بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان کۆمسیۆن پێویستی بە قوتابخانەکان دەبێت و بەمەش لە 10ی مانگ بۆ 20 ی مانگ کرا بە پشووی فەرمی.
ئەمریکا و عێراق راگەیێندراوێکی هاوبەشدا: لە 12 مانگدا ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت. رۆژی هەینی، 27ـی ئەیلوولی 2024، لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا راگەیێندراوێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەگۆڕدریت بۆ "هاوبەشی ئەمنیی دوولایەنە" و پاڵپشتی لە بەهێزکردنی هێزە عێراقییەکان دەکات و بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی داعش. لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە، عێراق و ئەمریکا تاوەکو 2 ساڵی داهاتوو لە هاوئاهەنگییەکانیان بۆ رێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تاوەکو ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبن. هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تاوەکو هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە و رێکاری کشانەوەیان دیاری دەکرێت، دەبێت دڵنیایی لە سەلامەتی راوێژکارە سەربازییەکان بدرێت و ئاماژە بەوەش کراوە، رێکاری پراکتیکی بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتەبەر. لە راگەیێندراوەکەدا عێراق سوپاسی ئەمریکای کردووە لەبەرامبەر هاوکاریکردنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش؛ هەروەها ئەمریکاش سوپاسی هێزە عێراقییەکانی کردووە لەبەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی داعش. لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا رایگەیاندووە، "بێگومان ئامادەییەکی بەرچاومان لەوێ هەیە و هاوبەشییەکی بەهێزمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە." ئەو بەرپرسە هەرێمی کوردستانیشی بە "پێگەیەکی زۆر بەرهەمدار" بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش ناوبردووە کە لێیەوە ئۆپەراسیۆنیان کردووە. نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها 900 سەربازیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.
هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان لەم چەند ڕۆژەدا باس لەوە کراوە کە لە گردی زەرگەتە مەراسیمێک ساز بکرێت بۆ بەرێز کاک عومەری سەید عەلی، کە یەکێکە لە تێکۆشەر و هاوڕێ دێرینەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بەشی زۆری ژیان و جەستەی خۆی کردۆتە قوربانی بۆ سەرکەوتنی خەباتی میلەتەکەمان و جێگەی هەمو ڕێز و پێزانینێکە. بەڵام لە هەمان کاتدا لە ناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی و هەڵسوڕاوان باس لە دیاریکردنی جێگرەوەی پۆستی ڕێكخەری گشتی بکرێت لە ناو ئەم مەراسیمەدا. واتە لە بری کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی لەم مەراسیمەدا بڕیار لە چارەنوسی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن! کە ئەمەش نیگەرانی قوڵی لای بەشی زۆری ئەندامانی هەردو جڤات و هەڵسوڕاوەکان دروستکردوە و بە پێشلکردنێکی ڕونی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانە. بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەمو لایەکە، و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەمو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەمو لایەک بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگای رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە. ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا،وەکو دو هەڵسوڕاوی گۆڕان،پشتیوانی تەواو لە دەستوری ناوخۆی و جڤاتەکان ئەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتیمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزوتنەوەی گۆڕانداو بۆ بەرگرتن لە دروستبونی هەر گرژیەک لەنزیک ئارامگای باوکمانەوە،پێمانباشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت هەتا باردودۆخەکە هێور ئەبێتەوە. ئێمە لەم دۆخە دژوارەدا شان ئەدەینە بەر بەرپرسیارێتی و ئەمەمان پێ باشترە نەوەکو بەیانی ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوبدات لە دەرەنجامی ناکۆکی ئەم برادەرانە. داوا لە هەمووان ئەكەین ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت لە دەرەوەی گردەکە با بە گفتوگۆ و ئارامی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕاندا چارەسەری بکەن و ئەو کات بە لێکتێگەیشتن و یەکگرتوی و لە کەشێکی ئارامدا جارێکیتر دەست پێبکەن بە کاری پێکەوەیی. لەگەڵ ڕێز و حورمەتی زۆرمان نما نەوشیروانچیا نەوشیروان
ئەمریکا بە بڕی 8.7 ملیار دۆلار وەکو هاوکاری سەربازی بە ئیسرائیل دەدات. رۆژی پێجشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە پاکێجی هاوکارییەکەدا بڕی 3.5 ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی جەنگ و بڕی 5.2 ملیار دۆلار بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی تەرخانکراوە". وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، پاکێجە هاوکارییە داراییەکەی ئەمریکا لە بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان، کە بە "گومبەزی ئاسنین" ناسراوە بەکاردەهێنێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین، رۆژی پێنجشەممە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێش کرد و رەخنەی لە ئەمریکا گرت کە "چەکی کوشندە"ـی بە ئیسرائیل داوە. ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە لەگەڵ حەماس لە غەززە لە جەنگدایە و لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووشەوە، ناوە ناوە لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان مووشەکیان ئاراستەی یەکدی کردووە، لە دوو هەفتەی رابردووشەوە بە چڕی پێگەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان بۆردوومان دەکات.
جێگری سهرۆكی پارتی لهگهڵ ژمارهیهك كهسایهتی شاری ههولێر كۆبوویهوه و پهیامی گرینگی و بهشداریكردن بۆ دیاریكردنی چارهنووسی چوار ساڵی داهاتوو پێڕاگهیاندن. مهسرور بارزانی، جێگری سهرۆكی پارتی ئاشكرای كرد، پرۆسهی ههڵبژاردن بۆ مانهوهی سهنگ و پێگهی قهوارهی ههرێمی كوردستانه، ئهمه ڕاست نییه كه دهڵێن، ههڵبژاردن تهنیا بۆ پێكهێنانی حكومهته. له بهشێكی تری قسهكانیدا، جێگری سهرۆكی پارتی جهختی لهوه كردهوه، پێویسته گوتارێكی ڕاشكاوانه و ڕاستگۆییانهمان ههبێت، چونكه ئهنجامی ههڵبژاردنهكان كاریگهری ڕاستهوخۆی لهسهر تاك به تاكی هاووڵاتییان و چین و توێژه جیاوازهكانی ههرێمی كوردستان دهبێت، پێویسته بڕۆینه سهر سندووقی دهنگدان، چونكه ئهگهر دهنگ نهدهین كهسانێكی تر له بڕی ئێمه دهنگ دهدهن. سهبارهت به گهشه كردن و پێشكهوتوویی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی ڕای وابوو، دهستی ناوخۆ ڕێگره له بهرهو پێشبردنی ههرێمی كوردستان و لهسهرمان پێویسته چاومان لهوه بێت کوردستان ببێتە خۆشترین و پێشکەوتووترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان. مەسرور بارزانی لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەشێک لەلایەنگرانی پارتی لە هەولێر ڕایگەیاند ”بەرنامەو پلانمان هەبووە کارەبای ۲٤ کاتژمێری دابین بکەین بۆ تەواوی کوردستان. بۆ ئەوەش پێویستمان بەغاز بووە لە کێڵگەکانەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا. بەڵام ڕێگریمان لێکراوە”. مەسرور بارزانی، ووتی ”بیرتانە دەیوت مەگەر بۆڕی غاز بەسەر جەستەمدا بڕوات”. لە درێژەی وتارەکەی مەسرور بارزانیدا، سەبارەت بە کارەبای 24 کاتژمێری مژدە بە خەلکی کوردستان دەدات و گوتی: لەماوەی چەند مانگی داهاتوو کارەبای سەرجەم گەڕەکەکانی شاری هەولێر دەکەینە 24 کاتژمێری و کارەبای هەموو کوردستانیش بە ماوەی دوو ساڵ دەکەینە کارەبای 24 کاتژمێری. مەسرور بارزانی، گوتیشی: ”ئەگەر دەتانەوێ پیکابەکانتان نەدزن و سەروماڵتان پارێزراو بێت دەبێ بڕۆن دەنگ بدەن تا خەڵکی تر لە شوێنی ئێوە بڕیار نەدات”. لەبەشێکی تری وتارەکەیدا ووتی خەڵک هەیە قەیسەری و بازاڕەکانتان دەسوتێنن و دواتر دێن شین دەکەن و دەڵێن یارمەتیتان دەدەین. مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی: زۆر خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان کوردستانیان فرۆشت، بەوشێوەیە هەولێریش دەفرۆشن. وا بڕیاره، له 20ی 10ی ئهمساڵ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان به بهشداری 2.899.578 دهنگدهر و 136 لیست و بهربژێری سهربهخۆ بۆ بهدهستهێنانی 100 كورسی پهرلهمان بهڕێوهبچێت.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی بەغدادی پایتەختیان کرد و لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری و بوودجەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەبارەی چەند تەوەرێکی تایبەت بەکێشەکانی لیستی مووچە و ڕاگرتنی تەمویلی مووچە، لەسەر چەند خاڵێک گەیشتنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن کە گرنگترینیان ئەمانەن:.١- شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلولیان بەبێ کەموکوڕی و بەو شێوازە پێشکەش کرد کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دواین جار داوای کردبوو.٢- بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە کە بڕەکەی ( ٢٤٣،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) دوو سەد و چل و سێ ملیار دینارە، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری داوە بە خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لە مانگی شوبات تا مانگی ئاب ڕاگیرابوون ، هەروەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێتەوە .٣- چاوەڕوانین لە نزیکترین کاتدا دەست بەناردنی تەمویلی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا وردبینی لە لیستەکاندا دەستی پێکردووە.٤- کێشەکانی تایبەت بە دووبارە بوونەوەی کۆدی بایۆمەتری و ناوی دووبارە بەشی زۆری چارەسەر کرا کەهەمووی کێشەی هونەری بوون، وە هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ناوەکانیان لەیەک چووە یان کۆدیان دووبارە بووە ، وردبینی و بەدواداچوونیان بۆ کراوە و چارەسەرکراون، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان نییە، تا ( ٢٠٢٤/١٢/٣١ ) مۆڵەتیان پێدراوە بۆ خۆتۆمارکردن.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئاشكرای دەكات كە هێرشێكی دیكەیان كردۆتە سەر بنكەیەكی سەربازی لە ئیسڕائیل و ئامانجەكەشیان پێكاوە. مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەی درۆنەوە هێرشمان كردە سەر بنكەی سەربازی شەمشوون لە ئیسڕائیل. راشیگەیاند: هێرشەكە بە دروستی ئەنجامدراوە و ئامانجەكەشی پێكاوە. ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە رێگەی دوو درۆنەوە بەهەمانشێوە هێرشێكی دیكەی كردبوو و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی ئیسڕائیلی بریندار ببوون. لەبارەی هێرشەكان لە عێراقەوە، دانیال هاگاری گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل رایگەیاندبوو: بە وردی چاودێری ئەو هێرشانە دەكەین كە لەلایەن گرووپەكانەوە لە عێراق ئەنجام دەدرێن. ئاماژەی بەوەشدابوو كە ئێستا خەریكی كۆكردنەوەی زانیارییەكانن. جەختیشی كردبووەوە كە بەدڵنیاییەوە وەڵامیان بۆ ئەو هێرش و هەڕەشانە دەبێت كە لە عێراقەوە دەكرێن.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، 110 هەزار دەنگدەری نوێ مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 80 هەزاریان کارتی بایۆمتری دەنگدانیان هەیە، بۆیەکەم جار دەنگ دەدەن. نزیکەی 300 هەزار دەنگدەری نوێ لە هەر چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، کە 30% یان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک. خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: "88 هەزار کەس لە دایکبووی ساڵەکانی 2004، 2005 و 2006 ـن، بۆ یەکەمین جار لە سنووری پارێزگای دهۆک بەشداری هەڵبژاردن دەکەن". لایەنە بەشداربووەکان لە بازنەی دهۆک کێبڕکێ لەسەر 25 کورسی دەکەن، کە 723 هەزار و 747 دەنگدەر دەتوانن دەنگ بدەن و بەسەر 297 وێستگەی دەنگدان دابەشکراون.
بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوە سەردانی سەناتی فەرەنسای کرد و گوتی: ئەو پەیوەندییە پتەو و مێژووییە هانمان دەدات کار بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیيەکان بکەین. سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، بە یاوەری د. عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا سەردانی سەناتی فەرەنسای کرد و لەلایەن کاترین دوماس، جێگری سەرۆکی کومسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هێزە چەکدارەکان و بەرگريی سهناتی فەرەنسا پێشوازی لێ کرا. سهفين دزەیی کورتەیەکی لەسەر بارودۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنی پێشکەش کرد. هاوکات سوپاسی فەرەنسای کرد کە لە سەرجەم قۆناغەکان، لە ساڵانى هەشتاکان و نۆهەدەکان و لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش پشتیوانیيان لە گەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە. ئەو پەیوەندییە پتەو و مێژووییە هانمان دەدات کار بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیيەکان و ئەو بوارانە بکەین کە جێگەی بایەخی هەردوولان. هەر لە کۆبوونەوەکە باس لە ڕەوشی هەرێمی کوردستان کرا، وەک ناوچەیەکی ئارام و پەناگەیەک بۆ لەخۆگرتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بە تایبەت لە کاتی شەڕی تیرۆریستانی داعش. ئێستاش ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم دەژین، کە بووهتە نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە نێوان تەواوی ئایین و نەتەوەکان. جێگرى سهرۆكى كۆمسيۆنى پهيوهندييهكانى دهرهوه خۆشحاڵيی خۆى بە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ سەناتی فەرەنسا نيشان دا و گوتی: هەرێمی کوردستان پێگەیەکی تایبەتی لای فەرەنسا ههيه، وەک چۆن لە ڕابردوو هاوکارتان بووین لە ئێستا و داهاتووش هاوکارتان دەبین.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی دەست پێ کردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە جێگرانی سەرۆکی پارتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و کاندیدانی لیستی 190ـی پارتی، گوتی: ، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالکراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانە، ڕەنجی خەڵکی کوردستان، گوتیشی: ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە. چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆک بارزانی بارزانی لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە گوتارێکدا پیرۆزبایی لە گەڵی کوردستان کرد کە لە 25ـی ئەیلوول بڕیاریاریدا نەهێلی ئیرادەی بشکێت و خۆی نەچەماند کە ڕۆژی ڕیفراندۆم بوو. سەرۆک بارزانی گوتی: لەم ڕۆژەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستی پێکرد و هیوای سەرکەوتن بۆ کاندیدەکان دەکەم، پشت بەخوای گەورە و بە هیمەتی دڵسۆزانی کوردستان و بەفەرموودەی بارزانی نەمر، هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە، بە هیمەتی پارتییەکان خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ڕۆژی ئۆکتۆبەر و سەرکەوتنی گەورە بەدەستدێنین، دەبێت بڕاواتان بەخۆتان هەبێت و بە ئومێدی بەرزەوە و متمانەی بەهێزەوە خۆتان ئامادە بکەن، دەبێت زیاتر بڕاواتان بە سەرکەوتن هەبێت و، نابێت بیر لە شکست بکرێتەوە، پێویستە هەر یەکێک لە ئێوە خۆی ئامادە بکات سەر بکەوێت و سەریش دەکەوین پشتیوان بەخوا. سەرۆک بارزانی گوتی: بۆ هەرێمی کوردستان کەس خێری پێ نەکردووین، ئەو هەرێمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالکراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانە، ڕەنجی خەڵکی کوردستانە، پارتی شەڕەفێکی گەورەی بەرکەوتووە خوێنێکی زۆری داوە بۆ دەستخستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە و پاراستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە. سەرۆک بارزانی گوتیشی: من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی هاووڵاتیانی کوردستان بکەم بۆ خۆڕاگریان و پشتیوانیان بەرامبەر بەو پیلانانەی دەرەکی و بەچاوساغی هەندێک لەناوخۆ کە ویستیان هەرێمی کوردستان تێک بدەن، تەحەموولیان کرد و سەبری ئەیوبیان هەبوو ،خۆیان ڕاگرت و هەرێمەکەیان پاراست، سوپاسیان دەکەم و پیرۆزباییان لێدەکەم. گوتی: پارتی بڕوای بە ئاشتی و دیموکراتی و پێکەوە ژیانە، بە کردەوە سەلماندوویەتی، نەوەک بە قسە، ئێمە مەبەست و ویستمانە خەڵکی بەختەوەر بێت، لە ژیانێکی خۆشدا بێت، ئێمە ئاواتمانە خۆشگوزارەنی خەڵکی کوردستان. سەرۆک بارزانی گوتی: داوا دەکەم لەو هەڵبژاردنە زۆر لەسەرخۆ بن، دوور لە توندوتیژی، لە بەکارهێنانی زمانی زبر، ڕاتان نەکێشن بۆ شەڕێکی لا بەلا، سەنگی خۆتان و پارتەکەتان بپارێزن، زۆرجار وەڵام نەدانەوەی خەڵکی بێ مەسئولییەت وەڵامدانەوەیە، وەڵام نەدانەوە خۆی وەڵام دانەوەیە، ئەگەر پێویست بە وەڵام دانەوە بکات دەبێت بەشێوەیەکی مەدروس بێت، ئەگەر لە حاڵەتێک کە وەڵامێک پێویست بوو، ئەوەتان لەبیر نەچێت، ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی دوو برگە کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە (25 ی 9 ی 2024)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران كۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە گفتوگۆ دەكەن. لە بڕگەی یەكەمدا، میوانداریی سەرۆكی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە دەكرێت، بۆ خستنەڕووی ڕاسپاردە و پێشنیارەكانیان، سەبارەت بە دۆسییەكانی: فەرمانبەرانی گرێبەست، سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم، هەڵگرانی بڕوانامە باڵاكان، و ئەوانەی كە یاسای پلەبەندیی خاوەنپیشەی تەندروستی و پزیشكی دەیانگرێتەوە. بڕگەی دووەم، خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق دەبێت، كە بڕیارە لە ڕێكەوتی 20 ی تشرینی دووەمی 2024 بەڕێوە بچێت.
لە حەوتەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دا سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە. ڕۆژی چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، لە حەوتەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دا سەرۆک مەسعود بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛ إذا غامَرْتَ في شَرَفٍ مَرُومِفَلا تَقنَعْ بما دونَ النّجومِ———إنَّ الحريةَ أثمنُ ما في الوجود، لذلك كان ثمنُها باهظاً.…………………………. ئەگەر لە پێناو سەروەری و شکۆدا سەرکێشیت کرد،بە کەمتر لەوەی ئامانجتە ڕازی مەبە———ئازادی لە بەهادارترینەکانی ژیانە، بۆیە نرخەکەی گەلێک گرانە.