وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، سبەی دەوامی ئەو بانكانەی ئەركی دابەشكردنی مووچەیان لە ئەستۆدایە ئاسایی دەبێت. بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی سبەی یەکشەممە 7ی تەمموز پشووی رەسمییە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە بڕیاری وەزیری دارایی و ئابوری داوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە ئەستۆدایە. دەشڵێت، دابەشکردنی مووچە بەپێی ئەو خشتەیەی راگەیەنراوە وەک خۆی بەردەوام دەبێت. پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەی یەكشەممە 7ی تەمموز لە سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی سەری ساڵی كۆچییەوە پشووی رەسمی دەبێت.
ئەمرۆ هەینی 5ـی تەمموزی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پیرۆزبایی لە کییەر ستارمەر کرد، بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا. لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە: “بەڕێز کییەر ستارمەر؛ پیرۆزباییتان لێدەکەم بە هەڵبژاردنتان وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنم لەگەڵ ئێوە بۆ بەردەوام بوون لە هاوبەشی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا”.
كەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان زیاتر بەرز دەبنەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی رایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەماش بەرزتر دەبێت بە 2 تــــا 5 پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ پێنجشەممە . سەبارەت بە كەشوهەوای سبەی شەممەش، كەشناسی رایگەیاند: بەهەمانشێوە ئاسمان ساماڵ دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش بەهەمانشێوە بەرز دەبن و نزیك دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ هەینی. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراویش بەمشێوەی خوارەوە دەبن : هەولێر : 44 سلێمانی : 41 دهۆک : 43 کەرکووک : 46 هەڵەبجە : 44 زاخۆ : 43 سۆران : 41 حاجی ئۆمەران : 32 گەرمیان : 48
ڕۆژی پێنجشەممە 4ی تەممووزی 2024 لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد کە پێکهاتبوو لە بەڕێز تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج باڵیۆزی کوەیت لە عێراق و بەڕێز سوڵتان موبارەک ئەلکوبەیسی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و بەڕێز ئەحمەد سەمیر حلمی باڵیۆزی مسر لە عێراق و بەڕێز خالد ئەحمەد ئەلمەنسور باڵیۆزی بەحرێن لە عێراق و بەڕێز شێخ مەحموود ئەلخروسی باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان لە عێراق و بەڕێز زێد ئەبو حسان هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەردەن لە عێراق و بەڕێز سەعید ئەلقەحتانی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی سعودیە لە عێراق و بەڕێز محەمەد ساڵح ئەلتنیجی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئیمارات لە عێراق. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو و هێمای بەوەدا کە کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتۆتە ئاراوە و دەکرێ لەسەر بنەمای ئەو کەشە تازەیە بگەینە دەرئەنجامی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کۆسپ و تەنگژەکان کە ئەوە خۆیلەخۆیدا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەبێت. سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ڕۆشنایی خستەسەر بابەتی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و ڕایگەیاند پێویستە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و تەوافوقێکی نیشتمانی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ناوچەکە بنەمایەکی بۆ دابنرێت. لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی هیوای ئەوەیان خواست سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ببێتە مایەی خێر و سەقامگیری بۆ عێراق و هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە کە وڵاتەکانیان پشتیوانی تەواوی عێراق دەبن بۆ پتەوبوونی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و چارەسەربوونی گرفتە سیاسییەکانی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم لە ڕاگویەنراوێکدا، ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٤/٧/٧ دەست بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم ئەو توێژانە دەکرێت کە تەمویلەکەیان گەیشتۆتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی. ئەمە دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی داراییە: بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی. کەمێک لەمەوبەر بڕی ( ٢٣١،٦٠٥،٥٣١،٠٠٠ ) دوو سەدو سی و یەک ملیار و شەش سەدو پێنج ملیۆن و پێنج سەدو سی و یەک هەزار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕۆژی یەک شەممە ٢٠٢٤/٧/٧ دەست بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم ئەو توێژانە دەکرێت کەلەسەرەوە ئاماژە بەناوەکانیان دراوەو تەمویلەکەیان گەیشتۆتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری ٢٠٢٤/٧/٤
بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو شێخ جەلال شێخ عەبدولقادری بابەشێخی سیرێ کەسایەتیی ناسراوی ناوچەی شارباژێڕ، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە کەسوکاری ببەخشێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رۆژی پێنجشەممە 4ی تەمموزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز موحسین مەندەلاوی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەکالەت پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی و پێگەی سەرۆک بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەبوو و هیوای خواست بوونی سەرۆک بارزانی یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی عێراق. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی جەختی لە بوونی نیازپاکیی لایەنەکان کردە و بە پێویستی زانی کە دیالۆگ ببێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بابەتی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چەند پرسێکی تری تایبەت بە پارێزگاکانی عێراق تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی تەممووزی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا بە داتا و زانیاری بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو ئەمەش بە پێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 کارپێکراو لە بەغدا کە یاسای ژمارە 27 ی ساڵی 2006 ی هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەک لە بڕیاری دادگای فیدراڵی هاتووە و لە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری داراییش پێشنیار کراوە کە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2014 بکرێت بە ئاراستەی یەکسانيی لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە، و ئاماژەیدا بەوەی لە هەرێم کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە. دواتریش هەریەک لە ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕوونکردنەوەی پێویستیان خستەڕوو. سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی جیاوازییەکانی نێوان هەردوو یاسای خانەنشینی کارپێکراو لە هەرێم ژمارە 27ی ساڵی 2006 و یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵ ژمارە 9 ی ساڵی 2014 ی خستەڕوو، ئاماژەی بەوە دا کە بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێمە کە مووچە و شایستەکانیان هاوتا دەکات لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە تایبەتیش لە ڕووی کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی لە هەرێم کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کەمترە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت لەسەروو مووچەکانیان، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە لایەن خانەنشینان لە حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا مووچە و دەڕماڵە نەک تەنیا مووچەی بنەڕەتی. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە سەرەڕای ئەمانە، بە جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 ، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە یەک یاسا و مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن و یەک دامەزراوەش بە ناوی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی، تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی و سەربازیی و پێشمەرگایەتیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) کە ئێستا بە گوێرەی یاسای ساڵی 2006 هەر یەک لەم پۆستانە یاسای خانەنشینی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە پێناوی بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، وەزارەتی دارایی وئابووری و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ ڕێکاری یاسایی وئیداریی پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەم مەبەستە تا سەرجەم پێداویستیە دارایی وقانونیەکان تەواوبکرێن و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی وئابووری بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی ئامادەسازیی ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵیی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 تا دواتر ڕێکەوتنی پێویستی لەسەر بکرێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی. پاشان گفتوگۆ لەبارەی بابەتی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دوا پێشهاتی وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک تاکوو هیچ بیانوویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوام بن لە ئاسانکاریکردن بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی. هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی كرد تایبەت بەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی حکومیی و هەموو ئەو بانکانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون و لە هەرێم کار دەکەن و لە چوارچێوەی پرۆژەی ( هەژماری من) لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی و ڕێنمایی بانکی ناوەندی پرۆسەی بەبانکیکردنی پێدانی مووچەی هەرێم جێبەجێ دەکەن، بەم شێوەیەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکە حکومی و تایبەتەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگەپێدراو بن . ئەنجومەنی وەزیران داوا لە مووچەخۆران دەکات ئەوانەی تا ئێستا پرۆسەی بەبانکیکردنیان لە چوارچێوەی پرۆژەی ( هەژماری من) تەواو نەکردووە، لە نزیکترین کاتدا، خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیارە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7/3، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پیتەر شتێپانیک، باڵیۆزی کۆماری چێک لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو. سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کردووە. هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست. باڵیۆزی چێک پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەربڕی و خواستی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان دووپات کردەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە؛ مووچەی فەرمانبەران و دوو پرسی دیکەی گرنگ تاوتوێ دەکات. ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆ دەبێتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، مووچەى مانگى حوزەیرانى مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و مووچەى مانگى ئایار و حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکان تاوتوێ دەکرێت. لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوکەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر کۆبوونەوەى هاوبەشى هەردوو حکوومەتى هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لەبارەى دەروازە سنوورییەکان دەکرێت. هەر چی بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەشە، تایبەت دەبێت بە پرسى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى بە گوێرەى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو.
فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، گەشتیاران ئاگادار دەکاتەوە. دەقی ئاگادارینامەکە: ئاگاداری گهشتیارانی فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتیی ههولێر دهكهینهوه، ئەمڕۆ چوارشهممه (٣ ی ٧ ی ٢٠٢٤)، بۆ ماوهی (٣) كاتژمێر گهشتهكانی فڕۆكهخانهی نێودهوڵەتیی ههولێر، به هۆی مهشقێكی فریاگوزاری له فڕۆكهخانە ڕادەگیرێن.هاووڵاتییانیش دڵنیا دهكرێنەوە، بوونی ژمارەیەکی زۆر له ئهمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی بهرگریی شارستانی و تیمهكانی پۆلیس و ئاسایش له دهوری فڕۆكهخانه، پهیوهسته به مهشقهكهوه. فەرمانگەی میدیا و زانیاری
ئەمرۆ چوارشەممە 3/7/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 148,400 دینار لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە، دێنێ سێشەممە 100 دۆلار کەمتر لە 148,000 دینار مامەڵەی پێوەکرا.