بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک و بڕی(یەك) کیلۆ ماددەی هۆشبەریشی ڕاگەیاند. دەقی ڕاگەیەنراوەکە: لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دواتر وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە ڕێکەوتی ١ـی٤ـی٢٠٢٤ لە شاری هەولێر تیمەکانمان لە بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە چالاکیەکدا توانییان تۆمەتبارێك دەستگیر بکەن کە کاری کڕین و فرۆشتنی بەماددەی هۆشبەرەوە دەکرد، هاوکات لەکاتی دەستگیرکردنیدا بڕی (یەك)کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری (ماریجوانا) دەستی بەسەرداگیرا . لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان راگیراوەو لەژێر لێکۆلینەوە دایە. بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان٣ـی ٤ـی ٢٠٢٤
محەمەد حەلبوسی: ئەو بڕیارانەی لە دژی کورد و پارتی دەردەکرێن پلانیان بۆ دارێژڕاوە. محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی “سومەرییە نیوز” باسی لە دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. حەلبووسی گوتی، “لەم دواییانەدا بەتایبەت لە ماوەی زیاتر یەک ساڵی رابردوودا؛ کورد و بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان رووبەڕووی ژمارەیەک بڕیاری یەک لەدوای یەکی دادگای فیدراڵی، حکوومەتی عێراق، پەرلەمانی عێراق، دەنگدانەوەی میدیا و ڕای کۆمەڵایەتی بووەتەوە”. بە گوتەی حەلبووسی، ئەو بڕیارانەی لە دژی کورد و پارتی دەرکراون، بە “پلان بووە و بەرنامەیان بۆ دارێژڕاوە”. وەکوی خۆی گوتی، “ئەو بڕیارانە بە ڕێکەوت دەرنەکراون. حیسابێکی کەلەکەبووە و ئەمە بۆ عێراق باش نییە. بەشێکی بڕیارەکانیش پەیوەندییان بە دۆخی هەرێمییەوە هەیە”. سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، “ناکرێت ئێران لەلایەک هەولێر بۆردوومان بکات؛ هاوکات لەگەڵ بۆردوومانەکە؛ لە بەغدا، ژمارەیەک بڕیار لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان لە دژی هەرێمی کوردستان دەربکرێن یان بخرێنە ژێر فشاری سیاسی و ئابووریی. ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە بڕیارەکان پلانیان بۆ دارێژراوە و پێکەوە پەیوەستن”.
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی زانیاری وردی دەستکەوتووە کە تێیدا "دەستی دەرەکی" دەیەوێت دەستێوەردان بکات لە چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر لایەنەکاندا. فازڵ بەشارەتی، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دانانی ژمارەی کورسییەکان بۆ لایەنەکان لە ئێستاوە گومان نییە، بەڵکو زانیاری 100% هەیە، پارتی ئاگاداری دەستی دەرەکییە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان." دەشڵێت، "ئەوەندە کورسی بۆ هەندێک لایەن دانراوە شاگەشکە بوون لە خۆشیدا. کورسییەکانی داهاتووی پەرلەمان لە ئێستاوە زۆر بە خراپی دابەشکراون، پارتی لە نێوان 27 بۆ 35 کورسی بەدەستی دەرەکی بۆ دانراوە." ڕۆژی 10ی مانگی شەشی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت. هەرچەندە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لیستی ناوی کاندیدەکانیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کردووە، بەڵام پارتی لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکردووە و لە ڕۆژی 18ی مانگی سێ بە فەرمی ڕایگەیاند بەشداری لەو هەڵبژاردنە ناکات چونکە "ئەجێندای دەرەکی" بەڕێوەی دەبات. ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی مانگی چواری 2024، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جنین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاری دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت."
ئەمڕۆ سێشەممە 4/2، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە جينين پلاسخارت، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کرد. بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. سەرۆکی حکومەت وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاریی دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت.سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت.هەردوولا هاوڕابوون لەسەر نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر لە پێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكوومەت و بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت، ئەمڕۆ سێشەممە 2/4/2024 بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی فراوانی تایبەت بە دابەشكردنی بەڕێوەچوو و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێكرد. كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی یاسا و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان بەڕێوەچوو. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا تیشكی خستە سەر گرنگیی بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی و ئاماژەی بەوە كرد دابەشكردنی زەی، وێڕای ئەوەی سوودی زۆری بۆ فەرمانبەران دەبێت، هاوكات كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووری و جووڵەی بازاڕ و گەشەپێدانی سنووری شارەوانییەكانیش دەبێت. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەبووانی كۆبوونەكەی ڕاسپارد كە بەزووترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن و لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێكارەكان تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند دەبن ببنە خاوەن زەوی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران بزاندرێت و لەسەر ئەو بنەمایە زەوی دیاری بكرێت. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە نەخشەی كەرتیی زەوییەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەر لە ئێستاوە دەبێت ڕەچاوی ماستەرپلانەكان بكرێت و لە نەخشەی كەرتی ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، دەبێت پانی شەقامەكان و ناوچەی سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لایەنی شارسازی بایەخی تەواویان پێ بدرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد لە سنووری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبوو دەبێت سنووری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت. پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە سەرنجی خۆیان سەبارەت بە شێوازی ئامادەكارییەكە و گرفتەكانیان خستەڕوو و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دروستكردنی لیژنەی تایبەت لە سنووری شارەوانییەكان كردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە خێرایی و بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت.
ئەمرۆ سێشەممە 2/4/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 147,350 دینار لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا.
لە سنووری قەزای شنگال، بە درۆن هێرشکرایە سەر ئۆتۆمبێلێک. بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی نیسانی 2024، کاتژمێر 11:35، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە چیای شنگال لە نزیک خێوەتگەی سەردەشت بەئامانج گرت، بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی پەکەکە کوژراو و دوو چەکداری دیکەش بە سەختی بریندار بوون. یدهر شهشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلەکە گەریلای پەکەکەی تێدا بووە و کوژراو و بریندار هەن."
وهزارهتی دارایی و ئابووری له دابهشكردنی مووچهی مانگی شوباتی فهرمانبهران بهردهوامه و ئهمڕۆ سێشهم ژمارهیهك شوێن و وهزارهتی دیكه مووچه وهردهگرن. بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، ئەمڕۆ سێشهم 2ی4ی2024، مووچهی ئهم شوێنانه دابهشدهكرێت، وهزارهتی كارهبا، وهزارهتی خوێندنی باڵا، وهزارهتی كاروباری شههیدان و ئهنفالكراوان، كهس و كاری شههیدان، زیندانییه سیاسییهكان،خانهنشینی پێشمهرگه. رۆژی پێنجشەمی داهاتوو بە دابەشكردنی مووچەی "هێزی زێرەڤانی، هێزی بەرگری فریاكەوتن، هێزەكانی یەكەی 70 و 80، پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەكان و سەرۆكایەتی هەرێم" كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران دەهێنێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەزگایەكی میدیایی هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە پارتی داوای دواخستنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووە بۆ ئەوەی بە هەمان مەرج و ڕێوشوێن و یاساکانی ئێستا، بەشداری لە هەڵبژاردن بکات. لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نیە و پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات و بە پێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوە بچێت و سەرجەم هاووڵاتیانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن. دواخستنی هەڵبژاردن وەک بژاردەیەک لەگەڵ پارتی باس کراوە بو ئەوەی پارتی بەشداریی هەڵبژاردن بکات و لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پارتی هەمیشە لە گەڵ هەڵبژاردنێکی دەستووری و شەفاف و بێگەردە و ئەگەر هەڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت دەبێ ئەو ڕاستكردنەوە دەستووری و یاسایی و تەکنیکیانە ئەنجام بدرێن كە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستە. مەحمود محەمەدگوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان١ـی نیسانی ٢٠٢٤
تا کۆتایی هەفتە پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچەی عێراق و هەرێم دەگەنە ٣٥ پلەی سیلیزی. کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی بە گشتی ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەوردا دەبێت، پلەکانی گەرماش تا رادەیەک بە جێگیری دەمێننەوە. لەلایەکی دیکەوە، کەشناسی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە و لە هەندێک ناوچە دەگاتە ٣٥ پلەی سیلیزی لەگەڵ نمەبارانێکی کەم. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: ٢٦ سلێمانی:٢٦ دهۆک: ٢٦ زاخۆ: ٢٧ هەڵەبجە: ٢٧ کەرکوک: ٢٨ سۆران: ٢٦ گەرمیان: ٣٠ حاجی ئۆمەران: ١٩
سەرباری ئەوەی ئەمڕۆ پشووی فەرمییە، بەڵام دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بەردەوامە، ئەمڕۆش چەند دەستە و وەزارەتێک مووچە وەردەگرن. بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کە بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستەنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕۆشنبیری و لاوان دابەشدەکرێت. 7
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، بەپێی شرۆڤەکاران بەهۆی پشووەکانی ئیستەر [جەژنی قیامەی کریستیانەکان]ـەوە گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار رووینەداوە، بەو هۆیەشەوە نرخی زێڕ بەردەوام بووە لە بەرزبوونەوەکانی چەند هەفتەی رابردووی خۆی. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 2265 دۆلار. ئەوەش بە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕ لە مێژووی بازاڕە داراییەکاندا دادەنرێت کە تاوەکو ئێستا تۆمارکراوە. زوانی مێهتا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە پلاتفۆرمی ( ئیف ئێکس ستریت)، لەوبارەیەوە راگەیاند، "بازرگانانی زێڕ گرەویان لەسەر ئەوە کردووە کە بانکی ناوەندی ئەمریکا لە مانگی شەشەوە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات، ئەوەش گەشبینی لە بازارە داراییەکان دروستکردووە." لە بازارەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی یەک مسقاڵ زێری عەیار 21 بۆ نزیکەی 470 هەزار دینار بەرزبووەوە.