وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و ڕایدەگەیێنێ، بەغدا لە پاراستنی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکەیدا بەرپرسیارە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و لە پاڵ تاوتووێ کردنی دۆخی ناوچەکە، بلینکن جەختی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی حکوومەتی عێراق کردووەتەوە بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمەریکا لە هێرشی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران. هەروەها هەردوولا جەختیان لە پابەندی بەردەوامیی بە ڕاوێژی نێوانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا - واشنتن کردووەتەوە و باسیان لە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە کردووە. ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هێزی زیاتری ئەمەریکی بە چەکی پێشکەوتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەکانی بەرەی مقاوەمە لە عێراق، کە دوێنێ لە دوا ڕاگەیەندراودا هەڕەشەی هێرشکردنەوەی سەر هێزەکانی ئەمەریکایان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "پابەندی هیچ کۆتوبەندێک نابن، ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا جارێکی دەست بۆ گرووپ و چەکدارەکانی بەرەکە درێژ بکەنەوە".
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر پهیامێكی به بۆنهی ڕۆژی جیهانیی لاوان بڵاوكردهوه. له پهیامهكهی پارێزگاردا هاتووه، بەبۆنەى ڕۆژى جیهانیى لاوان، پیرۆزبایی له سەرجەم لاوانی کوردستان بەگشتیى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى دەکەین، خوازیارین ئهو یاده ببێتە هۆى هێنانەدى خواست و داخوازیهکانیان. ئومێد خۆشناو دهشڵێت، بێشک لاوان، شایهنی خزمهت و دهرفهت ڕهخساندنی زێترن، تابتوانن له بهرانبهردا خزمهتی باشتر و زیاتر پێشکهش به کوردستان بکهن، به ئومێدى ئەوەی لهو ڕۆژهدا ئاوڕى زیاتر له خواست و داوای لاوان بدرێتهوه، تاکو بتوانرێ توانا له بن نههاتووهکانیان بهگهڕبخرێ و دهرفهتی گونجاو به هێزیان بدرێت. پارێزگاری ههولێر ئاماژهی بهوهش داوه، سڵاو بۆ تهمهنی جوانی ئهو گهنج و لاوانهی که گیانی خۆیان پێشکهش به کوردستان کرد، 12ی ئاب ڕۆژى جیهانیى لاوان، له ههموو کوڕ و کچهکانی وڵات پیرۆزبێت، بههیوای گهیشتن به ئامانج وخواستهکانیان
ئەمرۆ دووشەممە، 12/8/2024 نرخی 100 دۆلار لەبازارەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر 149,850 دینار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمرۆ، بانکی ناوهندی دەیان ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە. خشتەی فرۆشی دۆلار لەلایەن بانکی مەرکەزی عێراقی بۆ ئەمڕۆ 12.08,2024 حەواڵە253,353,629 نەقدی12,250,000 کۆی گشتی265,603,629
هەولێر بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە دەبێتە یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین شارەكان لەڕووی ماستەرپلانەوە ئەمڕۆ یەكشەممە 11/8/2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار شەشەمین كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیی هاوبەش تایبەت بە ئامادەكردنی ڕاپۆرتی كۆتاییی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو. لەو كۆبوونەوەیەدا ڕەشنووسی ڕاپۆرتی كۆتاییی ئامادەكراوی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر (2050) خرایەڕوو كە تێیدا سەرجەم لایەنەكانی شیكرانەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەیەكی تردا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكوومەت سەرنجی خۆیان لەبارەی ڕاپۆرتی كۆتایی بخەنەڕوو بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجەكان بكرێتەوە و كاری جدیان لەسەر بكرێت و دواتر لە چەند مانگی داهاتوودا پەسەند دەكرێت و پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەكەدا گوتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوە كرد: دوای ماوەی دوو ساڵ كاركردن لە پرۆژەی هەمواركراوی ماستەرپلانی هەولێردا، خۆشبەخاتە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی شەشەمی لیژنەی باڵای JCC دەكەین و دوای چەند مانگێكی تر كارەكانی پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كۆتایییان دێت و هەولێر دەبێتە خاوەن ماستەرپلانێكی نوێ و لە داهاتوودا پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شاری هەولێر لەژێر ڕۆشنایی ئەو ماستەرپلانەدا جێبەجێ دەكرێن. لە بەشێكی تری قسەكانیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی سەرجەم تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەنددارەكانی كرد لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا كاریان لەو پرۆژەیەدا كردووە و بەشدارییەكی كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆژەكەدا كردووە. هەروەها سوپاسی ئاژانسی جایكا و حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگی و هاوكارییەكانیان بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە لە بواری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و ڕاوێژكاری و خول و چەندین بواری دیكەدا پێشكەشیان كردووە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە: بەرهەمی ئەو كارە زانستییەی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر لە ساڵانی داهاتوودا بە گەشەكردن و فراوانبوونی شاری هەولێر لەسەر هەموو ئاستەكاندا دیار دەبێت. كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشكەوتووی ئۆفیسی جایكا لە عێراق و كۆزۆ ئۆنۆ، ڕاوێژكاری پرۆژەكانی جایكا و تیمی جایكا و هەر یەكە لە بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕاوێژكاری وەزارەتەكانی كارەبا و ئاوەدانكردنەوە و جێگری پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر و نوێنەران و بەڕێوەبەرانی گشتی لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی ناوخۆ و پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازی و گواستنەوە و گەیاندن و دەستەكانی گەشتوگوزار و پاراستن و چاككردنی ژینگە لەگەڵ تەندروستی و نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر و ئاوەڕۆی هەولێر و 24 ئەندامی JCC و 2 ئەندامی جایكا و 2 ئەندامی تیمی پرۆژەكانی جایكا ئامادەی بوون.
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لە ماڵی محەممەد حەلبووسی لە بەغدا کۆبوونەوە و لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک ڕێککەوتن. دوای هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، شەوی ڕابردوو لە بەغدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی نۆ ئەندام لە کۆی 16 ئەندام کۆبووەوە، تێیدا ڕێبوار تەها لە پشکی یەکێتی وەک پارێزگار و محەممەد حافز لە پێکهاتەی عەرەب (هاوپەیمانی قیادە) وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران. کۆبوونەوەکە لەلایەن سێ لایەن (پارتی دیموکراتی کوردستان، پێکهاتەی تورکمان و هاوپەیمانیی عەرەبی) بایکۆت کرا. نەمجۆرەش دوو ساڵ جارێک پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن لەنێوان کورد و عەرەبدا ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت، لە دوو ساڵی یەکەمدا پۆستی پارێزگار لای یەکێتی دەبێت، پۆستەکانی جێگری یەکەمی پارێزگار، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، قائیمقامی کەرکووک و 17 پۆستی تریش دەدرێن بە پێکهاتەی تورکمان. لەمبارەیەوە، ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی گوتی: “هەڵبژاردن بۆ پارێزگار و جێگری پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا نایاسایی بوو، ئێمە وەک بەرەی تورکمانی سکاڵا تۆمار دەکەین و ئەنجامەکەش قبوڵ ناکەین”. لەلایەکی دیکەوە، ڕاکان سەعید، پارێزگاری بەوەکالەت و سەرۆکی کاتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەکە نایاسایی بوو، چونکە من وەک سەرۆکی کاتی داوای کۆبوونەوەم نەکردووە، هاوکات بەشێک لە پێکهاتەی عەرەبیش کە بەشدارییان کرد، خیانەتیان کرد و بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان ڕێککەوتنی ژێربەژێریان کرد، جەختیش دەکەینەوە کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی عەرەب لە کەرکووک هەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر”. ژێدەر ئاڤا
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشک بۆ ژمارەی بەربژێر و لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان تیروپشکى بۆ پێدانى ژمارە بەو حزب و هاوپەیمانى و قەوارەسیاسیانە ئەنجامدا کە پێشتر خۆیان تۆمارنەکردبوو، لەدواى دواخستنى هەڵبژاردن و جارێکى تر کردنەوەى دەرگاى خۆتۆمارکردن بڕیاریانداوە بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکەن، ژمارەى حزب و هاوپەیمانییەکان لەو دوو تیروپشکەى ئەمرۆ و رۆژى 8ى نیسانى رابردوو ئەنجامدران بەمشێوەیە: بزوتنەوەى ئیسلامى کوردستان ژمارە 198ـى پێدرا پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە 190ـی پێدرا پێشتر ئەم حیزب و هاوپەیمانێتییانە ژمارەیان پێدرابوو: یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان ژمارە 129 هاوپەیمانیی نیشتمانى ژمارە 162 رەوتى هەڵوێست ژمارە 161 هاوپەیمانیی هەرێمى کوردستان ژمارە 133 بەرەى گەل ژمارە 169 هاوپەیمانى سەردەم ژمارە 164 بزووتنەوەى ئیسلامیى کوردستان ژمارە 123 نەوەی نوێ ژمارە 157 یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ژمارە 148 بەرەى تورکمانى عێراقى ژمارە 149 بزووتنەوەی گۆڕان ژمارە 114 کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ژمارە 147
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ هەریەک لە تریفە عەزیز، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێرن نووتن، بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە کۆ بووەوە. پرسی هەڵبژاردن، دەستپێکردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و بابەتی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بەدرێژی گفتوگۆیان لەسەر کرا. ئێرن نووتن ڕایگەیاند: "ئەمەریکا بە پەرۆش و جدییە لەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و بۆ ئەم بابەتەش لە پەیوەندیی بەردەوامدان".
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستانن.رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 09-08-2024 روویداوە. پاسێکی نەفەرهەڵگری کۆمپانیای "ئاگری سێچ"ـی باکووری کوردستان کە لە شارۆچکەی پۆڵاتڵی سەر بە ئەنقەرە بە ئاراستەی ئەسکیشەهیر دەڕۆیشت، خۆی کێشا بە پایەی پردێکدا. ڤاسپ شاهین پارێزگاری ئەنقەرە رایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پاسەکە کاژێر 05:00ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە ئەنقەرە بۆ شارۆچکەی پۆڵاتلی دەچوو، لە نزیک گوندی ئۆڵوکپنار لە رێگەکە دەرچووە و خۆی بە پایەی پردەکەدا کێشاوە. بەرپرسێکی کۆمپانیای "ئاگری سێچ" لە ئۆتۆگاری ئەنقەرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاسەکە لە ئاگری بەڕێکەوتبوو و بڕیاربوو بچێت بۆ ئیزمیر، بەڵام لە شارۆچكەی پۆڵاتلی تووشی ئەو رووداوە بووە. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمپانیاکە، زۆربەی سەرنشینانی پاسەکە، خەڵکی پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستانن. ژێدەر رووداو
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دەدات و کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لەوبارەیەوە دەردەکات. دوای ئەوەی ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانێكی گرنگی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كرد، لەو سەردانەدا وێڕای دانانی بەردی بناخەی سایلۆی هەڵەبجە، لەنزیكەوە دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەکە ئەنجام دا، جیا لەوانەش چەندین دیدار و كۆبوونەوە و گفتوگۆیەكی رووبەڕوو و ڕاشكاوی لەگەڵ بەشێك لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاكانی هەردوو پارێزگا و یەكە كارگێڕییەكاندا سازدا.لەو دیدار و كۆبوونەوانەدا، بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاكان و هاووڵاتیان، باسیان لە كێشە و كەم وكوڕی و گرفتەكانی ناوچەكانیان كرد و چەند داواكاری و پێشنیاریان پێشكەش بە سەرۆكی حکومەت كرد.سەرۆكی حکومەت بە وردی گوێی بۆ داوكارییەكانیان گرت و بەڵێنیشی دا كە ئەوەی لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو دوو پارێزگایە و قەزا و ناحیە و گوندەكانی، جێبەجێێ دەكات.لەم بارەیەوە سەرۆکی حکوومەت چەندین بڕیاری گرنگی لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان دا ، كە ئەمانەی خوارەوە پوختەی ئەو بڕیارانەیە: زیادكردنی پێشینە – زیادکردنی پێشینە و خەرجی باری لەناکاوی ئیدارەی ڕاپەرین قائیمقامیەتەکان لە (٠٠٠, ٢٦,٠٠٠) ملیۆن دینار بۆ (٠٠٠, ٧٨,٠٠٠)ملیۆن دینار. دامەزراندن و میلاك ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنی(١٣٣) فەرمانبەر بە شێوەی گرێبەست و بەپێی پسپۆڕییە داواكراوەكان لەسەر میلاكی دیوانی ئیدارەی راپەرین، هەردوو قایمقامیەتی قەزاكانی كەلار و كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەكە و هەردوو بەرێوەبەرایەتیی ناحیەی قۆرەتوو و مەیدان. یەکلاکردنەوەی كێشەی زەویی سندووقی – نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی شارەوانی بۆ ماوەی یەك ساڵ تا كێشەی ئەو زەوییانە یەكلا بكاتەوە لە سنووری گەرمیان كە بە (زەویی سندووقی) ناسراون و دەكەونە نێوان دوو خانوو، تۆماری سەربەخۆیان نیە بەڵام لە نەخشەی شارەوانی بە (زەویی چۆڵ) داخڵ كراون بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لێی سوودمەندبن. پێدانی زەوی بۆ كەسە شایستەكانی ناوچە كوردستانییەكان نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە كە لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، ڕەزامەندی درا بە پێدانی دەسەڵات بە وەزارەتی شارەوانی تا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زەوی بۆ میراتگری شەهیدان و ئەنفالكراوان و راگیراوانی سیاسی و ڕزگاربوانی شاڵاوی ئەنفالی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دابین بكات كە ژمارەیان (٢٧٤) كەسە بۆ ئەوەی لە شوێنی شیاو زەوییان پێبدرێت. دابینكردنی ئۆتۆمبێل بریار درا بە دابینکردنی (٣٥) ئۆتۆمبێل بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و قائیمقامیەتی كەلار و قایمقامیەتی كفری و ناحیەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بۆ مەبەستی لێژنەی ئەمنی و لێژنەی چاودێری. مۆڵەتی بەنزینخانە – ڕەزامەندی درا لەسەر پێدانی مۆڵەت بە سێ بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان. پڕۆژە – ڕەزامەندی درا لەسەر گواستنەوەی (٣٩) پڕۆژە لە بوودجەی پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بۆ سەر بوودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی وەگەرخستنەوەیان. – پێدانی دەسەڵات بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان تاکو بڕی (١) ملیار دینار.
حکومەتی هەرێم له ماوهى چوار ساڵدا بەهۆی نەبوونی مەرجە ژینگەییان 6 هەزار و 754 پرۆژە ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە. بەپێی ئامارى دهستهى پاراستن و چاككردنى ژينگه، لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا، بەهۆی نەبوونی مەرجە ژینگەییەكان، 6 هەزار و 754 پرۆژە ڕووبەڕووی یاسا كراونەتەوە و پێدانی مۆڵەتیش بە 83 پرۆژە ڕەت كراونەتەوە. لە چوار ساڵی ڕابردوودا، 9 ههزار و 302 پرۆژه لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كە مەرجە ژینگەییەكانیان تێدا بووە، مۆڵەتیان بەم شێوەیە پێ دراوە: 3225 پرۆژه له پارێزگای ههولێر، 2770 پرۆژه له پارێزگای سلێمانى، 2039 پرۆژه له پارێزگای دهۆك، 23 پرۆژه له پارێزگای ههڵهبجه، 838 پرۆژه له ئیدارەی سەربەخۆی گهرميان و 407 پرۆژه له ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین. هاوكات به هۆى نهبوونى مهرجى تهواو و گونجاو لهگهڵ ياسا و ڕێنماييهكانى تايبهت به ژينگه، پێدانی مۆڵەت بە 83 پرۆژە ڕەت كراونەتەوە؛ ئەمەش له بەرهنجامى چاودێرى و بهدواداچوون و پشكنين بۆ پرۆژهكان، به مهبهستى جێبهجێكردنى ڕێنماييه ژينگهييهكان بووە.هەر لەم چوارچێوەیەدا، له كۆى 15 ههزار و 772 پڕۆژهی پشكنراو، شهش ههزار و 754 پرۆژە، به هۆى كهمتهرخهمى له جێبهجێكردنى ڕێنماييه ژینگەییەكان، ڕووبهرووى ياسا كراونهتهوه. دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام چاودێریی دۆخی ژینگە و پاراستنی دەكات، كە لایەنێكی ئەم ئەركە پەیوەستە بە چاودێریی پرۆژە پیشەسازی و وەبەرهێنییەكان، بۆ جێبەجێكردنی باشتری ئەم پرۆسەیەش، لەم چوار ساڵەدا، 163 دهرچووى بەشی ژينگه، وهكوو چاودێر بەسەر پرۆژهكانى كهرتى تايبهتەوە دامهزراون و بە ئەركی خۆیان هەڵدەستن. ژێدەر KTV
بۆ یەکەمجار لە سلێمانی و دهۆک، هێزەکانی پێشمەرگە لەڕێگەی هەژماری منەوە هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 08-08-2024 هاوکاری مانگی حەوتی هاوپەیمانان بەسەر لیوا هاوبەشەکان، هێزی پشتیوانی دوو و بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت و بەشێکیان لەڕێگەی هەژماری من هاوکارییەکە وەردەگرن. تیمی هەژماری من گوتی، "11 هەزار پێشمەرگە بۆ ئەم مانگە بە هەژماری من ئەو هاوکارییەکە وەردەگرن، هەشت هەزار و 500 هەولێر، هەزار و 500 پێشمەرگە لە سلێمانی و نزیکەی هەزار پێشمەرگەش لە سنووری پارێزگای دهۆکن". ئەمەش لەکاتێکدایە، مانگی ڕابردوو تەنیا لە سنووری هەولێر، حەوت هەزار پێشمەرگە لە ڕێگەی هەژماری من لەو مووچە و هاوکارییەکانیان سوودمەند بوون. ژێدەر ئاڤا
دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش بۆ هیندستان ڕایکرد، محەممەد یونس، بازرگان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ کرایە سەرۆکوەزیرانی کاتیی وڵاتەکە. محەممەد یونس کەسایەتیێکی ناسراوی سەرمایەداری بەنگلادیشە، بەوە ناسراوە کە هاوکاری هەژاران دەکات. محەممەد دامەزرێنەری بانکی 'گرامین'ـە، هاوکات خاوەنی بیرۆکەی قەرزی بچووکیشە کە لە 2006 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا دوای ئەوەی 31 ملیۆن هاووڵاتی بەنگلادیشی کەمدەرامەت لە پڕۆژەکەی سوودمەند بوون. محەممەد لە 2008 لەگەڵ حکومەتەکەی شێخ حەسینە کەوتە کێشەوە دوای ئەوەی لەسەر چەند تۆمەتێکی دارایی سکاڵای لە دژی تۆمارکراو لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا. بەوە تۆمەتبارکرا گوایە هێزی بەکارهێناوە بۆ سەندنەوەی قەرز لە خەڵک، بەڵام محەممەد ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە. هەر لەسەر ئەم تۆمەتانە لە 2011 لە پۆستی بەڕێوەبەری کارگێڕیی بانک دوورخرایەوە، لە 2013 بەتۆمەتی وەرگرتنی پارە بەبێ مۆڵەتی حکومەت دادگەیی کرا، بەڵام لە زۆربەی دادگاییکردنەکان بێتاوان دەرچوو. سەرەتای ئەم ساڵ دادگەیەک لە داکا، محەممەد یونس و 13 کەسی دیکەی بەتۆمەتی سپیکردنەوەی دوو ملیۆن دۆلار دادگەیی کرد، یونس بێتاوانی خۆی لەم کەیسە راگەیاند و بە کەفالەت ئازادکرا. لایەنگرانی محەممەد یونس دەڵێن: ئەو کەسایەتییە بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران دژایەتی دەکرا. رۆژی دووشەممە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیش بە فەرمی داوایان لە محەممەد یونس کرد سەرۆکایەتیی حکومەتی کاتی وڵاتەکە بکات، ئەویش داواکەی قبووڵکرد. ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، گرژییەکان مانگی رابردوو دەستیانپێکرد، کاتێک خۆپێشاندان لە دژی یاسایەک کرا کە 30٪ی دەرفەتەکانی کاری کەرتی گشتی تەرخان دەکرد بۆ منداڵ و نەوەکانی ئەوانەی لە جەنگی سەربەخۆیی دژی پاکستان دا بەشدارییانکردبوو. دواتر ناڕەزاییەکان فراوانتر بوون و داواکارییەکان بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حەسینە گۆڕدران.