرای کرد کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەشدارە" سەرۆکی ئەمریکا: دۆخی پەیوەست بە ئێران بە خێرایی پەرە دەستێنێت و بەرەو ئاراستەیەکی "زۆر باش" دەچێت، هاوکات، ئەگەری هەیە لە قۆناخێکدا چاوی بە موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران بکەوێت و لەگەڵی کۆببێتەوە. دۆناڵد ترەمپ پێشبینی کرد بە کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران، نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئاساییبوونەوەی باری ئابووری جیهانی.
سەرەڕای وەستانی شەڕ، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی بەحرەین لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت “سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویەتی سێ مووشەک و چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تێکبشکێنێت کە ئاڕاستەی پێگەی مەدەنی کرابوون” ڕاگەیەندراوێک لە فەرماندەی گشتی هێزەکانی بەرگری بەحرەینەوە: ئێران بەردەوامە لەسەر دوژمنکارییەکانی خۆی" لە رێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنەوە بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی شانشینی بەحرەین، هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە ئەو هێرشانە پووچەڵ بکەنەوە. لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە "داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان و نیشتەجێبووانی بەحرەین کراوە بەوپەڕی وشیارییەوە مامەڵە بکەن، هۆشداری دراوە، لەوەی بە هیچ شێوەیەک لەو تەنە نامۆ و گوماناویانە نزیک نەبنەوە کە لە پاشماوەی هێرشەکانی ئێرانەوە بەجێماون" فەرمادەکە جەخت لەوە دەکاتەوە بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان و موڵکوماڵی تایبەتی هاووڵاتیان، "پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە".