ئەمڕۆ شەممە 11/9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فوتۆشی ماتسومۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی. سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی ژاپۆنی کرد بۆ کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە. هەروەها بە پێزانینەوە ئاماژەی بە هاریکاری و پرۆژەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کرد.باڵیۆزی ژاپۆن خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بە دوو نووسراوی جیا، رەزامەندیی داوە لهسهر گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران بۆ سەر میلاكی دوو زانكۆی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا. بەپێی نووسراوەكە، تیایدا هاتووە: "زانكۆی گەرمیان پێویستی بە 19 فەرمانبەرە لە چەند پسپۆڕییەك و هەر وەزارەتێك فەرمانبەرانی داوای گواستنەوەی راژە بۆ زانكۆكە دەكەن، جگە لە فەرمانبەرانی سەربازی، ئەوا لیستی ناوەكان لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆمان رەوانە دەكرێت، بۆ بڕیاردان لەسەری." بەپێی نووسراوێكی دیكەی ئەنجوومەنی وەزیران، رەزامەندیی دراوە بۆ گواستنەوەی 18 فەرمانبەری خاوەن پسپۆڕی بۆ پەیمانگای تەكنیكیی كۆیە، بەشە زانستییەكانی تەقتەق. كاتێك فەرمانبەر لە وەزارەتێكی دیكە دەگواسترێتەوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، مووچەكەی زیاد دەبێت، ئەویش بەهۆی هەبوونی دەرماڵەی تایبەت لەو وەزارەتە. لەلایەكی دیكەوە، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە بۆ گواستنەوەی 21 فەرمانبەری كارگێڕی و ژمێریاری و یاسایی و پەیوەندییەكان و راگەیاندن بۆ ئەنجوومەنی گشتیی راژە و داواكارییەكانیش بۆ ئەنجوومەنی گشتیی راژە دەنێردرێن و پاشان بە لیستێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنێردرێن، بۆ بڕیاردان لەسەری.
رۆژنامەیەکی عەرەبی ئاشکرای دەکات سودانی (6) جار هانای بۆ ئەمریكییەكان بردووە تا رێگە لە ئیسرائیل بگرێت عێراق بۆردومان نەكات. رۆژنامەی شەرقولئەسەت ئاشکرای کردووە سودانی لەماوەی رابردوودا رێگری گەورەی کردووە لەوەی ئیسرائیل بۆردوومانی عێراق بکات. رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە گرووپە میلیشیاکان سودانیان لە بەرانبەر ئەمریکا تووشی ئیحراجی گەورە کردووە. بڵاوبوونەوەی ئەم زانیاریە لە کاتێکدایە رۆژی رابردوو ئەنتۆنیۆ بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سودانی سەرۆک وەزیران کرد رێگری لە گرووپە چەکدارەکان بکات تا عێراق پەلکێش نەکەنە ناو ئەو جەنگەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت. ئەم هەوڵانەی سودانی لە کاتێکدان، گرووپە میلیشیاکان رۆژانە لە رێگەی درۆنەوە بۆردوومانی بۆردوومانی ئیسرائیل دەکەن. هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە بەمزوانە سوپای ئەو وڵاتە وەڵامی گرووپە چەکدارەکانی ناو عێراق دەداتەوە.
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی، شەپۆڵێکی دیکەی باران بارین ڕوو لەناوچەکە دەکات. دهستهى كهشناسی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندووە، “کەش و هەوا بۆ سبەینێ شەممە، نیمچە هەور بۆ هەوری دەبێت، پلەکانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت”. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "کەش و هەوای ڕۆژی یەکشەممە نیمچە هەوری بۆ هەوری دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارانبارین لە ناوچەی ناوەڕاست، لەکاتێکدا لە ناوچەی باکور بارانێکی زۆر كهم دەبێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە "پلەکانی گەرما کەمێک دادەبەزن".ههروهها ئاماژە بەوەش کراوه، "ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو کەشوهەوا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکور هەوری دەبێت، لەگەڵ بارینی باران و ههروهها ههوره برووسكه بەتایبەت لە ناوچه شاخاوییەکانی كوردستاندا، لەکاتێکدا لە ناوچەی باشوور ئاسمانى ناوچهكه ساماڵ بۆ نیمچە هەوری دەبێت"
دواى ئەوەى یەکێتى بانگەشەى ئەوەى کرد کە ڕێگرى لە پڕۆژەى هەژمارى من دەکەن و کارى پێ ناکەن، ئێستە ئەم پڕۆژەیە لە سلێمانى کارایە و کارەکانى خێراتر دەکرێن. میدیاى لاهوور شێخ جەنگى، سەرۆکى بەرەى گەل بڵاویان کردووەتەوە، "هەژمارى من لە سلێمانى کەوتووەتەوە کار" ئەمە دواى ئەوەى لە ماوەى ڕابردوو یەکێتى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، بانگەشەى ئەوەى دەکرد کار بە هەژمارى من ناکەن کەچی هەفتەى رابردوو پەڕەی فەرمی پڕۆژەی "هەژماری من" بڵاوى کردەوە رێككەوتنیان لەگەڵ بانكی TBI، ئەنجام داوە و بڕیار لە زیادكردنی لقەكانی بانكەكە و ئامێرەكانی راكێشانی پارە لە سەرتاسەری كوردستان دراوە، هاوكات داوا لە فەرمانبەرانیش دەكرێت، ئەوانەی تا ئێستە خۆیان لە "هەژماری من" تۆمار نەكردووە، پەلە بكەن و خۆیان تۆمار بكەن لە سەرتاسەرى کوردستان. تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توتین) تۆمار کردووە. هەموو ئەو فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی هەشت بانکەکەی ناو پرۆژەی هەژماری من خۆیان لە بەبانکیکردنی مووچە (توتین) تۆمار دەکەن، لەداهاتوودا لە هەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکیانە سودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.
تی بی ئای لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئامێری ڕاکێشانی پارە لە نێو کابینەکانی هەژماری من دادەنێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، شاندی تەکنیکی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و تیمی هەژماری یەکەم کۆبوونەوەیان کرد و بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوانیان، هاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکە، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت. هەروەها لەو خزمەتگوزارییانەی ڕێککەوتنیان لەسەرکراوە، بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەکاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (هەژماری من) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکات. بڕیاریشە بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 10,000 کارتی بانکی (TBI) بکرێت. ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار کردووە و لە ڕێگەی ئەو هەشت بانکەی ناو پرۆژەی هەژماری من لە هەموو ئەو خزمەتگوزاریە دارایی و بانکیانە سودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن. لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا، بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی (TBI) بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی هاتە نێو پڕۆژەی (هەژماری من) و بووە هەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە. هەفتەی ڕابردووش، هەریەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەستەکە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من).
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/7 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەسروڵلا ڕەشنوودی کونسولی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.سەرۆکی حکومەت سوپاسی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست. لە دیدارەکەدا بە گرنگیی ئاماژە بە سەردانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرا ، بەو هیوایەی ببێتە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە.کونسولی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد .هەروەها پێزانینی بۆ هاریکاریی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسولخانەی وڵاتەکەی دەربڕی
ئەمڕۆ چوارشەممە 11/6، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا هەوڵ و ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و بارودۆخی گشتیی عێراق و دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاووتوێ کرا.باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد، کە لە دۆخێکی ئارام و ڕێکوپێک بەڕێوەچوو، هەروەها پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەکەشی لە سەرۆکی حکومەت کرد.هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە زووترین کاتدا کرد.سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ڤیتۆمان لەسەر بەشداریکردنی هیچ لایەنێک نییە و خوازیاری حکومەتێکی گشتگیر و بەهێز و یەکگرتووین لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەنگی لایەنە سیاسییەکان. دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
ئەنجومەنی وەزیران: *نابێت سەرژمێری هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی ئەو میکانیزم و ڕێکارە دەستووريیانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێگير کراون. * پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و نابێت ڕێگری لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم بکات. ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی نۆڤێمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بە سەرکەوتنی خەڵکی کوردستانی ناوبرد و گوتی پرۆسەکە بە پێی هەڵسەنگاندنی چاودێرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و لە کەشێکی ئارام و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی بەڕێوەچوو، کە ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ خەڵکی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی و نیشانەی ئاستی بەرزی هوشیاری خەڵکی کوردستانە.سەرۆک وەزیران هەروەها جەختی کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە سەرەکیيەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ جیاوازی، تا پێکهێنان و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دوا پێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق لەلایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایە ڕوو. کە ئاماژەی بە دەرەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ لە بەغدا لە 2024/10/31 بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدراڵ کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەم تەوەرەدا، ئاماژە بە بڕیاری کۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ درا سەبارەت بە پرسی سەرژمێریی دانیشتووان و هەڵسەنگاندن بۆ بڕگەکانی بڕیارەکە کرا. لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە وەزیری پلاندانان و شاندنی حکومەتی هەرێم کە شێلگيرانە داکۆکیان لە مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان بۆ مەبەستی گەشەپێدان دووپات کردەوە، هەروەک جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، چەندین سەرنج و تێبینی لە سەر پرۆسەیە تۆمارکردووە تاوەکوو سەرژمێریەکە جێی ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت و بەلاڕێدا نەبرێت بۆ مەبەستی دیکەی جگە لە مەبەستی گەشەپێدان. هەروەها جەخت کرایەوە کە دەبێت ئەم سەرژمێرییە، بە هیچ شێوەیەک، بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ( ناوچە کێشە لەسەرەکان) نەبێت و بەهیچ جۆرێک نابێت ببێتە جێگرەوەی ئەو میکانیزم و ڕێکارە دەستووریانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێگير کراون ، هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵیش لە بڕیاری ژمارە 73ی ساڵی 2010 جەختی لێ کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەم پرسە پەسەندکران، بگەیەننە حکومەتی فیدڕاڵ و داواش لە هەموو لایەنە کوردستانییە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم و بەغدا کرا کە لەمبارەیەوە، پشتیوان و هاوکاربن . بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە بارەی دوا پێشهاتەکانی بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و هەندێک ڕێکاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 ، کە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون خرایە ڕوو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات یان لێی ببڕێت و ڕێگری نەکات لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم ، بەڵکوو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ، مووچەی هەرێمیش لە کاتی خۆی و بە بێ کەموکوڕی خەرج بکات هەروەک دادگای باڵای فیدڕاڵ بە ڕوونی لە بڕیارەکانیدا داوای کردووە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ ناکۆکیيەکی نێوان هەردوو حکومەت نەکرێت، بەو پێیەی شایستەی یاسایی مووچەخۆرانە و دەبێت بە دوور بگیرێت لە هەر ناکۆکیەکی سیاسی، تەنانەت ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە دوا بڕیاری خۆی، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند کردووە کە بەردەوام بێت لە خەرجکردنی مووچەی هەرێم تا کۆتایی ئەمساڵ. هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ، لە ماوەی ڕابردوودا، سەرجەم کەموکورتی لیستەکانی مووچەیان ڕاستکردووەتەوە و ناردویانە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ ئەوانەشی کە تا ئێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نیە، ڕۆژی 20ی ئەم مانگە وەک دوا وادە دەستنیشانکراوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکات کە بە زووترین کات، مووچەی مانگی 10 خەرج بکات و ڕێکاریی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ڕێکارە داراییەکان. لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی نوێترین پێشنیاری حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت کرا و ئەنجامی دوا کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان، لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو.ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات کردەوە کە دەبێ هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمو دەست پێ بکاتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم و تەنانەت کۆمپانیا نەوتیەکانیشە، ئەنجومەنی وەزیران هیواخوازە کە هەموارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراق، ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەرچی زووە نەوتی بەرهەمهێنراوی کوردستانیش، هەناردەی بازاڕە جیهانیيەکان بکرێتەوە کە بێگومان ڕۆلێ سەرەکی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گشتی وڵات و برەودان بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا. 1 2 3 4 5 6 7 8 9
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی 11ی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە گفتوگۆ دەكات.لە بڕگەی یەكەمدا، دواپێشهاتی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق، لەژێر ڕۆشنایی دواكۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی تاووتوێ دەكرێ، كە لە 31ی 10ی 2024، لە بەغدا، بە بەشداریی بەڕێزان سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و وەزیرە كوردەكانی نێو حكومەتی فیدراڵی و شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.لە بڕگەی دووەمدا، دواپێشهاتی تایبەت بە بارودۆخی دارایی و مووچە و بابەتی (ژمارەی وەزیفی)ی فەرمانبەران و هەندێك ڕێكاری نوێی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2024 و ئەنجامی گفتوگۆكان لەم بارەیەوە دەخرێتە ڕوو.لە بڕگەی سێیەمدا، نوێترین پێشنیاری حكومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە هەمواركردنەوەی ماددەی (12) لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و خستنەڕووی دواكۆبوونەوە و دانوستانەكان لەمبارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان دەخرێتە ڕوو.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات و دەڵێت، چاوەروانم لە داهاتوو بەیەکەوە کار بکەین و پەیوەندیییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا قووڵتر بکەین.
هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق، وێڕای بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیۆك لەبارەی سەركەوتنی پرۆژەی (هەژماری من) رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی (هەژماری من) تەنیا بۆ مووچە نیە، بەڵكوو بۆ پێدانی قەرز و پێشینە و ئاسانكاریی بانكییشە. راوێژكارێكی هاوبەندییەكەش دەڵێت: "پڕۆژەی (هەژماری من) رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵییە بۆ پڕۆسەی (تەوتین)ی مووچە و چارەسەركردنی كێشەی مووچە." هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، ڤیدیۆیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە، كە: "پڕۆژەی (هەژماری من) لەژێر چەتری حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندیی عێراق كار دەكات."هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق، ئەوەشی باس كردووە، كە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی رێژەی گشتگیریی دارایی و بەهێزكردنی پارەدانی ئەلیكترۆنی. جەختیشی كردووەتەوە، پڕۆژەی (هەژماری من) تەنیا بۆ مووچە نییە، بەڵكوو بۆ پێدانی قەرز و پێشینە و ئاسانكاریی بانكییشە. لای خۆیەوە، شیروان ئەنوەر، راوێژكاری هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئێمە پشتیوانی لە پڕۆژەی (هەژماری من) دەكەین، چونكە ئەوە رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵییە بۆ پڕۆسەی (تەوتین)ی مووچە و چارەسەركردنی كێشەی مووچە." ئاماژەی بەوەش دا: "پڕۆژەی (هەژماری من) تەنیا بۆ مووچە نیە، بەڵكوو بۆ كەمكرنەوەی پشتبەستن بە پارەی كاش و پێدانی قەرزە بۆ فەراهەمكردنی هەلی كار و پڕۆژەی بچووك و هاوكاری و كارئاسانییشە بۆ دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانییە داراییەكانی بانك." شیروان ئەنوەر، ئەوەشی خستە ڕوو: "هاتنی بانكی بازرگانیی عێراقی بۆ نێو پڕۆژەی (هەژماری من) زۆر گرنگە و دەكرێت ئەو بانكە لە داهاتوودا بۆ تەمویلی مووچە لە حكوومەتی فیدراڵەوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارێكی باش بێت و كارئاسانییش بێت بۆ ئەوەی قەرز و پێشینەكانی بانكی ناوەندی هەموو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە." راوێژكاری هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی جەختی كردەوە: "دەكرێت بانكی رەشید و رافیدەینیش هاوشێوەی بانكی بازرگانیی عێراقی بێنە نێو پرۆژەی (هەژماری من) و تەوتینكردنی مووچە." حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ساڵێکە دەستی كردووە بە بانکیکردنی مووچەخۆران، بەپێی دوایین ئاماری تیمی پڕۆژەی (هەژماری من)، زیاتر لە 700 هەزار مووچەخۆر تۆمار كراون و تاوەكوو ئێستاش حەوت بانكی مۆڵەتپێدراو لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا بەشدارن.