وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاند: لەسەر بڕیاری بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) درا. تێبینی/ خەرجکردنی مووچەی ئەو توێژە وەک کۆتا مانگ هاوشێوەی چەند ساڵی ڕابردوو لەسەر بەرپرسیارێتی وەزیری دارایی خەرجکراوە و بۆ مانگەکانی داهاتوو هەر کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست ببێت کە لە گەنجینەی دووی سلێمانی مووچەیان بۆ خەرجدەکرێت، لەئەستۆی بەرپرسانی ئێستا و ڕابردووی هێزەکانی حەفتایە کە زیاتر لە( ١٠) ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکرێت. شایەنی باسە بەپێی یاسای چاکسازی پێویست بوو لە دوای مانگی حەوتی ساڵی ( ٢٠٢٠) ئەو خانەنشینانەی دۆسیەی دروستیان هەیە دۆسیەکانیان بخرایەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری، کە ئەوە تێبینی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان مووچە وەربگرێت. بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابووری. ٢٠٢٤/٩/١١
دەقی ڕاگەیەندراوەکە: ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانمان کرد. لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئاماژەمان بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی (63)مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، کە شۆڕشێکی نیشتمانیی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتە جیاوازییەکانیەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی. پاشان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو کە گفتوگۆکردن بوو لە سەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاوتوێکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار وڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم بەجۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم. ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەکە و بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفیی). ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و ڕەچاوکردنی تێبینی وسەرنجەکانی دیکە بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت و لەبەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت کە خەرجکردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9 هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق. دواتر هەریەک لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازیی، کار وکاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ، سامانەسروشتیەکان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستەڕوو کە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی لە میانەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووری فیدڕاڵ وهەرێم لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان ، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ ، دۆسێیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی. ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور . هیوادارین ئەو کەشە ئەرێنیی و لەیەکتێگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی تێدا کرا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی گشت کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەردوولا . دووپاتیشمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بگیرێت. لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدڕاڵیی بۆ ئابووری و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی کە ماون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9/11، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی بۆردی ئەمیندارانی دەستەکە بەڕێوە چوو. لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی بۆردەکە ئامادەی بوو، ئامانج و پەیام و دیدگا و پەیڕەوی ناوخۆ و پێکهاتە و کار و دەسەڵاتەکانی دەستەکە پەسەند کران. دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتيی زانستيی ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی کەرتی گشتی و تایبەت، بە پشتیوانی و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە دامەزراوە.
ئهمڕۆ چوارشەممە 9/11، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە شاندێکی سەربازيی بەریتانی کرد بە سەرۆکایەتيی ئیدوارد ئاڵگرن، ڕاوێژكارى باڵای بهرگريى بهريتانى بۆ کاروباری ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئەفریقا. لە کۆبوونەوەدا کە ئەندرو بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی هەماهەنگی وهاریکاريی ئەمنی و سەربازی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا.هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕوووبەڕوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر.لە تەوەرێکی دیکەدا، بیروڕا لەبارەی داهاتووی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا. لەمبارەیەوە جەخت لە پێویستیی درێژەدان بە پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکەن. بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 11ـی ئەیلوولی 2024، کاتژمێر 10:00 کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووریی و ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکەن و رێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکان تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، سەرۆک بارزانی پەیامێکی لە 63ـەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول بڵاو کردەوە و وەکو خۆی باسی کردووە، "گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەری و سیاسی و چەكداریی جەماوەری كوردستان بوو بۆ بەرگریكردن و چەسپاندنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان". دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی لە شەست و سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوول: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەری و سیاسی و چەكداریی جەماوەری كوردستان بوو بۆ بەرگریكردن و چەسپاندنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان. شۆڕشی ئەیلوول ئیرادە و بڕوابەخۆبوونی بۆ مرۆڤی كورد گەڕاندەوە و بوو بە بنەمایەكی بەهێزی سیاسی و ڕێكخراوەیی و جەماوەری بۆ بەردەوامیی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەدژی ستەم و داگیركاری. شۆڕشی ئەیلوول بە داستان و نەبەردییەكانییەوە و بە خۆڕاگریی سەركردایەتی و پێشمەرگە و جەماوەرەوە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستانی چەندین هەنگاو بەرەو پێشەوە برد و بووە ئیلهامبەخشی خەبات و تێكۆشان بۆ قۆناغەكانی تری خەباتی گەلی كوردستان. لە شەست و سێیەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. هەروەها پێزانینم بۆ فیداكاری و ماندوونەناسیی هەموو ئەو پێشمەرگە و خەباتگێڕ و قارەمانانە هەیە كە شوێن پەنجەیان لەو شانازییە نیشتیمانییەدا دیارە. ئەو قارەمانانە مێژوویان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە و ژیان و خەباتی هەركامەیان وانەی خەبات و خۆڕاگرییە. مسعود بارزانی 11ی ئەیلوولی 2024
ئەمڕۆ شەست و سێ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تێدەپەڕێت، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری و هەمەلایەنی کوردستان بوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان بارزانیی نەمر. یادکردنەوەی شۆڕشی ئەیلوول، یادکردنەوەی قۆناغێکی گەشی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لەپێناو مافە ڕەواکانی و کۆڵنەدانە لە داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان. بەها بەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە چەسپاندنی دادپەروەری و یەکڕیزی و یەکگرتوویی و وەستانەوە بەرانبەر ستەم و بێدادی، هەمیشە ئیلهامبەخشی کارکردنمانە، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان. لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی هەموو پێشمەرگە و تێکۆشەرە بەشدارەکانی شۆڕش لە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی کوردستان. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لەهەولێر ڕێورەسمى پێشکەشکردنى قورئانی پیرۆزى ئامادەکراو بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان، دابەشکرا. ئەمڕۆ سێشەممە 2024.9.10، بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و زەکییە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و د.عەبدوڵڵا مەلاوەیس، سەرۆکی یەکێتی زانایان ئاینى و بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە مامۆستایان و پیاوانی ئاینی، لە مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، ڕێورەسمێک بۆ پێشکەشکردنى قورئانی پیرۆزى ئامادەکراو بە زمانی ئاماژە بۆ نابیستان کە لەسەر ئاستى جیهان یەکەمین جارە لە هەولێرى پایتەخت ئەوکارەکراوە و لەلایەن عزەدین حامد مستەفاوە ئامادەکراوە سازکرا. لە ڕێورەسمەکەدا، دواى چەند وتارێک، لەلایەن ئامادەبووانەوە دەست بە پێشکشەکردنى قورئانی پیرۆز بۆ نابیستان کرا، کە فەتوای لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانی بۆ دەرچووە بۆ ئەوەی ڕێگا بە چینی نابیستان بدرێت قورئانەکە بخوێننەوە و خەتمی بکەن، هەروەها هەر سی بەشەکەی قورئانیش لە سێ بەرگدا کۆکراوەتەوە و هەزار دانەشی لێ چاپکراوە. جێگەى باسە، زمانی ئاماژە زمانێکی سرووشتی تەواوکەرە و نابیستان بە ئاسانی لە یەکتر حاڵی دەبن، بوونی قورئانێکی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی ئاماژە، بووەتە خۆشحاڵی نابیستان و بە ھەنگاوێکی گرنگ لە ژیانیدا پێناسەی دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 9/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کاتی بونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کەنەدای کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کردووە و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.باڵیۆزی کەنەدا خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بواری بازرگانیدا. لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە شاندێکی کۆمپانیاکانی کەنەدا تایبەتمەند لە کەرتی کشتوکاڵی، بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن. لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها دۆخی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا و ئاماژە بە گفتوگۆکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی هەردوو ئەنجومەنی ئابووريی فیدراڵ و هەرێم لە هەولێر کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر گرنگی و پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو گفتوگۆ ڕاشکاو و بنیاتنەرانە لە نێوان بەغدا و هەولێر، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و قەوارەی فیدراڵيی هەرێمی کوردستان.
کەشناسی دەڵێت: "ئەمڕۆ گەمترین ڕۆژی مانگی ئەیلوولە". پێشبینییەکانی کەشانسی ئەمڕۆ پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و کەشناسێکیش دەڵێت: ئەمڕۆ یەکێک دەبێت لە گەرمترین ڕۆژەکانی مانگی ئەیلوول، بەشی پێشبینییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئەیلوولی 2024، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵە هەورودا دەبێت و پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە
ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە ماوەی دوو ڕۆژدا، کۆبوونەوەی ئاسایی بیست و هەشتەمینی خۆی لەگەڵ ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر سازکرد. لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆبوونەوەکاندا ، کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنیدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان بڕیاری هەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی تریش ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدرال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان كرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر هەیە. ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری بڕیاریدا بە پێشکەشکردنی ڕاسپاردەیەک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاستەکردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردن و ناردنی مووچە ڕاگیراوەکانی هەرێم، ئەوانەی بە هۆی تەواونەکردنی بایۆمەتری دوورخرابوونەوە. هەروەها گفتوگۆ لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە رۆزنامەی کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەنارد ە و هاوردەکردن ، مۆڵەتی کارگەکان ، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ ، دۆسێیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی کرا. ڕاسپاردەیەکی دیکەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری ، بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکانە بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. هەروەها ئەنجومەنی وەزاریی پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و لە ئاستێکی باڵادا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسێیەکان نەوت و وزە و دەروازە سنوورییەکان و گومرگ. لە کۆتاییدا بانگهێشتی ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان کرا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری، لە شاری بەغدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 9/9 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا ڕۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد. تەوەرێکی سەرەکيی کۆبوونەوە گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە پێویستە لە کەشێکی ئارام و دادپەروەرانە و بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و لە ژێر چاودێريی نێودەوڵەتی و دوور لە پێشێلکاری ئەنجام بدرێت.لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە هەولێر کرد، کە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و ئەرێنی بەڕێوەچوون و ئەنجامەکانی لە بەرژەوەنديی هاووڵاتییەکانماندا دەبێت.