ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-07-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی و هاوخەمیی "قووڵی"ـی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهید جوامێر عەزیر ڕەشید کرد کە ئەمڕۆ بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر شەهید بوو. لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکە دەخوازم". بە گوتەی مەسرور بارزانی، "ئەم هێرشەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش، دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە، هێشتا مایەی هەڕەشە و مەترسییە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان". ئەمە لە کاتێکدایە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شارەدێی قەرەهەنجیر، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک پاش دەستخستنی زانیاری پێشوەخت و چاودێریی ورد و بۆ دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش چوون پاش ڕووبەڕووبوونەوە، تیرۆریستێک کوژرا و یەک لە تیرۆریستان بە برینداری دەستگیر کراوە.
FBl ڕایگەیاند: ئەو كەسەی تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ كردووە، بە مەبەستی تیرۆركردنی ئەم كارەی كردووە. كیڤن رۆجیك، لە نووسینگەی FBI بە میدیاكارانی راگەیاندووە، كاتێك ترەمپ لە ویلایەتی پەنسلڤانیا خەریكی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە و جەماوەرێكی زۆری لێ بووە، تەقە كراوە و ”دەتوانین بڵێین كە ئەمە هەوڵی تیرۆركردن بووە لە دژی سەرۆكی پێشوومان دۆناڵد ترەمپ.“هەروەك ڕوونی كردۆتەوە كە لە ئەنجامی تەقەكاندا جگە لەوەی (گوێ)ی ترەمپ بریندار بووە، هەروەها كەسێكیش كوژراوە و دوانی دیكەش بریندار بوون. لەبارەی هۆكارەكانی ئەو تەقەكردنەوە بەرپرسەكەی FBI گوتوویەتی: ”تا ئێستا نازانین چ پاڵنەرێك لە پشت هێرشەكەوە بووە."هەر لەمبارەیەوە كەناڵی (سكای نیوز) بڵاوی كردۆتەوە كە هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن، تەقەكەرەكە ناوی (تۆماس ماتیۆ كرۆكس)ە و تەمەنی 20 ساڵە.رۆژی شەممە 13ی 7ی 2024، لە ویلایەتی پەنسلڤانیا تەقە لە دۆناڵد ترەمپ كرا و گوێی ڕاستی بریندار بوو، دواتر گەیەندرایە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، بەڵام لە كاتی گواستنەوەیدا بۆ لای ئۆتۆمبێلەكەی، ترەمپ دەستی بەرز دەكردەوە وەك ئاماژەدانێك بۆ جەماوەرەكەی. لەمبارەیەوە ترەمپ لە پێگەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوی كردەوە: ”زوو زانیم هەڵەیەك هەیە، كاتێك گوێم لە دەنگی تەقە بوو، یەكسەر هەستم كرد كە فیشەك پێستم دەبڕێت، خوێنبەربوونێكی زۆر ڕووی دا.“لە لایەن خۆیەوە یەكەی خزمەتی نهێنی كە پاسەوانێتیی ترەمپیان دەكرد، ئەوەیان راگەیاند كە تەقەكەرەكە لە شوێنێكی بەرزەوە هێرشەكەی ئەنجام داوە، بەڵام كوشتوویانە.
مەسرور بارزانی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم ". سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، "هاوخەمم لەگەڵ قوربانیانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە و هاوپشتیی خۆمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەردەبڕین" . بەرەبەیانی ئەمرۆ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا کە بانگەشەی هەڵبژاردنی دەکرد، تەقە لە دۆناڵد ترەمپ كرا و بریندارکرا.
بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەبێت بۆ دواخستنی مووچە، حکومەتی هەرێم لە هەموو دە رۆژی سەرەتای مانگی، لیستی مووچە دەنێرێت. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی حەوتی وەزارەت و دەستەکان ئامادەکراوە و نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی وردبینیی تێدا دەکرێت رەوانەی بەغداد دەکرێت، بۆ ئەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران دوا نەکەوێت. رۆژی 3/7/2024 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا، وەزارەتەکان لە 10 رۆژی یەکەمی هەموو مانگێک لیستی مووچە ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەبێت بۆ دواخستنی مووچە.
بەغداوە بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە و بەمزوانە دابەشدەکرێت. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، رایگەیاند: "لە بەغداوە بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، كە بڕەكەی 10 ملیار دینارە، سێ ملیار دیناری بۆ هەولێرە، پێنج ملیار دیناری بۆ سلێمانییە و دوو ملیار دیناریشی بۆ دهۆكە." ئاماژەی بەوەشدا: "رێكارە كارگێڕی و داراییەكانی دابەشكردنی ئەو 10 ملیار دینارە بەرەو تەواو بوونە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی چەكەكان دەكرێت." هەفتەی رابردوودا، چەند رۆژێك دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران راگیرابوو لەبارەی هۆكارەكەیەوە، نەوزاد شێخ كامیل، وتی: "ئەو پارەیەی دێت بەردەوام دابەش دەكرێت، بەڵام كاتێك پارە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتمان، دواتر چەك دەكرێت و چەكەكانیش كاتیان دەوێت تاوەكوو ئامادە دەكرێن و پەسەند دەكرێت، بەڵام دڵنیایی دەدەین، پارەی گەنمی جووتیاران زۆر بە رێكوپێكی دابەش دەكرێت و كێشەی نییە." بۆ هەر یەك تۆن گەنم بڕی 850 هەزار دینار دەدرێت و حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێ.
لە هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما دوو پلە دادەبەزێت. کەشناسى هەرێم بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکى سووک بەتایبەتى لە کەرکوک و ناوچەکانى باشوری هەرێم و خێرایى با لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، مەوداى بینین لە نێوان هەشت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت. دەشڵێن، سبەى ئاسمان ساماڵ دەبێت و هەروەها، بەراورد بە ئەمڕۆ پلەکانى گەرما یەک تا دوو پلە نزم دەبنەوە. باس لەوەش کراوە، بەپێى پێشبینییەکان ئەمڕۆ بەرزترین پلەى گەرما لە گەرمیان دەبێت، کە ٤٦ پلەیە و نزمترین پلەى گەرماش لە حاجى ئۆمەران دەبێت، کە ٣٤ پلە دەبێت.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەغداد سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەی دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەیەکەوە دەنێردرێت. چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە دوای ئەو نووسراوەی کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی ناردووە لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی بڕیاری خەرجکردنی پارەکەی داوە و رۆژی یەکشممە یان دووشەممە پارەی مووچەی هەردوو مانگەکە بەیەکەوە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، لە دوای ناردنی پارەکە، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی ئەو دوو مووچەیەی هێزە ئەمنییەکان بکات. نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نوسراوێکدا بە ژمارە 3005 کە رێککەوتی دوێنێ پێنجشەممە 11ـی تەمموزی لەسەرە و ئاڕاستەی وەزارەتى دارایی کراوە، تێیدا هاتووە، "سەرۆکوەزیرانى عێراق رەزامەندیی پیشانداوە لەسەر خەرجکردنى مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەى تێبینییەکانى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە چارەسەر دەکرێت، پاشان مووچەى مانگەکانى دیکە خەرجدەکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، مووچەى ئەو دوو مانگەى هێزە ئەمنییەکان بەهۆى بوونى تێبینیى لەلایەن دیوانى چاودێرى دارایی عێراقەوە لەلایەن بەغدادەوە راگیرابوو، بەو هۆیەوە داوى وەرگرتنى مووچەى مانگى نیسان، ئەو هێزانە ماوەى زیاتر لە 70 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/11 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان پێشوازی له قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق کرد.له كۆبوونهوهكهدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخى ئهمنيى عێراق بەگشتی ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مهترسى و ههڕهشهكانى تيرۆر و پاراستنی ئاسایشی و سەقامگیری ناوچە سنوورییەکان کرایەوە.لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە.
ڕۆژی پێنجشەممە 11ی تەممووزی 2024 لە شاری هەولێر سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ بەشێک لە ئاستە جیاجیاکانی ڕێکخستنی سنووری لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و سوپاسی خەبات و ماندووبوونی ئەندام و کەوادیری پارتی کرد کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بە خۆڕاگریی خۆیان بوونەتە مایەی ئومێد بۆ گەلی کوردستان. سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی پارتی ئەوەی دووپاتکردەوە کە پارتی بۆ زیندووهێشتنەوەی ئومێد و بڕوابەخۆبوونی گەلی کوردستان دروست بووە و ئامرازە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان و هەر کات پارتی بەهێز بووبێت کوردستانیش بەهێز بووە. لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر سەردانی حەفتەی ڕابردوو بۆ بەغدا و هۆکارەکانی ئەو سەردانەی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، بۆ ئامادەبووان شیکردەوە. هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە باری ڕێکخستنە ناوخۆییەکانی پارتی سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونی و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
وەزارەتی شارەوانی هۆشداری بەو فەرمانبەرانە دەدات، ئەوەی سوودمەند بووبێـت و فۆڕم پڕ بكاتەوە: "سزای زیندانی و سزای دارایی دەدرێت." بەپێی رێنوێنیی وەزارەتی شارەوانی، كە لە فۆڕمی دابەشكردنی زەوی بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە، تیایدا بڕگەیەك هەیە و ئاماژە بەو فەرمانبەر و خانەشینانە دراوە، كە پێشووتر لە زەوی و خانووی حكوومەت سوودمەند بوون و فۆڕم پڕ بكەنەوە سزایەكی توندیان بۆ دیاری كراوە. لە رێنوێنییەكەدا هاتووە: "هەر فەرمانبەر و خانەنشینێك پێشتر لە دەوڵەت لە زەوی و خانوو سوودمەند بووبێت و فۆرم پڕ بكاتەوە، زیندانی دەكرێت، كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت." هەروەها ئەوەش هاتووە: "جگە لە زیندانی، سزای داراییش دەدرێت، كە لە سێ ملیۆن دینار كەمتر نەبێت." وەزارەتی شارەوانی جەختی كردووەتەوە، ئەوەی پێچەوانەی یاسا فۆڕم پڕ بكاتەوە، وێرای ئەو دوو سزایە، زەوییەكەی كە بۆی ترخان كراوە لێی وەردەگیرێتەوە، هاتووە: "زەوییەكەی لێ دەسەندرێتەوە و دووبارە بەناوی دەوڵەت دەكرێتەوە." ڕۆژی 27ی03ی2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی5ی2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی رەسمیی كوردستان بڵاو كردەوە.
دابهشكردنی مووچه بهردهوامه و ئەمرۆ پێنجشەممە، 17 شوێن مووچەی مانگی شەش وەردەگرن. به گوێرهی خشتهی راگهیهندراوی وهزارهتی دارایی و ئابووری حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ئهمڕۆ پێنجشهممه 11ی7ی2024، مووچەی وەزارەتی پەروەردە، داد، ئەنجومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، پلاندانان دابەشدەکرێت. هەر بەپێی لیستەکە، ئەمڕۆ مووچهی وهزارهتی ڕۆشنبیری و لاوان، وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وهزارهتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دابهشدهكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7/10، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایيی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا، باڵیۆزی ئەمەریکا گوتارێکی پێشکەش کرد و پاشان لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییە کارگێڕییەکان واژۆ کرا.دواتر سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا دووپاتی کردەوە کە ئەم ڕێنماییانە بەشێکە لە بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کارگێڕی و یاسایی بە ئاراستەی پاراستنی مافەکانی پەناخوازان و پەنابەران و دیاریکردنی ئەرکەکانیان. بەتایبەتی لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی ڕێکارەکانی هاتن و پێشوازیکردن لە پەناخوازان و چەسپاندنی ماف و ئەرکەکانیان لە هەرێمی کوردستان. ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەت: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان بەڕێزان، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەبووانی هێژا، میوانانی قەدرگران، زۆر زۆر بەخێربێن. خۆشحاڵم، ئەمڕۆ لێرە بەم بۆنەیەوه لەگەڵ یەکین لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز.سوپاس بۆ بەشداریتان لەم بۆنەیە کە تایبەتە بە ڕاگەیاندنی ڕێنمایيی کارگێڕی بۆ بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان. چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان، بێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی و ڕەگەزی و نەتەوەیی، میوانداری سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق دەکات، بەتایبەتی کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لەو قۆناغەدا، ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت و قەیرانی داراییش بووینەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە سەختەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکی میوانداریکردنی دەیان کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرت و تا ئێستاش لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بەردەوامە و زۆربەی بارگرانییەکەش، لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی هەزاران پەناخواز و ئاوارە و پەنابەر کە بە هۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیان هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەداخەوە تا ئێستا بارودۆخی وڵات و شوێنەکانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بێگومان کەس پێیخۆش نییە لە ئاوارەیی و پەنابەریدا بژی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی هەموو ئاوارە و پەنابەرانە لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکانیان بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و شوێنەکانیان. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی کارکردنیدا بۆ ڕێکخستنەوەی کاروباری پەناخوازان، ماوەیەکە بە هاوکاری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، خەریکی ئامادەکردن و داڕشتنی ڕێنمایيی کارگێڕی بووە، سەبارەت بە بارودۆخی پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان.ئەم ڕێنماییانە بەشێکە لە بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کارگێڕی و یاسایی بە ئاراستەی پاراستنی مافەکانی پەناخوازان و پەنابەران و دیاریکردنی ئەرکەکانیان. بەتایبەتی لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی ڕێکارەکانی هاتن و پێشوازیکردن لە پەناخوازان و چەسپاندنی ماف و ئەرکەکانیان لە هەرێمی کوردستان. دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کورستان و تیمی ئامادەکاريی ئەم ڕێنماییانە دەکەم کە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران ئەم ڕێنماییانەیان ئامادە کردووە. لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەیەکی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی زوڵم و ستەم و تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە ڕووی تێدەکەن.لێرە هەوڵمانداوە بە پێی توانای دارایيی بەردەستمان، ئاوارە و پەنابەران و پەناخوازان سوودمەند بن له خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەکانی وەک خوێندن، چاودێری تەندروستی و ئاسایش و ئارامی و پێداویستییەکانی ژیانیان. هیوادارین حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، هاوکار و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بن بۆ خزمەتی زیاتری ئەو پەناخواز و ئاوارە و پەنابەرانە، تا ئەو کاتەی بارودۆخی وڵات و شوێنەکانیان یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان. ئیتر هەر شاد و سەرکەوتوو بن