ڕۆژی شەممە 30ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەندازیار عەمار مووسا کازم ئەمینی بەغدا کرد. لە دیدارەکەدا باس لە پلان و بەرنامەکانی پەیوەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ژێرخانەکان لە بەغدای پایتەختی عێراقی فیدڕاڵ کرا و سەرۆک بارزانی دەستخۆشی لە هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ ئاوەدانکردنەوە و بووژانەوەی بەغدا کرد. هەر لەو دیدارەدا ئەمینی بەغدا دوو تابلۆی وەک دیاری پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد کە یەکێکیان وێنەی سەردەمی منداڵیی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو.
ئەمڕۆ شەممە 11/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میکێلێ کامێرۆتا، کونسولی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان کرد، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی. سەرۆکی حکومەت سوپاسی کونسوڵی گشتیی ئیتالیای کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.کونسوڵی گشتیی ئیتالیا، پێزانینی بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
پڕۆژەی ڕووناكی لە گەڕەكەكانی هەولێر بەردەوامە و بڕیارە بەمزووانە گەڕەكەكانی شەهیدانی كووران، بەهاری كۆن، كرێكاران، كوردستان، نەسیج، كووران و ڕزگاری، كارەبایان بكرێتە 24 کاتژمێرى.ئێستا دەست بە چاككردنی پێوەری كارەبای ماڵەكان لەو گەڕەكانە كراوە و هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەکرێت و بە هۆی كاركردن لەو گەڕەكانە، لە کاتژمێر 8ى بەیانی تا 5ى ئێوارە، كارەبای نیشتمانی و موەلیدەیان نابێت، تا تیمەكانی كاركردن بتوانن كارەكانیان بکەن.لەسەر فەرمانى مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست كراوە بەجێبەجێكردنی پرۆژەكە و بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەنی كارەبای 24 کاتژمێری.ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. فەرمانگەی میدیا و زانیاری
دەستەی تەحریری شام گرووپێکی چەکدارییە لە 28-01-2017 دامەزراوە. ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەکەیە؛ ئەبو جابر شێخ، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا و ئەبو عوبەیدە کەنسەفرە فەرماندەی باڵای چەکدارییەتی. بارەگەی سەرەکیی گرووپەکە لە پارێزگەی ئیدلیبی باکووری رۆژئاوای سووریایە. دەستەی تەحریری شام بە یەکێک لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی نێو سووریا دادەنرێت و بەشێکی زۆری پارێزگای ئیدلبی لەژێر دەسەڵاتدایە. هەرچەندە ئەو گروپە چەکدارانە ناویان لەخۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بەڵام بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیان دەکرێت. پێشتر ناوی گرووپەکە (بەرەی نوسرە) بوو کە سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو و لە ساڵی 2011 دامەزرا، بەڵام لە ساڵی 2017 جیابوونەوەی لە رێکخراوی قاعیدە راگەیاند و ناوی بۆ دەستەی تەحریری شام گۆڕی. گرووپەکە 15 بۆ 30 هەزار ئەندامی هەیە و لە چەند لایەن و گرووپێکی دیکە دروستبووە لەوانەش بەرەی فەتحی شام، سوپای ئەحرار، سوپای سوننە، لیوای حەق، بزووتنەوەی نورەدین زەنکی و بەرەی ئەنسارول دین. یەکگرتن و دروستبوونی گرووپەکە بە دەستپێشخەریی ئەبو جابر شێخ بوو کە دووەم ئەمیری سوپای ئەحرار بوو. ئەبو جابر داوایکرد هەموو گرووپە چەکدارییەکان کە دژی حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریان، بچنە ژێر یەک چەتر و "ئامانجەکانی شۆڕشی سووریا" بەدەستبهێنن. دەستەی تەحریری شام پەیڕەوی ئایدۆلۆجیایەکی "سەلەفی و جیهادی" دەکات و سەرنجی لەسەر ئەوەیە "دەوڵەتێکی ئیسلامی" دابمەزرێنێت. گرووپەکە دژی حکومەتی سووریایە و دەیەوێت حکومەتی بەشار ئەسەد لابچێت؛ هەروەها دژی ئێران و رووسیایە. دەستەی تەحریری شام چەندین جار رووبەڕووبوونەوە و شەڕی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەند گرووپێکی دیکەی ئیسلامی لە سووریا هەبووە. گرووپەکە لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ، شێوازی مامەڵە لەگەڵ خەڵکی سڤیل، ئازادیی سیاسی و بەکارهێنانی یاسای تووند رووبەڕووی چەندین رەخنە بووەتەوە. دەستەی تەحریری شام لەلایەن ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
سبەینێ لە دەباشان لە سلێمانی، هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکەمین دانیشتنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبنەوە. چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024، هێمن هەورامی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەک حکوومەت و یەک هێزی پێشمەرگە، لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، بەبێ بوونی ڤیتۆ پارتی دەرگای کراوەیە و سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دەڵێت: "قۆناغێکی نوێیە خەڵکی کوردستان بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردنێکی کارای کردووە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و ئەو ئەرکانەی لەسەر شانی کابینەی 10یەمی کوردستانە لە برەودان بە بەردەوامیدان بە ڕێفۆرمیکی سەرانسەری، بە باشتر کردنی بارودۆخی خەڵکی کوردستان، بە ئیدارەدان بەو مەلەفانەی لەگەڵ بەغدا هەن و لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەرزکراونەتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت جێبەجێیان کات". هێمن هەورامی دەشڵێت: "ئێمە داوامان لە هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەدابین کە خەڵکی کوردستان بە بەشداری فراوانی هەڵبژاردنەکان ئەو ئەرکەیان خستووەتە سەر شانی هەموو لایەنەکان، جا ئەوانەی لە دەبن بە ئۆپۆزیسیۆن یان ئەوانەی دێنە ناو کابینەی 10یەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە دواجار هەموومان بەشێکین لەو دۆخە سیاسییەی کە خەڵکی کوردستان بەشداری بۆ کردووە، لە ئەمڕۆوە پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لایەنەکان دەکات". سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ ڕۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
لە کابینەی نۆیەمدا 33 هەزار و 271 قوتابی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن ڕۆژی پێنجشەممە ۲۸ی تشرینی دووەمی ۲۰۲٤، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕێکخراوی یونیسێف و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە وەزارەت و بەڕێوەبەری پلاندانان لە پەروەردە گشتییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بەشداری لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی ئەنجامی "هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندن - Backtolearning " کرد، کە وەزارەتی پەروەردە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف ئەنجامیان داوە.پرۆسەکە لە ڕێکەوتی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستی پێ کرد و لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، کۆتایی هات.ئەمساڵ تواندراوە شەش هەزار و ٨٨٧ قوتابی لە هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێنەوە بەر خوێندن.لە ساڵانی ڕابردووشدا ٢٦ هەزار و ٣٨٤ قوتابی دیکە گەڕێندراونەتەوە بۆ قوتابخانە، کۆی گشتیی ئەو کەسانەی کە لە کابینەی نۆیەم گەڕێندراونەتەوە بۆ خوێندن ٣٣ هەزار و ٢٧١ قوتابین.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 11/28، مەسرور بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد. لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی تاوتوێ کرا. وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکی حکومەت کرد و بە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی ناوبرد.وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، هەروەها ئاماژەی بە پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان دا، وەک هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژیی وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاریی شانشینی یەکگرتوو دەربڕی و خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دووپات کردەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سیستەمی بانکی و بەتایبەتی پرۆژەی (هەژماری من) ئاڵوگۆڕ کرا.
ئیدارەی گشتیی یەكێتی زەویی كارگەی چیمەنتۆی سەرچنار بە کۆمپانیایەکی وەرهێنان دەفرۆشێت بۆ ئەوەی بیکاتە شووقە و ڤێلا. کارگەکە زیاتر لە 12 ساڵە چۆڵ کراوە، دەکەوێتە شوێنێکی ستراتیژیی سلێمانی و موڵکی گشتییە. ئێستا فەرمانگەکانی سلێمانی ڕاسپێردراون دۆسیەی یاسایی چارەسەر بکەن و ئامادەی بکەن تاوەکو ڕادەست بکرێت، دەبێت وەبەرهێنەرەکەش لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەست بە پرۆژەکە بکات. زەوییەکە 242 دۆنم زەوییە (605 هەزار مەتر دووجا) بەپێی خەمڵاندن نرخی مەترێک لەو ناوچەیە بەلای کەمەوە 1200 دۆلارە، بۆیە بەهاکەی زیاترە لە 726 ملیۆن دۆلار. بەپێی ڕێککەوتنەکە لەو بڕە پارەیە 28%ی کە دەکاتە 204 ملیۆن دۆلار، دەدرێتە ئیدارەی گشتیی یەكێتی بەشێوەیەکی نەختینەیی. زەوییەکە ڕووی ڕۆژهەڵاتی دەکەوێتە سەر دووسایدی "سەرچنار ـ قولەرەیسی" و ڕووی باشووریشی لەسەر "چەمی قلیاسانە" و لە سەرچاوەی ئاوی سەرچنارەوە نزیکە. ژێدەرئاڤا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد و باسیان لە "هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، پارەشۆرینەوە و تاوانی ئەلیکترۆنی" کردووە. ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرد. لە کۆبوونەوەیەکدا، باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا و هاریکاریی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا کردووە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانه نێودهوڵهتييهكان دووپات کردەوە و ستایشی رۆڵی شانشینی یەکگرتووی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیريی هەرێمی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و کارگێڕييهكانى".
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە تایبەتی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نۆڤێمبەری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچوونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتوویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕوو. وەزیری پلاندانان، ئاماژەی بە ڕێکار و هەنگاوەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم دا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی دروست بۆ دانیشتووان کە تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدان بێت و بۆ هیچ مەبەستێکی دیکەی سیاسیی، بەکار نەهێنرێت و بە هیچ جۆرێک، نەبێتە جێگرەوەی ڕێکار و میکانیزمە دەستووریەکان، بە تایبەتیش لە ناوچە کوردستانیەکانی دابڕێنراو لە هەرێمی کوردستان، کە دواجار بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، سەرجەم پێشنیار و تێبینی وسەرنجەکانی حکومەتی هەرێم جێگیرکران.دواتر وەزیری پلاندانان، ئەنجامی سەرەتایی داتاکانی قۆناخی فۆرمی خێزانیی سەرژمێریی گشتی خستەڕوو کە بە فەرمی لە لایەن وەزارەتەوە بۆ ڕای گشتیش خرابووە ڕوو، کە پێویستە لەمەودوا، ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە لای حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستووریەکانی فیدڕاڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێم، لە سەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراویی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش، پێویستە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم، لە ئێستاوە ئامادەسازیی بکەن تا بۆ پڕۆژە و چالاکیيەکانیان بۆ مەبەستی پەرەپێدان، پشت بە داتا و زانیاریە پەسەندکراوەکانی ئەم سەرژمێرییە ببەستن، بۆ ئەوەی بڕیاری زانستییانە و دروست بدرێت. وەزیری پلاندانان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بە قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەی سەرژمێریی، کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئەنجام بدرێت و بەتایبەتیش ، بەراوردکردنی زانیاریيەکان (مقاطعة البيانات) لە ناوچە کوردستانیەکان، بەو شێوەیەی هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەری ڕێکكەوتون. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتووانی هەرێم و بە تایبەتیش کوردی ناوچە کوردستانیەکان کە بە پەرۆشەوە و نیشتیمانیانە و دڵسۆزانە، بەشداربوون لە سەرکەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانکاتدا، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەکەی و سەرۆکی دەستەی ئامار و بەڕێوەبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەستەکە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی کە بەشدار بوون لە پرۆسەکە و ڕۆڵی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کرد کە هاوکار بوون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند. لە هەمانکاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران، نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنووری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان و کەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کە حکومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێکارە ڕاست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە. ئەنجومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی نووسراوێک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025 ،ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بکرێتە بنەما بۆ دیارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستووریەکانی خۆی لە حکومەتی فیدڕاڵ. بڕگەی دووەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیارێک لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار تایبەت بە پاژەکردن ( بەقیستکردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانووی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانییەکان دروستکردووە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون، بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج وپێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2021 هاتووە، کە تەنیا ئەو هاووڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە کە بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون ، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی کردبوو لە چوارچێوەی سنووری شارەوانیەکان.ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە بڕیارەکەی پەسەند کرد، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاووڵاتیيانەی کە یاساکانی ئاماژەپێدراو، دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنووردارە و لە توانایاندا نیە ، کە بڕی پارەی تەملیکی زەویەکە بە یەکجار بدەن.لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە و سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-11-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کۆ دەبێتەوە و چەندان تەوەر تاوتوێ دەکات. تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجـوومەنی وەزیران: بڕگەی یەكەم: تاوتوێکردنی پرسی سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵ و کێشە و گرفتەکانی بەردەم خەرجکردنی لە بەغدا و چارەسەرەکان.بڕگەی دووەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن وەزیری پلاندانان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی قۆناغی یەکەمی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان كه لە ڕۆژانی 20 بۆ 21 مانگی یازدهی ئهمساڵ لە عێراق و هەرێمی كوردستان بهڕێوهچوو و ههروهها قۆناغ و هەنگاوەكانی دیكەی پرۆسەكه دهخرێته بهرباس و گفتوگۆكردن. بڕگەی سێیەم: پرۆژە بڕیارێكی پێشنیازكراو لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دهخرێته ڕوو سەبارەت بە پاژەكردن یان (پێدان بە قیست)ی ئەو بڕە پارەیەی كە لە زیادەڕۆكار وەردەگیرێت كە بە زێدەڕۆیی خانووی نیشتەجێبوونی لە سنووری شارەوانییەكان دروست كردووە.
کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 26-11-2024، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی پەخش کرد، لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆ و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە. "بە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن خەڵکی کوردستان سەری ئێمەیان بەرز کرد" لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: زۆر لایەن پێیانوابوو هەڵبژاردن ناکرێت، ئەگەر بشکرێت کێشەی زۆری لێ دەکەوێتەوە، بەڵام پشتیوان بەخودا هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و بێ کێشە بەڕێوەچوو، بەشدار خەڵکی کوردستان بەو ڕێژەیە دەستکەوتێکی گەورە بوو و خەڵکی کوردستان سەری ئێمەیان بەرز کرد. "نە مەرج لە کەس قبووڵ دەکەین و نە مەرجیش بەسەر کەسدا دەسەپێنین" پەیوەست بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد شاندێکی تایبەتمەندیان هەیە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنەکان لەنێویشیاندا یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت. "ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە" سەرۆک بارزانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوان ڤیتۆیان لەسەر کەس نییە و ئەوان پشت بە "ئیستحقاقی هەڵبژاردن" دەبەستن و دەڵێت: لە دابەشکردنی پۆستەکاندا نە مەرج لە کەس قبووڵ دەکەین، نە مەرجیش بەسەر کەسدا دەسەپێنین، بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت، دەبێت یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوومان هەبێت. "پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە" پەیوەست بە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆک بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و وەزارەتی پێشمەرگە لەو پرۆسەیە بەرپرسە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕاوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، تا ئێستاش بەشێکی زۆری هێزەکان یەکخراونەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامە. "کار بۆ تێپەڕاندنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان دەکەین" سەبارەت بە ناکۆکییەکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەریی ئەو ناکۆکیانە لەسەر لەدەستدانی دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی پێیوابوو "هەموو ناکۆکییەکی لە بەرژەوەندیی وڵاتەکە و هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام ئێمە کار بۆ تێپەڕاندنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان دەکەین. دواتر هەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکانیشی ڕوونن، پێویستە بە ئەنجامەکانیەوە پابەندی هەبێت. "ڕەشنووسی دەستووری کورستان ئامادەیە" لەبارەی نووسینی دەستوورێک بۆ هەرێمی کورستان، سەرۆک بارزانی ئاماژە بۆ ئەوەکرد کە ڕەشنوورێک ئامادەیە هەیە و تەنیا چەند بڕگەیەک نەبێت، پشتیوان بە خودا لە ماوەیەکی کەمدا دەگەین بە ڕەشنووسی کۆتایی. "دڵنیاییمان لەبارەی سەرژمێری وەرگرتووە" سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو تێبینیانەی لەسەر پرۆسەکە هەیانبووە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: دڵنیاییمان وەرگرتووە کە ئەم سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوچە کوردستانییەکانەوە نییە، ئەوانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و ئامانج لە سەرژمێریی گەشەپێدانە. هەندێک خاڵی ڕوون هەبوون دوای گفتوگۆ ئەوانیش چارە کران. "کرانەوەیەک لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان" لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش، سەرۆک بارزانی باسی ئەو سەردانەی کرد کە لە دوای شەش ساڵ چوو بۆ بەغدا و ڕایگەیاند: بەو سەردانە ئەو بەربەستە دروونییەی شکاند کە هەبوو، ڕێککەوتن لەسەر دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەکردنی کێشەکان، سەردانەکە کەشێکی ئەرێنی دروست کرد لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئێشتاش کرانەوەیەک هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکات پەیوەندییەکانی باش لەنێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ هەیە. بەڵام هێشتا هەندێک کێشە ماون و پێویستیان بە چارەسەرە. ئەگەرچی پێشکەوتن هەیە، بەڵام ناکۆیی هەر هەیە. ئەگەر نیەت و ئیرادەیەک هەبێت بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن. "هەر بڕیارێکی فیدراڵی پێچەوانەی دەستوور بێت ڕەتی دەکەینەوە" سەبارەت چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە بەغداوە هەوڵی ئەوە دەدەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان سنووردار بکەن، سەرۆک بارزانی پشتڕاستی ئەو هەوڵانە دەکاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان بەدەست ئەو بابەتەوە گرفتار بوونە و ڕایگەیاند: بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیە و دەبێت دەستوور ناوبژیوان بێت، هەر بڕیارێکی فیدراڵی پێچەوانەی دەستوور بێت ڕەتی دەکەینەوە. "لە بەغدا کەسانێک هەن باوەڕیان بە دەستوور نییە" پەیوەست بە ناکۆکیەکانیش لەسەر یاسای نەوت گاز، سەرۆک بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بەپێی دەستوور نەوت و گاز موڵکی هەموو خەڵکی عێراقە و دەبێت بە دادپەروەریی بەسەر هەموو دانیشتووانی عێراق دابەش بکرێت، دەستوور چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتیە کۆن و نوێکانی دیاری کردووە. بەڵام لە بەغدا کەسانێک هەن باوەڕیان بە دەستوور نییە و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان پەراوێز بخەن، ئەمەش هۆکارەکەیە. بەڵام ئێستا بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکان هەیە و بڕیارە ئەو بابەتە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت و هیوادارین ئەم بابەتە تێپەڕێنرێت. "پشکی 12٪ لە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان نادادپەروەرانەیە" لەبارەی گۆڕانکاری لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان، سەرۆک بارزانی بە پێویستی زانی ئەو ڕێژەیەی هەیە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و ڕایگەیاند: 12% پشکێکی نادادپەروەرانەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەرێمی کوردستان بەو پشکە ڕازی بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یاری بەو پشکە دەکرێت وەکو ئەوەی لە بودجەدا هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت. کێشەکە ئەوەیە، پابەندیی ورد نە بە دەستوور و نە ڕێککەوتنەکان هەیە. "سوننەکان لە دوای 2003 ڕووبەڕووی دۆخێک بوونەوە پێیان قبووڵ نەدەکرا" لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سوننی و شیعییەکانیش، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برایانی سوننە و شیعەش باشە. برایانی سوننە دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003، ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ بوونەوە کە پێیان قبووڵ نەدەکرا، ئەو گۆڕانکارییەی ڕوویدا پێیان قبووڵ نەدەکرا. من زۆر هەوڵم لەگەڵیاندا، بەڵام ئێستا تێدەگەن ئەگەر ئەوکات گوێیان لەو پێشنیازانە گرتبا کە ئەوکات پێشکەشم کردن، ڕەنگە ئێستا دۆخەکە جیاوازتر بووایە. "کاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت نییە لە عێراق" پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و بەڵێنی سوودانی لە کاتی ڕاگەیاندنی کارنامەی حکومەتەکەی، سەرۆک بارزانی بە دووری زانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە محەممەد شیاع سوودانی مافی خۆیەتی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت کاندید بکاتەوە، بەرنامەی حکومەتەکەش، بەرنامەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتە و حکومەت جێبەجێی دەکات. هاوکات دۆخەکەش پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە و کاتێکی کەمی ماوە. "ئامادەم دەستپێشخەری بۆ گەڕانەوەی سەدر بکەم" سەرۆک بارزانی، باسی کشانەوەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق کرد و ڕایگەیاند: نەمدەویست ڕەوتی سەدر لە پڕۆسەی سیاسیی و پەرلەمان بکشێتەوە، چونکە کشانەوەیان بۆشایی دروست کرد، ئێستاش ئامادەم دەستپێشخەری بۆ گەڕانەوەی سەدر بکەم، ئەگەر ئەنجامی هەبێت. "گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێک بووەتە عەیبەیەکی گەورە" لەبارەی ئەو داخوازییانەی بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنیش هەن، سەرۆک بارزانی پێیوایە، گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێک بووەتە عەیبەیەکی گەورە، لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانە خەڵکیش سەری لێ شێواوە، باشتر وایە لەسەر یەک یاسا بمێننەوە. "جیاوازی هەیە لەنێوان پەکەکە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران" له بارهی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و تورکیا سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەو جیاوازییە کرد کە لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و پەکەکەدا هەیە و ڕایگەیاند: ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پێش 50 ساڵ هاتوونەتە عێراق، ئەوان دەستیان لە کاروباری ناوخۆیی هەرێم وەرنەداوە، ڕێزیان لە یاساکانی هەرێم گرتووە، هەندێک پێگەی سادەیان لەسەر سنوورەکان هەبوو، ئێرانییەکان پێیانوابوو ئەو پێگانە هەڕەشەن بۆ سەر ئەوان، ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لە نێوان هەرێم و عێراق و ئێران کرا، بەوەی کە دەتوانین ئەو هێزانە لە ناوچانە بکشێنینەوە کاتێک قسەمان لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە کرد، بەو پەڕی سنگفراوانی وەڵامیان دایەوە و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتیان کرد و کێشەکە کۆتایی هات. بەڵام پەکەکە پێیانوایە حوکمی ناوچەکە دەکەن، گوێڕایەڵی هەرێمی کوردستان نین و دانیشی پێدا نانێن، داواکارییەکانیش جێبەجێ ناکەن. "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران و تورکیا ئاسایین" هەر لەبارەی پەکەکە، سەرۆک بارزانی ئەوەشی گوت: ئەگەر پەکەکە وەکو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران مامەڵە بکەن لە 24 کاتژمێردا کێشەیان لەگەڵ تورکیادا چارە دەبێت. ئێران و تورکیا دراوسێی عێراق و هەرێمی کوردستانن، نزیکەی 300 کیۆمەتر سنوورمان لەگەڵ تورکیا و زیاتر لە 500 کیلۆمەتریش سنوورمان لەگەڵ ئێران هەیە، بێگومان ئێران و تورکیا دوو دەوڵەتی گرنگن لە ناوچەکەدا. بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە گرژی لە پەیوەندییەکانماندا هەبێت و پەیوەندییەکانمان نائاسایی بێت. ئێستا پەیوەندییەکان بە ئاراستەیەکی باشتر هەنگاو دەنێن، لێکتێگەیشتنی ئاسایی هەیە. ئێستا دەتوانم ئەوە بڵێم پەیوەندییەکان ئاسایین لەگەڵ هەردوولادا. "لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە پەلکێشی ئەو شەڕە بکرێت" بە بڕوای سەرۆک بارزانی، لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە پەلکێشی ئەو شەڕە بکرێت کە ئێستا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و دەڵێت: بیرمەندان و حکومڕانان لە بەغدا ڕۆڵی خۆیان بینیوە، سەرۆکوەزیرانیش ڕۆڵی خۆی بینیوە، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە بەپێی توانا یارمەتیمان داون. ڕاستیەکەی لە بەرژەوەندی عێراق دا نییە پەلکێشی ئەو شەڕە بکرێت، نازنم کێ لێی سوودمەند دەبێت، بەڵام ئەوە دەزانم کە زیانمەندی یەکەم عێراق دەبێت، دەکرێت زۆر لایەن هەبن سوودمەند بن لێی، بەڵام زیانمەندی گەورە عێراقە. "داعش تا ئێستا هەڕەشەیە" لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانان و هەڕەشەکانی داعش، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: تا ئێستا داعش هەڕەشەیە، ئەگەر پێش ئامادەیی تەواوی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە، هاوپەیمانان بکشێنەوە، ڕەنگە داعش بگەڕێتەوە و بەهێزتریش بێت لەگەڵ 2014، تا ئێستە داعش ماوە و مەترسییەکی جیدییە. بەبێ پشتییوانی هاوپەیمانی نێوەدوڵەتیی نەماندەتوانی بەو شێوازە بەسەر داعش سەرکەوین، عێڕاق لە ڕووی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زۆر لاوازە یاخود هەر نییە، پێویستمان بە توانای ڕاستەقینەیە.