ئەمڕۆ هەینی 11/22، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی و توێژەر و لێکۆڵەر لە باکووری ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێنجەمین کۆڕبەندی MEPS24 لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوە چوو. لە كۆڕبەندەكەدا مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گوتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا هیوای خواست بتواندرێت ساڵانە درێژە بە كۆڕبەندەكە بدرێت و گفتوگۆكانی نێو كۆڕبەندەكەش بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە. ئەمەش دەقی گوتارەكەیە: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبانرابەر و پێشەوامان جەنابی سەرۆك بارزانیبەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵبەڕێز مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی حكوومەتی فیدڕاڵبەڕێزان، سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری توركیا ئەحمەد داودئۆغلووبەڕێز سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری عێراقی فیدڕاڵ بەڕێز حەیدەر عەبادیدیپلۆماتكارانی بەڕێزئەكادیمییانی بەڕێزمێوانانی هێژا و قەدرگرانلە هەر كوێ هاتوون بەخێربێن سەر سەر و سەرچاومان، سەربەرزین بە ئامادەبوونتان لەم كۆڕبەندەی پێنجەمی (MEPS) لە زانكۆی ئەمریكی لە شاری جوانی دهۆك. هیوادارم ئەم دوو ڕۆژە كە ئەم كۆڕبەندە لێرە ئەنجام دەدرێ، هەموو بۆچوونەكان و ئەو بڕیارانەی لەم كۆڕبەندەدا دروست دەكرێن و قسەیان لەسەر دەكرێ، بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستان لە هەرێمی كوردستان، لە عێراق، لە ناوچەكە، سوود و مفای لێ وەربگرن.ئەمە پێنجەمین جارە كە ئەم كۆڕبەندە لە شاری دهۆك لە ڕێگەی زانكۆی ئەمەریکی دروست دەكرێ، من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم كۆڕبەندە دەكەم، هیوادارم ساڵ بە ساڵ بتوانین ئەم كۆڕبەندە درێژە پێ بدەین و باشتریشی بكەین.جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە زانكۆی ئەمریكیش بكەم، هەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆڕبەندە، هەم بۆ ئەوەی كە لە كەمتر لە 10 ساڵدا ، دەستكەوتێكی نێودەوڵەتیش بەدەست بهێنێت، ئەویش بووەتە بەربژێر بۆ ئەوەی كە (accreditation neche) وەربگرێت. ئێستا بەربژێرە و ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئەم زانكۆیە كە ئێستا تەمەنی تەنیا 10 ساڵە.جێی خۆیەتی هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان بكەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە چەندین كێشە و گرفتدا تێپەڕ دەكات، هیوادارم ئەم كۆڕبەندە و ئەنجامەكانی ئەم كۆڕبەندە لە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراقدا بن و ئێمەش بتوانین سوودیان لێ وەربگرین.
ئەمڕۆ هەینی 11/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.بابەتی سەرەکيی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی گشتگیر، کە لە زووترین کاتدا دەست بەکار بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە. هەروەها بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵوگۆڕ کرا.
له پێنجهمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە 'مێپس'، ڕایگهیاند: "بە خۆشحاڵییەوە كە دوێنێ و پێرێ بوو، ئەو سەرژمێرییەی سەرتاسەری بوو لە عێراق، تەئكید كراوە و زەمانەتیش دراوە كە ئەمە هیچ مەبەستێكی سیاسی لە دوای نابێت و هیچ تەئسیرێكیشی نابێت لەسەر ناوچەكانی ماددەی 140، بەڵام ئەمە بەڕاستی بەرچاوڕوونییەكی زۆر دەبێت بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پلانەكانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و زانستییانە دابڕێژێت بۆ لەمەودوا." سهرۆك مهسعود بارزانى، لەبەشێکی دیکەی گوتارەکەی، ڕایگهیاند: "بەڕێزان دەمەوێ تۆزێك بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد، هەموومان دەزانین دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، ئەو دابەشكردنەی كە سەرلەنوێ ئەنجام درا لە ناوچەكە، باوەڕ ناكەم بە دڵی هیچ كام بێت، هی نەتەوەیەك، نە عەرەب، نە كورد، نە تورك، نە فارس، واقیعێك بوو و فەرز كرا، بەڵام لێرەدا غەدر و زوڵمی گەورە بە بەر كورد كەوت. 100 ساڵ ئینكاری هەبوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخودانی كرد، نە ئینكاری هەبوونی كورد، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێ دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكتریكردن و یەكتری قەبووڵكردن بكەینەوە، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە". ههروهها، گوتیشی: "تەبیعی ناكرێ ئێمە بڵێین ئەگەر لە پارچەیەك چارەسەرێك دۆزرایەوە دەبێ ئەمە ببێتە فۆتۆكۆپیی هەموو ناوچەكانی تر، هەر ناوچەیەك خسوسیەتی خۆی بۆ دروست بووە و دۆخی كوردستانی عێراق جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی تر، بەڵام ئێمە زۆر زۆر خۆشحاڵین كە دەبینین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێكردۆتەوە و لە هەر كوێیەك، هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەین و لەگەڵی دەبین". سەرۆک بارزانی، لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک ڕایگەیاند: بەڕێزان تەحەدیات زۆرن، تیرۆر هێشتان تەحەدایەكی گەورەیە، بەڵام بە لای منەوە تەحەدای ئێستا لە هەمووی گەورەتر ئەو بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەكە كە لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و بەداخەوە ئێستا لە زۆر لای كە دەسەڵاتیان هەیە، دایدەپۆشن، كارخانە دروست دەكرێ بۆ دروستكردنی مەوادی هۆشبەر و ناتوانن هیچی لێ بكەن، بازرگانییەكی ئازادانەی پێ دەكرێ، ئەمە مەترسییەكی گەورەیە و ئەمە كوشتنی نەتەوەیەكە. لەبەر ئەوە من تەمەننا دەكەم، هەموو دەوڵەتان، هەموو لایەنەكان، هەرچی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، بە جددی لەسەر ئەم بابەتە بوەستن و حەدێك بۆ ئەمە دابنرێ، پێش ئەوەی كە كارەسات لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت. له كۆتایی وتارهكهیدا، گوتی: "لە كۆتاییدا، بۆم دەركەوتووە لە تەجروبەی خۆم، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێ، خۆمان نەبین، ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداكارییەك، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات. لە كاتێكدا دۆستەكانی ئێمە دەتوانن پشتگیریی ئێمە بكەن، كە خۆشمان هەبین و بزانین چ دەكەین. لە هەمان كاتیشدا دەبێ واقیعبین بین و دەبێ بزانین هەنگاو بۆ كوێ دەنێین".
سەرۆکی حکومەت سەرەخۆشی لە ئازاد گەرماڤی دەکات ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/21 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە ئازاد گەرماڤی کرد بۆ کۆچی دوایی دایکی. سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی پێگەیاند و هیوای خواست، خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە بنەماڵەکەیان ببەخشێت. ئازاد گەرماڤی ، بە ناوی بنەماڵەکەیەوە، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندیی و هاوخەمی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لەکاتێکدا هەوڵی دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەخێرایی بەڕێوە دەچن، چاودێرانی عێراقی ئاماژە بەوە دەکەن، کە عێراق دەبێتە ئامانجی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل، ئەمەش دوای سکاڵای حکوومەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆ لە دژی عێراق، وەک بیانوویەک بۆ ئەو ئامانجە. لەکاتێکدا عێراق ڕایگەیاندووە، ملیشیا چەکدارەکان خاکی وڵاتەکە بۆ هێرشی سەر ئیسرائیل بەکار ناهێنن، چاودێرانی عێراقی دەڵێن، کە ئیسرائیل نیازی گەورەی هەیە بۆ لێدان لە عێراق و هەروەها بە کۆی دەنگ هاوڕان لەسەر ئەوەی، بەغدا هیچ بەرگرییەکی ئاسمانیی نییە، کە بتوانێت ڕێگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکات. شیکەرەوەی سیاسی (مەجاشع ئەلتەمیمی)، لە چاوپێکەوتنێکیدا بە ڕۆژنامەی (عالم ئەلجەدید) ڕایگەیاندووە: "سکاڵای ئیسرائیل لە دژی عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئەو وڵاتە بەنیازە هێرش بکاتە سەر خاکی عێراق، بۆیە لە سکاڵاکەیدا ڕایگەیاندووە، کە مافی وەڵامدانەوەی هێرشی ملیشیا عێراقییەکانی هەیە، وەک پارێزگاری لە خۆی ئەم کارە ئەنجام دەدات." تەمیمی دەشڵێت: "هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی لە عێراق، لەدوای ئەم سکاڵایە حەتمییە، چونکە ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە هەڕەشە و ئاماژە دەنرێت بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، بەڵام ئەو ئامانجانە نادیارن، نازاندرێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکان و حکوومییەکانە، یان سنووردارن بۆ بارەگای ملیشیاکان و بەئامانجگرتنی سەرکردەکانیان." هەروەها سەبارەت بە توانای سەربازیی عێراق بۆ ئەو هێرشە، گوتی: "بەدڵنیاییەوە نە عێراق و نە ملیشیا چەکدارەکان ناتوانن ڕووبەڕووی ئەو هێرشە چاوەڕوانكراوە بببنەوە، چونکە ناتوانرێت ڕێگری لە هیچ هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بکرێت، بەرگریی ئاسمانیی عێراقی زۆر لاوازە و توانای بەرگرتنی لە هێرشێکی مووشەکی، یان فڕۆکەی جەنگی، یان تەنانەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو نییە." شیاوی باسە، گیدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، نامەیەکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تێیدا داوای کرد، دەستبەجێ هەڵوێستی هەبێت لەسەر چالاکیی ملیشیا عێراقییەکان، کە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکار دەهێنن و حکوومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە هەموو ئەو هێرشانەی، کە لەسەر خاکی وڵاتەکەیەوە ڕوودەدەن و وەک لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، ئیسرائیل مافی بەرگری لە خۆی هەیە، بۆ پاراستنی خۆی و هاووڵاتییانی. لەلایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نەخشەی عێراقی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ڕاوەشاند و خستییە ڕیزی ئەو وڵاتانەی، کە دەبێت لەگەڵ ئێران و لوبنان بکرێتە ئامانج. لە ماوەی ڕابردوودا، میلیشیاکانی (بەرەی مقاومەی ئیسلامیی عێراقی) بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان كردووەتە سەر ئیسرائیل. هاوکات، سەرچاوەیەکی فەرمی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (عالم ئەلجەدید) ئاشکرای کردووە: "ئەمریکا هۆشداری بە حکوومەتی عێراق داوە، ڕێگە لە ملیشیا چەکدارەکان بگرێت." ئەو سەرچاوەیە، باسی لەوەش کردووە، واشنتن هەڕەشەیەکی ئاشکرای ئیسرائیلی گەیاندووەتە حکوومەتی عێراق، کە بەکارهێنانی خاکی عێراق لەلایەن میلیشیاکانەوە بوەستێنرێت، دەنا تەلئەبیب وەڵامی سەربازی دەبێت و هێرش دەکاتە سەر عێراق. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، ڕۆژنامەی (مەعاریڤ)ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد: "ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل بە لێدانی ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەکانی میلیشیاکانی عێراق دەست پێ بکات و دواتر سەرکردەکانیان بەئامانج بگرێت." (مەعاریڤ) ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە ئێران پێشتر مووشەکی بالستیی کورتمەودای بە قاچاخ ناردووە بۆ عێراق، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. لای خۆیەوە، سەفاء ئەلئەعەسەم، پسپۆڕی سەربازی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (عالم ئەلجەدید) ڕایگەیاند: "ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی سکاڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی عێراق، شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکات و دەیەوێت جوگرافیای عێراق بخاتە نێو بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانییەوە، بەتایبەتی کە نەخشەیەکی داتایی گرنگی لەسەر عێراق هەیە." هەروەها، ئەلئەعەسەم پێی وایە، ئەو زانیارییانەی ئیسرائیل لەسەر عێراق هەیەتی، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دێت، کە کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق دەکات و هەروەها دەستێوەردان لە زۆر دۆسییەی ئەمنی و سەربازی و تەنانەت سیاسی و شتی دیکەی عێراق دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، واشنتن ئاسانکاری بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکات، بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو. جەختی لەوەش کردەوە: "لە ڕووی سەربازییەوە، عێراق هیچ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی ڕاستەقینەی نییە، کە بتوانێت ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژییەکی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل ببێتەوە، بۆیە پێویستە عێراق فشار بخاتە سەر هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتیی واشنتن، بۆ پابەندبوون بە پاراستنی ئاسمانی عێراق و ڕێگریکردن لە دزەكردن بۆ ناو ئاسمانی عێراق."
سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەستیپێکرد و سبەی بەردەوام دەبێت. بەرپرسانی سەرژمێرییەکە دەڵێن، ئەوانەی خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکانن دەبێت یەکێکیان بمێنێتەوە، بەپێچەوانەوە "وەکو ئەوە وایە دوو رۆژی سەرژمێریی گشتیی هیچیان نەکردبێت." سبەی، سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. ژمارەیەک هاونیشتمانیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ خۆتۆمارکردن گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەتایبەت لە کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین و خوورماتوو. بەرپرسێک لە لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێریی لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە) گوتی: "ئەوانەی چوونەتەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان، باشتر وایە تاوەکو کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، کەسێکیان لەو شارانە بمێنێتەوە و وەڵامی تەواوی پرسیارەکان بداتەوە." ئەمڕۆ و سبەی کە سەرژمێریی گشتیی بەڕێوەدەچێت، خێزان و تاکەکان تۆمار دەکرێن. بە گوتە بەرپرسەکە لە 22ـی ئەم مانگەوە وەڵامی پرسیارەکانی فۆڕمی سەرژمێری دەستپێدەکات، کە زیاتر لە 75 پرسیارە. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند، پشووی سەرژمێری بۆ 12ـی مانگی داهاتوو درێژکردەوە بۆ ئەو فەرمانبەر، ئەفسەر و کارمەندانەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. بەرپرسەکەی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری گوتیشی "ئەو درێژکردنەوەیە بۆ ئەوەیە؛ خەڵک لەو ناوچانە نەگەڕێنەوە." هەر ئەمڕۆ گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان گوتی: "دەبێت یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانانەی لە ناوچە کێشەلەسەرەکانن بمێننەوە، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەی کارتی نیشتمانییان لە فۆڕمەکەدا نەنووسراوە." بەگوتەی گوهدار محەممەد "تۆمارکردنی ژمارەی کارتی نیشتمانیی لە فۆڕمە گەورەکەدا دەبێت و لە 22ـی مانگەوە دەستپێدەکات؛ هەر کوردێک لەو فۆڕمەدا خۆی تۆمار نەکردبێت وەکو ئەوە وایە هیچی نەکردبێت و بە کوردی ئەو شارە تۆمار ناکرێت." سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێری گوتیشی "ئەوەی لە فۆڕمی گەورەدا کە پرسیارە گشتییەکان پڕنەکاتەوە و ژمارە و تۆمار (سجل و سەحیفە)ـی کارتی نیشتمانی تۆمار نەکات، ناتوانێت دواڕۆژ بیسەلمێنێت دانیشتووی ئەو شارەیە کە تێیدا تۆمار کراوە." نزیکەی 500 هەزار هاونیشتمانیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دا دەژین و بۆ سەرژمێری، زۆرینەیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. ژێدەر رووداو
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی11ی2024، ئاسمانی پارێزگاكان لەنێوان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت لەهەندێ ناوچەی شاخاوی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە باران و هەورە تریشقە لەكاتەكانی دوایی نیوەرۆ بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك و سلێمانی. ئاماژە بەوەش كراوە، پلەكانی گەرما بەگشتی نزم دەبێتەوە بە(1– 3) لە تۆماركراوەكانی دوێنێ. بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بەوەش داوە، سبەی پێنجشەممە 21ی11ی2024، ئاسمانی پارێزگاكان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەهەندێ ناوچە نیمچە هەور دەبێت، پلەكانی گەرماش بە گشتی نزیك دەبێتەوە بەراوورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ وەك لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی:هەولێر : 21 پلەی سیلیزیسلێمانی: 18 پلەی سیلیزیدهۆك: 19 پلەی سیلیزیكەركوك: 23 پلەی سیلیزیهەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزیزاخۆ: 20 پلەی سیلیزیحاجی ئۆمەران:11 پلەی سیلیزیسۆران:18 پلەی سیلیزیگەرمیان:24 پلەی سیلیزی
ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، پشووى ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچەکانی ماددەی ١٤٠) بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕ بکهنهوه، درێژ دهكاتهوه. هێمن میرانی، ئەندامی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری، ڕایگهیاند: "ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەژمێری، پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ تا ١٠ی کانوونی یەکەم درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچەکانی ماددەی ١٤٠) بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕ بکرێتەوە". ههروهها ئاماژهى بهوه داوه، "لە دوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە لە چوار شەممە و پێنج شەممە پشت راست کرایەوە". ئەندامهكهی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری، ئهوهش دهخاتهڕوو كه: "قۆناغێکی دیکە دەست پێ دەکات کە زانیاری زیاترە و پێویستە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانیان لا بێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕ بکەنەوە". هێمن میرانى، دهشڵێت: "لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دێڵتەوە تا تەواوی پرۆسەی سەرژمێری تەواو دەبێت".
بەپێی راگەیەندراوێكی كە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راگەیەندرا، ئاماژە بەوە كراوە "بەشێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە پرسی پێشهات و ڕووداوە سەربازی و ئەمنییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست". وەك لە راگەیەندراوەكە ئاماژەی بۆ كراوە، سودانی رایگەیاندووە "ئیسرائیل ئامانجی فراوانكردنی شەڕە لە ناوچەكەدا." باس لەوەشكراوە، پەیامەكەی "قەوارەی زایۆنی" كە ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردووە، پاساو هێنانەوەیە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر عێراق و هەوڵەكانی بۆ فراوانكردنی بازنەی شەڕ لە ناوچەكەدا. لە كۆبوونەوەكەدا، سوودانی جەختی كردۆتەوە كە بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە عێراق بە دەست دەوڵەتەوەیە و وتوویەتی" ڕێگە بە هیچ لایەنێك نادرێت ئەو مافە بە خۆی بدات. هاوكات سەرلەنوێ ڕەتی كردەوە عێراق بخزێنرێتە ناو شەڕ". لە كۆبوونەوەكەدا، سوودانی داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزارەتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی كردووە بۆ تاوتوێكردن و بەدواداچوونی پێشهاتەكان و دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی عێراق. دوێنێ لە نامەیەكدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی كردبوو، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژە بەو هێرشانە دەكات كە لە عێراقەوە میلیشیاكانی شیعە دەیكەنە سەر وڵاتەكەی و ئاماژە بەوەش دەكات، گەر حكومەتی عێراق ئەركەكانی بەرامبەر ئەم میلیشیایانە جێبەجێنەكات، ئەوا هەریەك لە: عاسئیب ئەهل حەق، لیواكانی بەدر، بزووتنەوەی نوجەبا، ئەنساروڵا ئەوفیا، كەتیبەكانی سەید شوهەدا، ئەمانە لە ئیسرائیلەوە دەكرێنە ئامانجی هێرشەكانیان.
شاندێکی پارتی بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان دەکات. سێشەممە، 19-11-2024، سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەست پێ دەکات." بە گوێرەی هەمان سەرچاوە "پارتی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی چەند لایەنی سیاسیی کردووە، لەم گەڕەشدا سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکات و دەیەوێت حکوومەتێک پێک بهێنرێت کە زۆرترین لایەن تێیدا بەشدار بن." لەبارەی ئەوەی پارتی کەی لەگەڵ یەکێتی کۆ دەبێتەوە؟ سەرچاوەکە رایگەیاند: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەنێو کارنامەی سەردانەکەماندایە و هەڵبەتە لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆمان دەبێت، بەڵام جارێ دیار نییە کۆبوونەوەکەمان هەفتەی داهاتوو دەبێت یان ڕۆژێکی دیکە." ئاماژەی بەوەش کرد "دوای سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجامی تانەکان ڕادەگەیەنێت و ئەو کات بەرچاو ڕوونییەکی زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکان دروست دەبێت لەبارەی هەنگاوی داهاتوویان." ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان: پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی بەرەی گەل: 2 کورسی بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی
ئەمڕۆ دووشەممە 11/18 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە د.محەممەد ئەلحەسسان نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان لە عێراق و بەرپرسی یونامی کرد. لە کۆبوونەوەدا بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا. لە تەوەرێکی دیکەدا ، جەخت لە پێویستیی بەردەوامبوونی ڕۆڵی یونامی لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە . 1 2 3
ئەمڕۆ دووشەممە 11/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارجن کۆبیاک باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ کارکردنی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا. باڵیۆزی پۆڵەندا پێزانینی بۆ هاریکاریی و هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان ، بەتایبەتی لە بواری ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ دا . لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. 1 2