شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق گەیشتنە بەغدا. ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێم، بۆ پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق گەیشتنە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر ئەم پرسی سەرژمێری گشتی کۆدەبنەوە کە بڕیار وایە لە مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، شاندەکە پێکهاتووە لە د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، د.ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم.
ئەمڕۆ دووشەممە 10/28، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلیسیا ڕیکۆ پێرێز دێل پولگار، باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد. سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن بۆ باڵیۆز، سوپاسیی هاریکاری و پشتیوانیی ئیسپانیای کرد، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆریستانی داعش.باڵیۆزی ئیسپانیا جەختی لە برەودان بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. هەروەها پیرۆزباییشی لە سەرۆکی حکومەت کرد، بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.
وەزیرى خوێندنى باڵا زانکۆکان ڕادەسپێرێت بە دەرکردنى فەرمانى زانکۆیى دەست بەکاربونى مامۆستایانى وانەبێژ بە شێوەى گرێبەست. لە گشتاندنێکد بە ئیمزاى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە ئاراستەى گشت زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە، تیایدا هاتوە دوا بەدواى فەرمانى وەزاریمان ژمارە (٢٣٦٧) لە ڕێکەوتى (٦/ ١٠/ ٢٠٢٤) سەبارەت بە دامەزراندنى مامۆستایانى وانەبێژى سەر بە وەزارەتمان بە شێوەى گرێبەست، بڕیاردرا بە: (ڕاسپاردنى زانکۆکان، بەدەرکردنى فەرمانى زانکۆیى دەست بەکاربون بۆ وانەبێژانى دامەزراو بەشێوەى گرێبەست لەسەر میلاکى زانکۆکانتان لە ڕێکەوتى (٢٨/ ١٠/ ٢٠٢٤).
ئەمڕۆ دووشەممە 10/28، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دانیێل هون، باڵیۆزی نوێی سویسرا لە عێراق کرد.سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە بەغدا و دەستبەکاربوونی باڵیۆزی کرد و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ باڵیۆز دەربڕی، لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوو لایەنە.باڵیۆزی سویسرا خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.باڵیۆزی سویسرا هەروەها پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی حکومەت کرد .
دوای ئەوەی سەركردایەتیی كۆمەڵ بڕیاریان دا بایكۆتی پەرلەمان بكەن، بەڵام بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتیی ئەو حزبە پێیان باشە بەشداریی پەرلەمان بكرێت و رێز لە دەنگدەرانیان بگرن. دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەكان، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاند، 100٪ دڵنیا بووینەوە لەوەی ساختەكاریی زۆر لە هەڵبژاردن كراوە، بۆیە ناچینە پەرلەمان. ئێوارەی رۆژی شەممە 26ی ئۆكتۆبەر، عەلی باپیر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە و چەند لایەنێكی تر، 100٪ دڵنیا بووینەوە لەوەی ساختەكاریی زۆر لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا كراوە، بۆیە ئێمە وەك كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بڕیارمان دا بەشداریی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نەكەین." ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەدڵی كۆمەڵی دادگەری نەبوو، كورسییەكانیان لە حەوتەوە بوو بە سێ، هەر ئەمەش وایكرد بەپەلە بایكۆتی پەرلەمان رابگەیەنن و بڕیاری نەچوونە پەرلەمان بدەن. دوای ئەوە بەشێك لە كادر و سەركردەكانی ئەو حزبە فشاریان دروست كردووە كە كۆمەڵ لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە و بەشداری پەرلەمان بكات، چوونکە بۆچوونی ئەو كادر و سەركردانە ئەوەیە كە بڕیارەكە پەلەی لێ كراوە و نەچوونیان بۆ پەرلەمان رێز نەگرتنە لە دەنگی ئەندامانیان. سەرچاوەیەك لە یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند، سەڵاحەدین بەهادین قسەی لەگەڵ عەلی باپیر و چەندان سەركردەی كۆمەڵی دادگەری كردووە و پێی راگەیاندوون، كورسییەكانیان نەدەن بە پارتی و یەكێتی و بڕیارەكەیان كارێكی خراپە و چۆڵكردنی گۆڕەپانەكەیە. هاوكات بەشێك لە سەركردە و كادرانی كۆمەڵ نامەیەكیان بۆ سەركردایەتی نووسیوە و پێیان راگەیاندوون، خەڵك دەنگی داوە و رێز لەو دەنگانە بگرن و دەنگی ئەندام و لایەنگرانمان بەفیڕۆ مەدەن. هاوكات رەوتی هەڵوێستیش كە خاوەنی چوار كورسییە، بایكۆتی پەرلەمانی راگەیاند، بەڵام بەشێك لە دەنگدەر و خەڵكە نزیكەكەیان پێیان باشە ئەوانیش بەشداری هەڵبژاردن بكەن و بڕیاری نەچوونە پەرلەمان بگۆڕن. كادرەكەی دهۆكی هەڵوێست هەرزوو دژی رەوتەكە قسەی كرد و گوتی، دەنگی خەڵك بەفیرۆ نادەین و دەچینە پەرلەمان. كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ـی ئەم مانگە كرا، سێ كورسیی بەدەست هێناوە. لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا حەوت كورسیی هەبوو.
قائیمقامی ئاکرێ دەڵێت، رۆژی چوارشەممە 30 تشرینی یەکەم، لە ئاکرێ زەوی بەسەر زیاتر لە هەزار فەرمانبەر دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی تشرینی یەکەم، دلاوەر بوزۆ، قائیمقامی ئاکرێ راگەیاند، "رۆژی چوارشەممە زەوی بەسەر زیاتر لە هەزار فەرمانبەر دابەش دەکرێت، پڕۆسەکە بە تیروپشک و ئاشکرا لە بەردەم ئامادەبووان بەڕێوەدەچێت". قایمقامی ئاکرێ گوتی، "ئەو زەوییانە چوارشەممە دابەشدەکرێن، پێش ئێستا رەزامەندیان لەسەر درابوو، هەوڵدەدەین هەموویان دابەش بکەین". ئەمە لە کاتێکدایە، چوارشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە زاخۆ پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکرد، لە قۆناخی یەکەمدا بە تیروپشک زەوی بەسەر 4747 فەرمانبەری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دابەشکرا، لە قۆناخی دووەمدا زیاتر لە 8 هەزار فەرمانبەری دیکە سوودمەند دەبن. هەروەها، پێنجشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2024، لە هەولێر پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکرد، پێنج هەزار فەرمانبەر بەپێی مەرجەکان سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 27-03-2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون. بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە. رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن: - ساڵانی خزمەت. - ژمارەی ئەندامانی خێزان. - شوێنی نیشتەجێبوون.
ئەمرۆ یەکشەممە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتە هەولێر و چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا ئەعرەجی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و جەختیکردووەتەوە کە "ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی دیموکراسیی و سەرکەوتنی ئازادی هەڵبژاردنە". لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە لە کۆبوونەوەکەدا، "جەخت لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی کرایەوە، بەجۆرێک ببێتەمایەی بەهێزکردنی ئارامیی و ئاسایش و یەکخستنی هەڵوێستەکان، هاوکات لەبارەی پێشتهاتەکانی ناوچەکەش ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا".
سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن: “بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی لەبەردەستماندان، ئەنجامی كۆتاییش، هاوشێوەی ئەنجامە بەراییەكانە”. عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، وەكو كۆمیسیۆن هیچ وادەیەكیان بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان دیارینەكردووە، بەڵام سەرقاڵی ئامادەكاریین بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی. گوتیشی "بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی لەبەردەستماندان، ئەنجامی كۆتاییش، هاوشێوەی ئەنجامە بەراییەكانە كە رامانگەیاندووە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ژمارەی كورسییەكان روونادات". رۆژی 20ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، رۆژی دواتر ئەنجامی بەرایی راگەیەندرا، ژمارەیەك لە لیست و بەربژێرەكان رەخنەیان لە ئەنجامەكە هەبوو، هەریەكە لە رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، كۆمەڵی دادگەریی ئەنجامی بەراییان رەتكردووەتەوە و جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند كە تانەی لە ئەنجامەكە داوە. دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ سكاڵا تۆماركردن ماوەی 72 كاتژمێر بەلایەنەكان دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10/27 مەسرور بارزانى سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی له قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق کرد. له دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی ئهمنيى عێراق بەگشتی کرا. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد . هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مهترسى و ههڕهشهكانى تيرۆر و پاراستنی ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی
هەژماری من بڵاویكردووەتەوە، هەفتەی رابردوو 150 هەزار مووچەخۆر مووچەكانیان لە هەژماری من وەرگرت، تا كۆتایی ساڵ سەرجەم مووچەخۆران تۆمار دەكرێن. ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی ئۆكتۆبەر، هەژماری من بڵاوی كردووەتەوە، هەفتەی ڕابردوو زیاد لە 150 هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی كوردستان بە دیجیتاڵی مووچەكانیان وەرگرت و مانگ بە مانگ ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت، ژمارەی بەشدارانی هەژماری من و ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارەش لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن لە گەشەكردن. ئاماژە بەوەشكراوە، تا ساڵی داهاتوو سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خاوەن هەژماری بانكی خۆیان دەبن، هاوكات تائێستا لە سەرجەم پارێزگاكان 63 بنكە و 193 ئامێری ڕاكێشانی پارە دانراون، لەژمارەیە هەولێر لە ڕێی 56 بنكە و 164 ئامێری ڕاكێشانی پارە و لە سلێمانی لە ڕێی پێنج بنكە و 20 ئامێری راكێشانی پارەو لە پارێزگای دهۆك لە رێی دوو بنكە و نۆ ئامێری ڕاكێشانی پارە، فەرمانبەران دەتوانن مووچەكانیان وەربگرن. ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێرا ئەوەی ڕاگەیاند كە پرۆژەی هەژماری من كۆتایی هاتووە و بووە بە ڕابردوو.
لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پێشوازیی لێ كرا. ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی ئۆكتۆبەر، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پێشوازیی لێ كرا. بڕیارە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە. هاتنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هۆكارەكەی نەزانراوە، بەڵام دۆخی هەستیاری ناوچەكە یەكێك لە تەوەری كۆبوونەوەكانی دەبێَت. هاتنی ئەو بەرپرسەی عێراق لە كاتێكدایە ئەمساڵ بۆ سێیەم جارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، پرسی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە رابردوو و بەردەوامی دووپاتی لێ كراوەتەوە.
بڕیارە کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 27-10-2024) کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات. کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لە شەش بڕگە پێکهاتووە، سێ پڕۆژەیاسا خراونەتە بەرنامەی کار؛ هەر پڕۆژەیاسایەکیان پێکهاتەیەکی سەرەکی پێداگیرە لەسەر تێپەڕاندنی. دەنگدان بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دانراوە. زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی. بڕگەی دووەم تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی، کە داواکاریی سەرەکیی شیعەکانە. هەروەها دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی، خراوەتە بڕگەی سێیەمی دانیشتنەکە، کە یەکێکە لە داواکاریی سوننەکان و پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق؛ خراوەتە بەرنامەی کارەوە. پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان ماوە، چەند جارێک خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە. پڕۆژە بنچینەییەکە لە 5 مادە پێکهاتبوو و ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەکرد، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکاندا دەستکاری کرا و هەندێک بڕیاری دیکەی بۆ زیادکرا تاوەکو زۆرترین زەوی لە سنووری مادەی 140دا بگەڕێتەوە بۆ کورد و تورکمان. پەرلەمانتارانی کورد باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، کە بەشێوەى بەناوکردن دەستیان بەسەردا گیراوە، نەوەک داگیرکردن یان کوژاندنەوە. بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "بەبێ دەنگدان بەو پڕۆژەیە، هیچ دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان ناکرێت." رووداو