Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13728 بابەت
هەواڵ
25-09-2024

مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدات

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2024 لە قوتابخانەی نەجیبە خانی جەلیزادە لە شاری کۆیە لێدا. سەرۆکی حکومەت، لە گوتارێکدا سوپاسی مامۆستایانی کرد كە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خزمەتكردنی گەل و وڵاتەكەمان بوون، بەوەی كە نەوەیەكی نوێ پەروەردە دەكەن. لەگەڵ لێدانی زەنگی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە كۆیە، مەسرور بارزانی مژدەی دەستپێكردنی پرۆژەی جووتسایدی كۆیە- هەولێری بە هاووڵاتییان دا. ئەمەش دەقی گوتارەکەیە: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبانقوتابیيانی خۆشەویست، مامۆستایانی بەڕێز، بەیانیتان باش دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو قوتابیيانی خۆشەویست پیرۆز دەكەم و سوپاسی مامۆستایانی بەڕێز دەكەم كە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خزمەتكردنی گەل و وڵاتەكەمان بوون، بەوەی كە نەوەیەكی نوێ پەروەردە دەكەن. هیوادارم ئەمساڵ ساڵی ئارامی و سەركەوتن و خۆشی بێت بۆ هەموو قوتابيیان و لە ئێستاوە ئارەزووی سەركەوتن بۆ هەموو قوتابیيانی خۆشەویست لەم قوتابخانەیە و لە سەرتاسەری كوردستان دەكەم. زۆر خۆشحاڵم كە ئێستا سەردانی ئەم قوتابخانەیە دەكەم كە بە ناوی قوتابخانەی (نەجیبە خانی جەلیزادە) كراوە كە كچی مامۆستای گەورە مەلای گەورەی كۆیەیە، كە پێش 100 ساڵ وەكوو یەكەم كچ بۆ قوتابخانەیەكی تێكەڵاو نێردرا، كە لەو سەردەمە بابەتی جیاوازیی ڕەگەزی نەك تەنیا لە كوردستان، لەسەر ئاستی دنیاش شتێكی زۆر دیار بوو، بەڵام بە ناردنی نەجیبە خان بۆ قوتابخانەی تێكەڵاو، سەردەمێكی نوێ دەستی پێكرد. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كۆیە هەر لە دێر زەمانەوە مەڵبەندی زانست و مەعریفە و هونەر و شیعر و تێگەیشتن و شوێنی پێشكەوتن بووە و خەڵكی زۆر زانا و گەورەی لێ هەڵكەوتووە.زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵتانین و لێرە زەنگی دەست پێكردنی قوتابخانە لێ دەدەین. بەم بۆنەیەوە پێم خۆشە بیری هەموو لایەك بێنمەوە كە ئەمڕۆ ڕۆژی پیرۆزی ڕیفراندۆمیشە، هەر بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی ئەم ڕۆژە پیرۆز و مێژووییە لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم. ئێمە چەندین موژدەشمان پێیە بۆ خەڵكی كۆیە و دەوروبەری، یەكێك لەو موژدانە ئەوەیە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە دروستكردنی جووتسایدی هەولێر – كۆیە دەكەین، كە ئەمە خواستێكی دێرینی خەڵكی كۆیە بووە، دەزانم لە 2012ەوە هەوڵدراوە و بەردی بناغە بۆ ئەم ڕێگەیە دانراوە، بەڵام بە هۆكاری جیاواز تا ئێستا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەكراوە، هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە ئەنجامدان و تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە بكەین. هەروەها موژدەیەكی تریشم پێیە كە ئەویش بڕیارمان داوە بۆ بە قەزاكردنی ناحیەی تەقتەق وەكوو یەكێك لە كۆنترین ناحیەكانی كوردستان، كە ئەمەش یارمەتیدەرێكی زۆر دەبێت بۆ خەڵكی ناوچەكە و بارگرانیی ئیداری لەسەر شاری كۆیە كەم دەبێت و تایبەتمەندییەكی زیاتر بە تەقتەق دەدرێت. هیوادارم ئەوەش دیسان بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان، بە تایبەتی خەڵكی كۆیە و تەقتەق. شاراوە نییە كە ئەمڕۆ ڕۆژی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەمەش ڕۆژێكی مێژووییە هەرێمی كوردستان و هەموو خەڵكی كوردستان، هەر لێرەوە من داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم كە بانگەشەیەكی ئارام و شارستانییانە دەست پێبكەن و هەموو لایەك ڕەچاوی ئەوە بكەن كە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەكەمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی تر بێت و هەروەها سەركەوتنی هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی نوێنەران بۆ ئەوە بن كە زیاتر خزمەتی گەل و وڵاتەكەمان بكەن و هەموو ماف و حقووقی خەڵكی ئێمە دەستەبەر بكەن. من جارێكی تر سوپاسی ئێوەی خۆشەویست دەكەم و هیوادارم هەمووتان سەركەوتوو بن. من دەبێ ئەو قسەیەش بكەم لە هاتنە ژوورەوەم قوتابییەكی زۆر خۆشەویست پێشوازیی لێكردم و زۆر سەرسام بووم بە توانای لە قسەكردن و بیركردنەوە، دەستخۆشی لە مامۆستایان دەكەم كە توانیویانە و قوتابیی وا پەروەردە بكەن. جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم و ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو دەبن.

هەواڵ
24-09-2024

په‌یامی نێچیرڤان بارزانی ده‌رباره‌ی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2024/9/24 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بەبۆنەی ده‌ستپێکردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستانەوە، په‌یامێکی ته‌له‌ڤزیۆنی بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی: هاووڵاتييانى خۆشه‌ويستى كوردستان، لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، ليست و كانديدانى به‌ڕێز، ئه‌م كاته‌تان باش.. سبه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ست پێ ده‌كات. داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌م پابه‌ندى ياسا و ڕێنمايييه‌كانى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و شارستانى‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و بەرنامەی هەڵبژاردن كه‌ جێی متمانه‌ و چاوەڕوانيی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، پێشکەش بکەن.بانگه‌شه‌يه‌ك بێت، نەبێتە مایەی گرژيى ‌نێوان لايه‌نه‌كان و دابه‌شكردنى كۆمه‌ڵگه‌. وێنه‌يه‌كى جوانى هه‌رێمى كوردستان نيشان بدات و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگيى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان و پێكهاته‌كانى بێت. ئامانجەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەن و زەمینەیەکی فراوانی ململانێی شارستانی لەنێوان لایەنەكان و ليست و كانديده‌كاندا هەیە. هه‌مووان ئازادن له‌وه‌ى پڕۆپاگه‌نده‌ بۆ سياسه‌ت و به‌رنامه‌كانيان بكه‌ن، ڕه‌خنه‌ بگرن، به‌ڵام ده‌بێت هيچ كه‌س و لايه‌نێك ڕێگه‌ به‌ خۆى نه‌دات ڕق و كينه بڵاو بكاته‌وه‌‌.لێره‌دا به‌تايبه‌تى جه‌خت له‌ پێويستيى پاراستنى ڕێز و پێگه‌ى ئافره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌. پاراستنی ژنان بەگشتی و کاندیدبوونيان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و كانديدان، دوژمنى يه‌كتر نين، به‌ڵكو ڕكابه‌رى سياسيى يه‌كترن. هه‌موويان لە کوردستانیبووندا هاوبەش و هەموومان چارەنووسمان پێکەوەیە. بۆيه‌ ئه‌ركى هەمووانه‌ پێکەوە هەوڵ بدەين پرۆسەیەکی دیموکراتی بە شێوەیەکی ئاشتيیانە بەڕێوە ببەين.دوای هەڵبژاردن براوەکان دەبێت جارێکی تر پێکەوە دابنیشنەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ئەوانەی دەبنە ئۆپۆزیسیۆنیش، هەر دەبێت لە بواری یاسادانان و چاودێریکردندا، هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکان، ڕوويه‌كى گه‌ش و بنەمایەکی بەهێزی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە. هەموومان پێکەوە، خاوەنی هەموو دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی کوردستانين. پاراستنى ئه‌و پێكه‌وه‌ژيانه‌، ئه‌ركى هه‌موومانه‌.بۆيه‌ پێويسته‌ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ڕێز له‌ پيرۆزى و هێما و سيمبۆلى كوردستان و هه‌موو پێكهاته‌كانى بگيرێت. ئێمه‌ پشتیوانى لە ئیرادەی ئازادی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین. دامودەزگا و لایەنە ئەمنییەكانيش، ده‌بێت پارێزگاری لە بەڕێوەچوونی ئاشتییانە و بێ كێشەی بانگەشه‌ى هه‌ڵبژاردن بكەن. كوردستانييانى ئازيز، ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، ماوه‌يه‌كى زۆر له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن خه‌ريكى گفتوگۆ بووين. هه‌رگيز له‌گه‌ڵ دواخستيندا نه‌بووين، به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌ ناچارى چه‌ند جارێك دوامانخست.سوپاس و پێزانين بۆ حکوومەتی فیدراڵ، بۆ سەرۆک وەزیران سوودانی، هه‌روه‌ها بۆ فايق زێدان سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق کە هاوکارێکی تەواو بوون، بۆ نەهێشتنی هەموو کێشەکانی بەردەم ڕێکخستن و ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردن. سوپاس و پێزانين بۆ هاوكاريى کۆميسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دۆستانمان له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆ هاوكارى و په‌رۆشييان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن.هاووڵاتیيانی ئازیز،سه‌نگ و پتەوبوونی پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێبوونەوەی ڕه‌وايه‌تيى دامه‌زراوه‌كانمان، به‌ ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و ئازاده‌وه‌ به‌نده‌. بۆيه‌ له‌ هه‌موو شوێنێك چاوى دۆستانمان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌يه‌ و ئه‌ركى هه‌موومانه‌ پێكه‌وه‌ كار بۆ سه‌ركه‌وتنى بكه‌ين.هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و يارمه‌تيده‌رێكى گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنى سيستمى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى و چاكسازى، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى و مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان.به‌ هيواى بانگه‌شه‌يه‌كى ئارام و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن.كاتێكى خۆش بۆ هه‌موو لايه‌كتان ده‌خوازم.

هەواڵ
24-09-2024

مەسرور بارزانی بەستنەوەی شەقامی 120 مەتری بە ڕێگەی هەولێر- دهۆک دەکاتە...

ئەمڕو سێشەممە 9/24، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی بەستنەوەی شەقامی 120 مەتری لە نزیک گوندی گەزنە، بە ڕێگەی سەرەکيی هەولێر- دهۆک کردەوە، کە درێژییەکەی سێ کیلۆمەترە. سەرۆکی حکومەت دوای کردنەوەی پڕۆژەکە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی کوردستاندایە و جادەی 120ی بە ڕێگەی سەرەکيی هەولێر - دهۆک دەبەستێتەوە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاونیشتمانیان دەکات. سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار (هێمن گرووپ) کرد، کە بە شێوەیەکی زۆر ستاندارد و لە ماوەیەکی پێوانەییدا ئەم پڕۆژانە ئەنجام دەدەن، گوتیشی: هیوادارم بتوانین ڕۆژ بە ڕۆژ کوردستان بەرەو پێشتر ببەین و پڕۆژەی باشتر بخەینە خزمەتی هاووڵاتییان.

هەواڵ
24-09-2024

نرخی دۆلار بەرزبووەوە

ئەمرۆ سێشەممە، 24/9/2024 نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 150,400 دینار مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە نرخی 100 دۆلار بەرامبەر 149,750 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.

هەواڵ
24-09-2024

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازیی عێراق لە ه...

ئەمرۆ سێشەممە،24ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازیی عێراق لە هەولێر دەکاتەوە. لە پێشانگاکەدا دەیان کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکی لەبواری بیناسازیی بەشدارن و نوێترین بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن. ئامانج لە کردنەوەی پێشانگاکە، پێشخستنی بواری  بیناسازی و باشترکردنی کوالێتی کەرەستەکانی تەلارسازییە.

گشتی
23-09-2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەكات

ڕۆژی دووشەممە 23ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جانێت ئەلبێردا باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا كە بەڕێز رولیوڤ ڤان ئیس كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها ئاماژەی بە بەرەو پێشەوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكان دا. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا كونسوڵی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری داهاتوو و هیواشی خواست ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ببێتە هۆی بەهێزبوونی دامەزراوەكان و سەقامگیریی زیاتر لە هەرێمی كوردستان. هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و دەرئەنجامەكانی دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

هەواڵ
23-09-2024

ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر کران کە هێرشیان کردبووە سەر هوونەرمەندێک

ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا، دەستگیر کردنی ئەو تۆمەتبارانەی ڕاگەیاند کە هێرشیان کردبووە سەر هونەرمەندێکی عەرەب. ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایشی هەولێر: دوای ئەوەی لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان گرتەڤیدیۆیەك بلاو کرایەوە کە هێرش دەکرێتە سەر هۆنەرمەندێک بەناوی ( بسمان الخطیب) ،دەست بەجێ لە لایەن هێزەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی بە دواداچون کراو لە ماوەیەکی کەمدا بەفەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتبارمان بەناوەکانی (ع ، پ ،ی ) و(ع ، ع ، ح) دەستگیر کرد،کە یەکێک لەتۆمەتبارەکان لە گرتەڤیدیۆی دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر ئەو هونەرمەندەو تۆمەتباری دووەم وێنەی دەگرێت،لە لێکۆڵێنەوە لەگەڵ تۆمەتباران دەرکەوت کێشەکە کۆمەڵایەتیە،دووپاتی دەکەینەوە هەرکەسێک کاری نایاسای ئەنجام بدات لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر دەکرێت لەهەر ئاست و پۆستێکدابێت و هیچ کەسێک لەسەروی یاساوە نیە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر٢٠٢٤/٩/٢٣

هەواڵ
23-09-2024

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە دەچێتە ئەمریکا

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە ئەمریکا سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند:'' شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی لیوا ڕوکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری پێشمەرگە، لە ئەمریکایە وئامانجی سەردانەکەیان پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە. گوتیشی: "شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری لە ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان، لە واشنتن دەکات".

هەواڵ
23-09-2024

دوو تونێلی تری هاتووچۆ لە هەولێر تەواو دەكرێن

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گرنگیدان بە رێگەوبان بەردەوامە، ئێستە دوو تونێلی تر لە تەواوبوون نزیك بوونەتەوە و بەمنزیكانە بە رووی شوفێران دەكرێنەوە. ئەمڕۆ دووشەم 23ـی ئەیلوول، رەزوان تەحسین ئەندازیاری رێگەوبان لە یەكێك لە كۆمپانیاكان، رایگەیاند، خۆشبەختانە دوو تونێلی تر لە سنووری هەولێر نزیك بوونەتەوە لە تەواوبوون. زیاتر گوتی، ئێستە تونێلی میراوە بە ‌ڕووی هاووڵاتییاندا كراوەتەوە‌ و تەنیا كاری رووناكی ماوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەوانیش تەواو دەكرێن. باسی لەوەش كرد، ئەو تونێلە قیرتاوكردنیشی تەواو بوو، تەنیا ئەندازەی هاتوچۆ كاری تێدا ماوە لەگەڵ رووناكی. هاوكات ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، تونێلی ماوەران، ئێستە كارەكانی لە كۆمپانیایەكی بیانی وەرگیراوەتەوە‌ و دراوەتە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بە مەبەستی تەواوكردنی. پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆمپانیا ناوخۆییەكە بۆ پڕۆژەی تۆنێلی ماوەران دەستبەكار دەبێت. دووپاتی كردەوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا تونێلەكە تەواو دەكرێت، بەمەش ڕێیەكە لە تونێلی ماوەران تا دەگاتە دووسایدی هەریر تەواو دەكرێت، ئیتر بە تەواوەتی ئاستەنگەكانی هاتوچۆ لەم رێیە‌ كۆتایان دێت.

هەواڵ
22-09-2024

13 بڕیار بۆ هەولێر دەردەچێت

بە مەبەستی ئامادەكارییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، پارێزگای هەولێر 13 بڕیاری دا و لە بەشێكی بڕیارەكاندا هاتووە كە نابێت وێنە، پۆستەر، دروشمی كاندیدان بە مادەی وەك لەزگە و غەرە هەڵبواسرێت و ناشبێت فەرمانگە حكوومییەكان، نەخۆشخانە و قوتابخانەكان بانگەشەی هیچ كاندیدێكی لێ هەڵبواسرێت. ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوولی 2024، لە راگەیەنراوێكی لیژنەی تەناهیی "ئەمنی" پارێزگای هەولێر هاتووە، له‌ پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان به‌ شێوازێكى شارستانى و سه‌رده‌میانه‌ له‌ سنوورى پارێزگای هەولێر و به‌رگریكردن له‌ ناو و ناوبانگى هه‌ولێرى پایته‌خت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ پێشه‌نگ بووه‌، هەروەها بە ئامانجى فه‌راهه‌مكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادى بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌بێ جیاوازى و پارێزگاریكردن له‌ كاندیدان و پاراستنى ئارامى و پاك ڕاگرتنى شار و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى، ئێوارەى ئەمڕۆ لیژنەى تەناهیی پارێزگاى هەولێر بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر کۆبۆوە و کۆبوونەوە چەندان بڕیاری تیادا درا. بەپێی راگەیەنراوەكە بڕیارەكان بەم شێوەی خوارەوەن: یه‌كه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێل له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كان بكرێت، كه‌ ببێته‌ هۆى دروستكردنى ئاسته‌نگ له‌ ڕێگاى هاتووچۆى خەڵک، هه‌روه‌ها نابێت ئامێرى بێزاركه‌ر به‌كاربهێنرێت كه‌ ببێته‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى هاووڵاتییان. دووه‌م/ نابێت وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان له‌و شوێنانه‌ى كه‌ ڕێگه‌ دراوه‌، به‌ ماده‌ی لێكده‌ر وه‌ك "له‌زگه‌ یان غه‌ره" لێبدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵبواسرێت، یان له‌سه‌ر ستاند له‌ شوێنیك دابنرێت كه‌ ڕێگا نه‌گرێت، هەروەها بەکارهێنانى قوم، لم ، چیمەنتۆ بۆ ڕاگرتنى دروشم و پۆستەر و وێنەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە. سێیه‌م/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چوار رییان و ترافیك لایته‌كان وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان لێبدرێت. چواره‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و پۆسته‌رى كاندیدان له‌ فه‌رمانگه‌ حكوومیه‌كان، نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌كان، هتد .. بدرێت. پێنجه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كانى تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیوار و شوێنه‌ گشتییه‌كان وه‌ك (مزگه‌وت، كلێساكان، شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئاینیه‌كان و شوێنە کەلتوورى و مێژووییەکان) هه‌ڵبواسرێت. شه‌شه‌م/ نابێت پارك و باخچه‌ گشتییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بەکاربهێنرێت. حه‌وته‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و تابلۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ (قه‌دى داره‌كان، دوورگه‌ى ناوه‌ندیی شەقامەکان) دابنرێت و وێنه‌ و دروشمى کاندیدان له‌ دارى باخچه‌ و پاركه‌كان بدرێت. هه‌شته‌م/ له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن نابێت ئۆتۆمبێلى (میرى) حكوومى به‌كاربهێنرێت. نۆیه‌م/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ پێدار و نییه‌ ڕسته‌ى ئاڵاى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ستوونى ڕووناككه‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و هێماکانى هاتووچۆ لە ناوشار و دەرەوەى شار و بەردەم کامێراکانى چاودێرى هه‌ڵبواسرێت. ده‌یه‌م/ له‌هه‌ر‌ حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى پاش دیكۆمێنتكردن، به‌ هاوئاهەنگیی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت. یازده‌یه‌م/ له‌ ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ژوورى عه‌مه‌لیات له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ به‌شدارى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت، له‌ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه‌، هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك له‌ بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت ئاگادارى ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نى پێوەندار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. دوازده‌یه‌م/ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژرادن، له‌ پێناو پاراستنى ئاسایشى شاره‌كه‌مان و گربوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندى لیژنه‌ى تەناهیی پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ربگیرێت. سێزدەیەم/ هەر بەربژێرێک پابەند نەبێت بە رێنوێنییەكان، پۆستەر و بانگهێشتەکەى لەلایەن تیمەکانى شارەوانى لادەدرێت و کاردانەوەى یاسایی لەگەڵ دەکرێت.

هەواڵ
22-09-2024

بارانبارین دەستپێدەکات

بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی هەرێم، نمە باران دەست پێدەکات و کەشوهەواش فێنکتر دەبێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22ی9ی2024، ئاسمانی پارێزگاكان په‌ڵه‌ هه‌ورده‌بێت له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ نیمچه‌ هه‌ورده‌بێت به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌شاخاوییه‌كان، ئه‌گه‌ری نمه‌ بارانی كه‌میش هه‌یه‌ له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كان. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، سبه‌ی دووشه‌ممه‌ 23ی9ی2024، ئاسمانی پارێزگاكان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت  لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەرى زیاد بوونى خێراى با، پلەکانی گەرماش بە گشتى کەمێک بەرز دەبێتەوە  بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:هەولێر: 36  پلەى سیلیزىسلێمانی:  34   پلەى سیلیزىدهۆک:  32 پلەى سیلیزىکەرکوک: 38 پلەى سیلیزىهەڵەبجە:  37 پلەى سیلیزىزاخۆ:  31 پلەى سیلیزىحاجی ئۆمەران: 24 پلەى سیلیزىسۆران:  32 پلەى سیلیزىگەرمیان:    38 پلەى سیلیزى

هەواڵ
22-09-2024

نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچە گەیشت

بەگوێرەی زانیاریەکان، مووچەی مانگی نۆی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-09-2024، نزیکەی 572 ملیار دیناری تەواوکەری مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت و هەشت)ـی مووچەخۆران، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. لەمبارەیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "بڕیارە لە نزیکترین کاتدا تەواوی ئەو بڕە پارەی ماوە بۆ مووچەی هەردوو مانگی حەوت و هەشت، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەوانە بکرێت". بە گوتەی ڤیان سەبری، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەرانی عێراق، وەزارەتی دارایی فیدراڵی، مووچەی هەمان مانگ (9)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئامانجی هاتنی شاندەکە، تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پرسی مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆیە.

1 2 ... 172 173 174 ... 1143 1144