Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13728 بابەت
هەواڵ
10-07-2024

بەهای دۆلار دابەزی

ئەمرۆ چوارشەممە 10/7/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 149,900 دینار لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە نرخی 100 دۆلار بەرزبووەوە بۆ 151,000 دینار.

هەواڵ
10-07-2024

ڕاگەیەنراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، چوار تۆمەتبار دەستگیرکرا و بڕی(١٧) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا. ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکە: لە بەردەوامی هەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و پاشان وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە ڕێکەوتی ٢٦ـی٥ـی٢٠٢٤ تاکو ٣ی ٧ی ٢٠٢٤ تیمەکانی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەم دوو چالاکیدا، توانییان چوار تۆمەتبار کەکاری گواستنەوەو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن دەستگیربکەن و بڕی (١٧) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دەست بەسەردابگرن.لە ئێستادا هەر چوار تۆمەتبار بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان راگیراون و لەژێر لێکۆلینەوەدان . بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان١٠ـی ٧ـی ٢٠٢٤

هەواڵ
10-07-2024

ئەنجوومەنی وەزیران پرسی مووچە و دەروازە سنوورییەکان تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10-07-2024، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە گفتوگۆ دەکات. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە تایبەتە بە خستنەڕووی دەرەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی ژمارە 2ـی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان کە لە ڕێکەوتی 01-07-2024 لە بەغدا کرا. فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە تایبەتە بە بابەتی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مانگی پێنج و شەشی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و دواپێشهاتی وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن دیوانی چاودێریی هەردوولاوە. هەروەها کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵی سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان و سیستەمی باج لەنێوان هەرێم و عێراق.

هەواڵ
09-07-2024

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەکات

ڕۆژی سێشەممە 9ی تەممووزی 2024 لەسەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.

هەواڵ
09-07-2024

نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

ئەمرۆ سێشەممە 9/7/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 149,800 دینار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوو بەم شێوەیە بەرزنەبۆتەوە.

هەواڵ
09-07-2024

چوار بەنداوى گەورە لە هەرێم دروست دەکرێت

هیوا عەلی وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم : هەموو كارەكانی دروستکردنى چوار بەنداوی گەورە لە هەرێمى کوردستان تەواو بووە و بڕیارە بەغدا پارەیان بۆ خەرج بكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ، لیژنەیەكی هاوبەشیان بۆ دروستكردنی چوار بەنداو لە هەرێمی كوردستان پێكهێناوە، پڕۆژەكە لە چوارچێوەی رێككەوتنی هاوبەشی هەردوو حكوومەتە و دەست دەكرێت بەجێبەجێكردنیان. ماوەیەكی زۆرە كار لەسەر دروستكردنی چوار بەنداو دەكەین لە هەرێمی كوردستان، بەڵام دروستكردنی ئەو بەنداوانە تێچوویەكی زۆری پێویستە و لەم قۆناغەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیدەتوانی جێبەجێیان بكات.

هەواڵ
08-07-2024

دژەتیرۆری کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەممووزی 2024، کاتژمێر 11:10ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا، ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەنێوان قەزای شنگال و تەل قەسەب بۆردومان کرد.بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدا بووە و بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو کەسیان بەسەختی بریندار بوونە.

هەواڵ
08-07-2024

لەدوو ڕووداوی هاتووچۆدا 8 کەس بوونە قوربانی

لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەشت کەس لە چەمچەماڵ بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە بوونە قوربانی. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی 7ی 2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی چه‌مچه‌ماڵ بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، لە ئاکامی دوو ڕووداوی هاتوچۆدا لە جۆری وەرگەڕان، کەسێک گیانی لەدەست دا و ٧ کەسی تریش بریندار بوون. ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، ڕووداوی یەکەم وەرگەڕانی توێوتا لاندکرۆزێك بوو لەسەر رێگه‌ی ناحیەی ئاغجەلەر _ گۆپتەپە، به‌هۆیه‌وه‌ کەسێک گیانی لەدەست داوە کەسێک تریش بریندار بوو. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، ڕووداوی دووەم وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێكی تر بوو كه‌ ئه‌وه‌شیان لە جۆری توێوتا لاندکرۆز، لە نزیک مۆنۆمینتی ئەنفال كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ٦ کەس بە سووکی بریندار بوون.

هەواڵ
08-07-2024

مەسرور بارزانی تکایەکی لە گەنجان و هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان هەیە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک هاونیشتمانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە ئەمشەو بەشی یەکەمی بڵاوکرایەوە، گوێ لە داخوازی و داواکاری و کێشەکانیان دەگرێت و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە. لە پێشەکی قسەکانیشیدا ئامادەیی نیشان دەدات  پێکەوە "گفتوگۆیەکی خۆمانە و ڕاستگۆیانە لەسەر کۆمەڵێک بابەت" بکەن. مەسرور بارزانی نموونەی بە گرنگیدان بە بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری داو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چەندین پرۆژە لە هەرێمی کوردستان لەو بوارانەدا جێبەجێکراون، هەموو ئەوانەش بوونە هۆی ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێت.مەسرور بارزانی تکایەکی لە گەنجان و هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان هەبوو  "پێش هەموو کەسێک هاووڵاتی بیر لەوە بکاتەوە ئەم وڵاتە هی خۆیەتی، با هیچ بازرگانێک و بازرگانێکی سیاسیی یاری بە چارەنووسی گەنجەکانمان نەکات، خۆی بڕیاری خۆی بدات".ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەوان بەرنامەیان هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بزنسی نوێ بۆ خۆیان بکەن و ڕایگەیاند "یارمەتی ئەو کەسانە دەدەین کە بیانەوێت یارمەتی خۆیان بدەن".لە وەڵامی پرسیاری هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی چوارقوڕنە بە ناوی بڕیار سابر ئیبراهیم سەربارەت بە خزمەتکردنی شاری سلێمانی هاوشێوەی هەولێر و دهۆک، سەرۆکوەزیران بەو هاونیشتمانیە و ئامادەبووانی گوت؛ "هەمیشە خۆم بە خزمەتکار و بچووکی هەمووتان دەزانم، ئەو ئەرکەی لەسەر شانمە بە ئەمانەتەوە وەرمگرتووە، خودا شاهیدە بە ئەمانەتەوەش ئیشەکانم کردووە و بەردەوامیش دەبم لەوەی ویژدانی خۆم و خوای خۆم و ئێوە لێم ڕازی ببن، ئەمە بۆ من گەورەترین سەروەت دەبێت ئەگەر خەڵک لێم ڕازی ببێت".هەر ئەو هاونیشتمانییە گلەیی لە هاندانی حکومەت لە کەرتی کشتوکاڵ و ساغنەبوونەوەی بەروبوومەکانیان و هاوردەکردنی کاڵای بیانی هەبوو، لە وەڵامدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ کارەکانی ئەم کابینەیەی حکومەت کرد و گوتی: پێموایە لەو کابینەیە زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە گرنگی بە بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ دراوە".

هەواڵ
07-07-2024

سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆك مەسعود بارزانی، پەیامێكی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی كۆچی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم." ئەمڕۆ یەكشەممە 7/7/2024، سەرۆك بارزانی پەیامێكی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی كۆچی بڵاو كردەوە و دەڵێت: "بە بۆنەی سەری ساڵی 1446ی کۆچی و یەکی مانگی موحەرەم، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک دەخوازم." سەرۆك بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە داوە: "هیوادارم ئەو بۆنە پیرۆزە ببێتە دەرفەتێک بۆ پتەوکردنی فەرهەنگی یەکترقبووڵکردن و پەرەسەندنی ئاشتی و ئارامی و برایەتی لە ناوچەکەماندا."

هەواڵ
07-07-2024

پەیامی مەسرور بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی کۆچی

به‌ بۆنه‌ی هاتنی سه‌ری ساڵی نوێی كۆچی ١٤٤٦، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی‌ موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌م. داواکارین لە خوای مەزن و دلۆڤان، ساڵی نوێی کۆچی، ساڵی خێر و ئاشتی و ئارامی و پێشکەوتن و کامەرانی بێت. ساڵی نوێی کۆچی لە گشت موسڵمانان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشیدا بن. مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
06-07-2024

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود پزیشکیان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەکو سەرۆککۆماری نوێی ئێران و دەڵێت، "بەهیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان." مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراقە." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە هیوای قووڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی و رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش."

1 2 ... 190 191 192 ... 1143 1144