ماڵپەڕی دامەزراوەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری (BTK)ی تورکیا دەڵێت: "بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، دووی ئابەوە ناتوانن بچنە نێو ئینستاگرام." دەستەی تەكنەلۆژیاو پەیوەندییەكان لە توركیا"بی تی كەی" ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: سەكۆی "ئینستاگرام"یان بۆ پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان داخستووە, بێ ئەوەی كاتی داخستنەكەی دیاریبكات. ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت, فەخرەدین ئاڵتون, سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی توركیا, رەخنەی لە سەكۆی ئینستاگرام گرت, بەهۆی بڕیارەكەی لەبارەی رێگەگرتن لە بڵاوكردنەوەی پرسەنامە بۆ كوژرانی ئیسماعیل هە.نییە, سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حە..ما..س. تائێستا كۆمپانیای "میتا", هیچ لێدوانێكی نەداوە لە بارەی داخستنی سەكۆكە, یان قسەی بەرپرسە توركیەكە. دەستەی تەكنەلۆژیاو پەیوەندیەكانی توركیا, ئەمڕۆ بڕیارەكەی لە پێگەی ئەلەكترۆنی خۆی بڵاوكردووەتەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: مەسروور بارزانی چارەسەركردنی گرفتەكانی موڵكە بەكرێدراوەكان پەسەند کرد. دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی شارەوانی: مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان "مەرج و ڕێكارەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی گرفتەكانی موڵكە بەكرێدراوەكان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار" پەسەند كرد كە دەبێتە هۆی ئاسانكاریی زیاتر بۆ ئەو خاوەنكارانەی كرێگرتەی موڵكی شارەوانین یان ئەوانەی دەیانەوێت لە داهاتوودا ببنە كرێگرتە. ڕۆژی 28ی تەمووزی 2024، بە نووسراوی فەرمیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ژمارە 752، گشتاندن بۆ دەستەی گەشتوگوزار و هەموو بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و سەرۆكایەتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كراوە تا ئەو مەرج و ڕێكارە نوێیانە پەیڕەو بكرێت كە ئامانج لێی چاسەرەكردنی گرفتە كەڵەكەبووەكانە كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دووچاری موڵكەكانی شارەوانی بووەتەوە و بەم ڕێكارە دەتواندرێت چارەسەری گرفتەكان بكرێت و كرێگرتەكان سوودمەند دەبن.
ئەمرۆ پێنجشەممە 1/8/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 149,600 دینار لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە لە دوو رۆژی ڕابردوودا نرخی 100 دۆلار بەرامبەربوو بە 148,800 دینار.
سەرۆک بارزانی لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی بارزانییەکان لە پەیامێکدا جەخت دەکاتەوە کە هۆکاری ئەنفالی بارزانییەکان تەنیا بارزانیبوون و کوردبوون بوو. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان ڕژێمی پێشووی عێراق لە کردەوەیەکی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و كوردبوون دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە بەشێك بوو لە دەستپێكی ئەو زنجیرە تاوانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستاندا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دراوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال و كیمیابارانەكان لە سەرتاسەری كوردستان و تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆر و گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان. لە چل و یەكەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. هەروەها سوپاسی خەڵكی بەئەمەكی كوردستان بە تایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەین كە لەو ڕۆژگارە تاڵەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە دەكەین كە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوون و ئازاری چاوەڕوانی و دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە. ئەو تاوانانەی لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە.ئەو عەقلیەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە، بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە. مسعود بارزانی31ی تەممووزی 2024
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، پەیامێکی بڵاوکردەوە. ئەمە دەقی پەیامەکەیە: لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە، کە دەستپێکێک بوو بۆ شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال، لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیی ناوچەکانی دیکەی کوردستان. دەڤەری بارزان هەمیشە مەڵبەندی شۆڕش و ڕاپەڕین و تێکۆشان بووە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، بۆیە دووچاری چەندین شاڵاوی وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بەڵام دوژمنان هەرگیز نەیانتوانیوە گیانی خۆڕاگری و خواست و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکەکەی لەناوببەن. تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەکۆی داکۆکیکردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە. لەم بۆنە خەمناکەدا، ڕێز و پێزانینمان بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی هەیە، کە جوامێرانە بە هانای کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییەکانەوە چوون و هاوکارییان کردن. سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لەیادمانن. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لەیەکەم لێدوانیدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، خوێنی ئیسماعیل هەنیە بەفیڕۆ ناچێت و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت. ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هێشتا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ڕەهەند و وردەکارییەکانی ڕووداوی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، ئەو کارە پەیوەندی نێوان ئێران و فەلەستین پتەوتر دەکات. گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشە دەکات و دەڵێت، "خوێنی ئیسماعیل هەنیە بەفیڕۆ ناچێت". وتیشی: "شەهید بوونی برای موجاهید ئیسماعیل هەنییە لە تاران، پەیوەندیی قووڵ و نەپساوەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و فەلەستینی ئازیز و مقاوەمە پتەوتر دەکات." بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هێرشێکدا لە ناوجەرگەی تاران ئیسماعیل هەنیە و پاسەوانێکی لە شوێنی مانەوەیان کوژران و ئێرانیش ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی ڕووداوەکە دەکەن و دواتر بۆ ڕای گشتیی ئاشکرای دەکەن.
دەزگای هەواڵگری عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: بە سەرپەرشتی وەزیری بەرگریی و لە چوارچێوەی بەردەوامی جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنەکان لەلایەن هێزەكانی دەزگای هەواڵگری لە بەغدای پایتەخت ئۆپەراسیۆنێك ئەنجامدرا و تونرا پێنج بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بكرێن. لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوشێوەدا لە پارێزگای نەجەف دوو بازرگانی دیكەی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران، كە بەپێی بڕگەكانی مادەی ٢٨ـی ساڵی ٢٠١٩ فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچوو بوو. لە كاتی دەستگیركردنی ئەو بازرگانانەدا بڕێكی زۆر حەبی ماددەی هۆشبەر و چەكی سووك دەستیان بەسەردا گیراوە و لە ئێستاشدا ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان كراون. بەڵێن دەدەین، كە ببینە دیوارێكی پۆڵاین بۆ پاراستنی نیشتمان و بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانى ماددە هۆشبەرەکان.
وابڕیارە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی حەوتی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت. خهلیل غازى دۆسكى پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا ڕایگەیاند، دوێنێ سهردانى مهسعود حهیدهر بریكارى وهزارهتى دارایی عێراقى كردوهو چهند پرسێكى تایبهت بهداراییان تاووتوێكردوه، لهو كۆبونهوهیهدا بهڕێوهبهرى ژمێریارى وهزارهتى دارایی عێراقیش ئامادهبوهو وتویهتى:"مووچهى مانگى حهوتى فهرمانبهرانى ههرێم ههفتهى داهاتوو ڕهوانه دهكرێت". ئەوەشی وتووە، "بهڕێوهبهرى ژمێریاریىو بریكارى وهزارهتیش جهختیانكردوهتهوه، ههفتهى داهاتوو موچهى تهواوى فهرمانبهرانو موچهخۆرانى ههرێم بهسهربازیىو هێزه ئهمنیهكانیشهوه بهبێ هیچ كێشهیهك ڕهوانه دهكرێت".
ئەمرۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرسەنامەیەکی ئاراستەی شیخ نەهرۆ شیخ محەمەدی کەسنەزانی کرد. ئەمەش دەقی پرسەنامەکەیە: بەڕێز شێخ نەهرۆ شێخ محەمەد کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتی عەلییەی قادری کەسنەزانی لە جیهان. بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوایی براتان خوالێخۆشبوو (غاندی شێخ محەممەد)، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانم بیست، پرسە و سەرەخۆشیتان لێ دەکەم و هاوبەشی خەمتانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵە بەڕێزەکەتان ببەخشێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کەشناسێک پێشبینی دەکات لەهەندێک ناوچەی سنوری هەولێر باران ببارێت. ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: ئەمرۆ بەهۆی ئەو بایەی ئەمشەو لە حاجی ئۆمەران و قەزای چۆمان چالاک دەبێت، پێشبینی دەکرێت باران ببارێت. ڕاشیگەیاند، هاوکات بایەکی بەهێزیش لەپارێزگای سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و پشدەریش هەڵدەکات." ئاماژە بەوەش دەدات، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر، بە تایبەت ئەوانەی لە بەشی رۆژهەڵاتن، بایەکی بەهێز تێیاندا چالاک دەبێت.
ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بۆ نزیکەی 700 سەرباز بەرزبووەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی 7ی 2024، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی جەنگ کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە ڕێگەیان پێدرا ناویان بڵاو بکرێتەوە، بۆ 689 کەس بەرزبووەتەوە، کە 329 کەسیان لە سەرەتای دەستپێکردنی مانۆڕی زەمینی لە کەرتی غەززە لە 27ی ئۆکتۆبەرەوە کوژراون. سەبارەت بە ژمارەی برینداران، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەی بریندارەکانی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە گەیشتووەتە چوار هەزار و 322 بریندار کە 625 یان برینەکانیان سەختە. ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
ئەمرۆ یەکشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە: ماوەیەکە کەسێك بە هەر دوو ناوی ساختەی (تارا کەریم ئاغا - Tara Kareem Agha) و (سۆزان شێخ کەمال بەرزنجی- Sozan Shex Kamal Barznje) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی مەسنجەری فەیسبووک، بە شێوەیەکی ساختەکارانە، بە ناوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، داوای پارە و کارتی مۆبایل لە خەڵک دەکات.بۆ ئاگاداریی هەموو لایەک، ئەم کەسە ساختەکارە، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەكی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نییە و لایەنە دادوەری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەم کەسە بگرنە بەر و بە دڵنیاییشەوە ئەم ساختەکارە، دواجار باجی کارە نایاسایی و ساختەکارییەکانی دەدات و بە سزای یاساییی خۆی دەگات. فەرمانگەی میدیا و زانیاری